بورهان شێخ رەئوف : ئایا کورد کەمینەیە ؟
چەمکى زاراوەى کەمینە لە بنەڕەتدا واتە کەمینەیەکى ژمارەیى وەکو هەندێک تاقمى ئتنیکى ئەفریقى لە ئەمریکا یان کاسۆلیکەکان لە ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا یان هەر تاقم و کۆمەڵێکى تر بە هۆى بارودۆخى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى و ئابوریەوە پەراوێز خرابن بە هۆى زۆرى زۆرینەى زۆردارانى فەرمانڕەواوە ، هەڵسووکەوتى نایەکسان و ناداد پەروەرانەیان لە گەڵدا کرابێت وەکو هاووڵاتیانى تر ، ئەمە بە گوێرەى پێناسە ى کەمینە کەزاناى کۆمەڵناسى یەهودى ئەمریکى لویس ویرس کردوویەتى .
بۆیە گەر پشت بە کەمینەى ژمارەیى ببەستین یان کەمینە پەراوێزخراو ەکان ئەوا دەتوانین کۆمەڵگەلێکى زۆر بێ کۆتایى لە کەمینە دیارى بکەین کە بەرژەوەندى و شێوەو قەوارەى لە یەکچوویان هەیە .
بێگومان پێناسەى زاراوەى کەمینە زۆر وورد و گونجاو نیە و ناکرێت بکرێتە بنەما بۆ لێکۆڵینەوەى زانستى وهاوچەرخ ، بۆیە ئەگەر نیشتمانى عەرەب وەربگرین وەکو نموونە کە دراوسێ ى خاکى مێژوویى کوردستانە و دووپارچەى کوردستان واتە باشوور و خۆرئاوا پێوەى لکێنراون لە عێراق و سوریا بە دەر لە خواستو وویستى خەڵکەکەى بە گوێرەى پەیماننامە سایکس _ بیکۆ و پەیماننامەکانى دواتر کەزۆرى لەسەر نووسراوەو سەرچاوەى باشیش هەیە لەسەرى هەرکەسێک مەبەستى بێت بیزانێت و ئامانجى ئەم بابەتى منیش نیە .
ئەوا دەبینین لە ووڵاتانى عەرەبى دا زۆر کەمینە هەن لەوانە لە میسر قبتیەکان کە ژمارەیان نزیکەى 10 ملیۆن کەسە ، ئەمازیغ و بەربەر لە ووڵاتانى باکووریی ئەفریقیا ، واتە خۆرئاواى عەرەبى کە ژمارەکەیان نزیکەى 20 ملیۆن کەس دەبن ، جگە لە کەمینەکانى تر ى ئەرمەن و شەرکەس و شیشان و تورکمان و گەلێک تیرەو تائیفەى تر ى مەسیحى و سائیبە و زنجى تەواریق و هى تریش .
بۆیە ئەگەر سەیرێکى کەمینەکانى ناو نیشتمانى عەرەب بکەین دەبینین کەمینەکانى بچووکى وەکو شەرەکس و تورکمان و ئەرمەن و شیشان کە بە شێوەیەکى پەرت و بڵاو لە عێراق و شام هەن و هیچ خواست و داخوازیەکى نەتەوەیى وایان نیە و بۆ جۆرێک لە جۆرەکان ئاوێتەى کۆمەڵگاى عەرەبى بوون ،
بەڵام نەتەوەکانى ئەمازیغ و بەربەر لە خۆرئاواى عەرەبى واتە لە ووڵاتانى مەغریب و جەزائیر و تونس و لیبیا کە ژمارەیان زۆرەو نزیکەى بیست ملیۆن کەس دەبن و قبتیەکانى میسر لە ڕووى ئاینیەوە مەسیحین و جیاوازن کە نزیکەى دە ملیۆن کەس دەبن ئەمانە خواستى نەتەوەیى و جووداخوازیان نیە هەرچەندە پارت و ڕێکخراوى سیاسیان هەیە داواکاریەکانیان لە چوارچێوەى مافى ڕۆشتبیریدا خۆى دەنوێنێت .
ئەوەى زیاتر مەبەستمە لەسەرى بووەستم و زیاتر تیشکى بخەمە سەر ئەوەیە ئایا کورد کەمینەیە وەکو ئەوەى هەندێ لایەنى عەرەبى و تورکى و ئێرانیش باسى لێوە دەکەن یان ووڵاتێکە بەدەر لە خواستى دانیشتوانەکەى دابەشکراوەو زوڵمێکى مێژوویى لێکراوە لە دواى شەڕى چاڵدێران 1514 لە نێوان هەردوو ئیمبراتۆریەتى عوسمانى و سەفەوى و دواتر لە ڕێکەوتنامەى قەسرى شیرین 1639 بەفەرمى سنوریان بۆ دوو بەش دابەش و دیاریکرد و لە جەنگى جیهانى یەکەم و دواى جەنگەکەیشدا ئەم بەشەى تریان بۆ سێ بەشى تر لەتکرد ،
ئەوە ڕاستى مەشهدى کوردستانەو خەڵکى بە ویژدانیش لە نێو عەرەب و تورک و فارسیشدا هەن ئەو ڕاستیە دەزانن و هەندێکیشیان دانى پێدادەنێن و پشت ڕاستى دەکەنەوە.
بۆیە جێى خۆیەتى بپرسین ئیستا وا لە ساڵى 2016 نزیک دەبینەوە و سەد ساڵ بەسەر ڕێکەوتننامەى سایکس _ بیکۆ دا تێپەڕ دەبێت کە کوردستانى تێدا دابەش کرا و لەو کاتەوە تائێستا جارێک بە ناوى کەمینەو جارێکى تر بەناوى تورکى شاخى و جارێکى تر بە ناوى براى موسڵمانەوە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى ئەو ووڵاتانە و بە گومامەوە لێمان دەنۆڕن کاتى ئەوە نەهاتووە لەسەر هەموو ئاستەکان هەڵمەتێکى گەورەى میللى دەست پێ بکەین بۆ هەموو ناوەندە گرنگەکانى بڕیار لە ئەوروپاو ئەمریکاو کۆنگرەى ئیسلامى و کۆمەڵەى ووڵاتانى عەرەبى و لە هەموو دەرگاکان بدەین و جارێکى تر دۆسێى کورد بخەینەوە سەر مێزى ناوەندە گرنگەکانى بڕیار .