عیماد عەلی : بەڵێن عەبدوڵا هەرەشە لە پە كە كە بكات .
لە ماڵپەری پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ، بەڵێن عەبدوڵا (سەرۆكی ) دەستەی سەرۆكایەتی حزبی زەحمەتكێشان هەرەشە لە پەكەكە دەكات و دەڵێت : ئاگاداریان دەكەینەوە ، گوایە ئەوان پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیان هەیە و ناهێڵن پەكەكە دەستوەربداتە نێو كوردستانەوە . ئەمە لە كاتێكدایە ، كە حزبەكەی ئەم برادەرە لەم كاتەدا تاكە ئەندام پەرلەمانێكیان , تەنانەت بەرێوەبەرێكی گشتیشیان نیە لە هەرێمدا , كە بە ئیستحقاقی هەڵبژاردن وەریان گرتبێت ، جگە لەسەرۆكی دەستەی نەزاهە كە ئەویش بەشی ئەربابەكەیان بوو پێی بەخشین .
ئەوەی ئەم كاك بەڵێنە نەناسێت , وا دەزانێت شۆرشگێرێكی عەیار بیست و چوارەو , هیچ كەموكورتیەكی نیەو مێژوویەكی پرشنگداری هەیە و حەقی خۆیەتی هەر هەڵوێستێك دەربرێت . بەڵام كە لە نزیكەوە خۆی و مێژووەكەی بناسیت ، دەزانیت كە چەند غەدر لە كورد و كوردستان دەكرێت ، كە یەكێكی وەك ئەم برادەرە هەرەشە لە كێ بكات ، لە حزبێكی وەك پەكەكە كە هەزاران كادری شۆرشگێر و بە توانا و پاك و بێگەری بەم نیشتمانە بەخشیە و ئێستا ئەم برادەرە بە سازشێكی سیاسی بۆ ئاغاكانی هەرەشەی لێدەكات .
بۆ ئەوەی ئەم مەسەلە نەبێتە بابەتێكی شەخسی و باسی ئەوە نەكەم كە كاریگەری ئابروچونەكەی دوو مەعاشی دانیمارك و كوردستان و ، سازشەكانیشی لەگەڵ زابتێكی ئیستخبارات بە ناوی رائد سەلاح لە جەلەولا تەنها بۆ سەیارەیەكی ئەفەلۆن لە پاش روخانی سەدام و ، ملكەچبون بۆ سەركردە عەرابەكەی لە حزبی دەسەڵاتدار ، كە چەند هاندەر و پاڵپشتی گەورەی بوو لەو هەنگاوانەیان بۆ جیابونەوە لە حزبەكەی كاك قادر ، چەند كاریگەری لەسەر حزبەكەی هەبووە ، وا ئێستاش بەم هەڵوێستە بێ شەرمانەی ئەوەندەی تر خۆی و حزبەكەی كزۆڵتر كردەوە . با بەڵێن بەراوردی حزبەكەی لەگەڵ پەكەكەدا بكات بە خۆی و حزبەكەی و سەركردەكانی تر و حزبی ئەزبەنیەكانیشیەوە چەند خزمەتی كوردیان كردووە و پەكەكەش چەندی كردووە .
بۆیە ، لە كاتێكدا كە حزبێك سەری كوردی لە جیهاندا بەرز كردبێتەوە و گیانفیدایی بەقەد دونیا بێت و ، بەڵێن ێك كە بە خۆی و بەناو حزبەكەی ئاواتەخواز بن لایەكیان لێ بكاتەوە ، لەكاتێكی هەستیاری وەك ئەمرۆدا كە جگە لە دەستخۆشی و سوپاسنامە بۆ حزبێك كە شەرەف و ناموس و مێژووی كوردی پاراستبێت ، و خەڵكی تر لە ترسا فرتەیان كردبێت لە رۆژی تەنگانەدا ، مشەخۆرێكی ئاوها بە هاندانی پەروەردەكارەكەی و لە پێناو بەرژەوەندیەكی تەسكدا ، بێت و هەرەشەی لێ بكات ، چ عەیامێكە براینە .
ئەمە شەرم نیە كە تۆ هیچ قورساییەكت لە كوردستاندا نەبێت ، بە هاندانی ئەوانی تر هەڵوێستێكی ئاوا دەربریت و قسەی لەم جۆرە بكەیت و ، هەرەشەی ئەوەی بكەیت كە پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتیت هەیە و خەڵكی تر بۆی نیە گەلی كوردستان بپارێزێت و بە كارێكی ناماقوڵ لەقەڵەمی بدەیت و بڵێیت قبوڵی دەستوەردان ناكەم ، لەكێ ؟ لە حزبێكی كوردی ، كە هەر دوێنی ئەربابەكانی تۆ رایان كرد و ئەوان گەیشتن بە هانای خەڵكەوە و شەرەف و ناموسی خوشك و براكانی تۆیان پاراست و ، تا ئێستاش لەهەموو شەرێكدا لەپێشەوەن و شەرەف و ناموسی گەلەكەتیان پاراستووە . بۆیە دەڵیم : شەرم كردن زۆرجار حەیا دەپارێزێت ، بەڵام كە شەرم تكا و حەیا نەما هەموو شتێك دەدۆرێنیت .