بەرزان فەرەج : پەیوەندی حکومەت و پەرلەمان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی  سیستەمی نوێنەرایەتی لە  دەسەڵاتدا ئەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە  پێش دەوڵەتی نەتەوەوهەر لە شارسانێتی یۆنانی و ڕۆمانییەوە تا ڕژێمە پاشایەتیە ڕەهاکانی ئەوروپا ، پەرلەمان بە شێوازی بژاردە کە  جێگەی نوێنەرایەتی بەشێکی گەل بووە لە چینی دەرەبەگ و شازادەو خانەدانەکان و چینەکانی خوارەوەی لێ بێبەشکراوە بوونی هەبووە ، هەر بۆیە بۆتە  دەستگای گوێرایەڵی توێژی حوکمران و پیرۆزی دان بە دەسەڵات و بڕیارەکانی .

 بە سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوە و وەدەنگهاتنی نوێنەرانی زۆرینەی چینەکانی گەل کە لەو شێوازەی دەسەلاتەدا فەرامۆش کرابوون  ، دواتریش بەبنەمانی  حوکمڕانیە  دیکتاتۆری و تۆتالیتاریەکان ، پەرلەمان بووە بەرجەستەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی هەموو چین و پێکهاتەکانی گەل و دەستگای  چاودێری و ئاراستەکردنی دەسەڵات و  دیاریکردنی چارەنووسیشی . بۆیە ئێستا لەو وڵاتە پیشکەوتووانەی پرەنسیپی دیموکراسی لە حوکمدا پیادە ئەکەن  پەرلەمان  چالاکترین هێزی کاریگەرە بەسەر حکومەت و ، ڕۆڵی لە دوای متمانەدان بە حکومەت و دەنگدان لەسەر یاسایەک تەواو نابێت .

 لە  دوو ولاتی وەکو بەریتانیاو فەرەنسادا ، کە دوو ئەزموونی دێرینی  حکومڕانی دیموکراسین  ، بەردەوام ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی لە بەردەم پەرلەماندا  بۆ لێپرسینەوە یان  ڕوونکردنەوەی کارەکانی ، بۆتە ڕێسای پەیوەندی حکومەت و پەرلەمان  .

 لە فەرەنسادا ئەنجومەنی وەزیران سەرلە بەیانی ڕۆژی سێ شەممەو چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەلیزێ لەگەڵ سەرۆکی وڵات کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام ئەدەن ، وە دوای نیوەڕۆی هەردوو ڕۆژەکەش سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی  لە هۆڵی پەرلەمان  لەبەردەم نوێنەرانی گەلدا ئامادە ئەبن بۆ  وەڵامدانەوەی پرسیارو ڕەخنەی پەرلەمانتاران  ، کە هیچ کاتیک  بەدەر نییە لە ڕەخنەی توند لەحکومەت یان وەزیرێک  ، لە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوانەشدا چەندین جار کابینەی حکومەت گۆڕراوە  ، یان ناچار بووە سیاسەت و بەرنامەی خۆی پاش گوێگرتن لە نوێنەران بگۆڕێت و یان پاش لێپرسینەوە چەندین وەزیر ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کراوە .

 بەڵام لەکوردستاندا  لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و پرۆژەی دەستوریشدا هێشتا بڕگە و بڕیارێک نییە بۆ چالاککردنی دەستگای پەرلەمان و ، لای توێژەریی سیاسی و دەسەڵاتداریش ئیرادەیەک نییە بۆ ئەوەی دەستگای نوێنەرایەتی گەل لەو سستی و بێ کاریگەرییە دەربازبکرێت ، کە وای لێهاتووە کاریی پەرلەمان لە خولێکی چوارساڵیدا ، تەنها لە پەسەندکردن و داڕشتنی چەند پرۆژە یاسایەک تێنەپەڕێت و کارو راپۆرتی هەموو لیژنەکانیش بێ وەڵام بمێننەوە .  مەگەر جاروبار حکومەت خۆی سۆزی بجوڵێت یا ن پاش داوایەکی زۆر ، ئینجا وەزیریک بنێرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و دوای کۆبوونەوەکەش  پرسیارورەخنەکانی نوێنەران بێ دەرئەنجام ئەخرێنە ئەرشیفەوە .

 بەڵێ لە کوردستاندا کارەساتی گەورە  روو ئەدات کە بواری هەموو وەزارەتەکان ئەگرێتەوە ، نەخۆش بە دەرمانی ترسنکا و هەڵە ئەمرێت و چاوی کوێر ئەبێت ، ڕۆژانە تاوان وغەدرو پێشێلکاری لە هەموو کایەکانی کۆمەڵدا ڕوودەدات  تا دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامە نووس و ژنکوژی و کوشتاری دی ئەنجام ئەدرێن . گەندەڵی و شکستی لێپرسراوی باڵاو وەزیر ئاشکرا ئەکرێت ، نازانرێت دارایی و سامانی گستی لە کوێیەو ، بەڵام بە هەدەردانی لە حکومەت و وەزارەتەکانیدا دیارە ، کەچی  دوای کۆبوونەوەکان وەزیرەکان سەربەرزانە تر خۆ نماییش ئەکەن ، هەموو شتێ ئارامەو هەمووشتێک بە دڵی هەمووانە !  مەسەلە چارەنووس سازو قەیرانە کوشندەکان ڕوو ئەکەنە هەرێم ، نوێنەرانی گەلیش جگە لەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە پێیان ئەگات ، شتێکی زیاتری لە هاونیشتمانیان لێ نازانن .

 بۆ ئەوەی  چیدی  پەرلەمانی کوردستان بەو شێوە سست و پاسیڤی و بێکاریگەرییە نەمێنێتەوەو ، نەبێتە دەستگایەکی پاشکۆو کەنارخراوی حکومەت ، بۆئەوەی   پەرلەمانتارانی هەرێم چیدی  فەیسبوک و تۆرە کۆمەڵایتیەکان  نەکەنە مینبەری بڵاوکردنەوەی ووتارو بیروڕاو پرۆژەو نامەکانی خۆیان  بۆ سەرۆکی هەرێم و حکومەت و وەزیرەکان ، چونکە  هۆڵی پەرلەمان مینبەری وەدەنگهاتنی ئەوانە ، نەک تۆرە کۆمەڵایتیەکانی ئەنتەرنێت . پێویستە پەیوەندی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان هاوشێوەی وڵاتە دیموکراسیە راستەقینەکان دابڕێژرێتەوە ، کە پەرلەمان بە یاسایەک  لە ناو پرۆژەی دەستوری هەرێمیشد جێگیر بکرێت ، بکرێتە دەستگای ڕاستەقینەی گوێلێگیراوو چاودێری فیعلی بەسەر حکومەتەوە .

 یاسایەک بڕیار بدات لە هەرێمی کوردستاندا هەفتەی جارێك یان مانگی دووجار حکومەت و وەزیرەکانی بێنە هؤلی پەرلەمان بۆ گفتوگۆی دوا گۆڕانکارییەکان و لێپرسینەوەیان لەسەر مەسەلەکان . بەو جۆرە حکومەت نەتوانێت لە پرسیارو خواستی هاووڵاتییان هەڵبێت و ، چیدیش پەرلەمان بەو سستی و بێدەنگییە نامێنیتەوە .

 ئەمە پێشنیاری پرۆژەی یاسایەکە لە منی هاوڵاتییەوە کە ناخوازێت نوێنەرەکانی ئاوا کپ و بێ کاریگەربن ، هیوادارم پەرلەمانتاران سەرنجێکی لێبدەن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت