عیماد عەلی : ئەم هەموو سەخڵەتبونەی ناوێت ، پارتی دیموكراتی كوردستان .
ئەوەی دەیزانین ، كە هەركەس و لایەنێك تەمەنێ باشی هەبێت هەمیشە بە هێمنی و حەكیمانە بیردەكاتەوە و رەفتار دەكات ، بەڵام نەمانبینیوە خەڵكی بەئەزمون لە هەستیارترین قۆناغی ژیانیدا سەخڵەت بێت .
دیارە كە باسی دەستور و درێژكردنەوەی ماوەی فەرمانرەوایەتی دوور لە رەهایی سەرۆكی هەرێم دەكرێت و ، هەوڵ دەدرێت سیستمی سیاسی كوردستان بە پێی سەردەم و پێویستیەكانی دونیای ئەمرۆ ، دیموكرایتانە بێت . پارتی حەساسیەتێكی زۆری بەو رایانە پەیدا كردوە و وادەزانێت كە هەر هەنگاوێك بۆ بەرجەستەكردنی دیموكراسی راستەقینە و حوكمی خەڵك و زۆرینە بنرێت، بە لێدانی ئەو كۆتایی دێت ، كە ئەمەش راست پێچەوانەیە . ئەگەر پارتی راست بكات لەو راوبۆچونانەی كە دەریدەبرێت و ، بەقەناعەتەوە باوەری بەوە هەبێت كە جەماوەریبونی لە سەرجەم حزبەكانی تر زیاترە و داشی دەنگی ئەو هەمیشە بەرزترە ، سەرجەم ئەم راوبۆچون و هەڵویست و قسانەی لەلایەن ئەوانیترەوە دەكرێت ، لەبەرژەوەندی ئەو دەشكێتەوە .
دەڵێت دیموكراسیەت لەوەدایە ، خەڵك سەرۆك هەڵبژێرێت ، كەچی وا دەزانێت زۆرینەی پەرلەمانی بەناراستەخۆش بێت زۆرینە نیە ، بەم راوبۆچونەی زۆرینەی پەرلەمانی بە زۆرینەی خەڵكی لەقەڵەم نادات . لەبەر ئەوەی لە كوردستان ، ساختەكردن هۆكاری زۆرینە و كەمینەی ئەم چەند ساڵە بووە، نەك دەنگی راستەقینەی حزبەكان و ، هەروەها ، چونكە ئەوەی بە نهێنی بیری لێدەكرێتەوە و قسەی لەسەر دەكرێت پێچەوانەی ئاشكراكەیە .
پارتی دەڵێت سەرۆكی هەرێم خەتی سوورە و پیرۆزیەكە قابیلی مشتومر نیە ، ئەمەش رێك پێچەوانەی سەرەتاكانی بنەمای دیموكراسیە كە خۆی ئیدیعای دەكات . راستیەكەی ئەوەیە ، لە دونیای سەردەمی دیموكراسی و زانست و مەعریفەدا ، هیچ كەس و لایەن و حزبێك پیرۆز نیە وزۆرینە حوكم دەكات و پاراستنی مافی زۆرینە پیرۆزە، خوای دەكرد سەرجەم پیرۆز و پیرۆزیەكان لە ریزی كەمینەدا بوون .
پارتی دەڵێت ، بە هەموو پێوەرێك ئەو موستەحەقی دەسەڵاتە و لایەنەكان دەیانەوێت ئەو وەدەرنێن لەو حەقەی ، ئەمەش داپۆشینی حەقیقەتە ، چونكە هەر لایەن و كەسێك زۆرینە بێت و دەنگی خەڵك تەزكیەی بكات كەس ناتوانێت لە دەسەڵات جوڵەی پێبكات .
بۆیە، ئەوەی زۆرینە بێت لە پەرلەمان، لەناو خەڵكیشدا زۆرینەیە ، هەر ئەمەش وا فەرز دەكات كە هەمیشە زۆرینەی پەرلەمانی سەرۆك و سەرۆك وەزیران هەڵبژێرن و ، حەقی كوتلەی گەورەیە رابسپێردرێت كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران بە یاسایەك و شێوازێك لە پەرلەمانەوە كاندید بكرێن و هەڵبژێردرێن و ، ئەمەش چەندین شێوازی هەیە ، لەوانە ، چەندین مەرج لە خۆ بگرێت وەك كاندیكراو ئەندامی پەرلەمان بێت یان نا و ، هیتریش . ئەگەر دەسەڵاتی سەرۆك بەم شێوەیە بوو كە ئێستا بەرێوەدەچێت و تا رادەیەكی زۆر دەسەڵاتی رەهای هەیە ، ئەوە دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت وئەو سەرۆك وەزیران تكلیف بكات بۆ پێكهێنانی حكومەت . ئەگەر دەسەڵاتەكانی تەشریفاتیش بوو ، دەتوانرێت هەردوو سەرۆك و سەرۆك وەزیرانیش لە پەرلەمان بە هەڵبژاردن دیاری بكرێن یان دیسان سەرۆك وەزیران بە تەكلیفی سەرۆك بێت . بۆ ئەو مەبەستەش پێویست بەیاسایەكی پەرلەمانی دەكات پشت بە دەستور ببەستێت ، یان بە مادە و برگەیەك لە دەقی دەستوردا هەبێت .
بۆیە ئەگەر پارتی ترسی لە بونی خۆی وەك زۆرینە نەبێت ، دەبێت باوەری بە خۆی هەبێت دیاری كردنی سەرۆك ، چ لە لایەن پەرلەمانەوە بێت یان خەڵكەوە ، بەر استەخۆ هەر زۆرینە حوكم دەكات .
لە لایەكی ترەوە ، هەموو لایەك دەزانێت ، كە دیموكراسی لە كۆمەڵگایەكی لەم جۆرەی ئێمە و بەم ئاستە رۆشنبیری و هۆشیاریەی خۆیەوە ، دەكرێت راو بۆچون و بیركردنەوەی لەم چەشنەدایە ، بە جۆرێك لە جۆرەكان بە ئاسانی چەواشە بكرێت ، بەڵام ئەوانەی دەبنە ئەندامی پەرلەمان ، پێویستە و هەرواش دەبێت كە نوخبە بن و بەرژەوەندیە باڵاكانی كوردستان لەبەرچاوبگرن نەك بەرژەوەندی حزبی و كەسایەتی، كە تائێستا زاڵە و ، لەوێشدا ئەوەی لە قازانجی گەل و نیشتمانە بریاری لێ دەدەن ، لەپێشەوەی هەمووش پلە هەستیارەكانە كە دوارۆژی میلەتی پێوەبەندە .
تۆ دەستورێك ناوت لێنابێت ؛ دەستوری هەرێمی كوردستان _ عیراق ، واتە هەر لە ناوەكەیەوە پابەندبونی خۆت بە عیراق و سەرجەم یاساكانیە راگەیاندووە ، بۆچی لە مادە بنەرەتیەكانیەوە ئەو پابەندبونە دەرنابریت و ، وەك لە عیراقدا سەرۆك لە پەرلەمان هەڵدەبژێرێت كە بەرپرسیارێتیەكەی تەشریفاتیە زیاتر لەوەی جێبەجێكردن بێت ، هەر لەوێشدا ئەگەر پێویست بێت پیرۆزی ئەو جێگەیە دەپارێزیت و دەبێتە مەرجەعیەت بۆ سەرجەم پرسە گرنگەكانی داهاتوی كوردستان و پاڵپشتیەكی گەورەش دەبێت بۆ جێبەجێ كردنی دەستور وەك ناوەرۆكەكەی خۆی بێ تەفسیر و شیكردنەوەی جیاواز .
لەو روانگەوە كە ئەگەر مەبەستی سەرجەم لایەن و حزبەكانی كوردستان بەرقەراربونی دیموكراسیەت و فەراهەم كردنی ئازادی و دەستاودەست كردنی دەسەڵات بێت و ، هیچ لایەك تەنها بۆ دەسەڵات خەبات نەكات ، ئەوا ئێمە لەسەردەمێكداین نەوەی نوێ بە جوانی ئاگای لەوەیە كە رادەگوزەرێت و دەیبینێت و ، بە چەواشە و قسەی بێ بنەما هەڵناخەڵەتێت و رەش و سپی لەیەك جیادەكاتەوە ، ئەوەی خزمەتی خەڵك بكات هەمیشە رەسیدی زۆر دەبێت و زۆرینەش لەسەر راستگۆیی و خزمەت و بەرژەوەدی خەڵك دەبێت و ، هەر خەڵك بریاردەری حەق و بەخشش و سزا دەبێت و ، ئەوەی لەخەڵكەوە نزیك بێت و لەپێناو ئەودا خەبات بكات ، دەبێت باوەری بەوە هەبێت خەڵكیش پشتی لێناكات . بۆیە تەنها ترس ئەگەر لەلایەن لایەنەكانی كوردستانەوە هەبێت ئەوەیە ، كە دەبێت هەمیشە بیرو بۆچون و هەنگاوەكانیان لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت كە چەند لە بەرژەوەندی و قازانجی خەڵك رەفتار دەكەن و بریار دەدەن پێش حزب و كەسایەتیەكانیان ، ئەمەش لوتكەی دیموكراسیەتە و لە قازانجی خەڵكدایە و كاروانی دورودرێژی خەباتی گەلی كوردستان دەگەیەنێتە دوامەنزڵگەی خۆی ، بە بەدیهێنانی ئامانجە گەورەكەی گەلی كوردستانیشەوە .