عیماد عەلی : پەیامەكەی بارزانی هیرشێك لە گۆشەنیگای سەخڵەتبونەوە .
ئەوەی بەیاننامەكەی بارزانی خوێندبێتەوە بۆی دەردەكەوێت ، كە تەنها بۆ رای گشتی بووە و ، راستی ئەوەی دەرخست كە چەند حزب و سەرۆكایەتی هەرێم بەیەكەوە ئاوێتەبون و ، تاچەند لاوازی حزبی كاریگەری سەلبی لەسەر خودی سەرۆكی هەرێم دەبێت ، هەروەها بە پێچەوانەشەوە لەبەر ئەوەی تا ئێستا حزب لە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆك وەزیران جیانەكراوەتەوە ، تەنانەت لە نوسین و بەرەسمی دەرخستنی بەیاننامەكە ، نە جێگرەكەی و نە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیش ، پێشوەخت ئاگایان لێ نەبووە و ، ئەوانیش وەك خەڵك لە راگەیاندنەكانەوە خوێندویانەتەوە . ئەمەش نیشانەی قورسی وەزعی سەرۆكی هەرێم و پارتی وشڵەژان و هەنگاوەكانیەتی، لەم كاتەدا كە پرسی درێژكردنەوە یماوەی سەرۆكایەتیەكەی و هەموار كردنەوەی یان ئامادەكردنەوەی دەستوور لە ئارادایە .
ئەم بەیاننامەیە ئەوەی سەلماند كە سەرۆكی هەرێم ئەو بۆچونەی جێبەجێ كردوە ، كە هێرشكردن باشترین ئامرازە بۆ بەرگریكردن . ئەوەی لەم چەند رۆژەدا دەبینرا كە وەزعی تایبەتی سەرۆكی هەرێم و بابەتی درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتیەكەی كەوتۆتە حاڵەتێكی یەكلاكردنەوە و ، كەس نەبوو جگە لە پارتی لەگەڵ درێژكردنەوەی بێ مەرج بێت و هەروا بێ باجی هەڵە و شكست بەسەر سەركردایەتی پارتی و دەسەڵاتی رەهای هەرسێ باوك و كور و برازادا تێپەرێت و بە هیچ شێوە سزایەك تاسەر مافی خەڵك بخورێت .
ئەوەی لەم كاتانەدا هەڵسەنگاندن بۆ وەزعی گشتی كرودستان بكات ، بۆی دەردەكەوێت كە لەكاتێكداین بە هۆی هەستیاری قۆناغەكە و بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش ، هەستكردنی خەڵك چەند بەرپرسیارانە بووە و یەكگرتوویی كورد لە هیچ وەختێكدا لەم حاڵەتە باشتر نەبووە. میلەت هەیە لە جیهاندا فەرمانبەرانی سێ مانگ مەعاش وەرنەگرن و نوقەیان لێوە نەیەت، بەڵام سەروو و دەسترۆیشتوانی دەسەڵات وەك پاشا بژین، ئەگەر لەبەرچاونەگرتنی بارودۆخەكەو هاتنی داعش و یەكگرتووی و دڵسۆزی خەڵك بۆ پرسە سەرەكیەكەی نەبێت، كەس هەیە ئەوە قبوڵ بكات . كەس هەیە لەشەر شكستێهێنابێت و هێزەكەی شارێكی بەتەواوی بدات بەدەستەوەو خەڵكە مەدەنیەكەی شەهید بكرێن و كچانی سەبی بكرێن، كێش ئەو كارەی كردبێت، درەندەترین دوژمن كە داعشە، لە بەرامبەردا، هێزەكەت بە بێ تەنها بریندارێكیش هەڵهاتبن و كەس پێیان نەڵیت بەری چاوتان برۆی پێوەیە و، ئێستا ئەو هێزە بەخۆی باس لە ناپاكی نوخبە و تەخشان و پەخشان بكات، ئەگەر ناوەرۆك و كات و چونێتی بڵاوكردنەوەی ئەم بەیاننامەیە بۆ پەرشو بڵاوكردنەوەی فكر و بیری خەڵك نەبێت و دوور خسنەوەیان نەبێت لە پرسە گرنگەكەی ئەمرۆ كە پێداچونەوە و ئامادەكردنەوە و درێژكردنەوەی ماوەی فەرمانرەوایەتی سەرۆكی هەریمە ،ئەدی چیە . كەس هەیە پاش هەلێكی زۆر و ماوەیەكی دوورو درێژی حوكمرانی و، پاش شكستێكی گەورە، بێ باج لێی دەرچێت و بەخۆی بڵێت سەركەوتوو بووە و جەخت لەسەر مانەوەی بكات . كەس و لایەنێك هەیە بڵێت هەولێر دەكەمە دوبەی و، ئێستا تەنها لە ناوخۆی هەرێم شەش ملیار قەرزاری بانقە ناوخۆییەكان بێت، جگە لە قەرزی دەرەكی و سێ مانگ مەعاشی فەرمانبەران . كەس هەیە دان بە شكستی خۆیدا نەنێت و، بیەوێت لەسەر فەشەلی هەمیشەیی بەردەوام بێت و خەڵك باجی هەڵەكانی بدەن و ئەویش وەك ئەوەی نە بای دیبێت نە باران .
بۆیە، ئەم پەیامەی بارزانی بۆی دەرخستین كە، جگە لە پەلەقاژە و هاواری خۆقوتاركردن وخۆرزگاركردن لەو فشارەی لە سەریەتی لە دەرئەنجامی شكستە یەك لە دوای یەكەكانی حوكمرانی خۆیدا، كە خۆی بەسەر خۆیدا هێناوە و ، لە پێناو مانەوە و دەمكوت كردنی نوخبە و سیاسیە بوێر و دڵسۆزەكاندا هیچی تری پێ نیە . ئەم پەیامە كە ناوەرۆكەكەی نە بنەمایەكی هەیە و نە لەكاتی خۆیدا بوو و نە هۆكاری راستەقینەی خۆی هەیە، جگە لە بەرژەوەندی و ئامانجی سیاسی و حزبی و كەسایەتی لە پشتیەوە بێت، هیچی تری پێ نەبوو و بەڵكو تەنها دەتوانین بڵێین( كلمە الحق یراد بها الباطل ) بوو ، بەڵام بە ئاسانی بەسەر خەڵكدا تێنەپەری و ، وا ئێستا بۆ خۆی زەرەری لە قازانجی زۆرتر كەوتەوە .