مەجید دڵنیا : بە موقەدەسکردنی سەرۆک .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
سه‌رۆک و سه‌رداری له‌ده‌سته‌ڵاتدا ، هێنده شیرینه بۆیه ئه‌وه‌ی دهستیپێیدهگات ، به سانایی ده‌ستبه‌رداری نابێت . ئه‌مه ئه‌و غرورهیه ، که لای هه‌ر ئینسانێک ئاماده‌یی هه‌یه . دیارە ئه‌م خه‌سڵه‌ته له ساته‌وه‌ختی پیادەکردنی ده‌سته‌ڵاتدا ، زه‌قتر خۆی نمایشده‌کات و داواجاریش به پاوان‌کردنی ده‌سه‌ڵات کۆتایی دهێت..
زۆرێک لەوانه‌ی له‌ده‌ورانی مێژوودا ، بوونه سه‌رۆک و دەسەڵاتیان بە دەستەوە گرت ، خۆیان لە خەڵکی بەگشتی جیاواز بینیوەو لە درێژماوەشدا ، خۆیان لێگۆڕاوە و هه‌ندی جار خۆیان به‌جێگری خودا‌و بگره خودا‌ش ناساندووه . بۆ هه‌میشه ئه‌وه‌یان له‌بیرکردووه ، که دواجار ئه‌وانیش مرۆڤێکن ، وه‌ک هه‌ر گیاندارێکیتر، مردن چاوه‌ڕێیان ده‌کات .
ئەو سەرۆکانەی لە مێژوودا ، ماوەی درێژ لە حوکمدا ماونەتەوە ، لە پرۆسەی حوکمکردندا ، لە ڕێگەی زەبروزەنگ یا خۆشخەیاڵی و بێدەنگی میللەتەوە ، وایکردووە ، بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. هەربۆیە فەیلەسوفێکی وەک میشێل فۆکۆ بە موتڵەقی پێیوایە کە : هیچ سەرکردەیەک نابێت بە دیکتاتۆر تا دڵنیانەبێت لە گەمژییی میللەتەکەی .
لەو پرۆسەیەدا ، بێدەنگی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکان ، بۆ مانەوە و خۆ سەپاندنی سەرۆک و دەسەلاتداران , بۆیە نووسەری گەورەی کورد مو‌سا عەنتەر پێیوایە : لە هەر وڵاتێک‌دا ، دیکتاتۆرو دەسەڵاتی ملهوڕ دروستبوو ، لەو وڵاتە میللەتێکی خەوخۆشی گەوج هەیە .
هەر بەرەنجامی ئەو بێدەنگی و گەوجیەیە کە حیزب و سەرکردەکان بە ئارەزووی خۆیان قاچی لێڕادەکێشن و بۆ ماوەیەکی درێژ کورد وتەنی لە تەڕی دەخۆن و لە وشکیش دەنوون .
هەموو ئەمانە دەبنە دەرفەتی باش بۆ سه‌رۆکێک بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و پایه‌داری حیزب و بنه‌ماڵه‌کەی . بۆ ئەمەش هەمیشە پێویستی به کێشانی شورایه‌ک به‌ده‌وری خۆیدایە له وه‌همی موقه‌ده‌س ، پێویستی به خۆناساندنه وه‌ک فریادڕه‌سێک ، که خودا‌و قه‌ده‌ری ڕۆژگار ئه‌ویان بۆی ناردووه ، پێویستی بە لەشکرێکە لە ماستاوچی و خەڵکی دوو ڕوو هەلپەرست. لێرەوە ئیتر سه‌رۆک چ به‌هه‌وڵی خۆی یا ده‌ست و پێوه‌ندو خزم و کەسە نزیکه‌کانی ، وایلێده‌کرێ لە حاڵه‌ته سروشتییه مرۆییه‌که‌ی خۆی دادهماڵرێیت و دواجار هەموو قسە لەسەرکردنێک و تەنانەت ڕەخنەیەک دەبێتە هێڵی سوور
ئیدی وا له خه‌ڵک ده‌کرێ و ده‌گه‌یه‌نرێ ، که‌س زاتی ئه‌وه‌نه‌کات به‌ساده‌یی ناوی سه‌رۆک بهێنێت.
ده‌ستده‌کرێ به داتاشینی کۆمه‌ڵێ وشه‌ی پێشناو و نازناو وه‌ک ڕێزدار ، جه‌نابی سه‌رۆک ، فه‌خامه‌تی سه‌رۆک ، سه‌رۆکی فه‌رمانده ، سه‌رۆک خوابیپارێزێ و …. تا کاربهوهدهگات ، مرۆ به سانایی نه‌وێرێ ناوی خودی سه‌رۆکی به‌ده‌میدا بێت . بۆیە سەیر نییە ، کە جاروبار گوێبیستی ئەوە دەبین ، کە کۆیلەیەک پێیوایە دەبێت دەستنوێژ بگریت تا ناوی جەنابی سەرۆکەکەی بهێنیت . دواجاریش ناوهێنانی سه‌رۆک بێپێشناو ، به‌جۆرێک له بێڕێزی و سوکایەتیپێکردن دەشکێتهوه . سه‌ره‌نجام هه‌موو خۆ له‌به‌رده‌م به‌خودا بوون و به‌موقه‌ده‌سکردنی سه‌رۆکێکدا ده‌بیننه‌وه ، کە زۆرێک هەر بە سەرۆکی خۆشی نازانن..
سه‌رۆک بۆ ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی به موقهدهسکردنیدا ، به سانایی کاره‌کانی بۆ بەڕێوەبچێت ، پێویستی به لەشکرێک لە ماستاوچی و کۆیله‌و ستایشکار هه‌یه . بە درێژایی مێژوو ، سه‌رۆک وسهرداران له‌هه‌رکوێ بووبن ، ئاله‌وێدا کۆمه‌ڵێک ماستاوچی و خەڵکانی ئینتیهازی ئامادەییان هەیە.
ده‌ستبردن بۆ ته‌خشان و په‌خشانی سامانی وڵات و زۆرجایش چاوسوورکردنەوە و ده‌مچه‌ورکردن و پارە بەخشینەوە ، له پیشه‌کانی سه‌رۆک و کەسە نزیکەکانی سەرۆکن . بۆ ڕاکێشان و بە مێگەلکردن و بێدەنگکردن و کڕینی ویژدانی خەڵک .
ئەم شیلەی دهمچهورکردنه ئیتر به پله‌کانی خێڵ و حیزب و چینه‌کاندا ، ده‌چێته‌خواره‌وه له‌و نێوه‌نده‌شدا ، نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و نزمی و خراپی باری ئابووری ده‌قۆزرێته‌وه ، بە پێدانی ئیمتیاز‌و به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌و دامەزراندن و پڕکردنەوەی فەرمانگەکانی دەوڵەت بە فەرمانبەری نەخوێندەواری ناپێویست و دروستکردنی جۆرەها ڕێکخراو و کۆمەڵە و دەزگای خێرخوازی و دەیان ناوی سەیرو سەمەرە و جۆرەها بەڵێنی رەنگاورەنگ ، ئەمانە تێکڕا دەبنەهۆی ڕاکێشانی ئەوانەی لە دەرەوی حیزبن و بەجۆرێک لە جۆرەکان دەمکوتکردنی ئەوانەی کە رەخنەیەکیان هەیەو لە لایەکیتریشەوە نیشاندانی بەخشندەیی و میهرەبانی سه‌رۆک تا خه‌ڵکی هه‌میشه چاوله‌ده‌ست و چاوبژێری سهرۆکبن .
