ڕێبین هەردی : سەرۆکی هەرێم بەیاسا هەڵدەبژێردرێتەوە !
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ چوار ساڵەو دەشێ بۆ جاری دوەمیش هەڵبژێرێتەوە
یاسای ژمارەی ١ی ساڵی ٢٠٠٥. مادەی سێهەم
یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان / عێراق
لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا کە ساڵی ٢٠١٥ دەرچوە بەرونی هاتوە کە ویلایەتی سەرۆکی هەرێم چوار ساڵەو دەکرێت جارێکی تریش هەڵبژێردرێتەوە . لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ داو لەروداوێکی چاوەڕواننەکراو و کتوپردا کە هیچ رێوشوێنیکی یاسایشی نەبو ، دو ساڵی تر بۆ ویلایەتی سەرۆکی هەرێم زیادکراو بەمەش بۆ ماوەی١٠ ساڵی رێکە ، بەڕێز مەسعود بەرزانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان لەئەستۆ گرتوە . لەمانگی هەشتدا ئەم وادەی دو ساڵەش کۆتایی پێدێتو بەمەش لەم دۆخە ناسکەدا پرسی سەرۆکایەتی هەرێم جاریکی دی زیندو بۆتەوەو بوهتە هۆی دەرکەوتنی بیروبۆچونی یەکجار جیاواز لەیەک.
هەندێک لەهاوڕێیان ئەم پرسە دەبەستنەوە بەمەسەلەی یاساو ئەو رێگریە یاساییانەوە کە لەبەردەم سەرۆکی هەرێمدا هەن بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو پۆستە وەربگرێتەوە . بە بڕوای ئەم هاوڕێیانە گەر لەرێوشوێنی یاساییدا بمێنینەوە ، ئەوا دەبێت پاش ئەم دو ساڵە ویلایەتی سەرۆکی هەرێم نەک کۆتایی پێبێت ، بەڵکو بەهیچ شێوەیەکیش بۆی تازە نەکرێتەوە . چونکە لەمادەی یەکەمی یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بەدەقێکی ڕونو ئاشکرا کە قابیلی تەفسیری جیاواز نیە ، هاتوە ( ویلایەتی سەرۆکی هەرێم کە لە (20/8/2013) تەواو دەبێت ، بەردەوام دەبێتو درێژ دەکرێتەوە تا 19/8/2015 ئیتر بۆ دوەم جار یارای درێژکردنەوەی نیە) ( یاسای ژمارەی ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ). هەر ئەم مادەیە پێشوەخت رێگەی لەوە گرتوە کە جارێکی تر مەسەلەی درێژکردنەوە بهێنرێتە ئاراوە . بەبڕوای ئەم هاوڕێیانە ئەم مەسەلەیە لەڕوی یاساییەوە ڕونەو هیچ رێگەیەک نە بۆ درێژکردنەوەو نە بۆ کاندیدبونەوەی سەرۆکی هەرێم نیە .
بەڵام ئەم پرسە وەک لەڕوکەشدا دەردەکەوێت هێندە لەڕوی یاساییەوه بڕاوەو داخراو نیە . چونکە پەرلەمان ، تەنها جێگەی دانانی یاساکان نیە ، بەڵکو جێگەی دەستکاریکردنو گۆڕینی ئەو یاسایانەشە . واتە برادەاران زۆر بەئاسانی دەتوانن کۆببنەوەو بەپێی رێنماییەکانی یاسادانان لەپەرلەماندا کام یاسایان دەوێت بیهێننە ئاراوەو دەستکاری بکەنو بیگۆڕنو بگرە هەر پوچەڵیشی بکەنەوە . لەبەرئەوە پێموایە قسەکردن لەسەر یاسایی بونو نەبونی درێژکردنەوە یان سێبارە کاندیدکردنەوە بارزانی بۆ ئەو پۆستە کارێکی بێهودەیە . دەکرێت برادەران زۆر بەئاسانی لەدانیشنێکی ئاسایی پەرلەماندا ، دەنگی پێویست بۆ دەستکاریکردنی هەم یاسای دریژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکو هەم یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئامادە بکەنو بەوجۆرە بیگۆڕن کە دەیانەوێت. بەتایبەتی کە چ لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمو چ لەیاسای دریژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم هیچ مادە یان بڕگەیەکی وایان دانانەوە کە رێگە لەوە بگرن کە یاساکە بەئاسانی دەستکاری بکرێت . ئەو برادەرانهی یاسای دریژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمیان داڕشت ، دەبو خەیاڵیان لای ئەوە بوایە کە ناتوانن مادەی یەکەمی ئەم یاسایە مسۆگەر بکەن ، بەوە نەبێت مادەیەک بۆ یاساکە زیاد بکەن کە ئەم یاسایە قابیلی دەستکاریکردن نیە بەدەنگی دو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان نەبێت . وەڵحال مادەی وا لەم یاسایەدا نیە . مادەی یەکەمی ئەم یاسایە کە دەڵێت ناکرێت ماوەی سەرۆکایەتی لەم ماوەیە زیاتر دریژبکرێتەوە ، بەخۆڕایی هاتوەو هیچ نرخێکی یاسایی نیە . چونکە هەر ئەو پەرلەمانەی ئەم یاسایەی داناوە، بەئاسانی دەتوانیت بەڕێژەیەکی کەمی دەنگدان مادەکە پەک بخاتو لەهەمو ماناکانی بەتاڵی بکاتەوە . سەرۆکی هەرێم چ ماوەی سەرۆکایەتی بۆ دریژبکرێتەوەو چ بۆ ویلایەتی سێهەم هەڵبژێردرێتەوە ، دور لەرێوشوێنی یاسایی نابێتو بێ هێچ گومانیک بەیاساو رێوشوێنی یاسایی دەکرێت . یاسا لەبەردەم سەرۆکی هەرێمدا داخراو نیەو رێگەی زۆر هەیە بۆ ئەوەی زۆر بەئاسانیو بەرێوشوێنی یاسایی ماوەکەی یان بۆ دریژبکرێتەوە یان دوبارە کاندید بکرێتەوە .
