نەبەز گۆران : كوردی باشوور گوناهە .
كاتی خۆی كە خێڵەكانی سوننە ، چەكیان پێدان بەناوی ( سەحوە ) ئەوكات ئەمریكا بیری لەوە نەكردبوویەوە ، ئەنجامی پڕچەككردنەكە چی دەبێت . ئەنجامەكەی وا شكایەوە ، بە شێكی زۆری ئەو چەكدارانە چوونە ناو گروپە توڕندەرەوەكان و پاشان بوونە دینەمۆی دروستكردنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام .
دوای ئەوان ، دەستككرا بە پڕچەككردنی شیعەكان بە ناوی ( حشدی شەعبی ) ئەمانەش بوونە بەشێك لەو هێزە میلیشیایانەی سەر بەیەك مەزهەبن و ئەنجامەكەشی باشتر نابێت لە ئەنجامی پڕچەككردنی خێڵە سوننەكان . لەم نێوانەدا هیچ لایەك بڕوای بە سوپای عێراق نەما . هەر مەزهەبە و بەلای خۆیدا رایكێشا . لەبری ئەوەی ، بیر لە كوژانەوەی ئاگرەكە بكرێتەوە ، ئاگرەكەیان گەرمكردەوە.
ئێستا بە ناوی پاراستنی شارە سوننەكان ، جارێكی كە ، بیر لەوە دەكرێتەوە سوننەكان پڕچەك بكرێنەوە ! كورد لەم نێوانەدا ، هاوارییەتی بۆ چەك و هاوكاری . ئەگەرچی هاوكاری كوردیش كراوە ، لێ ، هاوكارییەكە تەنها لەو چوارچێوەیە دایە ، كورد خۆی پێ بپارێزێت ، نەك ببێتە هەڕەشە لەسەر دراوسێكانی . مەبەست ئەوەیە ، بەردەوام بیركردنەوەیەك هەیە ، بۆ یەكسانكردنی هێزە پەرتەوازەكانی ناو چوارچێوەی عێراق . گۆڕەپانەكە بووەتە گۆڕەپانی ساغكردنەوەی چەكەكان و گۆڕەپانی یەكتر سڕینەوە . هاوكاریكەرەكانی عێراق ، دەتوانن كێشەكان یەكلایی بكەنەوە. بەڵام پێیان باشە لەم قۆناغەدا عێراق بەناو ئەم ئاگرەدا تێپەڕێت . دانی چەك ، بە سوننەكان ، یان شیعەكان ، دروستكردنی مەترسیەكی كەیە بۆ كورد.
كوردی باشوور ، بە تایبەت بەشێكی زۆری بەرپرسە حیزبییەكان و ئەندامەكانیان ، دڵیان بە شتی زۆر بچوك خۆشدەبێت و ئومێدەكانیان لەسەر جوڵەی بچوك كەڵەكە دەكەن ! لە كاتێكدا هەموو لایەك دەزانن، هاوكارییەكان بۆ كورد ، چەندبن هێندەش بۆ شیعەكان و هێندەش بۆ سوننەكانە . ئەمە واتایی چیە ؟
عێراقی یەكپارچە بۆ هێندە گرنگە ، هاوپەیمانەكان گشت رێگایەك دەگرنە بەر وەك خۆی بمێنێتەوە ، ئەما رێگای پارچە پارچەكردنی ناگرنەبەر ! لای شیعەكانی عێراق ، یەكپارچەیی عێراق گرنگە ، چونكە دەسەڵاتەكانی بە دەست خۆیانە . لای سونەكانیش بە هەمان شێوە گرنگە ، چونكە لە خەیاڵی گەرانەوە بۆ دەسەڵاتی یەكجارەكی عێراقدا دەژین . تەنها كوردە دەیەوێت ئەم یەكپارچەییە نەمێنێت ! بێگومان دراوسێكانیش بە ئێران و توركیاوە ، لەگەڵ بۆ چوونی شیعەكان و سوننەكانن . ئەمریكاش تا ئەمرۆ بەو جۆرە بیردەكاتەو ە، دەوڵەتی مەركەزی عێراقی پێگرنگترە لە هەرێمەكان.
پێشوتر ئەمریكایەكان پێیان وتین ، شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی درێژخایەنە . دوای شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی ، لەلایەك شەری هێزە تازەكەی شیعە ( حشدی شەعبی ) دێتە ئاراوە و لە لایەك شەری خاك لەگەڵ سوننەكان . ئێستا هاوكاری كورد دەكرێت لەگەڵ توندرەوەكان بجەنگێت ، ڤەلێ مەرج نیە گەر ئەو شەرانە هاتنە پێش هاوكاری كورد بكرێت . كەوایە كورد لەم پارچەیە پێویستە چی بكات ؟ هێشتا هێزێكی یەكگرتووی تۆكمەمان نیە . باری ئابووری لەناو قەیراندایە . خۆ بەڕێوەبرندن پڕبووە لە پیسخۆری . حیزب بووەتە مۆرانە و چوەتە ناو خانەكانی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیەوە . هەڕەشە ناوخۆیەكان ، هێندەی هەرەشە دەرەكیەكان مەترسین لەسەر ژیان . كەوایە چی بكرێت ؟
سەركردایەتیە حیزبیەكەی هەرێم ، لەبری گەڕان بە شوێن وەڵامدانەوەی راستەقینەی ئەم پرسیارە جەوهەریانەدا، سەرقاڵی نمایشی بچكۆلە و دڵخۆشی بچكۆلەن . لەگەڵ خۆیاندا كۆمەڵێك خەڵكیش بەم نمایشە كاتی و بێ ئەنجامانە فریودەدەن . نایانەوێت بە راستەقینەیی دەست ببەن بۆ بنەوانی كێشەكان و لە سەرچاوەكەوە كێشەكان چارەسەر بكەن ، لەبری ئەوە رەنگی روخساری كێشەكان دەكەن.
كوردی باشور دەبێت بزانێت ، دوای شەری داعش شەرێكی كە لەبەردەمیایەتی ، بۆ ئەوەی ئەو شەڕە روونەدات ، پێویستە لە ئێستاوە بۆ چارەسەرەكەی بگەرێین ، نەك كاتێك كە ڕوویدا ئینجا خۆی بۆ ئامادە بكات . دروستكردنی هێزێكی نوێ بۆ سونەكان ، جگە لە دروستكردنی دراوسێكی مەترسیدار بۆ كورد ، واتای دیكەی نیە . مەبەستمە بڵێم :
كوردی باشور گوناهە ، سەرقاڵكراوە بە ئومێدی بچوكی پێشوازیەوە ، نەك ئاگاداركردنەوەی لە بنەرەتی مەترسیەكان .
س – فەیسبوکی نوسەر