Barzani-u-Ardogan

عیماد عەلی : پارتی لە توركیا بێ هیوا بووە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ چەندین ساڵە پارتی بە قسەی خۆی، هاوپەیمانی ستراتیجی توركیایە و لە خۆشی و ناخۆشی پشتی پێ دەبەستێت و لە زۆر بواردا خۆی بە كورە گەورەی لەقەڵەم داوە . بۆ مەبەستی بەهێزكردنی ئەو پەیوەندیەكانی بە بێ هیچ پێوەرێك ، هەرێمی كوردستان وەك مانگایەكی پر شیر ، بە هاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستانی باڵادەستی دەسەڵاتی كوردستان ، لە لایەن توركیاوە دەدۆشریت ، بێ ئەوەی كورد تەنها قازانجێكی ستراتیجیی لێ كردبێت . واتە نە لەرووی ژێرخانی ئابووریەوە و نەش لەرووی سەرخانی گشتی میلەتی كورد هیچ سودێكی لە توركیا نەبینیوە و ، ئەگەر زەرەری نەكردبێت هیچ قازانجێكی پێ نەگەیاندووە ، بەڵكو هەر كاتێك توركیا هەستی كردبێت پرسی كورد بە گشتی بەرەو پێش چوبێت ، بە ئاگایی پارتی بوبێت یان بە بێ ئاگاییەوە ، قەیرانێكی ناوخۆیی دروست كردووە و رای گشتی مەشغول كردوە و لەمەسەلە سەرەكیەكە دووری خستۆتەوە و ، هەمیشە توركیا لە كێشەو گرفتە ناوخۆییەكان گلاوە و لە هەوڵی دوبەرەكی و زۆرتر كردنی ناكۆكی و فراوانتركردنی كەلێنەكانی نێوان گەلی كورد ، كەم تەرخەم نەبووە .
پاش هاتنی داعش و راماڵینی روبەرێكی زۆری خاكی عیراق و نزیكبونەوەی لە پایتەختی هەرێمی كرودستان و گومان كردن لە پەیوەندیەكانی توركیا و داعش و دەركەوتنی بێ وەفایی توركیا بۆ هاوپەیمانە كوردستانیەكەی و متبونی لەو كاتە هەستیارەدا و لە دوورە وەتەماشا كردنی و بێ هەڵوێستی لە ئاست ئەو پرسە زۆر هەستیارەی نێوان مردن و ژیانی كورد دا ، بەڵكو چاوەرێ كردنی گەرانەوەی وەزعی كوردستان بۆ دۆخی سەردەمی بەعس، بە روونی توركیا بۆ هەموو لایەكی دەرخست كە چەند هاوپەیمانێكی دڵسۆزە! لە لایەكی ترەوە لە هەمان كاتدا كە بە بەراورد بەو هەڵوێستەی توركیا ، دەركەوت ئێران ئەگەر لە پێناو بەرژەوەندی خۆیشی بێت یان یەكتربری هاوكێشەی بەرژەوەندیەكانی لە گەڵ توركیادا بوبێت وای فەرز كرد ، كە یەكەم دەوڵەت بێت دەستی یارمەیتی بۆ كوردستان درێژبكات و ، بە پێچەوانەی توركیا و بە یارمەتی ئەمریكا نەیهێشت هەولێر بكەوێتە دەست داعش و ئەزمونی كورد تێك بچێت و ، ئەو چاكەیەی لەسەر كورد بۆ مێژوو تۆمار كرد . ئێستاشی لەگەڵدا بێت ، پارتی دانی بەو راستیە نەناوە و خۆی بە منەتباری توركیا دەزانێت ، چ بە هۆكاری پاراستنی ئابروی خۆی بێت كە چەندین ساڵە شانازی بە هاوپەیمانێتیەكەیەوە دەكات لە گەڵ توركیا دا ، یان بریاری داوە بە سەبرەوە مامەڵە لەگەڵ تێروانینی ستراتیجی توركیا بۆ هەرێمی كرودستان بكات . ئەگەر لە لایەكی ترەوە باس لە قەیرانی ئابوری كوردستان و هەڵوێستی توركیاش بكەین كە زۆرینەی خێروبێری كوردستان بۆ گیرفانی ئەو دەوڵەتەبووە و، لەهەمو لایەك زیاتر رۆیشتوە و تەنانەت بۆ قەرزێكی كەمیش چەند گیرمە و كێشەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی هاوپەیمانی كردووە و نیەتەكانی بە روونی بۆ هەموو لایەك بەتایبەتی پارتی دەركەوتووە .
ئێستاش پاش دەركەوتنی رەش و سپی. هەرێمی كوردستان بە دەسەڵاتداری پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لە ناوەندی عیراق و مامەڵە كردن لەگەڵ حكومەتی عیراقدا هیچی بۆنەماوەتەوە ، بۆیە سەرەرای سەرەتایەكی خراپ لە جێبەجێ كردنی رێككەوتنی هەرێم و ناوەند ، وردە وردە خەریكە ئەو رێكەوتنە بەناچاری و نەبونی رێگەیەكی تر لەبەردەم پارتی ، وا دیارە بەشێوەیەكی ئاسایی دەچێتە واری جێبەجێ كردنەوە ، دیارە لەم بارەشەوە چەند هاوكاری بەغدا بێت و لەپەیوەندیەكانی لەگەڵ عیراقدا تەبا بێت ، ئەوە وا رادەگەیەنێرت واش ملدەنێت كە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێراندا ئاسایی ببێتەوە .
بۆیە ئەگەر رێكەوتنی پاراستنی سنوری عیراق و ئێران لە هەولێر ئیمزا بكرێت نەك بەغدا ، ئەمە زۆر شت دەگەیەنێت و ئەمەش وا فەرز دەكات كێرڤی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران دا بەرزیبََتەوە و لە سەر حسابی پەیوەندیەكانی لەگەڵ توركیادا دەبێت ئەگەر رازی بێت یان نا ، كێرڤی ئەو پەیوەندیە لە نزمی دەدات . ئەمەش وا دەردەكەوێت كە پاشگەزبونەوەیەكی لەسەر خۆ لەپەیوەندیەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان بە دەسەڵاتدارێتی پارتی دێتە ئاراوە . ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە پارتی لە ناخی خۆیدا بێ هیوا بووە لە توركیا و ، وردە وردە بە هەڵوێستەكانی خۆیدا دەچێتەوە ، بەڵام تا ئەو رادەیەی كە هاوسەنگی قورسایی خۆی لەگەل لایەنە ناوخۆییەكانی كوردستان بارلار نەبێت . هەر لەوبارەوە پارتی ناچارە بە ئاشكرا باس لەو بابەتە نەكات ، لەبەر ئەوەی ،

یەكەم : شكستهێنانی پەیوەندیەكانی كاریگەریی لەسەر بنكەی حزبی و جەماوەری نەكات .

دووەم : دور لە چاوی راگەیاندن ، پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران چاك بكاتەوە .

سێ : پەیوەندیەكانی بەم شێوەیەی ئێستا لەگەل توركیا راگرێت و دەزووەكەی مەعاویە نەپچرێنێت .

چوارەم : ئەم وەزعە نوێ یە كاریگەری سەلبی لە سەر پرسی دەستور و هەڵبژاردنی سەرۆك هەرێم نەبێت .

پێنجەم : ناوەندی عیراقیش لەم حاڵەتەدا زیاتر خۆی قورس نەگرێت و بەدەم داواكاریەكانی پارتیەوە بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت