کونجرینی : بارزانی ئاڵتەرناتیڤی نییە .
لەودیو هەرێمەوە ڕایەڵەیەک کار لەسەر دانان و داڕشتی دەسەڵات دەکات ، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بپارێزێت لەم ناوەچەیەدا . بارزانی کەسی یەکەمی خواستە لای ئەوان .
بارزانی لە دوو شوێندا بەشێوەیەک قسەی لەسەر کورسییەکەی کرد ، دەکرا بۆ ڕاستگۆیی وتەکەی قبوڵی بەردەوامی سەرۆکایەتی هەرێمی چیتر نەکردایە .
لەدوا وتەی لەبەردەم کۆنگرەی 13 حیزبەکەی لە 10 -2010 دا وتی : پێم خۆش نییە بەردەوام بم و تا ئەو ئاستەی لەم پۆسەتەدا ، بکەومە بەردەم رەخنەو توانج . نەتەمەن ڕێگام پێدەدات و نەخۆشم خوازیاری ئەوەم مێژووکەم ڕەش بکەم بەم کورسییەوە .
لەدوایین چاوپێكەوتنی خۆیدا لەرۆژنامەی (( ئەلحەیات )) لە8 ی شوباتی 2015 دا لەو بارەیەوە نییەتی خۆی ئاشكرا كردووە بۆ دەستبەرداربوون لە پۆستەكەی و وتویەتی : پێم خۆشە ئەمانەتەكە رادەستی كەسێكی تر بكەم . هەرگیز رازی نیم بۆ هەتاهەتایە سەرۆك بم . ناكرێ رێگا بە خۆم بدەم تاقیكردنەوەی خەڵكانی تر دووبارە بكەمەوە … مێژووی خەباتكارانەو ناوبانگم لەو كورسییە گەورەترن كە لەسەری دانیشتووم .
ئەم پرسە بەبارگراوەندیی بەرژەوەندی قوڵ بەستراوەتەوە . بەرژەوەندییەک ، چارەنوسی هەرێم و دواڕۆژی کورد دیاریی دەکات . نە پارتی و نە یەکێتی و نە گۆڕان دەتوانن دەستنیشانی ئەم پێگەیە بکەن ، بەڵکوو ئەوە خواستی ڕایەڵەی بەرژەوەندییەکانە قسە لەسەر کەساییەتیەکەو بڕیارلەسەر دانانی دەکات .
چما بارزانی بە پێگەیەکی جەماوەری و حیزبی زۆر کەمەوە ، حوکمی جومگە گرنگ و سیادییەکانی ئەم هەرێمە دەکات ؟ . سەرۆکایەتی هەرێم . سەرۆکایەتی حکومەت . سەرۆکایەتی پەڕلەمان . هێزە جەکدارەکان . ئاسایشی نیشتمانی . سەرمایەی ژێر زەویی و سەر زەویی .
ئەمە پەیوەست نییە بەوەی پارتی و بارزانی حەکیمن و ئەم هەرێمە تەنها بەوان دەبرێ بەڕێوە ، بەڵکوو ئەوە لەدەست ئامین بوونی ئەواندایە بۆ ئەمریکا ، کلیلەکە بەوان سپێردراوە .
یەکێتی لە ئێستادا بەحوکمی ئەوەی بەشە دابەشکراوەکەی تەخشان و پەخشانی دەسەڵاتی لە سەرۆک کۆماریی عێراقدا پێسپیردراوەو بەشی خۆی وەرگرتووە ، دەبێت بەهەر حوکمێک بێت ، ڕازیی ببێت بارزانی بۆجارێکی تر ببێتەوە سەرۆکی هەرێم .
لەچوار کوچکەی بڕیارەکانی هەرێم ، بارزانی لەئێستادا قبوڵە بەزۆرینە بۆ هەڵبژاردنەوەی جارێکی تری سەرۆکایەتی . ئەوانەی کە ڕازیین هەرلە ئێستاوە بەم پرۆسەیە ، یەکێتی و پارتی و وردە بەناو نوێنەری پێکهاتەکانی تورکمان و ئاشوری و کلدانی یە … قسەکردن لە سەر وردە نوێنەر ، قسەکردنە لەسەر ڕاستەقینەو ناڕاستەقینەی ئەو ئەندام پەڕلەمانانەی لەو دیو پێکهاتەکەی خۆیانەوە وەک مافێک بۆ پێگەکەی بۆتە پەڕلەمان . واتە هێندەی بەمافی خەڵک گەیشتوونەتە ئەو پێگەیە ، حەشوەی زۆنی زەرد ئەوانی گەیاندۆتە ئەوێ ، هەر بۆیە کەی پارتی بخوازێت ، ئەوان ملکەچی بڕیارەکانی دەبن .
بزوتنەوەی گۆران و دوو حیزبی ئیسلامی سیاسی و چەند حیزبێکی تریی دەرەوەی پەڕلەمان ، کەئێستا بەهۆی هێوری رەوش و بەرژەوەندی هەندێک حیزبی دەسەڵاتەوە ، هەر یەکەیان کورسییەکیان پێبەخشراوە وەک :
گۆڕان ) 24 کورسی
کۆمەڵ ) 6 کورسی
یەکگرتوو ) 11 کورسی
شوعی و زەحمەتکێشان و سۆسیالیست ) 3 کورسی
ئەمانە لەبەرامبەر 70 کورسی چییان پێدەکرێت ؟ .
دیموکراسی بەرهەمی ئەو جومگە دروستانەیە ، خەم بۆ ڕێکاریی کۆمەلایەتی و سیاسی و مافی مرۆڤ و دابەش و گەشەی دارایی و پیشەسازی و بڕیاردان لەسەر شەڕو ئاشتی دەدات . بەڵام زۆرجار ناعەدالەتی ئەم چەمکە لە ڕووی بڕیاردان لەشەڕو دابەشی دارایی و سیاسی ، هێندە زاڵمانەیە ، لای مرۆڤ نەبوونی پێ باشترە .
ئایا هەرێمی کوردستان چۆن دروست بوو ؟ ، ئایا لاوازی دەسەڵاتی سەدام بوو لەبەرامبەر ئیرادەی کوردو هێزی پێشمەرگە ؟ ، یان بڕیارێکی مرۆیی و سیاسی وڵاتانی جیهان بوو ؟ .
شتێک لەبیریی سیاسییەکاندا ڕاڕایە ، ئەویش بارزانی لەپێگەکەی خۆی بۆتە دانسقە بۆ هەمووان . لەکاتێکدا نە دیموکراسی و نە بەرهەمی قوربەسەریی و ماندو بوونی گەلەکەمان ئەوە دەخوازێت . دەکرێت هۆکارێکی گرنگ هەبێت ، بۆتە خاترجەم لەنێوان چەمکی داخوازی و نەبوونی ئەڵتەرناتیڤدا .
بارزانی ئەو حەکیمە ئەبەدییە نییە ، نەتوانرێت بگلێنرێت و لەجێگایدا بوونێکی گونجاو نەبێت . . نمونەی کەسایەتی هاوشێوەی ئەو لەناوچەکەدا زۆرن و ، هەبوون و بووشنە دیاردە ، سیاسیەکان پێگەو حەکیمیان بە کۆنتڕۆڵی دەرەکی دەسوڕێتەوە . ئەوەی شانسی داوە بەمانە ، ئەو کلتورە تەقلیدییە دواکەوتوویەیە ، بۆتە پەساپۆرتێکی شاز بۆئەوەی زلهێزەکان لەو ڕێیەوە زاڵبن بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتی ئەو حوکمەت و گەلانەی ، کەلەناوچەکەدان . لابردنیان زەحمەتە و ، لابردنیان کارەسات . زەحمەتە بەوەی هێزێکی دەرەکی بەهێزی کردوون و ، زەحمەتە پاش لابردنیان بەهۆی ئەوەی هێزە دەرەکییە باڵادەستەکەی جیهان ، وڵات بەرەو کارەسات و ناعەدالەتی و برسێتی دەبات .
بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت
- Latest Posts by لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی کۆتایی.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی دووەم.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی یەکەم.
- All Posts