دکتۆر ئەحمەد میرراودەلی: کورتەباسێکی زەردەشتاێتی. به‌شی نۆهه‌م
مه‌زدایه‌سنی له سه‌رده‌می مید دا
له پاژی یه‌که‌مدا رۆشناییم خسته سه‌ر چمکێک له‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی باسی سه‌رده‌م و رێچکه‌ی دابه‌زینی تیره ئارییه‌کان و نیشته‌جێبوونیانی له ئێران‌دا کردووه . به‌پێی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه ، مید و فارس و پارت ، سێ خێڵی ئێرانیه رۆژئاوییه‌کانن و پارس/ فارس و میده‌کان له زادگای پێشینیانیانه‌وه دابه‌زیونه‌ته ته‌لان و پێده‌شته‌کانی باکوور و باشووری رۆژئاوای ئێرانی ئێستا و پارته‌کانیش له رۆژهه‌ڵاتدا جێگیر بوون . به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی پێشتر باسمان لێوه‌کردوون ، تیره‌کانی مید و فارس نزیکه‌ی چوارهه‌زار ساڵه له‌سه‌ر زێده نوێکانیان نیشته‌جێن . وه‌لێ بۆ یه‌که‌م جار له سه‌ته‌ی نۆهه‌می پێش سه‌رده‌می ئێستادا ( پێش له‌دایکبوونی مه‌سیح BCE) ، ناوی مید ، له مێژووی نووسراودا له نووسراوه ئاسووریه‌کاندا ، هاتووه و دواتریش ناوی ” فارس ” هاتووه . له‌به‌ر ئه‌وه زێده له مه‌لێنیۆمێک مێژووی مید و فارس له تاریکیدایه . مێژووی فارسه‌کان ، تا ئاستێکی باش له سه‌ته‌ی پێنجه‌می پێش سه‌رده‌مه‌ووه و به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان که‌وتۆته دست ، دیاره . وه‌لێ مێژووی میده‌کان هه‌تا ئێستاش تاریکستانه ، ئه‌وه‌ی هه‌یه چه‌ند تروسکه‌یه‌که لێره و له‌وێ و له په‌راوێزی مێژووی فارس و ئاسووری و عاره‌ب و ئه‌رمه‌ندا به‌ر چاوان ده‌که‌وێ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ش جگه له لێکدانه‌وه‌یه‌کی لۆجیکانه‌ی پشتبه‌ست به هێندێک به‌ڵگه ، ناتوانین له‌سه‌ر بواری ئابووری و سۆشیالی و کولتووری و ئاینی ئه‌و ئێمپڕاتۆریێته گه‌وره‌یه‌ی مید , بدوێین .
بۆچوون هه‌ن که له سه‌ره‌تای مه‌لێنیۆمی پێش سه‌رده‌مدی ئێستادا ” به‌واتای پێش سێ هه‌زاران ساڵ ” تیرەکانی مید له‌نێو خۆیاندا له‌باکووری رۆژئاوای ئێرانی ئێسادا ، شێوه یه‌کگرتنێک ” کۆنفێده‌ڕاسیۆن ” ێکیان هه‌بووبێ . یه‌ک له‌و تیرانه‌ش تیره‌ی به‌ناوبانگی ” مۆگ/ مۆغ، Magi” بووه که دواتریش رۆڵێکی گرنگی له پێشڤه‌چوونی زه‌رده‌شتاێتیدا گێڕاوه .
هیڕۆدۆت : نووسیوێتی ( میده‌کان ، نیشته‌جێیی باکووری رۆژئاوی ئێرانن و بریتین له شه‌ش تیره ، یه‌ک له‌وانه ، تیره‌ی” مه‌گۆی ” یه .) 1 مه‌گۆی ، به لاتینی له شێوه‌ی کۆدا وه‌ک” ماجی ” و له شێوه‌ی تاکدا ، وه‌ک ” مه‌گوس/ مه‌جووسMagus” هاتووه و له بنه‌ڕه‌ته‌وه له ناوه ئێرانیه ره‌سه‌نه‌که‌ی” مه‌گو’ ‘ وه‌رگیراوه . ئه‌م تیره‌یه ، پشتاوپشت ، تیره‌یه‌کی ئاینکاره‌بوون . جگه له میده‌کان ، ئاینکاریان بۆ فارسه‌کانیش ناردووه . ئێرانی ناس و شاره‌زایانی ئاینی زه‌رده‌شت ، له‌و بڕوایه‌دان مۆگه‌کان کۆڕێکی پته‌وی زانکۆیانه و برایانه‌ی ناوخۆییان هه‌بووبێ و هه‌ر ئه‌وه‌ش بووبێ نه‌یهێشتبێ زه‌رده‌شتاێتی له‌سه‌ره‌تاوه له رۆژئاوی ئیران‌دا ” له‌کوردستان ” دا سه‌رهه‌ڵبدا . …….. ” ئەم بۆچوونە جێگەی مشتومڕە … نووسەر”
ده‌توانین بڵێین مێژوو ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ده‌رخستووین که له ده‌وروبه‌ری سه‌ته‌ی حه‌وته‌می پێش سه‌رده‌مدا ، سه‌رۆکی یه‌ک له تیره‌کانی مید که له‌ده‌وروبه‌ری ” ئه‌کباتانه – Ecbatana ” هه‌مه‌دانی ئێستادا ژیاوه ، تیره‌کانی میدی یه‌ک خستووه و دواتریش به پادشا هه‌ڵیانبژاردووه . چۆنیێتی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی دیار نییه . وه‌لێ به‌پێی سه‌رگورشته‌کانی هیڕۆدۆت و نووسراوه فارسییه‌کانی دواتریش ، له ده‌وروبه‌ری ساڵی 701 ی پێش سه‌رده‌مدا له لایه‌ن کۆمه‌ڵی راوێژکارانی میده‌وه ” دیا- ئوکۆ ، دیاکۆ/ Dia-oku ” به پادشا هه‌ڵبژێردراوه . له‌وه‌ده‌چێ هێرشه یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانی ئاسوور و بابل بۆ سه‌ر میدیا ، خێڵه‌کانی میدی ناچاری یه‌کگرتنێک کردبێ و ده‌سته‌یه‌کی راوێژکارانیان له ناو خۆیاندا دانابێ که دواتر ناچار بووبن پادشایه‌ک بۆخۆیان هه‌ڵبژێرن . 2
به‌پێی یه‌کێک له نووسراوه ئاسووریه‌کانیش” دیا- ئوکو/ دیاکۆ ” ناوێک چه‌ند جارێک به‌ره‌نگاری ئاسورییه‌کان بۆته‌وه . هه‌تا کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی پادشای ئاسوور بۆ خۆی سه‌رکرداێتی له‌شکرکێشی سه‌ر میدیای کردووه‌و دیاکۆی به‌دیل گرتووه و له رۆژئاوای وڵاتی ئاسووردا ده‌ستبه‌سه‌ری کردوه .
به بڕوای شاره‌زایانی رۆژئاوایی ، دیاکۆ ، ئه‌گه‌ر به دیل گیرابێ یانه‌نا ، که‌سێکی سه‌رکه‌وتوو بووه و یه‌که‌مین پادشانشینی میدی درووستکردووه که پێته‌خته‌که‌ی ، ئه‌کباتان” هه‌نگمه‌تان ” بووه و به‌زمانی میدی ، مانای شوێنی کۆبوونه‌وه ده‌گه‌ینێ و له‌وانه‌شه هه‌ر ئه‌و شاره‌بێت که مه‌ڵبه‌ندی راوێژکارانی مید بووه . له‌مێژووگه‌ریی میددا ، زانیارییه‌کی پته‌و به‌ده‌سته‌وه نییه ناوی پادشا یه‌ک له دوا یه‌که‌کانی میدی ده‌ستنیشان کردبێ . ئه‌وه‌ی باوه ئه‌وه‌یه که دوای دیاکۆ که به گوێره‌ی مێژووه‌که‌ی 53 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی کردووه ” فره‌وه‌رتێش/ فره‌وه‌رتێز ، Fravartish” ی کوڕی هاتووەو ئه‌ویش له‌سه‌ر رێگه‌ی باوکی رۆیشتووه و زیاتر خه‌ریکی یه‌کخستنی خێڵه‌کانی مید بووه و هۆزه‌کانی دیکه‌ی ئێرانی خستۆته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه و 22 ساڵ حوکمڕانی کردووه . دوای ئه‌ویش ، کیاکسار/ که‌ی خوسره‌و که وه‌ک” هوڤه‌خ – شاتڕه- Hovakh shatra” له نووسینه یۆنانییه‌کاندا ناوی هاتووه 40 ساڵ پادشا بووه و دوا پادشاش” ئه‌ستیاگ/ ئه‌ستیاگێز ” بووه که له بڕێک سه‌رچاوه‌شدا به ( ئیشتۆ – ڤیگۆ – Ishto- vigo و ئه‌زهای زه‌هاک ) یش ناوبراوه ، سه‌رده‌می ئه‌ویش 35 ساڵی خایاندووه ، به‌و پێیه ئیمپڕتۆریای گه‌وره‌ی مید ته‌مه‌نی ته‌نها 150 ساڵ بووه .
به‌پێی سه‌رچاوه یۆنانییه‌کان ، که‌ی خوسره‌و/ خه‌سره‌و” Kyaksar/Cyaxares ” که له”635-595”ی پێش سه‌رده‌می ئێستادا پادشا بووه ، به‌ناوبانگترین ده‌سه‌ڵاتداری مید بووه ، توانیویێتی هه‌موو خێڵه‌کانی مید یه‌کخات و له‌سه‌ر شێوازێکی زۆر نوێ سوپای مید دامه‌زرێنێ ، که له شێوه‌ی سواره‌ی قورس و سواره‌ی سووک و تیره‌ندازی دوورهاوێژ ، دایمه‌زرانندووه و له‌وانه‌ش گرنگتر داهێنانی ، ره‌شاتره ” عه‌ره‌بانه ” یه که هه‌ردووک پێچکه‌کانی له ته‌نیشته‌وه شیری لێ توند کراوه و زه‌ره‌دی گه‌وره‌ی به هێزی سواره و پیاده‌ی سوپای به‌رامبه‌ر گه‌یاندووه . ئه‌و ره‌شاترانه بوونه داستان بۆ سه‌تان ساڵی دواتر . له‌گه‌ڵ پته‌وکردنی سوپادا که‌ی خه‌سره‌و له بواری رامیاریشدا کارامه بووه . له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ تیره کانی” سکایی- Scythians” دا که ره‌نگه به ره‌چه‌ڵه‌ک ئێرانی بووبن ، دژی ئاسووریه‌کان په‌یمانی به‌ستووه و چه‌ندجارێکیش پێکه‌وه هێرشیان بردۆته سه‌ر ئاسوور و بێ هێزیان کردوه . 3
دوای مردنی ” ئاسوورربانیپاڵ ” ی ئیمڕاتۆری ئاسووری به‌ناوبانگ ، جێگره‌کانی نه‌یانتوانیوه وه‌ک ئه‌و ئیمپڕاتۆریێته‌که راگرن و له هه‌مان کاتیش‌دا له وڵاتی بابلی کۆنه نه‌یاری ئاسووردا ، بنه‌ماڵه‌یه‌کی کلدانی” Chaldean” ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست و له سه‌رده‌می پادشا ” نه‌بوپۆلاسار،Nabopolassar” دا جگه له توانای پاراستنی سنووری وڵاته‌که‌ی خۆیان توانای هێرشبردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێشیان هه‌بووه و به‌شێک له وڵاتی ” ئیلام ” یشیان داگیر کردووه . که‌ی خه‌سره‌و ، بارودۆخه‌که باش تێگه‌یشتووه و زانیویێتی هاوکاری نه‌بوپۆلاسار بۆ هێرشبردنه سه‌ر ئاسوور ، گرنگییه‌که‌ی له پێوان نایه . له به‌ر ئه‌وه‌ش له ساڵی 615 ی پێش سه‌رده‌مدا ، په‌یمانێکی له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستێ و له کۆتایی ئه‌و ساڵه‌دا هێرش ده‌کاته سه‌ر ئاسوور و قه‌ڵای ” خورشاباد ” که گوایه 20 کیلۆمه‌تر له باکووری ” نه‌ینه‌وا ” دوور بووه داگیر کردووه و له ساڵی 612 دا ، ده‌ست به‌سه‌ر شاری نه‌ینه‌وا دا ده‌گرێ و پادشای ئاسوور ” ئاشوور- ئیلانی ، Ashur- Ilani” ناچار ده‌بێ خۆی به‌ده‌سته‌وه بدات . هێرشه هاوپه‌یمانیه‌که‌ی مید و بابل ، بۆ هه‌تا هه‌تا ، کۆتایی به ئیمپڕاتۆریی ئاسوور هێناوه .
له‌سه‌ردانێکی کوردستاندا بۆم هه‌ڵکه‌وت سه‌ردانی شوێنه‌واری ” قیزقاپان ” له ناوچه‌ی سورداش بکه‌م ، یه‌ک له نه‌خشه‌کانی دیواری پێشهه‌یوانه‌که ، دوو که‌سی که‌وان به‌ده‌ست وه‌ک هاوتا به‌رامبه‌ر یه‌کدی وه‌ستاون و هه‌ر یه‌که‌یان ده‌ستێکی به‌رز کردۆته‌وه ، له‌وه‌ده‌چێت به‌ڵێن به یه‌کدی بده‌ن . ده‌رباره‌ی ئه‌و شوێنه‌واره ته‌نها له کتێبه‌که‌ی” میدیا ” ی دیاکۆنۆڤ دا ئاماژه‌یه‌کم به‌رچاو که‌وتوو و دیاکۆنۆڤ ئه‌و شوێنه‌واره به گۆڕی که‌یخه‌سره‌و ده‌زانێ ، دیاکۆنۆڤ هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیشی نه‌داوه به ده‌سته‌وه . لێره‌دا پرسیاری یه‌که‌م ئه‌وه‌یه بۆ ده‌بێ که‌یخه‌سره‌و که پێته‌ختی ئه‌کباتان بووه له قیزقاپان بنێژرێت؟ پرسیاری دووهه‌میش ئه‌وه‌یه ئه‌و دووکه‌سه‌ی نه‌خشه‌که / نەقشەکە ، کێن؟ تۆ بڵێی که‌ی خه‌سره‌و و نه‌بوو پۆلاسار نه‌بن به‌ڵێن به یه‌کدی بده‌ن بۆ هێرشی سه‌ر ئاسوور؟
دوای هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ بابلییه‌کاندا ، ئیمپڕاتۆریی مید گه‌شه‌ی کردووه و توانیویێتی ئاسوور و به‌شێکی زۆری وڵاتی ” ئوڕاڕتوو ، Urartu” بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه . ئیلام ؛ شانشینێکی به‌هێز بووه و پێش چاره‌که سه‌ته‌یه‌ک له هاتنی که‌ی خه‌سره‌و ، ئاسووربانیپاڵ رووخاندبووی ، له سه‌رده‌مێکدا که ئاشکرا نییه ، فارسه‌کان خۆیان له‌گه‌ڵ ئیلامیه‌کاندا تێکه‌ڵ کردووه و شانشینی” ئانشان ، Anshan ” یان پێکهێناوه و دواتر ئه‌و شانشینه‌ش وه‌ک باجده‌رێک که‌وتۆته ژێر باڵی ئیمپڕاتۆریای میده‌وه . 4
ئه‌ستیاگێز: جگه له‌وه‌ی وه‌ک ؛ ئیشتۆ – ڤیگۆ ، وه‌ک” ئه‌ستیاگ و ئه‌زهای زه‌هاک/ ئه‌زهایدهاک- Azhidhak” یش ناوی هاتووه ، وه‌ک پێشتریش باسم کردووه هێندێک له سه‌رچاوه فارسییه‌کان وه‌ک پادشایه‌کی خوێنخۆری به ره‌چه‌ڵه‌ک عاره‌ب ده‌یخه‌نه به‌ر چاو که ، کاوه‌ی ئاسنگه‌ری فارس سه‌ری پانکردۆته‌وه و گه‌لانی ئێرانی له‌و خوێنخۆره رزگار کردووه . لێره‌دا پرس ئه‌وه‌یه ، ئه‌و کابرا به ره‌چه‌ڵه‌ک عاره‌به چۆن بوو به شاهانشای ئێرانیان که له‌و سه‌رده‌مه‌دا عاره‌ب له دوورگه‌ی عاره‌بیدا خه‌ریکی تاڵان و بڕۆی یه‌کدی بوون ؟ ئه‌مه له هه‌ڵبه‌ستراوێکی شاخدار زیاتر له هیچی دیکه ناچێت . لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ وای ده‌رده‌خه‌ن ” ئه‌زهای دهاک” که له یۆنانیدا وه‌ک ئه‌ستیاگ/ ئه‌ستیاگێز هاتووه ، له زمانی ئێرانی‌دا مانای ئه‌ژدیها Dragon” ده‌گه‌یه‌نێ نازناوێک بووه بۆ رێرلێنانی ئه‌و پادشایه. 5
پێوه‌ندیه‌کی ئه‌وتۆ له نێوان مید و یۆنان‌دا دیار نییه . ئه‌و باسوخواسانه‌ی له سه‌ر مید گه‌یشتوونه‌ته یۆنان له رێگه‌ی فارسه‌کانه‌وه بووه ، ئه‌وانیش به ئاره‌زوو و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌ستیان تێوه‌رداوه . گومان له‌وه‌دا نییه ده‌سه‌ڵاته‌کانی دواتر مێژووی میدیان قارس کردووه ، وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می مید ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سنووری ” پێش مێژوو و سه‌ره‌تای مێژووی ئێران ” و میده‌کان هیچ نووسراوێکیان له‌دوی خۆیان به‌جێ نه‌هێشتووه ” یان نه‌ماوه ” – ئه‌گه‌ر شتێکیش هه‌بێت هه‌تا ئێستا نه‌که‌وتۆته به‌رده‌ست ، له‌به‌ر ئەوە ناتوانرێت دەست تێوەردانەکە بسەلمێندرێت . سه‌رگورشته یۆنانی و فارسییه‌کان باسی گه‌نده‌ڵییه‌کی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می ئه‌ستیاگ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن گوایه به‌ره‌یه‌کی میدی دژه گه‌نده‌ڵکاری ، داوایان له ده‌سه‌ڵاتدارانی فارس کردووه ، بێن و کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ستیاگ بهێنن . له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه باسی راپەڕینێکی گەورە دەکەن دژی ئەستیاگ بە سەرکرداێتی کاوە 6
ئه‌م سه‌رگورشتانه هه‌مووی له یۆنانیه‌کانه‌وه داکه‌وتووه و ئه‌وانیش له فارسه‌کانه‌وه وه‌ریانگرتووه ، خۆ رێیشی تێده‌چێ هه‌مووی پاساوی فارسه‌کان بووبێت بۆ داگیرکاریه‌که‌یان و ویستبێتیان هێرشی کۆڕش و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ئیمپڕاۆریای مید دا ، بخه‌نه قاڵبی رزگارکردنه‌وه. ( له‌وانه‌یه ” کۆڕش ” کچه‌زای ئه‌ستیاگ نه‌بووبێ وه‌ک هیڕۆدۆت باسیکردووه و ئه‌مه‌ش هه‌ڵبه‌ستراوێکی دیکه‌ی فارس بێت بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وایی به پادشایێتی کۆڕش بدات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌سه‌رده‌مێکی زووی ئێران‌دا ، داکه‌وتنی پادشایێتی له نه‌وه‌یه‌که‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌ک ، له رێگه‌ی مێینه‌وه بووه نه‌ک له رێگه‌ی نێرینه‌وه – به‌واتای ئه‌وه‌ی زاوای پادشا ، جێگری پادشا بووه نه‌ک کوڕه‌که‌ی . ره‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆکاری ئه‌وه بووبێت کوڕه‌که‌ی کۆڕش ” کامبۆجیا / کامبایسیس ” هه‌ردووک خوشکی خۆی ماره بکات .
ئاشکرایه گه‌شه‌ی ئیمپڕاتۆریێتی مید له سه‌رده‌می په‌یمانبه‌ستنی له‌گه‌ڵ بابل دا ده‌ستپیده‌کات ، له نێوان ساڵانی” 612- 614 ” ی پێش سه‌رده‌م . له‌و کاته‌وه به‌شی باکووری ئیمپڕاتۆریای ئاسوور و به‌شێکی ئاسیای بچووک که‌وتۆته ژێر ده‌ستی میده‌کانه‌وه . دوای ئه‌وه‌ش وڵاتی فارسیش ، که تازه شانشینی ” ئانشان ” یان پیکهێنابوو ، خستۆته ژێر ده‌ستی خۆیان ، ئه‌و ناوچه‌یه له‌لای یۆنانییه‌کان وه‌ک” فارس و پارس” ناسرابوو . زاناکان له‌و بڕوایه‌دان میده‌کان به‌شێک له رۆژهه‌لاتی ئێرانیشیان خستبێته ژێر رکێڤی خۆیانه‌وه که زه‌رده‌شتاێتی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌باشی تێدا جێگیر بووه و له‌وێوه و له‌رێگه‌ی مۆبه‌دی موژده‌گێڕ و میره ده‌ستبه‌سه‌ره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ئێران و هه‌روه‌ها ژن و ژنخوازی که بۆ مه‌به‌ستی دیپلۆماسی کراوه ، ئاینه‌که گه‌ڕابێته‌وه ناو میده‌کان و له کۆتایی سه‌رده‌میاندا له‌ناویاندا په‌ره‌ی سه‌ندبێ . لێکۆڵه‌ره‌وانان له‌و بڕوایه‌شدان له‌سه‌رده‌می میده‌کاندا شاری ” ره‌گه / راگا ، Raga” که شارێکی ئه‌وپه‌ڕی رۆژهه‌ڵاتی مید بووه ، به شوێنێکی پیرۆز لای زه‌رده‌شتیان سه‌یر کراوه .
دیاکۆنۆڤ ؛ ده‌ڵێ ( به پێی ناوی ماده‌کانی سه‌ته‌ی نۆهه‌م و حه‌وته‌می پێش سه‌رده‌م، ده‌رده‌که‌وێ که خه‌ڵکی باوه‌ڕی به ئاهورا / ئه‌هورا هه‌بووه ، ئه‌مه‌ش هۆشیاری ئاینی ده‌سه‌لمێنێ له‌و سه‌رده‌مه‌دا . هه‌رچه‌نده پێوه‌ندییه‌کی ئاشکرا دیار نییه له نێوان بیروباوه‌ڕی ئاوێستا و ئاینه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ، وه‌لی له‌سه‌ته‌ی شه‌شهه‌می پێش سه‌رده‌مه‌وه ناوێک په‌یدابوون که راسته‌وخۆ به ئامۆژگاری زه‌رده‌شتاێتی داده‌نرێن ” به‌واتای له ئامۆژگارییه‌کانی زه‌رده‌شته‌وه وه‌رگیراون ”. له سه‌ته‌کانی حه‌وتهه‌م و شه‌شهه‌می پێش سه‌رده‌می ئێستادا له سه‌رزه‌مینی ماده‌وه هۆشیاری ئاینی و بیرمه‌ندی بڵاوده‌بووه وه و ئه‌و سه‌ر زه‌مینه بنکه‌ی پێشکه‌وتووی فه‌رهه‌نگی ئاینی بووه . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر له مێژوونووس و زانایانی ئاین، شک و گومانیان هەیە کە وڵاتی ماد زەمینی نەریتی ئاوێستایی بێت. له ئه‌نجامدا ده‌توانین ئه‌وه هه‌ڵێنجین ؛ ئه‌گه‌ر زه‌مینی میدیا جێگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ریتی ئاوێستاش نه‌بووبێ ئه‌وا پێش ئاوابوونی ده‌سه‌ڵاتیان ئاینه‌که له‌ناویاندا به‌ربڵاو بووه . هه‌رچه‌نده مێژووی مید نادیاره، وه‌لێ هه‌رچۆنێک له باره‌ی سه‌رده‌می زه‌رده‌شت و زادگا و ناوه باوه‌کانی ناو مید و سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتیان وردبینه‌وه ، دڵنیامان ده‌کا له‌وه‌ی زه‌رده‌شتاێتی له‌ناو میده‌کاندا به‌ربڵاو بووه ، وه‌لێ ناتوانین بڵێین ئاینی فه‌رمی وڵات بووه.) 7
په‌راوێزه‌كان :
1 – هیڕۆدۆت کتێنی یه‌که‌م” کلیۆ- 101”
2 – A History of Iran by Michael Axworthy 2008 pp 4-5
The World of Herodotus by Aubrey de Selincourt 1962
3 – هه‌مان دوو سه‌رچاوه‌ی پێشوو
4 –Mary Boyce Zoroastrians p 49
5 – Iranian History. The meds Dynasty, by, Khodad Razakhani
6 – شاهنامه‌ی فیرده‌وسی، جیرۆکی شامیرداسی عاره‌ب و زوحاکی کوڕی
7 – میدیا، نووسینی دیاکۆنۆڤ، وه‌رگێڕانی وریا قانع له فارسییه‌وه
تێبینی؛ بۆ بینینی سەرچاوەکان، بگەڕێوە بۆ بەشەکانی پێشوو.