mela-bextiar-nawshirawn

عیماد عەلی : تەبایی كاك نەوشیروان و كاك مەلا بەختیار مەحاڵ نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشتر لەسەروبەندی ناكۆكیە گەورەكان و سەرەتاكانی سەرهەڵدانی گۆڕان ، بە خەتێكی زۆر پان و لە دو توێی وتارێكدا وتمان ( هەماهەنگی نێوان یەكێتی و گۆڕان قازانجی دەبێت بۆ هەمووان ) لەهەمان كاتدا و لە وتارێكی تردا وتمان ( هەماهەنگی یەكێتی و پارتی قازانجی نابێت بۆ هەمووان ) . لەو كاتەدا كە هەردوو لایەن چەقۆیان لەیەك دەسوو ، بە قەناعەتەوە و بە پێی هەڵسەنگاندێكی بابەتیانە ، لەوباوەرەدابوین كە بیرو باوەر و فیكر و فەلسفە خاڵی یەكلاكەرەوەی نزیكی و دووری دوو كەس یان لایەن دەبێت ، ناك ناكۆكی شەخسی ئەگەر پرەنسیپ و بەرژەوەندی گشتی ئامانجی سەرەكی خەباتیان بێت .
لەو رۆژەوەی دژایەتی كردنی شەخسی لە نێوان خەباتگێراندا زەرەری گەورەی لە پەیوەندیەكانی هەندێك شەخس و لایەن داوە ، ئەوەش رۆڵی گەورەی بینیوە و هۆكاری سەرەكی بووە لە دروستبونی ناكۆكیە بێ بنەما فیكری و عەقیدیەكان ، كە بە ناراستەوخۆش بێت گەورەترین كێشەی بۆ پرسە سەرەكیەكانی گەلەكەمان دروست كردووە . هەمیشە لە سەرجەم ململانێكاندا، تەكەتول و نەیاری و ناكۆكی و دروستبونی كێشەكان بە رێژەیەكی زۆر لەدرەئەنجامی ململانێ و ناكۆكیە شەخسیەكانەوە سەریهەڵداوە .
پاش دامەزراندی گۆڕان، دوای ئەوەی زۆرینەی كادرانی لە هەناوی یەكێتی هاتنە دەرەوە و پاش هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی یەكێتی و هەڵوێست وەرگرتن لەسەر ئەو بنەمایە و چەندین كێشەی كەڵەكەبوی تر ، دروستبونی گۆڕان ئەگەر بە پێی بیروبۆچونی دامەزرێنەرەكەی و ناكۆكیەكانی بوبێت و لەسەر بناغەی ئەوەش دروست بوبێت ، كە سەرجەم رەوتی حوكمرانی سیاسی كوردستان پێویستی بە گۆرانە و ئەوان بۆ ئەو ئامانجە خەبات دەكەن نەك ئەنتی یەكێتی بن ، بەڵام واكەوتەوە كە تەنها لە دژایەتی یەكێتی دروستبووە و لەوێشدا هەندێك رەفتار و دروشم و قسە و لێدوان و تەنانەت دژایەتی زەقی زۆرێك لە هەردوولا ئەوەیان پشتراستدەكردەوە كە گۆران تەنها بۆ گۆڕینی یەكێتی دروستبووە .
ئەوەی زیاتر بە روونی دەخوێنرایەوە كە ئەم ناكۆكی دروستبون و جیابونەوانە لە درەئەنجامی كەڵەكەبونی ناكۆكیە چەند ساڵیەكەی نێوان كاك نەوشیروان و كاك مەلابەختیار هاتووەتە ئاراوە ، كە لە كۆنفرانسی یەكەمی كۆمەلەی رەنجدەرانەوە دروست بوو و ئینجا بە دامەزراندنی ئاڵای شۆرش و لێكەوتەكانی قوڵتر بونەوە و تاوەكو پاش راپەرینیش رەنگیدایەوە و بەم جۆرە یەكلایی بووەوە .
لێرەوە پرسیارەكە لەوێدایە ، ئایا كێ قازانجی لەم ناكۆكیانە كردوە ؟ زەرەری لە كوێدا بووە ؟ بە تەبایی و یەكگرتوویی هەر دوو هاورێی خەباتگێری یەك سەنگەر و كاریگەریان لە سەر ساحەی كوردستان چەند لە وەزعەكەی دەگۆری ؟ ئایا ناكۆكی و دژایەتی كردنی هەردو كەس لەسەر بنەمای فیكر و عەقیدە و فەلسفە وئایدیۆلۆجیا بووە ، یان لە كات و ئان و ساتی خۆیدا بووە یان لە سەر بەرژەوەندی تەسك و لە كاتێكی هەستیاری نابەجێی دوور لە شوێنی خۆی روویداوە ؟
ئەمرۆ پاش ئەم هەموو بێنە و بەردەو گۆڕانی هاوكێشەكان و بە قوڵبونەوە لە پێگەی ئەم دوو سەركردەیە و كاریگەریان لەسەر رەوتی سیاسی كرودستان ، بەنزیكبونەوەی هەردوو بەرێزیان و وەلانانی هەموو ناكۆكی و زیز بونێكی شەخسی و تەنانەت فكری و فەلسەفی ئەگەر هەبوبێت ، چەند قازانج بە رەوتی دیموكراسی كوردستان و سەركەوتنی ئەزمونی حوكمرانی دەكەن ، تا چەند ململانێی راست و دروستی نێوان رەوتی پێشكەوتنخوازی و موحافزكاریی جیگەی ململانێ لاوەكیەكان دەگرێتەوە لەكوردستاندا ؟ ئایا لەسیستمی حوكمرانیدا ، بە تەبایی و یەكدەنگیەوە رەوتی پێشكەوتنخوازی راستەرێ دەبێت و دیموكراسیەت بە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتەوە مەیسەر دەبێت وبە هەماهەنگی و لەیەك نزیكبونەوە و یەكگرتویی گەندەڵی بنبردەكرێت ، یان بە پەرشوبڵاوی كەسایەتیەكانی و درێژەكێشانی ناكۆكیەكانی رەوتی پێشكەتنخوازان ؟
كەس لاری لە خەبات و پاك و خاوێنی و قوربانیدان و عەقڵ فراوانی و مێژووی بێگەردی هەردو سەركردە كاك نەوشیروان و كاك مەلا بەختیار نیە ، ئەوەی لەم كاتە هەستیارەدا و لەم قۆناغە ناسكەدا كە خەڵك چاوەروانی دیاریكردنی جۆری حوكمرانین لە كوردستاندا و، لە كاتێكدا كە كاروانی فەرمارەوایەتی كوردستان بە دوریانی حوكمی رەشید یان چەقبەستن لە نێو حوكمی خێڵەكی دواكەوتوویی و نادیموكراسی تێدەپەرێت، زۆر پێویستە هەموو تواناكان یەكبخرێن و بە دیقەتەوە هەنگاو بنرێت ، لەم نێوەندەشدا ئەركێكی نیشتمانی و نەتەویی سەرجەم سەركردە و تاكی كۆمەڵگەیە بە دڵسۆزیەوە بیربكاتەوە و رەفتار بكات . لەم نێوەندەشدا ئەركی هەرە گەورە دەكەوێتە سەرشانی سەركردایەتی و بیروبۆچون و رەفتارەكانیان ، بۆیە ، لێرەدا وەك دوو خەباتگێر و هاورێی چەندین ساڵەی یەكتر زۆر پیویستە پێش هەموو كەس و لایەك و ، وەك لایەنە پێشكەوتنخوازەكان یەكێتی و گۆران رۆڵی خۆیان لە دیاریكردنی شێوە و جۆری حوكمرانی ببین و هەردوو سەركردەی كاریگەر بە نزیكبونەوە و تەبایی و هاوكاری یەكتر دەتوان رەوتی حوكمرانی كوردستان دیاریبكەن ، بە پشتبەستن بە لایەنەكانیان رۆڵی گەورە بگێرن . لەوێشدا هاورێیەتی و هەماهەنگی و هاوكاری نێوان كاك نەوشیروان و كاك مەلا بەختیار رۆڵێكی یەكجار گەورە دەبینێت و ، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك ، ئەم تەبایی و یەكبون و هاورێیەتی و هەماهەنگیە مەحاڵ نیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت