کارزان کۆیی : کۆلکە مەلاکان پیرۆزن ! یاخۆبەخش و لیوا چاوشینەکان ؟ .
پیرۆزەکان ئەوانەن کە بۆ یەکەمین جار ئاڵای کوردوستانیان لەسە حەمرین هەڵکرد پاش ئازاد کردنی وبەزمانی بەڕۆژوەوە سروودی ئەی ڕقیبیان ووت و بانگی پیرۆزی ئیسلامیان لەسەر حەمرین دا وەک شەهید سەرە باوەو هاوڕێکانی ئەوانە پیرۆزن نەک ئەو بەچکە شەم شەمە کوێرانەی بەسروودی نیشتمانی دەزەڕن .
وەک ئەرکێکی نشتیمانی ونەتەوەیی .چەندین وتارم بەئەشکەوە لەسەرهەڵوێستی مەردانەی پێشمەرگەو پیرۆزی ناوی پێشمەرگە نووسیوە . پیرۆزی ناوی پێشمەرگە ئەو پەیامەی پێ بەخشیم لە کەناڵێکی بینراودا بەدڵێکی پڕ لە حەسرەت و زامەوە بڵێم { کوردوستان لە ئاشتیدا تەنهاو تەنها موڵکی بەرپرسانە بەڵام لەجەنگ و تەنگەژەدا تەنها پێشمەرگە خاوەنیەتی }. من هەمیشە پێشمەرگەم خۆش ویستوەو بەسەروەری هەموانم زانیوە . هەر ئەو هۆکارەش بۆتە فاکتەرێ چەند جارێ بچمە سەنگەرەکانی بەرگری .وەلێ ئەم جارە نەک بەقەرزاری وەک جارانی دی لە ئاستی پێشمەرگەدا توامەوە . بەڵک و بەخەجاڵەت باری لەئاستی خۆبەخشەکاندا چەمامەوە . لەسەنگەری پێشەوەی بەرگری لەگوندی (تاتران) کە گوندێکی عەرەب نشینە خۆبەخشێکی مەزنم ناسی تفەنگ و خاک وخۆڵی لەباوەش نابوو ، بەرخودانی ئەومەزنە قەدماغەی برینی رقەکانی هەڵدامەوە وفرمێسکی خەجاڵەتی بەرپرس و بەچکە بەرپرسانم لەحزوریا ڕشت . چیرۆکی ئەم خۆبەخشەو زۆرێک لە خۆبەخشەکان داستانێکە لەبەرخودان. تا ئێستا بیرۆکە ئەفسوناویەکانی ، کانی فەڕنساو هۆڵیودی ئەمریکی وخەڵاتی ئۆسکار داستانی وای لەخۆ نەگرتووە . ئەم خۆبەخشەی ئاماژەی پێ ئەدەم مشتێکە لەخەرمانێ لە گیان بەخشینی خۆبەخشەکان کەپێش پێشمەرگە دەکەون نەک کامیرا، بۆ بەرگری کردن نەک خۆ دەرخستن . دەمژمێر شەشی بەیانی ڕێکەوتی 20/1/2014 لەسێ قۆڵەوە تاریک وڕەش پەرستە پاپەتیەکان ، ئەوانەی هەمێستا عەگالیان لەسەرناوە کە پێویستە لەملیان بنرێ تا وەک حوشترڕابکێشرێن . پەلاماری قەرەتەپە دەدەن. خۆبەخش فخرالدین ئەحمد عبدالعزیز وەک کاری هەمیشەیی بەچەک و هەموو پێداویستیەکی خۆیەوە خۆی دەگەیەنێتە بەرەی بەرگری لەوگوندە. لەگەڵ چەند خۆبەخشێکی تردا بێ ئەوەی کەس داوای لێ بکات . دوای بەرگری و شەڕێکی سەخت .
دەمژمێر دووی نیوەڕۆ شەهیدی زندووکاک فەخرەالدین فیشەکێک ئەدا لەچاویوو بەبرینداری دەگوێزرێتەوە بۆ سلێمانی پاشان لەبەر سەختی برینەکەی دوای دوڕۆژ ڕەوانەی ئێران دەکرێ لەوێ دەزانرێ کەفیشەکێکی تریش شانی ڕاستی پێکاوەو فیشەکەکە لەسەر گورچیلەی وەستاوە. لەپاش دوو مانگ دوای چەند نەشتەرگەریەک کاکە فەخرالدین دەگەڕیتەوە بۆ نیشتیمان و بەچاوێکی کوێرو سەرێکی بەرزەوە خۆبەخشانە دەچێتەوە سەنگەری بەرگری ئەو سەنگەرەی کەچاوێکی تیا بەخشیە نیشتیمان. نیشتیمانیش هیچی بۆ نەکرد .ئەمانەن خۆبەخش ئەمانەن شێری نێو بێشەی گەرمیان کە ئاسودەیمان پێ دەبەخشن وەک دڵی دایک بێ گەردو پاکن وەلێ شۆرە سواری مەیدانو تروسکەی هیوای وڵاتن . خوێنی جەستەیان تەنها بۆ خاکە . ئاخر چۆن نەگریم بۆ ئەم بەرخودانە ئەی خودا ئەوێ شەوێ لەسەنگەرێکی ڕەقوو تەقی بەرگریدا، لەو سەنگەرەی کەچاوێکی کردە قوربانی و بەخوێنی خۆیو هاوڕێکانی پاراستیان ، بەدڵێکی خۆشەوە دوور لەحوزن بەخەندەیەکەوە کەئاوێتەی ڕووحم بوو، کاکە فەخرەدین دەی ووت کارزان زۆر شکورم چاوی چەپم لەدەست دا خۆ ئەگەرچاوی ڕاستم بوایە جارێکی دی نەم دەتوانی بێمەوە سەنگەرو تفەنگ هەڵگرم وەک ئێستا نیشان لەدوژمن بگرمەوە .
ئیدی گوزارش دان لەمەزنی ئەم خۆبەخشە و ئەوانی دی بۆ ئێوە ی بەجێ دێڵم وەدەبێ ئەوەش بزانن هەرهەموو خۆبەخشەکانی ئەوو سنورە کەم هەڵوێست تر نەبوون لەم بەڕێزە . وە هەر لەو شەڕەدا چەندین خۆبەخش بەژداری کردوە وەک سەربازی نەناسراو، وەک خالید بکر نوری ناسراو بە خاڵە بەکر کەلەزۆربەی بەرگریەکاندا لەسەر ئەرکی خۆی نانی ئامادە کردوە بۆ پێشمەرگەو بەسەیارەی خۆی گەیاندویەتیە بەرەکانی بەرگری لەکاتی شەڕدا و بەژداری زۆربەی شەڕەکانیشی کردوە ،ئەمە جگەلەوەی دیوەخانێکی گەورەی تەرخان کردوە بۆ حەوانەوەی پێشمەرگە. ئەوەی سەرەنجی ڕاکێشام لەو محوەرە بێژەرێکی ناسراوی ئێسک سووکم بینی کەپێشمەرگەی دێرینەوبێژەری شاخ بووە و خۆشەویستی زۆرێکمانە چەندین جارچۆتە ئەو دەڤەرە ولەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بووەوتائێستا وێنەیەکی خۆی بڵاو نەکردۆتەوە بۆ خۆبادان وە ڕێگەی نەدا ناویشی بێنم لەم وتارەدا . ئەم خۆبەخشە سەربەرزانە ، چەندینیان لێ بریندارو شەهید بووە ، وەک شەهیدی خۆبەخش حاجی علی حمە صاڵح کەگێڕانەوەی چۆنیەتی شەهید بوونی بۆ خۆێ داستانێکی پڕ لەحوزن و سەروەریە .
خۆ بەخشەکان لەو دەڤەرەدا پیاوانی سەربازی وخوێنکاروتەنانەت زویر بوانیشی گرتەوە وەک عقید سالار حمەخان سەربەخۆ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خۆیدا بەژداری ئەو هێرشە دەکا وبوێرانە دەجەنگێ . وەهەرەها نقیب سیروان شکور قادر کەلەپشوی خۆیدا دەبێ لەچەمچەماڵەوە بەچەند دەمژمێرێ خۆی دەگەیەنێتە سەنگەرەکانی پێشەوەو لەو بەرگریەدا میڵانۆیەک لەژێر دستی داعش دەردێنێ و پاشان بریندار دەبێ وە هەر بەوبرینداریە چەند پێشمەرگەیەک رزگار دەکاو دەورێکی بوێری دەبێ لە هێنانەوەی تەرمی شەهیدی فەرماندە (سەرەباوە) لەژێر چنگی دوژمنا ، وەهەر بەبرین داری لەسەنگەری بەرگریدا دەمێنێتەوە تا سەرکەوتن بەدەست دێنن . وە مامۆستا اسماعیل کریم محمود کە خوێندکاری ماستەرە لە لوبنان بەژداری لەو بەرگریەدا دەکاو وێرای ڕوبەڕووبونەوەی لەگەڵ دوژمن ئەویش پێشمەرگەیەکی بریندار ڕزگار دەکات .
هەرلەو بەرەنگاربوونەوەیەدا خۆبەخشێکی تری بوێر کاک حیلمی ناسراو بە ئەبو عومەر کەلەخۆشەویستیدا نازناوی فەرماندەی خۆبەخشیان لێناوە ، لەشەڕێکی دەستەو یەخەدا بەخەستی بریندار دەبێ، شەهید چۆمانیش لەلایەن کەلە پوتەکانەوە دوای شەڕێکی دەستەو یەخە بەخۆی و ئێم فۆرەکەیەوە کە بەپارەی خۆی کڕیبووی بۆ شەڕی داعش بەبرینداری دەگێرێ وپاشان بەشمشێرە ژەنگاویەکانیان شەهیدی دەکەن . حەزم دەکرد جەستەم کرمی تێ بدایە ، نەک ئەم هەڵوێستەم بدیایە ، لەئۆپراسوێنێکدا نزیک لیوا مەردان بووم تەلەفونێکی بۆ هاولەباوکی شەهید چۆمانەوە ، زویر بووبوو گلەیی ئەوەی دەکرد بۆ ئاگاداریان نەکردوە تا وەک خۆبەشێ بەژداری بکات لەو ئەرکەدا لیوا مەردانیش وێڕای ستایشی ئەو هەڵوێستەی ، وتی دوو ڕۆژی دی چلەی ماتەمینی شەهید چۆمانی کوڕتە ئەم ئەرکە دابنێ بۆ دوای چلەکەی) ئێوە سەد مەخابن منیش هەزار جار خەجاڵەت بم .چونکە دوو بەرپرسی سەربازی لە کۆڕی چلەی ماتەمینی ئە وشەهیدە لەبری گوزارش دان بەقارەمانی ئەوشەهیدە وستایشی خانوادەکەی ، تەنهاو تەنها باسیان لەکێشە کانی خۆیان کرد لەنێو حیزبەکەیاندا لەو کۆڕەدا.ئافەرم بۆ ئەو هەستە جوان و ناسکەتان بەرپرسەکان .
نامەوێ چی دی لەوە زیاتر کوڕانی بەرپرسان و خۆم شەرمەزار کەم لەئاست ئەم هەڵوێستانەدا ئەوەی دەمەوێ ئاماژەی پێ بدەم کەمایەیی شەرمەزاری هەموانە تائێستا حکومەت بەفەڕمی هیچ هاوکاریەکی ئەم خۆبەخشە قارەمانەو خۆبەخشەکانی دی نەکردوە.ئەوە نەبێ وەک خۆیان ئاماژەی پێ ئەدەن لەڕێگای پەیوەندیە تایبەتەکانی لیوا مەردان چاوشینەوە یارمەتی دراون ، کەزۆر بەرزئەم هەڵوێستە دە خەمڵێنن . لەدوای ئەوە لەگیرفان وقوتی منداڵەکانیان چارەسەری خۆیان کردوەو گەڕاونەتەوە بەرەی بەگری کە ئەرکی حکومەت بوو جگە لە گرتنە ئەستۆی چارەسەریان دەبوایە سەرسینەی هەمویانی بەمەدالیای ئاڵتونی ڕێز لێنان بدرەوشانایەوە . جا پێویستە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و بەتایبەت وەزارەتی پێشمەرگە ڕێز لەم بەرخودانە بگرن وکاری جدی لەسەر بکەن .
من بەدەست خۆم نیە کەیفم بەبەرپرسان نایە. بەڵام ئەو دەمەی بەر پرسێ دەبینم لەگۆڕەپانی بەرگریدا وەک پێشمەرگەیەکی خاکی دەجەنگێ دەستی ماچ دەکەم چونکە ئەو دەمە پێشمەرگەیە و بۆنی بارودوو خاک و نیشتیمانی لێ دێ وەک لیوا مەردان چاوشین و هەموو مەردانەکان نەک بۆنی مارکەو خیانەتیان لێ بێت وەک زۆرێک لە نابەرپرسان . وە پێویستە هەموان بزانن ئەو بەرپرسانەی خۆیان و منداڵەکانیان لەشەهید بوون دەپارێزن نیشتیمانیان پێ ناپارێزرێ . ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێ بدەم بۆ مێژوو کەتا ئێستا کەس ئاماژەی پێ نەداوە ، دەستەی لیوا مەردان وپێشمەرگەکانی ئەو دەڤەرەبو بۆ یەکەین جار ئاڵای کوردستانیان لەسەرچیای حەمرین هەڵکرد پاش ئازاد کردنی . وە وەک لەزاری شەهیدە زندوەکانەوە بیستومە بریندارێک نیە یا شەهیدێک نیە لەو بەرگریەدا لیوا مەردان هاو سەنگەری نەبوبێ و لەسەنگەری بەرگریدا شان بەشانی ئەوان نەجەنگابێ ، ئەمەیە نمونەی ڕاستەقینەی سەرکردەوبەرپرس . وە بێگومان ئەم هەڵوێستەی بووە فاکتەرێکێ کارا بۆسەرکەوتنەکان. وەدەکرێ بڵێم بەشێک لەو بەرخودانە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕ بوونی لیوا مەردان بە بەرزی پایەیی شەهید بوون . لێرەوە پەیامێ لەناخمدا دە خوڵقێو ئۆقرە ناگرێ گەر نەڵێم من ئەو لیوا مەردانەو مەردانەکانی دیکەو و خۆبەخش وپێشمەرگەکانم زۆر لا بەڕێز ترە لە پیاوانی ئاینی سیاسی و کۆلکە مەلاکان. ئەی ئەوە نیە هەرچی مەلاو پیاوانی ئاینی ئەم نیشتیمانەیە . هاوار دەکەن ودەڵێن شەهید بوون پلەو پایەی زۆر بەرزی هەیە لای خوا گیان . وەلێ کەسمان پیاوێکی ئاینی سیاسی و کۆلکە مەلایەکی نەدی لەسەنگەری بەرگریدا شەهید بێت . یاوەک پێشمەرگەو مەردانەکان مەردانە لەسنگەری بەرگریدا بجەنگێ بۆ نیشتیمان . لێرەوە سوپاسی زۆرێک لەمامۆستاو پیاوانی ئاینی و ئەو مەلا بەڕێزانە دەکەم کەهەڵوێستی پێشمەرگانانەیان هەبووە لەم بەرگریەدا. ئەوانە دووجارلای ئێمە پیرۆزن جارێک وەک پیاوانی ئاینی و جارێکی دی وەک پێشمەرگە .بژی پێشمەرگە.