دکتۆر محه‌مه‌د گه‌ناویی : مرۆڤه زیاده‌کان کێن ؟
مرۆڤه زیاده‌کان ، ناونیشانی کتێبێکی نوسه‌ری به‌ڕه‌گه‌ز بولگاری IlijaTrojanow دانیشتوی ئه‌ڵمانیایه که‌ئێستا کتێبەکەی بۆ زۆر زمان وه‌رگێڕاوه . کاتێک هه‌رکه‌س ئه‌م ناونیشانه ده‌بینێت ئه‌م وێنه‌یه‌ی لای دروستده‌بێت که‌ده‌بێ کێ له‌ده‌وروبه‌ری ده‌شێ زیاده‌بێت ، خۆی ، یان که‌سێک له‌خێزانی، یان له‌گه‌ڕه‌ک ، شار ، وڵات یان دنیا؟.
نوسه‌ر پێیوایه ئه‌مڕۆ ته‌نها هه‌ژاره‌کانی ئه‌فریقیاو هندستانو ئاسیا وه‌ک زیاده دانانرێن، به‌ڵکو هه‌تا له‌ڕۆژئاواش به‌گوێره‌ی ئابوری جیهانی ئه‌گه‌ر تۆ بهکاربهرنهبیت ئه‌وا زیاده‌ی له‌ژیان.
نوسه‌ر له‌چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی پۆلیتکنی دانیمارکی ده‌ڵێت : هه‌میشه لاوازه‌کان تێههڵدهدرێنو به‌رده‌وامیش هه‌روابوه، بیری دانانی ئه‌م کتێبه ( مرۆڤه زیاده‌کان) ده‌گێڕێته‌وه بۆ تیۆری کۆمهڵو ئابوریناسی ئینگلیزی توماس مالتوس ، که‌ئه‌و پێیوایه ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌دایکبوو له‌ناو دنیایه‌کی پڕ له‌خه‌ڵک ، ئه‌گه‌ر خێزانه‌که‌ی نه‌توانێت خۆراکی بدهنێو ئاگاداری بن ، کۆمه‌ڵیش پێویستی به‌هێزی کاری ئه‌م نه‌بێت ، ئیتر ئه‌و که‌سه مافی نیه خۆراکی پێبدرێت، بۆیه ئه‌م زیاده‌یه بۆ کۆمه‌ڵ .
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی که‌ئه‌مڕۆ له‌کوێ ئه‌م بیره‌ی مالتوس ده‌بینێت ؟ نوسه‌ر ده‌ڵێت له‌ناو چالاکوانانی ژینگه‌و رێکخراوانی سه‌وز له‌گه‌ڵ نوخبه‌ى ئابوری بۆ نمونه دامه‌زرێنه‌ری (CNN) تید تیرنه‌ر، که‌وتبوی شتێکی زۆر باش ئه‌بوو که‌ژماره‌ی دانیشتوانی زه‌وی ته‌نها 300 – 250 ملیۆن که‌س بێت، هه‌روه‌ها له‌ساڵی 2008 وتبوی ئه‌بوو ژماره‌ی دانیشتوانی دونیا که‌مبکرێته‌وه بۆ دوو ملیارد هه‌مان شێوه بۆچون لای گه‌وره‌ترین خاوه‌ندارێتی زه‌ویوزار لهئهمەریکا (جوهن مالۆون) و دامه‌زرێنه‌ری مایکرۆسۆفت بیل گیتس هه‌یه.
گومان نیه کەزۆربونی ژماره‌ی دانیشتوان به‌شێوه‌یه‌کی بێ به‌رنامه‌و هه‌ره‌مه‌کی گرفتی ئابوری ، ته‌ندروستی ، فشار بۆ سه‌ر ژینگه ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، کۆچکردن ، دیمۆگرافی ، مرۆیی و سیاسی به‌شوێن خۆیدا ده‌هێنێت که له‌ئه‌نجامدا ئاشتی کۆمهڵو جڤات‌و جیهان ده‌خاته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جدیه‌وه.
بۆ رێگری له‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی که‌توشی مرۆڤایه‌تی و ژینگه‌و جیهان ده‌بێته‌وه به‌هۆی زۆربونی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌ساره‌ی زه‌ویه‌وه به‌تایبه‌ت له‌وڵاتانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی رۆژئاوا‌و پیشه‌سازی ، چه‌نده‌ها بۆچون‌و تیۆری له‌لایه‌ن نوخبه‌ی سیاسی ، زانستی و ئابوری جیهان گوزارشتکراوهو ده‌کرێت:
1- ژماره‌ى دانیشتوان که‌مبکرێته‌وه: هه‌ڵبه‌ته ده‌سته‌واژه‌ی که‌مبکرێته‌وه به‌و مانایه‌یه که‌ژماره‌ی دانیشتوان له‌وڵاتێک ، کیشوه‌رێک، یان جیهان که‌مبکرێته‌وه بۆ ژماره‌یه‌کی دیاریکراو ، واته ئه‌وانه‌ی له‌م ژماره دیاریکراوه زیاترن ، ئه‌وا زیادهنو ده‌بێت به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان قهڵاچۆبکرێن کهههڵبهته ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی توندڕه‌وی و نامرۆڤانه‌یه هه‌روه‌کو نوسه‌ر له‌کتێبه‌که‌ی ( مرۆڤه زیاده‌کان ) ئاماژه‌ی پێده‌دات.
2- ژماره‌ی دانیشتوان دیاری‌بکرێت: رێگه‌و شوێنی تایبه‌ت بگرێته‌به‌ر له‌ڕوی جێنده‌ر ، سیاسی ، ئابوری … بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان له‌نێوان ژماره‌یه‌ک تێپه‌ڕنه‌کات بۆ نمونه ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق به‌له‌به‌رچاوگرتنی توانا‌و گه‌شه‌ی ئابوری عێراق 35-40 ملیۆن بێت واته له 40 تێنه‌په‌ڕێت.
بۆ ئه‌مه ، واته خاڵی دوه‌م تێگه‌یشتنی ئاینی ، جێنده‌ر ، فه‌رهه‌نگی له‌زۆر شوێندا رێگری ده‌کات له‌دیاریکردنی ژماره‌ی دانیشتوان بۆ نمونه له‌ساڵی 1994 له‌کۆنفراسی (UN) له‌قاهیره بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی هه‌ژاری و ژماره‌ی دانیشتوان زۆر له‌و شاره‌زایانه‌ی بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری که‌به‌شداربون هه‌ندێک پێشنیاری چاکسازیان بۆ ده‌وڵه‌تی میسر کرد له‌ڕوی کۆمه‌ڵایه‌تی ، جێندهرو ئازادیه تاکه‌کانه‌وه، به‌ڵام ئه‌م پێشنیارانه نه‌ک هه‌ر به‌بایه‌خ وه‌رنه‌گیران ، به‌ڵکو بوو به‌هۆی کێشه‌و وتار‌و وته‌ی دژ به‌م کۆنفرانسه له‌لایه‌ن که‌سایه‌تیه ئاینی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌و وڵاته‌وه ، هه‌تا ئه‌زهه‌ر بوو به‌به‌شێک له‌م کاردانه‌وه دژییه ، که‌کاتی خۆی ئه‌مه‌بوو به‌هه‌واڵێکی جیهانی.
(F.william England) له‌کتێبی تۆوی وێرانکردن که‌کاتی خۆی له‌گۆشه‌ی ئابوری له وتارێکم له‌سه‌ر نوسی ، به‌توندی ئاگاداری ده‌دات له‌سه‌ر بهرههمهێنانو بڵاوکردنه‌وه‌و به‌کارهێنانی تۆوی به‌روبومی کشتوکاڵی که له‌ڕێگه‌ی چاککردنی جیناته‌وه به‌رهه‌مهاتون . به‌شی هه‌ره‌زۆری ئه‌م که‌ره‌سه خۆراکیانه‌ی له‌وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندو به‌کاردێن له‌ڕێگه‌ی جینی چاککراوهوه به‌رهه‌مهاتون که‌ده‌بنه‌هۆی نه‌خۆشی کوشنده‌و مردنی به‌کاربه‌ران، نوسه‌ر ئه‌مه به‌کۆمه‌ڵکوژی مرۆڤه‌کان وه‌سفده‌کات به‌جۆرێک که‌ده‌ڵێت خراپتره له‌کۆمه‌ڵکوژی نازیه‌کان .
ئه‌گه‌ر زۆربونی ژماره‌ی دانیشتوان گرفتبێت بۆ ژیان‌و ئاشتی و ژینگه‌ی جیهانی ئه‌وا به‌هه‌مان جۆر گه‌شه‌ی ئابوری کهبهڕوحی سستمی سه‌رمایه‌داری داده‌دنرێت ، هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ژینگه‌و زیاد له‌پێویست به‌کارهێنانی سه‌رچاوه سروشتیهکانو به‌فیڕۆدانی.
گه‌شه‌ی ئابوری له‌سه‌ر به‌کاربردنی (consumption) زیاتر وه‌ستاوه ، واته به‌رهه‌مهێنانی زیاتر له‌گه‌ڵ سه‌رفکردنی وزه‌ی زیاتر‌و به‌کاربردنی زیاتر ، له‌هه‌ردوو حاڵه‌تیشدا کاردانه‌وه‌ی خراپ دروستبونه له‌سه‌ر ژینگه . بۆیه پێویسته هه‌تا له‌سستمی سه‌رمایه‌داری وه‌کو ته‌نها سستمی ئابوری جیهانی ئه‌مرۆ چاکسازی ریشه‌یی و جددی بکرێت بۆ هاوسه‌نگڕاگرتنی به‌رهه‌مهێنانی کاڵاکانو پێویستیه سه‌ره‌کیه‌کانی مرۆڤ ، هه‌ر ئه‌م پێویستیه گرنگه‌یه که‌وایکردوه ئێستا که‌سانێک له‌دنیای سه‌رمایه‌داری په‌یداببن وه‌کو (ئالگورد) به‌تیۆری سه‌رمایه‌داری پایه‌دار (sustainable capitalism) بیر لهمهبکهنهوه کههاوسهنگیهک بدۆزنه‌وه له‌نێوان کاڵاو پێویستی و پاراستنی ژینگه‌دا.
هه‌ڵبه‌ته ، بۆ پیاده‌کردنی سه‌رمایه‌داری پایه‌دار پێویست ده‌کات که‌چه‌نده‌ها دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی چالاکانه‌و زانستیانه کاربکه‌ن له‌ڕوی ئابوری و فه‌رهه‌نگی و بهرههمهێنانو خستنه‌بازاڕ ، هه‌روه‌ها هۆشیاری له‌ڕوی فه‌رهه‌نگی و ژینگه‌یی و ته‌ندروستیه‌وه له‌گه‌ڵ ئامرازی یاسایی و جێبه‌جێکردنه‌وه.
له‌گه‌ڵ بهئایدۆلۆجیابونی ئابوری به‌تایبه‌ت له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌چوارچێوه‌ی سستمی سیاسی توندڕه‌وانه‌دا وه‌کو کۆمۆنیزم‌و نازیزم ، زاراوه‌ی مرۆڤه زیاده‌کان به‌کارهاتو هه‌وڵده‌درا به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان له‌کۆڵی کۆمه‌ڵگه‌یان بکه‌نه‌وه ، بۆ نمونه نازیه‌کان هه‌موو که‌سه بێتواناو که‌مئه‌ندامه‌کانیان له‌ناوده‌برد.
لە ئه‌ڵمانیای شه‌رقی رێگه ته‌نها به‌و که‌سانه ده‌درا که له‌وڵاتی به‌ناو سۆسیالستی بڕۆنه ده‌ره‌وه که‌پێیانوابوو ئیتر ئه‌مانه زیاده‌ن بۆ کۆمه‌ڵ وه‌کو بهتهمهنهکانو ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی بواری کارکردن‌و به‌رهه‌مهێنان بون.
به‌جیاواز له‌م دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه ، ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ به‌زیاده داده‌نرێت له‌سه‌ر بنه‌مای توانای به‌رهه‌مهێنان نیه، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای به‌کاربردنه ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتوانێت بیکڕێتو پاره به‌کاربهێنێت ، چونکه وه‌ک ئامرازێک ته‌ماشاده‌کرێت.
پۆلێن‌کردنی مرۆڤه‌کان به‌زیاده‌و پێویست ، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت به‌کاربه‌ربێت پێویست بێت‌و ئه‌وه‌ی نه‌توانێت به‌کاربه‌ربێت زیاده‌بێت لهژیانو له‌کۆمه‌ڵ ، سه‌ره‌تایه‌کی نوێ ده‌دات بۆ تێڕوانین‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌موو ئاست‌و په‌یوه‌ندیه‌کان له‌ڕوی فه‌رهه‌نگی، سیاسی و ئابوری ، به‌هاکان له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌ک، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان.
مه‌فهومی (concept)ی مرۆڤه زیادهکانو مرۆڤه پێویسته‌کان زاده‌و ده‌رهاویشته‌ی قهیرانو شکسته‌کانی سیسته‌مه ئابوری و سیاسیه‌کانی هه‌ندێک له‌و رژێم‌و سیسته‌مه سیاسی و ئابوریانه‌یه که‌دور له‌بیری ئینسانی و مه‌عنه‌وی و به‌رپرسیاریه‌تی باڵای مرۆڤی به‌پێوه‌ری خۆیان بڕیار له‌سه‌ر ئهمهدهدهن که‌کێ پێویسته‌و کێ زیاده‌یه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ پێوه‌ر بۆ زیادهبونو پێویستبونی مرۆڤه‌کان توانای کڕین‌و به‌کاربه‌ری بون بێت ، ئه‌وا بۆ خۆی زۆر له‌وه ترسناکتره بۆ کۆمهڵو مرۆڤایه‌تی ، له‌وه‌ی که‌خاوه‌ن ئه‌م تێگه‌یشتنه پێیانوایه ئه‌وه‌ی به‌کاربه‌ری سفر بێت ، واته هه‌ژار بێت هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ژیان‌و ژینگه‌و ئاسوده‌یی ، ئه‌وانه‌ی پاره‌یان هه‌یه‌و ده‌توانن بکڕن‌و کاربه‌ری چالاکبن ، چونکه ده‌بێت بزانرێت مه‌رج نیه هه‌موو پاره‌دارێک یان سه‌رمایه‌دارێک له‌ڕێگه‌ی کاری فکری و داهێنانو دروستکردنی شتی باشه‌وه یان له‌ڕێگه‌ی شه‌رعیه‌وه بوبێته پاردارو سه‌رمایه‌دار ، به‌ڵکو زۆری ئه‌و سهرمایهدارو پاره‌دارانه‌ی له‌دنیادا هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌وڵاتانی جیهانی سێیه‌م له‌ڕێگه‌ی ناشه‌رعی ، کاری مافیایی و هه‌تا ئه‌نجامدانی تاوان‌و خیانه‌ته‌وه له‌خه‌ڵکو گه‌لی خۆیان‌و مرۆڤایه‌تی بونه‌ته سهرمایهدارو پایه‌دار ، ئیتر چۆن ره‌وایه به‌م کۆمه‌ڵه مافیایه بوترێت پێویست، به‌ڵام به‌که‌سانی ته‌ندروست له‌ڕوی فکرو کار‌و ویژدان‌و کۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تی به‌ڵام هه‌ژار، بوترێت زیاده؟
له‌ڕوی سروشتیه‌وه ، ئه‌وه‌ی که‌دێته دونیاوه وه‌کو مرۆڤ دێته دنیاوه نه‌ک وه‌کو مرۆڤی زیاده‌و مرۆڤی پێویست ، بۆیه له‌هه‌ر وڵات‌و شوێن‌و جیهاندا مرۆڤه‌کان مافی یه‌کسانیان هه‌یه له‌داهاتو سامانه سروشتیه‌کانی جیهانو نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ، سامانی هیچ جیهان و وڵاتێک له‌سه‌ر پێوه‌ری مرۆڤه زیادهکانو پێویسته‌کان دابه‌شنه‌کراوه‌و ناکرێت، ئه‌گه‌ر دادپه‌روه‌ری هه‌بێت. شکستی سیسته‌مه‌کان له‌چاره‌سه‌ری کێشه‌کان هه‌میشه تێگه‌یشتنی توندڕهوانهو نامرۆڤانه‌و نامه‌نتقی دروستده‌که‌ن بۆ پاکانه‌کردنی شکسته‌کانیان ، وه‌کو هه‌میشه‌ش قوربانیانی شکسته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی فاشیل‌و گه‌نده‌ڵ ئه‌م مرۆڤ‌و خه‌ڵکانه‌ن که به‌چاوی ئه‌وانه‌وه ( ده‌سه‌ڵاتدارانی نه‌ته‌وه‌یی و جیهانی) زیاده‌ن.
کورتترینو ته‌ندروستترین ، رێگه‌چاره بۆ چاره‌سه‌رکردنی زۆربونی دانیشتوان‌و کێشه‌کانی سه‌رمایه‌داری و جیهان ، وه‌کو له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان پێکردن ئه‌وه‌یه که‌خه‌ڵکی جیهان چ له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شداربن له‌بڕیاردان .
تاخه‌ڵک دورتربن له‌بڕیار له‌سه‌ر ژیان و ئایندهی خۆیان‌و هه‌ساره‌که‌یان ، ئه‌وا وڵاتهکانو جیهان نزیکتر ده‌بن له‌نائارامی و دروستبونی ئاژاوه‌ی جیهانی .
له‌ئه‌نجامدا ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی هه‌ر بڕیارێک بێ مرۆڤه‌کان دابه‌شبکرێن به‌سه‌ر زیاده‌و پێویستبوندا ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وانه زیاده‌ن که‌زیاتر له‌تواناو پێویستی و به‌خشنده‌ییان به‌ناشه‌رعی داهاتیان ده‌ستده‌که‌وێت چ له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌یی یان جیهانی ، یان خه‌ڵکان ، که‌سانی تر‌و گه‌لانی تر مەحروم ده‌که‌ن له‌بڕیاردان له‌سه‌ر خۆیان‌و هه‌ساره‌که‌یان نه‌ک ئه‌وانه‌ی کهههژارنو ناتوانن بکڕن .