Daesh-3

ماردین محمد :  داعش ، باڵه‌ سه‌ربازیه‌که‌ی ڕاسیزمی دژ به‌کورد .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

به‌شی دووه‌م و کۆتایی

له‌ ئێستادا ئه‌گه‌ر له‌به‌ر لۆمه‌ و ترسی وڵاتانی ڕۆژئاوا نه‌بوایه ‌، ئه‌وا ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌م پیلانگێڕیه‌دا به‌شدارن ، هه‌رێم و ده‌سه‌ڵات و دانیشتوانه‌که‌یان وه‌ک پۆڕی خوراوی لێده‌کرد !
به‌ڵام وه‌رچه‌رخانی باوه‌شته‌که که‌شتیه‌که‌ی به‌ره‌و ڕووگه‌ و که‌نارێکی دیکه‌ پاڵناو ئه‌و سوڕان و گۆڕانه‌ش هاوسه‌نگیی هێزه‌کانی لاسه‌نگ کرد ، به‌ڕاده‌یه‌کیش ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ کاریگه‌ریی هه‌بوو ؛ که حکومه‌تی ‌عێراق بنێته‌ ژێر بارستی نیشانه‌ی پرسیارێکه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت : له‌کاتێکدا زۆربه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیه‌ ڕۆژئاواییه‌کان دژی داعش هاتونه‌ته‌ سه‌ر خه‌ت و به‌که‌ره‌سته‌ هاوکاری هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ ده‌که‌ن و له‌ئاسمانیشه‌وه‌ گورزی گه‌وره‌ له‌ بنکه‌و باره‌گاکانی داعش ده‌وه‌شێنن !
بۆچی عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌ت و هێزی نیزامی هیچ په‌رچه‌کردارێکی جدیانه‌ی نیه‌ و نانوێنێت‌ ده‌رهه‌ق به‌و هێزه‌ی که‌ خۆی به‌دوژمنی ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ته‌که‌ی به‌غدا ناوزه‌د ده‌کات ؟‌
هه‌روه‌ها مایه‌ی تێڕامانیش ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌غدا موچه و بوجه‌‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌رده‌وام دابین کردووه‌ که‌ ده‌که‌ونه‌ ژێر ده‌ستی داعشه‌وه !.
وه‌ک له‌به‌شی یه‌که‌می ئه‌م نوسینه‌مدا ئاماژه‌م پێدا ، ئه‌و جموجوڵه‌ی ئه‌م دواییانه‌ی عێراق له‌ تکریت و ده‌وروبه‌ری که‌رکوک ، بێ هه‌ڵامه‌ت نیه‌ و نیاز و خواستێکی له‌پشته

ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ئاماژه‌ن بۆ هاماهه‌نگی داعش و به‌غدا له‌هه‌مبه‌ر هه‌رێمی کوردستان ؛

یه‌که‌م /  ئه‌گه‌ر فلاشباکێکی سه‌رپێی ڕووداوه‌کان بکه‌ین و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ کۆتایی ساڵی 2013  یان سه‌ره‌تای ساڵی 2014 ئه‌وه‌مان بیرده‌که‌وێته‌وه‌ که‌نزیکه‌ی هه‌شت بۆ نۆ مانگ به‌رله‌وه‌ی داعش نێزه‌که‌ی ڕووه‌و هه‌رێم بسوڕێنێت ، به‌غداد ده‌ستی نابووه‌ به‌ربینی بوجه‌ی هه‌رێم و جه‌نگێکی ئابوری به‌یان نه‌کراوی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا به‌رپا کردبوو !
ئه‌وی شاره‌زایی له‌مێژوی جه‌نگه‌کاندا هه‌بێت ، له‌وه‌ باش تێده‌گات که‌ ؛ جه‌نگی ئابوری سه‌داو ناوی به‌رچاوی هه‌یه‌ و دێرینترین شێوازی ململانێکانیشه‌ .
هه‌روه‌ها چه‌کێکی کاریگه‌ره‌ و هه‌میشه‌ ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌بردنه‌وه‌ یان دۆڕاندنی ململانێکانی مه‌یدانی جه‌نگدا .
دووه‌م/ دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ که‌وتنه‌ به‌ره‌نگاری کردن و به‌رپه‌رچی پێشڕه‌ویه‌کانی داعشیان دایه‌وه ‌، به‌غدا ڕۆڵی بینه‌ری ده‌بینی و ئێستا و ئه‌وسا هیچ هاوکاریه‌کی لۆجیستی نه‌‌نارد بۆ پێشمه‌رگه ‌، له‌کاتێکا به‌غدا خاوه‌نی پاشخانێکی پڕچه‌ککراوی ئه‌مریکی پێشکه‌وتووه‌ له‌ناوچه‌که‌دا …!
سێهه‌م /  له‌جیاتی ئه‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ، گازانده‌ له‌ داگیرکاری و زیاده‌ڕۆییه‌کانی داعش بکه‌ن که‌پانتاییه‌کی به‌رفراوانی له‌عیراق داگیر کردووه‌ و ئه‌و هه‌واڵانه‌ هایلایت بکه‌ن که‌ باس له‌و داگیرکاریانه‌ ده‌کات ، زۆربه‌یان له‌ میدیاکانه‌وه‌ فرمێسکیان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ڕشت که‌ که‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و له‌ یه‌کێک له‌ وته‌کانیدا ( حنان فتلاوي ) ڕاشکاوانه‌ ده‌ڵێت :  کرکوک راح
هه‌روه‌ها (هادی العامری) که‌ له‌سه‌رێکه‌وه‌ ڕابه‌رایه‌تی هێزه‌کانی ( به‌در) ده‌کات و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی ( حه‌شدی شه‌عبی ) یه‌ له‌ ووته‌یه‌کیدا له‌نزیک شاری که‌رکوک ، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌کات و داوای کشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی له‌و ناوچانه‌ ده‌کرد که‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ به‌خوێن پارێزگاریان لێ ده‌کردن !
هه‌روه‌ها له‌ بۆنه‌یه‌کی تریشدا و له‌ وته‌یه‌کی دیکه‌دا به‌گاڵته‌جاڕیه‌وه‌ ناوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی ده‌هێنێت و به‌کارتۆنی ناوی ده‌بات !
لێره‌و له‌وێش زۆر ووته‌ و ووتاری دیکه‌ هه‌بوون و هه‌ن که‌ دژواریان بۆ مقاوه‌مه‌ت و به‌ره‌نگاریه‌کانی هه‌رێم دێنایه‌ کایه‌وه ‌!
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ونه‌ی ڕاسیزمی دژ به‌کورد بهاتایه‌ته‌دی، ئه‌وا سه‌رجه‌میان زه‌ماوه‌ندیان ده‌گێڕا و بۆ یه‌کدی ده‌چونه‌ که‌ژاوه‌ی زێڕینه‌وه ‌!
هه‌رچه‌نده‌ هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش دیار نیه‌ که‌چاره‌نوسی ئه‌و پلانه‌ به‌کوێ ده‌گات و ئاسۆی یه‌کلابونه‌وه‌ی کێشه‌که‌ هێشتا بولێڵ و ناڕوونه‌ !

ئه‌وه‌ی جێگای مه‌خابن داخیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رباری ئه‌و هه‌موو به‌ڵگه ئاشکرایانه‌ی له‌م نوسینه‌دا باسکران و ده‌یسه‌لمێنێت که‌ له‌ چوارده‌وری هه‌رێمدا تاکه‌ هێزێکی نیازپاک نیه‌ که‌ خێر و خۆشی سه‌رفرازی بۆ خه‌ڵکی کوردستان و حکومه‌ته‌ی بخوازێت !
له‌ناوخۆشدا که‌مترین هه‌وڵ نه‌دراوه‌ که‌ توێژینه‌وه‌ی ورد بکرێت بۆ ده‌رباز بوون له‌ساویلکه‌یی سیاسی که‌ به‌رده‌وام‌ پانتاییه‌کی فراوانی له‌سه‌ودا و به‌رخورد و مامه‌ڵه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی کورددا داگیر کردووه‌!
ئێدی کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد له‌وه‌ به‌ئاگاتر بێت که‌ ئێستا هه‌یه‌ و سه‌وداکانیشی له‌سه‌ر بنه‌مای توێژینه‌وه‌ و داتا دابڕیژێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ، نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای میزاجی که‌سی و خۆشباوه‌ڕی و ساویلکه‌یی و لاره‌ملی!
هه‌رچی به‌سه‌ر هاوڵاتیانی کوردستاندا بێت، ئۆباڵه‌که‌ی له‌ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌دایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتیان قۆرخ کردووه‌، نه‌ک هاونیشتمانیه‌کان ، هه‌رچی که‌م و کورتیه‌کیش له‌کوردستاندا یه‌خه‌ی خه‌ڵک بگرێت ، هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ خۆ به ‌سیاسیزانه‌کان ده‌یانه‌وێت وڵات به‌بێ پلانی ئابوری و بێ هیچ ستراتیجیه‌تێکی حوکمی مه‌ده‌نی و پێشکه‌وتنخواز بده‌نه‌ ده‌ست سبه‌ینێیه‌کی نادیار ، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خواستانه‌وه‌ که‌خه‌ڵک هه‌یه‌تی و هه‌مووان ده‌خوازن سبه‌ینێیان دیار و پرشنگدار و سه‌رفرازی بێت !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت