شنۆ محەمەد: وڕێنەكانی من. بەشی 14.
گەر ئەتانەوێ ئاستی زیندویەتی یا مردویەتی كەسێك هەڵسەنگێنن سەیری ئەوە بكەن ئاخۆ ئەو كەسە تا چەندە توانای خۆشی پێكردنی هەیە بە ئەوانی دی ، ئەو كەسەی توانای خۆشی دروست كردنی نیە بۆ خەڵك زیاتر لە مردوەكانی گۆڕستان مردوە ، زیاتر لە ئاسنێك بێ گیانە ، مردوەكانی گۆڕستان ئەتوانن خۆشی دروست بكەن بۆ خۆشەویستانیان ، یادگاری بەرهەم بێنن ، یاریمان لەگەڵ بكەن ، وانەمان پێ بڵێن ، دادگایمان بكەن و لێمان بدەن ، بەڵام ئەو كەسانەی توانای خۆشی دروست كردنیان نیە زیاتر لە هەر كەسێك مردون ، مردوی ڕاستەقینە ئەوانن نەك ئەوانەی لە گۆڕستان خەوتوون .
ئەبێت پتر لە هەر شتێك ئاگاداری عەشق بین ، كاتێك مرۆڤ عاشق ئەبێت بێ ئەوەی هەست بەخۆی بكات نیوەی جەستە و ڕۆحی خۆی ئەبەخشێتە خۆشەویستەكەی كە تا ئەمرێت ناتوانێ بیگەڕێنێتەوە ، بۆیە ئەبێت زۆر باش ئاگاداری بەخشینی ئەو نیوە جەستەیە بین بە كەسەكان ، زۆرینەی مرۆڤەكان ، زۆرینەی عاشقە ڕاستەقینەكان ئەوانەن كە نیوە جەستەكەی خۆیان بە هەڵە بەخشیوەتە كەسێك كە شایانی نیە ، كەسێك كە جگە لە گورگێكی برسی جەستە هیچی تر نیە ، یا كەسێكە تەنیا یاری بە هەست ئەكات .
زۆر كەس هەن لە ژیانیاندا هیچ جۆرە یاریێك نازانن ، كەچی یاریزانێكی نایاب و دەگمەنن لە یاریكردن بە هەست و نەستی مرۆڤ ؟ . زۆرن ئەوانەی هەموو كارێك بە كۆمەڵێك كەم و كوڕی و كەماسی ئەنجام ئەدەن كەچی لە دروست كردنی ئازار بۆ مرۆڤەكان بەقەد مێرولەیەك كەمتەرخەمی ناكەن .
عەشق دونیایەكی واقیعی نیە ، عەشق دونیایەكی خەیاڵی و ئەفسانەییە لە نێوان دوو مرۆڤ ، لەناو عەشقدا شتێك هەیە پێی ئەوترێ ئەفسانە ، ئەو ئەفسانەیە پتر لە هەر شتێكی تر كاریگەری و ڕۆڵی خۆی ئەبینێت لەناو عاشقەكان ، ئەوانەی لەناو دونیای خەیاڵاوی عەشقدا مەلە ئەكەن گرینگ نیە مەلەوانێكی باش و سەركەش بن ، ئەوەی گرینگە ئەوەیە ئاخۆ خۆیان خستۆتە ناو دەریایەكی ترسناك و ئاڵۆز كە ئەركی خنكاندنی ڕۆحە پاكەكانە ، یاخود خۆیان خستۆتە ناو دەریایەكی هێمن و پاك .
پرسیارە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە ، ئاخۆ دەریایەكە بەو شێوەیەك شەپۆڵ ئەدات كە لەگەڵ دونیا جوان و ئەفسوناویەكەی عاشقەكە ئەگونجێت ، یا هەمیشە بە شەپۆڵە توڕەكانی ئەكێشێت بە ڕۆحی برینداری عاشقەكە ؟ زۆرن ئەوانەی لەناو عەشقدا مەلەوانێكی گەمژە و نەزانن ، بەڵام خۆیان خستۆتە ناو دەریایەكی هێمن و پاك ، دەریایەك كە جگە لە شەپۆڵی ئارامی و جوانی هیچ جۆرە شەپۆڵێكی تری پێ نیە ، زۆریش هەن لەناو عەشقدا گەرچی مەلەوانزانێكی نایاب و بەهێزن ، ئەگەرچی كەسانی سەركەش و باوەڕ بەخۆن ، بەڵام خۆیان خستۆتە ناو دەریایەك كە شەپۆڵەكانی تەنیا بە ئاوازی ئەژدیها كار ئەكات ، ئەمانە عاشقی هەڵەن لەناو عەشقێكی كوشندەدا ، لە دونیادا هیچ ماڵێك لە ماڵی عەشقێكی هەڵە كوشندەتر نیە ، ئینسانەكان ئەتوانن قەرەبووی هەموو هەڵەیەكی ژیانی خۆیان بكەنەوە ، بەڵام ئەستەمە ، زۆر ئەستەمە بتوانن قەرەبووی عەشقێكی هەڵە بكەنەوە ، ڕەنگە دونیای عەشق ، تاكە شوێن بێت كە ئەبێت ڕێژەی هەڵەكردن تیایدا سفر بێت .
- Latest Posts by شنۆ محەمەد
شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من ـ کۆتایی .
-شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من ، بەشى ( 21 ) .
-شنۆ محەمد : وڕێنەکانى من ، بەشى ( 20 )
- All Posts