هەڤاڵانی پارتیش بۆ داکۆکیکردن لەکاندیدبونەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ جاری سێیەمو چوارەم نە پەنا بۆ کودتاو نە بۆ شەڕی ناوخۆو نە بۆ هیچ کارێکی دور لەعورفی سیاسی دەبەن ، بەڵکو هەمو هەوڵەکەیان لەوەدا چڕدەکەنەوە هەمو ئەو زەمینەو رێوشوێنە یاساییانە ئامادەبکەن کە رێگە بەوە دەدات بەشێوەیەکی یاسایی سەرۆکی هەرێم بۆ جاری سێیەمو چوارەم هەڵبژێرنەوە . پەنابردن بۆ تیپەڕاندنی دەستورو رازیکردنی لایەنەکان یەکێکە لەو رێگە یاساییانەی کە پەنای بۆ دەبەن . گەر ئەمەش مسۆگەر نەکەن ، هەوڵی دوەمیان کۆکردنەوەی ئەو دەنگانەیە کە رێگە بەدەستکاری یان گۆڕین یان تەنانەت لابردنی ئەو یاسایانە دەدات کە رێگە لەم کاندیدبونەوەیە دەگرن . لەمەشدا هەڤاڵانی پارتی دەرفەتی مناوەرەو دانوستانیان زۆر زیاتر لەوە هەیە کە هەندێک کەس دەیزانن. پارتی جگە لەوەی کە ٣٨ کورسی پەرلەمانو دەنگی کۆتاو چەند کورسی حیزبە بچوکەکانیان لەگەڵدایە ، هێندە جومگە گرنگەکانی حکومەتیان بەدەستەوەیە کە بتوانن بەئاسانی تەماعی ئەو هێزو لایانانە تێربکەن کە ئامادەن لەبەردەم هەندێک دەستکەوتی دەسەڵاتدا هەڵویستیان بگۆڕنو دەنگ بەو پرۆژەیە بدەن کە رێگە بەکانیدکردنەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ جاری سێیەم دەدات.
لێرەوە پێموایە ئەو بۆچونەی کە پێی وایە پارتی بەتەنیا ماوەتەوەو لەگۆشەیەکدا گیری کردوە ، زۆر ورد نەبێتو لەئەرزی واقیعدا پێچەوانەکەی راستە . حیزبەکانی دی چ بەرەی ئۆپزسێۆنی جارانو چ یەکێتی لەدۆخیکی هێندە بێ بڕوایی بەیەکدا بەسەر دەبەن کە هەمو شتەکان دەڵێن زۆر دورن لەوەی بتوانن پێکەوە یەک هەڵوێستی چونیەکی نەگۆڕیان هەبێت. هەڵوێستێک کە هەڤاڵانی پارتی ناچار بکات رێز لەیەکێک لەپرنسیپە سەرەکیەکانی دیموکراسی بگرن کە دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتو رێگە نەدانە بە دروستبونی کولتوری سەرکردەی هەمیشەیی.
بەکورتی بەهۆی لاوازی پەیوەندیو هاوهەڵویستی حیزبەکانی دییەوە ، رێگە لەبەردەم پارتیدا کراوەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی جارێکی دی سەرۆکی هەرێم کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ، بەڵام لەڕوی پرنسیپەکانی دیموکراسیەوە رێگەیەکی یاسایی دەبێت هاوشێوەی گۆڕینی دەستوری سوری کە رێگەی بەبەشار ئەسەد دا لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا ببێتە سەرکۆماری ولاتی سوریا. سەرۆکی هەریم بەیاسا کورسی سەرۆکایەتی وەردەگرێتەوە ، بەڵام یاسایەک کە پەکی دیموکاسی دەخات ، نەک ڕێزی لێبگرێتو برەوی پێبدات .
س ـ ئا
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە