بورهان شێخ ڕەئوف : گێڕانەوەى هاوسەنگى .
ئەگەرچى دەوڵەتى عێراق لە سەرەتاى بیستەکانى سەدەى ڕابردوو بەدەر لە خواستى دانیشتوانەکەى لە پرۆسەیەکى زۆرەملى لە دەرەوە ئامادەکراو لە دواى جەنگى جیهانى یەکەم لەلایەن ووڵاتە سەرکەوتوەکانى ئەو جەنگەوە پێکەوەلکێنرا ، پادشایەکیان لە حیجازەوە بۆ هێنا کە باکگراوندێکى ئاینى و لە بنەماڵەى شەریف حوسەین و ئالوبەیتى پێغەمبەرى ئیسلام بوو تاوەکو بتوانێت هەموو پێکهاتە جیاوازەکانى ووڵات کۆ بکاتەوە .
ئەگەر لە سەردەمى پاشایەتى سەرەڕاى هەموو کێشەو کەموکوریەکان کە (38) ساڵ ى خایاند چاوێکى خێرا بە پێکهاتە حکومەتەکاندا بخشیێنین دەبینین (23) کەس پۆستى سەرۆکى وەزیرانیان وەرگرتووە لەوانە سیانیان کورد بوون و هەندێکیشیان شیعە بوون زۆربەشیان سونەبوون .
دواتریش لە دواى شۆرشى 14 ى تەموزى 1958 ەوە حوکمى عێراق لە لایەن عەرەبى سونەوە کراوە تا 9 / نیسانى 2003 ئیتر ئەگەرچى بانگەشەى سەردەمێکى نوێ دەکرێ و دواتر دەستوور ى تازە بۆ ووڵات نووسراوە ڕاپرسى لە سەر کرا وگەلى عێراق بە ڕێژەیەکى زۆر باش پەسەندیان کرد .
لەوساشەوە لە لایەن عەرەبى شیعەوە حوکمى ووڵات دەکرێت زۆربەى زۆرى جومگە گرنگەکانى ووڵاتیان قۆرخکردووە بۆ خۆیان بە تایبەتى لە سەردەمى هەردوو کابینەکەى مالیکى کە ئەنجامەکەى زۆر قورس لە سەر عێراق و ئایندەى کەوت کە زۆر ئاسان نیە دەرچوون لێ ى کە داعشى بەرهەمهێنا و ڕووبەرێکى فراوانى خاکى عێراق لە ژێر دەستەڵاتى دەوڵەتى ئیسلامى ( داعش ) ى تیرۆریست دایە .
ئەگەر لە سەرەتاى سەردەمى پاشایەتیدا کەمێک لە هاوسەنگى هەبووبێت دواتر لەسەردەمى کۆمارى دکتاتۆریدا بۆ پێکهاتەیەک قۆرخکرابێت و لە دواى پرۆسەى ڕزگارکردنى عێراق یشەوە کە هەر کورد واى وەسفدەکات ئەگینا تەنانەت ئەمریکیەکان خۆشیان خۆیان بە داگیرکەرى عێراق ناو دەبەن حوکمى عێراق بە دەستى شیعەوە یە لە دوا هەنگاویاندا هێزێکى گەورەى میلیشیایى چەکداریان دروستکردووە بە ناوى حەشدى شەعبى و هەموو توانا سەربازى و دارییەکانى وولاتیان خستۆتە بەردەستیان لە هەمان کاتدا بوودجەو مووچەى پێشمەرگەو فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیان بڕیووە لە کاتێکدا هەرێم لە شەڕێکى سەخت ودژواردایە لە گەڵ داعش ، ناوچە سونە نیشینەکانیش زۆربەى زۆرى لە بندەستى داعشدایە .
ئیتر ئەبیت بپرسین لە ئاوا بارودۆخێکدا هیچ مانایەک ماوە بۆ پێکەوە ژیان لە عێراقدا ؟ ئەى بۆ ئەمریکاو ووڵاتانى ناوچەکە هەر بانگەشەى یەکپارچەیى خاکى عێراق دەکەن ؟ لە کاتێکدا خوێن لە جەستەى شەکەتى عێراق دەچۆڕێت ؟
ئایا لە دواى شکستى پرۆژەکەى جۆ بایدن بۆ دابەشکردنى عێراق بۆ سێ هەرێم ئیتر کەس زاتى ئەوە ناکات باس لە فۆرمێکى تر بۆ دەرچوون لە کێشە خوێناوییەکانى عێراق بکات کە کورد واتەنى جام پڕبووەو لێ ى دەڕژێت .
والەم کاتەشدا کە کۆمیتەى هێزە چەکدارەکان لە کۆنگریسى ئەمریکا دەنگ لە سەر پرۆژە یاساى بوودجەى وەزارەتى بەرگرى ووڵاتەکەیان دەدەن بڕگەیەکى تێدایە بواردەدات کە هێزەکانى پێشمەرگەو هێزە سونەکان ڕاستەوخۆ چەکدار بکرێن و مەشق و ڕاهێنانیان پێبکرێت لە لایەن هێزەکانى ئەمریکاوە لە شەڕ دژى داعش .
پێدەچێ بۆ دواجار ئەمریکیەکان ئەو فۆرمە پێشنیارو جێبەجێ بکەن کە دەیانەوێت هاوسەنگى بگێڕنەوە بۆ ناو پێکهاتەکانى عێراق هەر چەندە یاساکەش ناوى گێڕانەوەى هاوسەنگیە بۆ هێزە ئەمنیەکانى عێراق و بۆ ئەوەى هەر پێکهاتەیەک بتوانێت بەرەڤانى لە خۆى بکات ئەگەر ئەنجامەکەى بە لێکترازان و هەڵوەشانەوەى عێراقیش بێت . وەکو زۆر چاودێرو سەرچاوە ى تر بۆى دەچن .
لە کۆتاییدا ڕاستیەک هەیە دەبێت هەموو لایەنەکانى عێراق و ووڵاتانى ناوچەکەش بیزانن ئەوەیە کە ئەمریکا کە لە دواى جەنگى جیهانى دووەمەوە ئامانجى ئەوەیە هەموو سەرچاوەکانى ووزە لەجیهاندا دەبێت لە بندەستى ئەودابن و هیچ هاوبەشێکیشى لاپەسەند نیە و بەتایبەت دواى هەرەسهێنانى بلۆکى سۆسیالستى و وسەرکەوتنى لە جەنگى ساردا ئەو ڕاستیە زیاتر بەرجەستە بوو ، لە عێراقیشدا کە قوربانى زۆرى داوە ئێستا لێناگەڕێت ببیتە پێگەو و ناوچەى هەژموونى دەسەڵاتى ووڵاتانى تر لە ئێستاو دوور مەوداشدا .