دارا خونچە : دەسەڵاتدارانی کوردستان لە بازنەی خراپیی دەسەڵات تێپەڕینە .
دەسەڵاتدار خۆی نەخۆشە .. چونکە نابەرهەمهێن و مشەخۆرە ، جا وەرەو دەسەڵاتدار بنەماڵەیی و خێڵەکییش بی دەسەڵاتداران – وە تایبەتییش سەرۆک و مەرۆک و وەزیر و گزیرەکان – لە تێکڕای جیهان کە هەردەم کەسانی ( گەندەڵکار و ستەمگەر و کۆلەوارن ) تا کۆتاییەکانی هەشتایەکانی سەدەی بیستیش تەنێ لە لایەن کەسە هۆشمەندەکانی نێو کۆمەڵ وەک خۆیان دەناسران .. ئەو کەسە هۆشمەندانەش کە زۆربەی زۆریان لە چینە هەژار و چەوساوەکان بوون و هەردەم ژمارەیەکی زۆر زۆر کەمی نێو کۆمەڵ بوون .. لە بەرانبەریشیان یەک لەشکری گەورەی خەڵک هەبوون دەسەڵاتدارانیان وە کەسانی زۆر زیرەک و فریادڕەس دەهاتە بەرچاوان و زۆر رێزیشیان لێدەگرتن !
لە ماوەی ئەو بیست تا بیست و پێنج ساڵەی دواییدا لە ئەنجامی پێشکەتنە زانستییەکان و بەرفراوانبوونی پەیوەندییەکان و خێرایی دەستڕاگەیشتن وە زانیارییەکان بارودۆخەکە زۆر گۆڕایە .. ئێستا کەم کەس هەیە لەوە تێنەگەیشتبی کە بەرپرسانی نێو دەسەڵات لە کۆمەڵە مشەخۆرەک پتر بترازێ هیچی دیکە نین .. هیچ بەرپرسیارییەکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵیان لەسەر شان نییە و تەنێ بەرپرسی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیانن .. بێ ئەوەی شانیان گەرم دابێ و هیچ بەرهەم بهینن خۆشگوزەرانترین ژیانیان هەیە وە بەراورد وە ژیانی زۆرینەی کۆمەڵ !
سەرەڕای ئەو ناسینەی بەرپرسانیش لە لایەن خەڵکەوە هێشتا دەسەڵات هەر وە دەست ئەوانەوەیە و چینە چەوساوەکان نەیانتوانیە قاویان بدەن و وەک ڤایرۆسەکی پیس لە جەستەی خۆیانی دابماڵن ! کاریگەرترین هۆکاریش هەر ئەوەیە کە ئەوان سەرجەمی توانستە مادییەکانیان داگیر کردیە و لە رێی پاسەوانە بەکرێگیرایەکانیشیان – سەرباز و پۆلیس و سیخوڕ – تا یەک جار – ئەویش وە شێوەیەکی رووکەشییانە – ئاسایشی خەڵک دەپارێزن هەزاران جار ئاسایشی ژیانی خۆیان و سامانەکانیان دەپارێزن .
دیارە ئەو بارە هەر بەو جۆرە درێژە ناکێشی .. چونکە وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین تا دێ ناڕەزاییەکان لە سەراسەری جیهان بەرفراوان و بەرفراوانتر دەبنەوە .. پێشبینیی ئەوەش دەکرێ لە ماوەیەکی دیکە کە وێناچی دوور بی ئەو ناڕەزاییانە لە شێوەی رابوون و سەرهەڵدانی گەورە گەورە لە وڵاتە زلهێزەکان بتەقنەوە و پاشانیش سەرجەمی جیهان بتەننەوە ، کەس ناتوانی لە ئێستاوە قورسایی ئەو گۆڕان و وەرگۆڕانە چاوەڕوانکرایە بخەملێنی .. وە پێی رامانی خۆم ئەگەر کۆتایی بەو دەسەڵاتە مافیاییەی سەرمایەداران و بازرگانان نەهینی و زۆربەی دسەڵاتەکان نەخاتە دەست خەڵک ئەوە بێگومان تەکانەکی زۆر گەورەتر لە ئی شۆڕشی مەزنی ١٩١٧ وە ژیانی پێشڤەڕۆیانە دەدا و چەسانەوەکان پووچ و پووچتر دەکاتەوە و پێ وەپێ دەسەڵاتی کەمینە لەبار دەبا تا دەگاتە ئەوەی ململانێی مرۆڤ دەگەڵ مرۆڤ وە یەکجاریی کۆتایی پێ دێ و تەنێ ململانێی مرۆڤ دەگەڵ سروشت دەمینێتەوە .
هەڵبەتە لەو نێوەشدا کورد و گەلانی دیکەی کوردستان دەیانەوێ جێپەنجەیان لەو سەرهەڵدان و وەرگۆڕانەدا دیار بی و بای ئەوەندەش خەڵکی هۆشیار و شۆڕشگێڕیان تێدا هەیە .. لێ وە داخەوە دەسەڵاتداران و بەرپرسانی حیزبە باڵادەستەکانی نێو تێکڕای کوردستان تا ئەو رادەیە لە دەسەڵاتدارانی وڵاتان کۆلەوارتر و پاشداماترن کە زۆر ناشیا و نابەجێیە وە بەرپرس یان دەسەڵاتدار ناویان ببردرێ ! لەبەرهەندێ گەللەک ئەستەم و قورسە خەڵکی کوردستان بتوانن رۆڵی پێویستی خۆیان بگێڕن ، ئاخەر هێشتا لە کوردستان وە تایبەتییش لە باشوورەکەی :
سەرکردە و بەرپرسە باڵادەستەکانی کوردستان لەسەر بنچینەی پەیوەندییە خێڵەکیی و بنەماڵەییەکان دیار دەکرێن و وەسەر میللەت دادەسەپێندرێن .. ئەوەتە چەندین ناوی وەک (مەسعود و نێچیروان و مەسرور و مەنسوور و ئەدهەم و دڵشاد و سیروان و … هتد لە بارزانییەکان ، هێرۆ و قوباد و پاڤێڵ و شاناز و لاهور و لەتیف رەشید و ئاڵا و … هتد لە تاڵەبانییەکان ، بەیان سامی عەبدولڕەحمان ، سەفین دزەیی ، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ، چنار سەعد عەبدوڵا ، گەشە دارا حەفید و دەیان ناوی دیکە) بێ ئەوەی هیچ توانا و لێوەشاوەییەکیان هەبی تەنێ لەبەرئەوەی نەوەی بنەماڵەکانی سەرکردەکانن ئەو پێگە و پۆستانەیان داگیر کردیە !!! ئەوە سەڕەڕای ئەوەی:
– کەسە ملکەچەکانی نێو حیزبەکانیانیش تەنێ وە بڕیاری ئەوان دەکرێنە سەرکردە و بەرپرس و پۆستەکانیان وەسەر دابەش دەکرێ .
– تێکڕای چەکدارە تاوانبارە کوردە خۆفرۆشەکانی سەردەمی بەعسییەکان لە لایەن ئەو بەرپرسە نابەرپرسانەی خێڵ و بنەماڵەکان داڵدە درانە و پۆست و بەرپرسیارییان پێ بەخشرایە !
– زۆربەی ژنکوشتنەکانی کوردستان بە پشتگیریی ئەو بەرپرسە پیاوسالارانە ئەنجام درانە و هەر ئەوانیشن لە کاتی تەنگانەدا وە هانای ژنکوژەکانەوە دەچن و لە زیندانەکان ئازادیان دەکەن و لە لای خۆیان داڵدەیان دەدەن !
– هەر ئەو بەرپرسانەشن رێک وە پێجەوانەی تێکۆشەرە ئازادییخواز و پێشڤەڕۆیەکان پارێزگاریی لە پاشادامایی و دابونەریتی دینیی دەکەن چونکە دینەکان وەک باوەڕ و پێکهاتەی خۆیان کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێو نەوەکان .