عیماد عەلی : پێویستە بیر لە بە کانتۆن بونی خانەقین بکرێتەوە ؟ .
دیارە خانەقین وەک ناوەندی قەزاکە بۆ دوازدە ساڵە بە کردەیی و لەسەر ئەرزی واقیعدا کورد فەرمانمرەوایی دەکات و ، بە رەسمی سەر بە پارێزگای دیالەیە و زۆرینەی خەڵکەکەی کوردن و ئامانجیان ئارامی و ئاسودەیی و گەرانەوەی قەزاکەیە بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان ، بەڵام ئەو ناحیانەی سەر بە قەزای خانەقینن تا دوا هەناسە تەعریب کاری تێکردوون و زۆرینەیان تا رادەیەک لەدەست کورد دەرچون و تەنانەت خاک و خۆڵی ئەو شارانە گۆرینی بەسەردا هاتووە . لەبەر ئەوەی بەرەسمی سەربە ناوەندی عیراقە ، بۆیە تا ئێستا ئەگەر بودجەکەی لە لایەن دیالەوە بە کەموکورتی دابین کرابێت ، ئەوە لەلایەکی ترەوە بە هەوڵی تاکە کەسی و حزبی وبەشێکی زۆر کەمیش لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە وەک خێر و سەدەقە یارمەتی نیوە ناچڵی ئەم شارە دراوە و ، هیچ حسابێکی تایبەتیان بۆ شارێکی دێرینی خێر لەخۆنەدیوی دەیان ساڵەی کوشتەی تەعریب و تەبعیس و تەهجیر و تەسفیر و ململانێی حزبی و تا رادەیەک کاریگەری سنوربون و ، زەرەرمەندبونی لە شەری نەگریسی ئێران عێراق، زیاتر لە شارەکانی زیانی پێگەیشتووە و لە مێژوەکەی خۆی دابراوەو ، وەک کەلاوەیەکی جێگای گیاندارێکی بێ دەرەتان لە گیانەڵادا دەژێت و ، خەمخۆرانی کەمن و تا رادەیەکیش بۆتە قوربانی ململانێی نێوخۆیی خۆی و ناشارەزایی هەندێکی و نا دڵسۆزی ئەوانەی تر لەو بەپرسانەی کە هاوردەکراون بۆ حوکم کردنی شارەکە و ، دوور لە خواست و ویستی خەڵکی ئەم شارە بە ئارەزوی خۆیان تەراتێن دەکەن . بۆیە تا دێت نارازیبونی خەڵکەکەی بەرەو لوتکە هەڵدەکشێت و دەستێوەردانی مەبەستداری ناوەوە و تەنانەت دەروەی سنوری عیراقیش تێیدا بە زەقی دەردەکەوێت و ، ئەگەر پێشتر ململانێی مەزهەبی بونی نەبوو ئەوا ئێستا لەبەر چەندین هۆکار تا رادەیەک لەدوورە وە سیمای دەردەکەوێت و ، نەداری و نا عەدالەتی و ململانێی شەخسی و حزبی و ئەگەر زۆر راشکاوانە باسی بکەین تا رادەیەک مەزهەبیش ، خەریکە وەزعی ئەم شارە بەلارێدا دەبات و لە بوارەکانی سیاسی و رۆشنبیری و ئاینی و کەلتوری و تەنانەت ئابوریش بەرەو ئاڵۆزیەکی سەیر دەچێت .
لەم نێوەندەشدا نە حکومەتی هەرێم خۆی بە خاوەنی راستەقینەی دەزانێت و نە حکومەتی عیراقیش و ، تا دێت بارودۆخی شاری خانەقین ئاڵۆز و خرابتر دەبێت لەسەرجەم بوارەکاندا ، سەرەرای ئەوەی بۆ زیاتر لە دوانزە ساڵی رەبەقە لە دەستی دکتاتۆرەکەی بەغدا رزگاری بووە . بۆیە حەقی خۆیانە خەڵکی شاری خانەقین بپرسن تاکەی ؟ تا کەی خەمساردی لە ئاست ئەم شارە ؟ تاکەی نەبونی خزمەتگوزاری پێویست و نەبونی مرجەعیەتی ئیداری راستەقینە ؟ تاکەی نەبونی خاوەندارێتی سیاسی و فەرمانرەوایی ؟ تاکەی دواکەوتویی هەمەلایەنی شارەکە لەسەرجەم بوار و ئاستەکاندا؟ تاکەی بەرەڵایی ؟
بێگومان وەک شارێکی دێرینی سنوری نێودەوڵەتی خاوەن مێژویەکی پرشنگدار ، تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی وئابوری خۆی هەیە و ، بێگومان ئەم شارە بە نوخبەی پر توانا و زیرەک لە سەرجەم بوارەکاندا ناسراوە و لێرە جێگەی باسکردن و ژماردنی نابێتەوە . بۆیە خەڵک بیر لە چارەسەری ریشەیی دەکنەوە و لەو بوارەدا تا ئێستا بۆ قوتار بون لەم قەیرانە قوڵەی ئەمرۆی خانەقین چەندین بیرۆکەیان باس کردووە و دەرخستوە . ئەوەی شایانی باسە ، کە دەکرێت لێرەدا باس بکرێت، زۆرێک لە خەڵکی بێ لایەن و خەمخۆری ئەم شارە بەدوای رێگەچارەدا دەگەرێن و لەو نێوەندەشدا بیرورا دەگۆرنەوە و ، باس لە ئامرازە کانی خۆدرەبازبون لە قەیرانی هەمەچەشنی باری نالەباری شارەکەیان دەکەن .
لێرەدا ئەگەر باس لە چارەسەرێکی گونجاو بکەم کە خەڵکی لەم قۆناغەدا لێی دەدوێن ، ئەویش بەکانتۆن بونی خانەقینە، کە وەک هەموو تاقیکردنەوە سەرکەوتوەکانی تر لە شوێن و جێگەی تردا پێهەڵساون بۆ خۆ رزگاربون لەو سەرسورمانەی کە لەو نێوەندەدا باڵی بەسەر خەڵکی دڵسۆزی ئەم شارەدا کێشاوە ؛ بەکانتۆن بونی خانەقین و دواتر بە هەڵبژاردن و راپرسی ، رێگەی گەرانەوە بۆ باوەشی هەرێم ئاسانتر دەکات و لەو کەمتەرخەمیەی حکومەتی بەغدا و هەرێمیش رزگاریان دەبێت و هەنگاوی یەکەمی ئاسایی بونەوەی وەزعی خانەقین بە قەزا و ناحیەکانیشیەوە دەکەوێتە سەر سکەی خۆی و دواکەوتنی جێبەجێکردنی مادەی 140 کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر ئەم شارە نامێنێت و ، خەڵکی ئەم شارە بریاری راست و دروستی خۆیان دەدەن و رێگەی سەر بەهەرێمبونیان کورت دەبێتەوە و پێویست بە بریارە ناوەندیەکانی بەغدا ناکات بەشێوە یاساییەکەی وا دارێژراوە کە مینرێژکراوە . بۆیە بەکانتۆن بونی خانەقین وەک شەنگال و شوێنەکانی تر پێویستیەکی حاشاهەڵنەگری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بارودۆخی ئەم سەردەمەی ئەم شارەیە ، بۆیە پێویستە بژاردەی ئەم شارە دەبێت هیمەتێک بکەن و رێکارە ئاساییەکانی بگرنە بەر و خۆیان لە چەقبەستنی حاڵی ئەم شارە رزگاربکەن و گوێ بە بەرژەوەندی شەخسی و حزبی هیچ کەس و لایەنێک نەدەن .