بارزانی هەڕەشە دەکات و ناپاکی دەخاتە پاڵ یەکێتی و گۆڕان .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
مەسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێك ئاراستەی سەرۆكایەتیی حكومەت ، حیزب و لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان دەكات . لەو پەیامەدا بارزانی بە جەختكردنەوە لەوەی ئێستا گەلی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر لە سەركەوتن و دەستكەوتی مەزن و شكۆمەندی نزیكە ، دەڵێت :” جێگەی داخە بۆ دژایەتیكردنی گەلی كوردستان شێوازێكی نوێی ناپاكی دەركەوتووە كە لە رێگەی جۆراوجۆر و بە لێدوان و نووسین بانگەشە بۆ شەڕی ناوخۆیی و دووبەرەكی و هەروەها زیندووكردنەوەی پەرتەوازەیی و دوو ئیدارەیی دەكەن “.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە پەرلەمانی كوردستان و حكومەت و داواكاری گشتی دەكات ئەركی خۆیان راپەڕێنن و رێوشوێنی گونجاو ” لەدژی ئەم رەوتە نانیشتمانیی و مەترسیدارە بگرنە بەر و چارەسەرێكی یاسایی و رەسمی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوكردنەوە ئەو بۆچوونانە بدۆزنەوە، كە ژیانی خەڵك و یەكپارچەیی نیشتیمان و ئاسوودەیی وڵات دەكاتە ئامانج و بانگەشەی شەڕی نێوخۆیی و دوو ئیدارەیی دەكەن .”
چونكە بە گوتەی بارزانی :” ئەمە ئازادیی رادەربڕین نییە ، بەڵكو ئەم جۆرە هەوڵانە خیانەتن لە گەل و نیشتمان و پیادەكردنی ئەجیندا و سیاسەتی نەیارانی كوردستانن . نابێ بە هیچ شێوەیەك رێگە بدرێت ئەم روانگە نانیشتمانییە لە كوردستاندا هەبێت . ئەم بابەتە مەترسییە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستان و هەموو ئەو دەستكەوتانەی بە خوێن و فرمێسك هاتوونەتە دی دەخاتە ژێر هەڕەشە “.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان :
بەڕێزان سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
دوژمنان و نەیارانی گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكیان تاقیكردەوە بۆ ئەوەی خەباتی گەلی كوردستان لەناو ببەن. هەر لە تۆقاندن و ئەنفال و جینۆساید و بگرە هەتا كیمیاباران و ئابلۆقەدان و زیندان و نانەوەی فیتنە و دووبەرەكی و بڕینی قووتی خەڵك و پەلاماری تیرۆریستان، بەڵام پشت بە خوای مەزن و هیمەت و خۆڕاگریی گەلەكەمان، كوردستان توانی بەسەر هەموو پیلان و دوژمنكارییەكاندا سەركەوێت و شكست و شەرمەزاری بۆ دوژمنان مایەوە .
ئێستا گەلەكەمان لە هەموو كاتێك زیاتر لە سەركەوتن و دەستكەوتی مەزن و شكۆمەندی نزیكە، بەڵام جێگەی داخەكە بۆ دژایەتیكردنی گەلی كوردستان شێوازێكی نوێی ناپاكی دەركەوتووە كە لە ڕێگەی جۆراوجۆر و بە لێدوان و نووسین بانگەشە بۆ شەڕی ناوخۆیی و دووبەرەكی و هەروەها زیندووكردنەوەی پەرتەوازەیی و دوو ئیدارەیی دەكەن . ئەمە ئازادیی ڕادەربڕین نییە بەڵكو ئەم جۆرە هەوڵانە خیانەتە لە گەل و نیشتمان و پیادەكردنی ئەجیندا و سیاسەتی نەیارانی كوردستانە . نابێ بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بدرێت ئەم ڕوانگە نانیشتیمانییە لە كوردستاندا هەبێت . ئەم بابەتە مەترسییە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی كوردستان و هەموو ئەو دەستكەوتانەی بە خوێن و فرمێسك هاتوونەتە دی دەخاتە ژێر هەڕەشە .
داوا لە پارلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و داواكاری گشتی دەكەم ئەركی خۆیان ڕاپەڕێنن و ڕێوشوێنی گونجاو لەدژی ئەم ڕەوتە نانیشتیمانی و مەترسیدارە بگرنە بەر و چارەسەرێكی یاسایی و ڕەسمی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوكردنەوە ئەو بۆچوونانە بدۆزنەوە كە ژیانی خەڵك و یەكپارچەیی نیشتیمان و ئاسوودەیی وڵات دەكاتە ئامانج و بانگەشەی شەڕی نێوخۆیی و دوو ئیدارەیی دەكەن .
داوا لە گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم بە هەموو توانایەكیان ڕێگری بكەن لە دەركەوتنی ئەم دەنگ و تێڕوانینە نانیشتیمانییە . داوایش لە جەماوەری سەربەرزی كوردستان دەكەم چیتر دەرفەت نەدەن ئەم جۆرە خەڵكانە و ئەم ڕەوتە دژە نیشتیمانییە بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی هزری شەڕانگێزی شەڕی نێوخۆیی و دووبەرەكی و هەموو تواناكانمان بۆ پاراستنی كوردستان و یەكڕیزیی گەلەكەمان یەكبخەین .
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
16ـی 4ـی 2015
س – ر
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە