ناسیۆنالیزمی دوور مەودا
لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی ـ ئۆنلاینی کوردانە ، لە ئەڵمانیادا
نووسینی : Uwe Hunger , Menderes Candan & Sascha Krannich
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی
ناسیونالیزمی دوورمەودا ، بۆچوونێکی تری گەشەسەندووە ، لە تیوریی ناسیونالیزمی (ئەندەرسۆن ) ، کە نەتەوە بە جڤاتێکی رامانکراو ImagindCommunity دادەنێت ، لێرەدا خەڵکانی نەتەوەی رامانکراو ، هەستی پێوەندارێتی هاوبەشیان هەیە ، بێ ئەوەی ئەمانە ، هیچ جارێ یەکتریان دیبێ و ناسیبێ. ئەم هەستی پێوەندارێتییە بۆ نەتەوەیەک ، لە رێگای زمانێکی هاوبەش و مێژووەوە ، بە هۆی سیمبۆلە هاوبەشەکان و ئەفسانەوە تینوتاو وەردەگرێت و بەسەر سنووری دەوڵەت و نەوەکان دا دەبەزێنێ و پارێزگاریی لێ دەکرێ. ئەندەرسۆن ئەمەی ناوناوە ، کەرەسەی خاوی ناسیۆنالیزم ، Raw Material of Nationalism ، لە کاتێکدا کە چەمکی ـ ناسیونالیزم ، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئەندامانی نەتەوەیەک ، لە نێو چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەبەستێ. لێ چەمکی ناسیونالیزمی دوورمەودا زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە ، کە کۆچبەربوون و جاران ئەندامی ئەم نەتەوانە بوون و تەنانەت ئەوانەی دوای ئەوانیش دێن ، کە لە وڵاتی باوباپیرانیان نە کاریان کردووە و یاخود سەردانیان نەکردووە .
ئەم کۆچبەرانە لە هەندەران ، زۆربەی کات ، هەڵگری پێناسی رەسەنی نەتەوەیی خۆیانن ، هزر و کاریشیان ، گەلەک جاران ، لەمەڕ نیشتمانی رەسەنەوە ، بەم هەست و هۆشەوە گرێدراوە. بەمەش وەک دەڵێن ، مەشقی ناسیونالیزمی دوورمەودای خۆیان دەکەن . ئیدی بۆیە شتێکی سەیروسەمەرە نییە ، کە هەستی نەتەوەیی ئەم کۆچبەرانە لە هەندەران ، فرە خەمڵیوترە لەوانەی ناوەوەی وڵات. ئەو هۆکارەی بەزۆریی لێرەدا دەبینرێ ، ئەوەیە ، کە کۆچبەران لەو کۆمەڵگەیانەی تێیدا دەژین ( مەبەستی هەندەرانە ، و ) هەستی نامۆییان هەیە و تەنیا لە رێگای پەنابردنەوە بۆ نیشتمان ، هەستیی پێوەندارێتییان دەبزوێ و بەمەش ئاسایشێکی کەم لە نامۆییدا ، دەستەبەر و مسۆگەر دەکەن .
ئەم هەستی وابەستەییە بەرچاوەی کۆچبەران ، بۆ نەتەوە رەسەنەکانی خۆیان ، بە شێوەیەکی زەق ، بەرەو ئەوە دەڕوات ، کە ئەمانە هێشتا هەر ، زۆر بە توندی ، سەرقاڵی رووداوەکان وڵاتەکەی خۆیانن و لە رووی سیاسیشەوە چالاکی دەنوێنن .
لەم هەلومەرجەدا , مرۆ قسە لەسەر دیاردەیەک دەکات, کە ناسراوە بە سیاسەتی ناسیونالیزمی دوورەمەودا Long Distance Nationalismu Politics کە لە لایەن کۆچبەرانەوە بەڕێوەدەبرێ . ئەم سیاسەتی دوورمەودایە ، خۆی نابینێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵی ، تاکە ئازادیخوازەکانی چەند کۆچبەرێکدا ، لە فۆرمی کۆکردنەوەی یارمەتی و باربوو ، دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردن دا یاخود هاوکاریی پارتێکی وڵاتی رەسەنی خۆی. سیاسەتی دوورمەودا ، گەلەک جاران لەسەر ئاستی هەرەوەرزیی و بە کۆمەڵ ، بە ئەنجام دەگەێندرێ . بەواتایەکی دیکە لە رێگای رێکخراوەکانی کۆچبەران ، یاخود پارتەکانی هەندەرانەوە .
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ ناسیۆنالیزمی دوور مەودا