له ده‌ورانی مێژوودا ، له دیوه‌خانی پاشاکان و کۆشکی سه‌رۆکه‌کاندا ، له‌بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌کاندا ، له کۆنگره‌ی حیزبه‌کان و سەردان و ناو پەرلەمانەکان و هۆیه‌کانی ڕاگه‌یاندندا ، له لایه‌ن لەشکرێک لە شاعیری موهەریج و نووسه‌ری ده‌ربار و چاوشی دەستی دوو و هەرزان و سه‌رۆک خێڵەکان و که‌سایه‌تییه دووڕوو بێباره‌کان ، هۆنینیەوەی شانامە و سروودی بێتام و بێناوەڕۆک به شانوشه‌وکه‌تی سه‌رۆکدا ، هه‌ڵده‌درێ و دەکرێ بە قائدی زەرورە و دواجار ئیتر قسە و لێدوانی سەرۆکێکی نەخوێندەواریش ، دەبێتە حیکمەتی ڕۆژگار و تەنانەت هەندێ جار دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ دوژمنیشدا ، دەبێتە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک و سەروەری . ئیتر سەرۆک دەکرێت بەو فریادرەسەی کە ئەگەر ئەو نەبێت ئەوە ، میللەت نان نابێت بیخوات ، نەک هەر ئەوە بەڵکو سەرۆک دەبێتە پارێزەری شەرەف و ناموسی میللەت ، بەوەی گەر جەنابیان نەبن ئەوە میللەت تێکڕا گورگی دوژمنەکان کەوڵیاندەکات . کۆیلەو دەست و پێوەندەکان وا رادەهێنرێن کە میللەت تاکە پیاوێکی تێدابێت ئەوە جەنابی سەرۆکە و دەبێ هەموومان دەستەو نزا بین، خودا لەتەمەنی هەندێکمان هەڵبگرێت و بیخاتە سەر تەمەنی سەرۆک . دیارە زۆرێک لە سەرۆکەکان بۆ بەردەوامی دەسەڵاتیان ، هەر زوو دەستدەکەن بە هێنانە پێشەوەی کورەکانیان و بەشداری پێکردن و پرۆڤەپێکردنیان تا ڕابهێنرێن بۆ خولی بەردەوامی سەرۆکایەتی . بۆیە کۆیلەو ماستاوچیەکان ، دەستدەکەن بە پڕوپاگەندە بۆ شازادەکانی سەرۆک وتەنانەت بەبینینی کورە ناسک و نازدارەکانی سەرۆکیش دونیایەک خۆشحاڵ دەبن ، کاتێک دێنە سەر شاشەو لێدوان دەدەن، پێیانخۆشە کوری کوری سەرۆکیش حوکمیان بکات و هیچیش پێیان شەرم و شورەیی نییەو بە شانازیشەوە لێرەو لەوێ باسی خولامی خۆیان بۆ سەرۆک و کورەکانی دووبارە و دەبارە بکەنەوە..
ئه‌م هه‌ڵوێستانه تێکڕا ده‌بنه هۆی دروستکردنی خه‌ڵکێکی شاره‌زا له هونه‌ری ماستاوکردن و مامۆستا له مهدحوسهنا . ستایشی ئەمانە هه‌ندێکجار دەگاتە ئەوەی ، که خودی سه‌رۆک که‌وتۆته گومانه‌وه‌و هه‌ستیکردووه که موجامه‌له‌ی ده‌کرێت.
هەندێجاریش خودی سەرۆک خەجاڵەتی کێشاوە ، کە بینیویەتی کەسێک زۆر ڕوو قایمانە و بێشەرمانە کەوتۆتە خوێندنەوەی ، شیعرێک یا چەند دێڕێکی بێتام بە سەریدا ، لەهەمووشی سەیرتر ئەوەیە زۆرجار لەوکاتانەدا سەرۆک نەک دەستخۆشی ، بگرە تەنانەت لایەکیش لەوجۆرە ماستاو چییانە ناکاتەوە و هەر بایەخیشیان پێنادات .
هەژاری سەرۆکێک لەوەدایە ، کە تەنیا بە ستایشکاران باوەڕدەکات ، ئاخر به‌ره‌نجامی مه‌دح وسه‌نا ، سه‌رۆک تووشی غرورێکی بێ‌مانا ده‌کات ، غروریش سه‌ره‌نجام کاره‌سات و ماڵوێرانی به‌دوای خۆیدا دێنێت . شینی ستایشکاران , شینی لوقمەیەکی چەورە لە پاداشتی ستایشێکی درۆزنانەدا .
ببینە هەمیشە سهرۆکەکان به کۆمه‌ڵێک مه‌دح و سهناکاری درۆزن ده‌وره‌دراون ، ناهێڵن سه‌رۆک هەرگیز ، دەنگی خەڵکی پێبگات . پیشه‌ی ئه‌مانه هه‌روایه ، هه‌میشه وا له‌سه‌رۆک ده‌گه‌یه‌نن ، که دونیا شامی شه‌ریفه‌و ته‌نیا مه‌قامی جه‌نابی عالیان سه‌روه‌ربێت هەموو شتێک بەدڵی جەنابیان دەڕوات .
دواجار هەموو خۆمان لەبەردەم
سەرۆکێکی موقەدەسدا دەبینینەوە ، کە هەر جۆرە رەخنەو ناڕەزایەتیەک ، دەبێتە بڤەو هێڵی سوور.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە