عیماد عەلی : لە پرسی سەرۆکی هەرێم رێگە لە دەستێوەردانی دەرەکی بگرن .
قەلاب لە روانگەی سونەگەرایی خۆیەوە شیکاری دەکات .
ماوەیەکە باس لە هەستیارترین و بابەتێکی زۆر گرنگ و خاڵی یەکەمی سەروەری هەرێمی کوردستان دەکرێت ، کە پرسی مانەوە یان هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و کۆتایی هاتن بەو ماوەیەی کە بۆی درێژ کراوەتەوە لە ئارادایە و ، بۆتە جێکە باس و خواسەکان و هەر یەکە و بە پێی پشتخانی فکری و حزبی و مەبەستی تایبەتی و پێگەی خۆی لە ململانێی نێوخۆی کوردستاندا چۆن بێت باسی دەکات ، لەم بارەشەوە لایەنی دەرەکی قسوری نەکردووە لە دەستێوەردان و بە پێی ململانێی میحورە ئیقلیمیەکە بارەکە شەن و کەو دەکات .
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە لەم پرسە گرنگەدا ، تا ئێستا ، لایەنە نێوخۆییەکانی کوردستان بە پێی پەیوەندی و پێویستیەکانی ململانێکانیان مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارەدا دەکەن و ، هەڵوێستیان پابەندە بە رێنماییە هەمەجۆرەکانی نێوخۆیی و دەرەوە ، چ وەک تورکیا کە مەبەستێتی سەرۆکی هەرێم وەک خۆی بمێنێتەوە و لە بەرامبەردا ئێران پێی باشە یەکێکی تر بێت و لە هەنگاوە چاوەرنکراوەکانی پاش داعش لە بەرژەوەندی ئەودا بجوڵێتەوە . دیارە هەردوو دەوڵەت بە باشی ئیستغلالی ناکۆکیەکانی لایەنە کوردستانیەکان دەکەن و لە نێوانیاندا یاری خۆیان دەکەن .
ئەوەی لەم کاتە هەستیارەدا کە بۆ ماوەیەکە تەنگی پێهەلچنیوین و لە بەر دەرگاکەمانە ، هاتنی داعشە ، کە دەبێت سەرجەم تواناکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تەرخان بکرێت ، نەک هیچ مەسەلەیکی تر ، کە زەرەر لە یەکگرتویی کورد بدات . بۆ کورد زۆر پێویستە لە پرسێکی هەستیاری وەک دەستنیشانکردنی لوتکەی دەسەڵات بە یاسایی مامەڵە بکات ، بەڵام یاسایەک ئەگەر بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکات دەبێت بە یاسا دوابخرێت و لایەنەکان بە رێکەوتنێک بگەن کە ئەم بارودۆخە بە هێمنی تێپەرێنرێت و رێگە لە هەر بەرژەوەندخوازێک ( ناوەکی بێت یان دەرەکی ) بگرن ، کە نیازی هەبێت بە مەیلی خۆی یاری بە چارەونوسی کورد بکات .
ئەوەی نوسینەکانی ( ساڵح قەلاب) ی خوێندبێتەوە ، باش ئاگادارە کە جگە لە روانگەی بەرژەوەندی سونەگەرا و ئەنتی شیعەگەرایی هیچ شتێکی تری پێ نیە . لەونێوەندەشدا دەیەوێت لەهەر کوێیەک هەست بە بونی پێگەی شیعە و یاریەکانی بکات گۆمەکە بشلەقێنێت و گومان لە هەنگاوەکانی دروست بکات . قسەکانی قەلاب لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکی کورد نیە ، بەڵکو دەیەوێت درزی زیاتر دروست بکات و لە ململانێکە دابەشیان بکات و تەنانەت گومان بخاتە نێوانیانەوە ، ئەگینا هەڵبژاردن یان دانانی سەرۆکی هەرێم بەتاکە لایەنێک ناکرێت ئەگەر رەزامەندی زۆرینەی لەسەر نەبێت . بۆیە پێویستە هەر پێنج لایەنە سەرەکیەکەی کوردستان لەم کاتەدا بە چاوێکی گشتگیری کوردانەوە سەیری ئەم مەسەلەیە بکەن ولە بابەتی ململانێی ناوخۆیی دەریکەن و هەستیاری قۆناغەکە لەبەر چاو بگرن و بریاری گونجاو بدەن دوور لە هەر موزایەدەی سیاسی .
چ لە روانگەی یاساییەوە بێت یان سیاسی، زۆرێک بیرورا لەم بارەوە گۆراوەتەوە و بڵاو بۆتەوە ، ئەوەی زۆر گرنگە کە لە بارودۆخێکی سیاسی و ئابوری وادا کێشەی گەورەتر نەخولقێت ، بۆیە تا شەر لەبەردەرگا بێت پێویستە بارە عەسکەریەکە لەبەرچاو بگیرێت و مانەوەی سەرۆکی هەرێمی ئێستا بۆ دوای کۆتاییهاتن بە داعش قازانجی هەیە و زەرەر بە هیچ لایەنێک ناگەیەنێت وتا ئێستا بەم شێوەیە هێناویەتی و هەر ئەویش هەڵگری بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەکانە هەر چۆنێک بکەوێتەوە . لە قۆناغی پاش داعش ، ئەوسا کە خەڵک هەست بەوەدەکات لە کاتێکی ئاساییدایە ، لە هەڵوێستەکانیدا، رازیبونی یان نیگەرانی لەم واقعە ، کە سەرۆکی هەرێم بەشی گەورەی بەرپرسیارێتیەکەی دەکەوێتە ئەستۆ ، لە هەڵبژاردندا راوبۆچونەکانی خۆی دەردەخات . بۆ ئەو مەبەستەش دەکرێت پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتی بە پشت بەستن بە حاڵەتی نائاسیی ئەم قۆناغە تایبەتیە ، یاسایەک دەربکات و سەرۆکی هەرێم وەک بریگرتەی خەڵک بۆماوەیەکی دیاریکراو و تەنها بۆ مەبەستی بەرێکردنی ئەم قۆناغە بهێڵێتەوە .