بورهان شێخ رەئوف : پرسی دەستوور .
دەستوور لە بنەڕەتدا ووشەیەكی فارسی ئاوێتەیە كە لە ( دەست ) بە مانای قاعیدە بەعەرەبی و بە كوردی بنكە یان بنەما و ( وور ) بە مانای خاوەن , دوایی تێكەڵاوی زمانەكانی عەرەبی و توركی و كوردی بووە , مەبەست لێ ی پێكهێنان ودامەزراندن و ڕژێمە .
هەروەها لە پرنسیپە گشتیەكانی یاسای دەستووری دا وا دەناسرێت كە كۆمەڵێك پرنسیپی بنەڕەتین بۆ ڕێكخستنی دەستەڵاتەكانی دەوڵەت و دیاریكردنی مافی هەریەك لە دەستەڵاتداران و ڕەعیەت بە بێ دەستوەردان لە بیروباوەڕی ئایینی یان ئایدیۆلۆجی و بنیاتنانی نیشتمانێك لە سەر بنەمایەكی سەرەكی كە هەموو پەیوەندیە جۆراوجۆرەكان ڕێكبخات لە نێوان هەموو دەستەڵاتە گشتیەكاندا .
بۆیە دەستوور لە هەندێ لە ووڵاتاندا بە یاسای بنەڕەتی دەناسرێت و ئەو یاسا باڵادەستەیە لە ووڵاتدا كە هێڵە گشتی و پانەكانی شێوازی ڕژێم لە دەوڵەتدا دیاریدەكات كە كۆماری بێت یان پاشایەتی شێوازی حكومەت پەرلەمانی بێت یان سەرۆكایەتی سنوور بۆ هەرسێ دەستەڵاتی ( یاسادان , دادوەری ,جێبەجێكردن ) دیاریدەكات و پسپۆریەكانیان جیادەكاتەوە .
لەبەرئەوە دەستوور دایكی هەموو یاساكانە پێویستە هەموو یاساكانی كە دادەڕێژرێت هاوتەبا و هەما هەنگ بن لە گەڵ بەندەكانی دەستووردا ئەگینا بە پێچەوانەوە پێشێلكاری دەستووریەوبە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكان ئەژمار دەكرێت لە سەر پادشاو سەرۆكەكان كە بە پاسەوان و چاودێری جێبەجێ كردنی دەستوور دادەنرێن , لە ئاوا دۆخێكدا ڕەوایەتی فەرمانڕەواییەكەیان لە دەست دەدەن و ئەكەر ڕژێمی پاشایەتی بێت جێنشینی پاشا شوێنی دەگریتەوە و ئەگەر سەرۆكایەتیش بێت ئەوا بە میكانیزمی كارپێكراو جێگەكەی پڕدەكرێتەوە .
شێوازی دیموكراسی نووسینەوەی دەستوور بە دوو شێوازە :
شێوازی یەكەم یان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنێكەوە ڕاستەوخۆ لە لایەن خەڵكەوە كە ئەوان واتە ئەنجومەنەكە یان هەرناوێكی تری هەبێت بەوكارە هەڵدەستن و دەستوورەكە دەنووسنەوە هەروەكو ئەمریكا لە دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی لە بەریتانیا ساڵی 1776 ئەنجامی دا ,
شێوازی دووەم ریفراندۆمی دەستووری ئەمیش یان لە ڕێگەی پەرلەمانی ووڵات یان هەر كۆمیتەیەكی حكومی یان هەر فەرمانڕەواو دەستەڵاتداری ووڵات دوای ڕاپرسی گەل لە سەری بە دەستهێنانی دەنگی زۆرینە دەبێتە دەستووری ووڵات.
ئەوەی سەرەوە كورتەیەكی پوخت بوو لەسەر دەستوور بەگشتی و ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا جارێكی تر بە گەرمی باسی لێوە دەكرێت دەستووری هەرێمی كوردستانە هەرچەندە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ووتوێژو گفتوگۆی گەرمی لەسەر كراوە لە نێوان هێزە سیاسیەكانی هەرێم ونووسەران و ڕۆشنبیران و زۆر خەڵكی تریشەوە ناكۆكی گەورەی لە سەر بووە واجارێكی تر هاتووەتەو سەر مێزی گفتوگۆكان بە گەرمی كە دەخوازێت هەموو لایەنەكان دوور لە گیانی تەسكی حزبایەتی و بە هەستێكی بەرزی نیشتمانی ونەتەوەییەوە دەستوورێكی تەواو عەیار بنووسنەوە كە لە ئاست خوێنی شەهیدان و قوربانی دانی خەڵكی كوردستاندا بێت بۆ ئێستا و ئایندەی ئەم گەلە دەستبدات كە هەستی خۆشەویستی نیشتمان و بەها پیرۆزەكان بگەڕێنێتەوەبۆ هاووڵاتیان , بە شێوەیەك كە كەس لە سەروی یاساوە نەبێت .
ئەوەی جێگەی سەرنجی منە هەرچەندە بەشێكی زۆری خاكی كوردستانی باشوور تا ئێستە بە فەرمی نەگەڕاوەتەو سەر هەرێم ئەوەی كە پێ ی دەوترێت ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم یان مادەی 140 ی دەستووری عێراق , هەرچەندە لە پاش هێرشەكانی داعش بۆ سەركوردستان وپاشەكشەی هێزەكانی سوپای عێراق لە حوزەیرانی 2014 ەوە لە ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگەدان , بەڵام چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەو شوێنانە هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە ئایا چارەنووسی ئەو ناوچانە چیە ؟ ئایا دەكرێت ڕاپرسی لەو ناوچانەشدا بكرێت ؟ كە بە شێكی گرنگی خاكی كوردستانن .
دەكرێت دەستوورێكی كاتی دابنرێت و دواتر ڕاپرسی بۆ دەستووری هەمیشەیی كوردستان بكرێت ؟