barzani

بەختیار شارەزوری : پارتی كار بە پەیڕەوی ناوخۆی خۆی ناكات  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 كێشەی گەورەی ئێمە ئەوەیە , كە نە لە دروشمەكان تێدەگەین و نە دروشم دەكەینە پێوەرێك بۆ حیزبەكان , واتا سەیری ئەوە ناكەین تا چەندێ‌ ئەم حیزبانە كار لەسەر جێبەجێكردنی دروشمەكانیان دەكەن , حیزبەكان هەر یەكێكیان هەڵگری یەك دنیا دروشمن , كە پڕە لە پرنسیپی جوان , بەڵام كاتێك بەراوردی دەكەی لەگەڵ كردەوەكانیاندا , تەواو پێچەوانە و بگرە تا ئاستێك حیزبەكە دەكەوێتە دەرەوەی ئەو دروشمانە , بگرە هەندێ‌ كردەوەی هەر لە پەیڕەویدا نیە , ئێمەش وەك هاوڵاتی نەگەیشتوینەتە ئەو ئاستەی پێوەر بۆ پەیڕە و دروشم و كردەوە دابنێن و لەوێوە كار لەسەر حیزبەكان بدەین  .

هەر لەم ڕوانگەوە پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەمڕۆ زۆرینەی كورسی و دەنگەكانی هەیە , وە زۆرترین جومگەكانی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە , ئێستە لەبەردەم پرسی سیستمی حوكمڕانیدایە , كە ئایا دەستور سەرۆكایەتی بێت یان پەرلەمانی بێت , خۆ ئەگەر سەیری پەیڕەوی ناوخۆی پارتی بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین : تا ئێستا پارتی بە ڕوونی لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیدا ئەم پرسەی ڕوون نەكردووەتەوە , لەگەڵ ئەمەشدا قسەیەك نیە لە ناو پارتیدا , كە ئەم حیزبە كار لەسەر پەیڕەو ناكات و هەندێ‌ پرسی گرنگی ڕوون نەكردووەتەوە , وە زۆربەی پارتیەكان هێندەی ولائی هەیە بۆ كەسێك هێندە ئاگای لە پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەكەی نیە , بگرە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی گەورەدا هەر نەیخوێندوەتەوە .

ئالێرەوە ئەگەر سەیری پەیڕەوی ناوخۆی پارتی بكەین , كە بریتیە لە چوار دەروازە و 271 ماددە , لە هیچ مادەیەكدا بۆ هەرێمی كوردستان بە ڕوونی باس لە پرسی سیستمی حوكمڕانی نەكراوە , كە ئایا سەرۆكایەتی بێت یان پەرلەمانی , بەڵام بۆ عێراق ڕوون كراوەتەوە , خۆ ئەگەر پارتی بخەینە بەر حوكمی ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی خۆیەوە , ئەوا لە بەشی دووەم / ئامانجە نیشتمانییەكانی پارتی / ماددەی (7) دا دەڵێ‌ : [ كۆششكردن بۆ بنیادنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی ,یاساو هاودەرفەتی تێدا فەراهم بێت , هەموان تێدا لە سایەی دەسەڵاتێكی نیشتمانی دەستپاك و شەفافدا بژین و فرە حیزبی و دەستاودەست كردنی ئاشتیانەی دەسەڵات جێبەجێبكرێت ] خۆ ئەگەر بە زمانی ئەم پێوەر و دروشمە قسە لەگەڵ پارتی بكەین , ئەوا بە پێ‌ ی یاساكان مسعود بارزانی بۆی نیە خۆی كاندید بكاتەوە , خۆ ئەگەر ووشەی ڕیفراندۆم ووشەی گەل كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتیدا هاتوە , مەبەستی بێت نزیك بێتەوە لە سیستمی حوكمڕانی ئەوا هەر قابیلی ڕەخنەیە , چونكە بە تەواوەتی ڕوون نەكراوەتەوە , خۆ ئەگەر دەستاودەستكردنی دەسەڵات بەشێك بێت لەم ماددەیە , ئەوا كاتێتی بپرسین كەی ئەمە ڕوو دەدات ..؟

لە ماددەی (11) دا هاتوە : [ پەرەپێدانی سیستمی پەرلەمانی و مسۆگەركردنی بەشداربونی هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە دامەزراوە دەستورییەكاندا ] خۆ ئەگەر ئەم پەرەپێدانە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە , ئەوا كاتێتی بپرسین لەبەردەم ئەم پرسەدا پارتی دەبێت پابەند بێت بە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیەوە .

لە ماددەی (31) دا هاتوە :[ گەلی كوردستان لە ڕێ‌ی ڕیفراندۆم و میكانیزمە دەستورییەكانەوە بڕیار لە مەسەلە چارەنوسسازەكانی هەرێم دەدات ] خۆ ئەگەر پەیوەست بێت بە دەنگدانی خەڵك لەسەر دەستور , ئەوا دیارە پارتی هەڵگری سیستمی سەرۆكایەتیە , بەڵام كاتێك دێینە سەر واقع ئەوا پارتی زۆر پێچەوانەی دروشمەكانی خۆیەتی , بۆیە دەكرێت كاتێك دەمانەوێت پارتی ڕووبەڕووی پرسی سەرۆكایەتی بكەینەوە , ئەوا گرنگە بە پێ‌ ی دروشم و پەیڕەوی ناوخۆی ئەم حیزبە , كاری لەسەر بكەین . 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت