بەرزان فەرەج : دەسەڵات ئەبەدی نییە .
لویسی چواردە ( ١٦٣٨ – ١٧١٥ ) ناسراو بە پاشای خۆر ، سەمبۆلی دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەها ، بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی جەنگی فەرەنسا دژی ئیسپانیا ، چەندین باجی زیادەی خستبووە سەرهاووڵاتییان . نارەزایی و بارگرانی خەڵکی لەم باجانە گەییشتە ئەنجومەنی نوێنەران و لەلایەن پەرلەمانتارانەوە گفتوگۆ کرا .
ڕۆژێک پاشا لەکاتی گەڕانەوەیدا لە ڕاووشکار ، لە گەرمەی کۆبونەوەی نوێنەرانی گەلدا بەجلی ڕاو و جزمە قوڕاوییەکانی و قامچییەکەی دەستییەوە خۆی ئەکات بەهۆڵی نوێنەرانداو ئەڵێت : بیستوومە کە هەندێکتان ڕەخنەتان هەیە لەو فەرمانە پاشاییانەی دەرمان کردووە بۆ زیادکردنی باجەکان . یەکێک لە پەرلەمانتاران کە جورئەتی کرد ، ڕووبەڕووی پاشا پرسارێک ئەکات : ( پاشای مەزن ئێمە پرسیارئەکەین ئایا سودی دەوڵەت لەو فەرمانانەدا چییە ؟ ) لویسی چواردە ڕوو ئەکاتە نوێنەرانی گەل و قامچیەکەی بە توندی ڕائەوەشێنێت و ئەڵێت : ( بەڕێزان دەوڵەت منم ) .
زاراوەی ( دەوڵەت منم ) کە ئەشێت نەشوترابێت ، لە گوماندا ماوەتەوە ، چونکە هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییەو لە کۆنووسی پرۆتۆکۆلی کۆبوونەوەکەی نوێنەرانیشدا تۆمار نەکراوەو پاشای خۆریش نکۆلی لەوە کرد ، کە هەرگیز قسەی وای کردبێت ، بەڵام ئەوەندە بەسە گومانێک مێژووییەک بگۆڕێت .
( دەوڵەت منم ) فیکری سییاسی لە فەیلەسوفانی کلاسیکیەوە تا ڕێنیسانس و دواتر ، سەرقاڵی پرسیار لە دەسەڵات هی کێ یە ؟ بۆ کێیە ؟ چۆن بەکاردێت و سنورەکانی لە کوێدایە ؟ ئەکات . ئیدی پەیڕوە فیکریەکان چەمکی دەوڵەت منم ئەکەنە پێناسەی فۆرمی هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆری و تاکەکەسی و سەربازی وتۆتالیتاری و بنەماڵەیی و ڕابەرەکان ، وە جۆرێک لە حوکمڕانیمان نیشان ئەدەن کە مرۆڤایەتی لە چەندین جەنگەوە تێوەگلاندو چەندین دەسەڵاتی زوڵم ستەمکاری تا ئێستا بەردەوامی پێداوە ، کە نەک هەرلەسەر ئاستی فیکری ، بەڵکو لەسەر ئاستی جەستەییش لێشاوێک لە قوربانی لە نێوان بەرگریکارانی دەسەڵاتی ڕەهاو ، لایەنگرانی دەسەڵاتی سنوردار ، چ لە جەنگەکاندا ، چ لە یاخی بوونەکاندا ، چ لە زیندانەکاندا ، لەسەریەک کەڵەکە کردووە . هەڵە نییە کە بڵێین زیندانی سیاسی لە جورئەتی پرسیارکردنەوە لە دەسەڵات سەری هەڵدا ، کە بەدوای خۆیدا زیندان و ژێرزەمینە نهێنیەکان و قەسابخانەکانی ئەشکەنجەومەرگیان دروست کرد .
بەڵام قوربانیەکانی دەوڵەت منم بێهودە نەبوون ، چونکە سەرەتای لێپرسینەوە لە دەسەڵاتیشیان خستە کایەی سیاسیەوە ، پرسیارلەوەی کە تا چەند نوێنەرانی گەل ئەتوانن لە دەسەڵات و کارەکانی بپرسنەوە ، وە ئایا دەوڵەت هی تاک و گروپ و دەستەیەکە یان موڵکی هەمووانە ؟ ئەم زاراوە گومان لێکراوە دەروازەی لێشاوێک پرسیاری لە فیکرو فەلسەفەی سیاسیدا لە سەردەسەڵات کردەوەو تێروانینەکانیشی بەسەر چەندین میتۆدو ئایدیۆلۆژیای جیاوازدا دابەش کرد ، کە ئەوانیش بوونە خوڵقێنەری بزووتنەوە سیاسیەکان ، لە بەر رۆشنایی ئەو تێروانینانە و دروستکردنی گۆڕانکاری گەورەی مێژوویی ، سیاسی و کۆمەلایەتی لە مرۆڤایەتیدا ، کە جیاکردنەوەی سیستەمە دەسەڵاتییەکان لە یەکدی نموونەی بەرجەستەیەتی ، لە سەر بنەمای پەیوەندی نێوان توێژی حوکمڕان و هاووڵاتیان کە ئایا دەسەڵات پیرۆزو نەمرو ئەبەدییە بۆ تاکە کەس و گروپێک ، یان کاتی و هەمیشە لە گۆراندایە بە خواستی گەل ؟ لێرەوە سیستەمە سیاسیەکان دابەشبوون بەسەر تەنها دوو جۆر لە دەسەلاتدا ، ئەوانەی کەوتنە ژێرخواست و ئیرداەی گەلەوە بە سیستەمە دیموکراسیەکان ئەناسرێن کە دەسەڵات تیایاندا ئەرکێکی کاتی یە و پیرۆز نییە بۆ کەس و گروپێک ، بەڵکو پیرۆزونەمرە بۆ گشت ، وە ئەوانەش کە کەوتنە ناوبازنەی دەسەڵاتێکەوە کە مانای کۆتایی و سنورداری نازانێت و خۆی وەکو تاکە پێکهاتەی هەمیشە پیرۆزو نەمر ئەبینێت . ئەم شێوازە ی حوکم کار لە سەر مەرگی زۆرینەی گەل و نەمری کەمینەیەک ئەکات ، لە ناو فۆرمی دەسەڵاتە دیکتاتۆری ، تۆتالیتاری ، میلیتاری و تاک حیزبی و تاکە کەسی و تاکە بنەماڵەییدا خۆی ئەبینێتەوە ، ئەگەرچی هەندێکیان لە سیناریۆی یاریکردن بە ئیرادەی گەل وبە دەستهێنانی دەنگی گەلدا ، لە چوارچێوەی بە ناو سیستەمی دیموکراسی و نوێنەرایەتیدا نەمری بە خۆیان ئەبەخشن . لە دەرەوەی ئەم دوو فۆرمەوە هیچ فۆرمێکی دی دەسەڵات نییە . ئەوەی شێوازی یەکێک لە و دوو فۆرمەش بە کۆمەڵگەیەکی سیاسی واتە ڕێکخراو لە دەوڵەتدا ئەبەخشێت ، پەیوەندی نێوان گەل و دەسەڵاتدارو شوێنی هەردووکیانە لەو فۆرمەدا . کامیان نەمرن ، تاکە کەس و دەسە لاتی خود یاخود گەل و دەسەڵاتی گشت ؟
ئەگەر لە و چەمکە فەلسەفی و سیاسیە وە بڕوانینە دەسەڵات ، کە بەرجەستەی سەروەری وئیرادەی گشت کۆمەڵگەیە لە سەر خاکێک و لە شێوازێکی ڕێکخستندا ، ئەوا ئەکرێت بڵێین دەسەڵات ئەبەدییە ، نەمرە و لەم حاڵەتەدا خود یان توێژی دسەڵاتدار پراکتیکی ئەرکی کاتی بەرجەستەکردنی دەسەڵاتی گشت ئەکات ، لێرەوە کەسەکان دێن و دەڕۆن و کۆتایی بە عەرشی دەسەڵاتیان دێت ، بەڵام دسەڵات وەکو خۆی بە نەمری ئەمێنێتەوە . خۆ ئەگەر دەسەڵات ببێتە بەرجەستەکردنی ویستی خودی دەسەڵاتدار، ئیتر پاشا ، میر ، سوڵتان ، جەنەراڵ یان سەرۆک کۆمار بێت ، وە پراکتیکردنی دەسەڵات ببێتە هەڵسو کەوتو بەرجەستەی ویستی یەکێک لەو خودانە وەکو تاک و گرێدانی بە ژیانی خۆیی و نەوەکانیەوە ، ئەوا لەم کاتەدا دەسەڵات ئەبەدی نییە ، چونکە موڵکی گشتی نییەو بەرجەستەی تاکە کەسی حاکمە کە لە وەهمی خۆیدا دەسەڵات بە نەمری ئەبینێت ، ئەگینا ئەو جۆرە دەسەڵاتە هەر کۆتایی پێ دێت وئەوەی بە نەمری ئەمێنێتەوە دەسەڵاتی گشتە .
ئەم شێوازە دەسەڵاتە کە تەنها نماییشی تواناو حەزی خودێک ئەکات بۆ حوکم بەسەر ئیرادەی گشتدا ، لە کایەی سیاسیدا مانایەک بۆدەسەڵاتی سیاسی ناهێلێتەوە ، کە ئێستا لە سیستەمە دیموکراسیەکانی دنیادا لە جیاتی دەسەڵاتی سیاسی بە دەسەلاتی گشتی ناو ئەبرێت ، وەکو سەرچاوەی شەرعی حوکمڕانی . بۆیە کاتێک گشت بزر ئەکرێت وتەنها خود و چەمکی دەوڵەت منم کۆمەڵگە ئاراستە ئەکات ، چیتربەو فۆرمە ناوترێت دەسەڵاتی سیاسی ، بەلکو تەنها ئەکەوێتە خانەی سیستەمی زۆردارییەوە کە خۆی لە دەسەڵاتێکدا نماییش ئەکات هەڵگری مانای سیاسی نییە ، چونکە لە دەسەڵاتی سیاسیدا خود پیادەی حوکمرانی وەکو ئەرک و لە ناو چوارچێوەیەکی سنوردارو کاتی ناو ئیرادەی گشتیدا ئەکات . واتە خود ، نماییشی دەسەڵاتی خۆی ناکات بەڵکو نماییشی دەسەڵاتی گشت ئەکات ، بەڵام لە شێوازی دەوڵەت منم دا خود پیادەی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر گشتدا ئەکات وئەوکاتە کۆی سیستەمەکە ئەبێتە بەشێک لەو، نەک ئەم ببێتە بەشێک لەو سیستەمە . لێرەشەوە گرێکانی تێگەییشتن و خۆشەویستی بۆ دەسەڵات لای خود مانای وەهمی وەر ئەگرێت و ئەبێتە نەخۆشی . کاتێک دەسەڵات لە هۆکاری کارکردن و ئەرکەوە بۆ خزمەتکردنی گشت ببێتە هۆکاری خزمتکردنی خودو مانەوەی ، ئیدی ئەبێتە هۆکاری گرێی تەسلیم بوونی خود بە دەسەڵات تا ئاستی بەستنەوەی ژیان و مانەوەی خۆی پێیەوە ، گرێی خۆشەویستی خود بۆ دەسەڵات تا ئاستی ترس لە لە دەستدانی ، وە گرێی پێناسەی خود بۆ دەسەڵات تا ئاستی بە ئەبەدیەت تێگەییشتنی و لەوێشەوە لە بیرکردن یان نەبینینی هەموو سنورەکانی بەردەم دسەڵات ، سنووری زەمەن و کاتی کۆتایی دسەڵات ، نە بینینی تواناعەقلی و لۆژیکیەکانی دسەڵات و پێوەرەکانی ، گرفتی جیانەکردنەوەی دەسەڵات لە تواناو مافی ڕەهای خود لە بەکارهێنانی . ئەمانە بەگشتی خودی دەسەلاتدار لە واقیع و حەقیقەت دائەبڕن و ئەیخەنە ناو ئەو بازنەی نەخۆشیە کوشندەیەوە کە بە خاوەندارێتی یان شێتێتی دەسەلات ناو ئەنرێت .
کاتێک دەسەڵات ئەبیتە گرێ و نەخۆشی تا ئاستی نارسیزم و گەلگامێشی کە بەدوای نەمریدا بگەڕێت و هەست بکات ئەبەدییەو هیج شتێک ناتوانێت زەمەنی دیاری بکات ، توانای ڕەهایەو هیج شتیک ناتوانێت تواناکانی سنوردار بکات ، بێ سانسۆر و ڕێگە پێدراوەو هیچ شتێک ناتوانێت ئاست و کۆتاییەکانی هەڵسوکەوت و جوڵانەوەی سنوردار بکات ، ئەم دەسەڵاتە ئەبێتە سیستەمێکی ئۆرگانیزە کراو لەسەر ستەمکاری بۆ گشت و بەڵام سەرچاوەی لەزەتێکی دەرونی و لە هەمانکاتیشدا ترس بۆ خودی حاکم ، کە دەسەڵات ئەکاتە موڵکایەتی و وێناکانی خۆی لە ناو هەموو کایەکانی دی دەسەڵاتدا بڵاو ئەکاتەوە . ئیدی هەموو ئەوانەی لە یەکێک لە کایەکانی دەسەلاتدا خۆشنوودن بە شوێن و پلەی خۆیان ، لە پاڵ دەسەلاتی رابەرو سەرکردەدا ، سکرتێری حیزبەکان ، ڕابەرەکان ، ئەندام مەکتەب سیاسیەکان ، فەرماندەی لەشکرەکان ، سەرۆکی ڕێکخراوەکان ، سەرنووسەری ڕۆژنامەکان ، لای ئەمانیش ئەبەدیەتی دەسەڵات تا مەرگ ئامادەیەو دەستبەرداری نابن . ئەمانیش خەون بە تا ئەبەد مانەوەی خۆیان ئەبینن لەو عەرشی دەسەلاتەیاندا ، ئیدی بچوک بێت یان مەزن ، گرنگ ئەوەیە ئەوان خۆیان خۆشنوودن پێی . کەواتە کە نەمری دەسەڵات لە لوتکەوە دابەزیبێتە ناو خانە بچوکەکانی دی دەسەڵاتەوە ، پێویستە بچوکەکان خۆیان لە پێشدا پرسیار لە ئەبەدیەتی دەسەلاتی خۆیان بکەن ئەوسا بێنە بێنە سەردەسەلاتی لوتکە ، چونکە دوا جار هەمووش پێکەوە لەو خەونە نارسیسی و گەلگامێشیە بێدار ئەبنەوە کە وەک چۆن ژیان بۆ کەس ئەبەدی نییە ، ئەوا دەسەڵاتیش ئەبەدی نییە . بەڵام ئەفسوس ، تەنها ئەو جۆرە دەسەڵاتانە ی لە خەیاڵدا کار ئەکەن و لە واقیعدا ناژین ، یان خۆیانی لێ ئەشارنەوە ، تەنهاش ئەو ساتەی واقیع لە بەرامبەریاندا ئەوەستێتەوە ، دواجار هەست ئەکەن کە دەسەڵات نەمر نییە ، ئەبەدی نییە ، کە تاکە خاوەنی دەسەڵات خەلکە .
لویسی چواردە لە دوا ساتەکانی سەرەمەرگیدا ئەو ساتەی کە خۆربەسەر ئاسمانی پاریس و کۆشکی تازە بنیاتنراوی ڤێرسایەوە ئەدرەوشایەوە و خۆری پاشای خۆر ئاوا ئەبوو ، پێش مەرگ حەقیقەتێکی بۆ پاشاو سوڵتان و میرو سەرۆکەکانی دوای خۆی جێ هێشت ، دوا ووتەی پێش مەرگی ئەوەبوو کە ووتی : ( من ئەمرم ، بەڵام دەوڵەت بەردوام ئەژی ) . کالیگۆلا تەنها بیستو هەشت ساڵ ژیاو لە ماوەی سێ ساڵ دڕندەترین و شێتانەترین حوکمی زۆرداریدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لە خوێن هەڵکێشا ، ئەو ئەیووت : ( حەزم لە دەسەڵاتە ، چونکە ڕێگەت پێ ئەدات ئەستەم بەدی بهێنیت ) . بەڵام دواجار کالیگلۆلا نەیتوانی بگاتە سنوری هەموو ئەستەمەکان ، نەیتوانی نەمری دەسەڵات بژی ، کالیگۆلا لە بارودۆخێکی گوماناوی و لەنێو پاسەوانەکانی خۆیدا کوژرا بێ ئەوەی بزانرێت کێ کوشتی و چۆن کوژرا ، ئەوبووە بابەتی تۆڵەیەک کە هەمووان تیایدا بەشدار بوون . بن عەلی دیکتاتۆری پێشووی تونس . لە دوا ساتەکانی بێ ئومێد بوون لە مانەوەی لەسەر عەرشی دەسەڵاتێک کە چیدی ژیان و نەمری پێ نەئەبەخشی ، پێش ئەوەی لە فڕۆکەیەکدا بەرەو نادیار سەرهەڵگرێ ، لەبەرامبەر گەلەکەیدا بۆ تەنیا جارێک قسەیەکی ڕاستی کرد کە ووتی : ( دەسەڵات ئەبەدی نییە ) .
بەڵام ئەفسووس ئەوە هەمیشە قسەی سەرەمەرگ و کوژانەوەی دوا تروسکەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکانە ، بە باچوونی دوا ئومێدی بەستنەوەی دەسەڵاتە بە نەمرییەوە کە درەنگ ، زۆر درەنگ دان بەو وەهمەدا ئەنێن ، بەڵام وەهمێک لە مێژوودا چەندین وێرانکاری و جەستەی چەندین ملیۆن قوربانی جێهێشتووە ؟ بەڵێ دەسەلات ئەبەدی نییە ، ناونیشانی ئەم ووتارەم قسەی من نییە ، ئەوە قسەی دیکتاتۆرێکە ، بەڵام حەقیقەتە ، با وانەیەکیش لە دیکتاتۆرەکان وەربگرین . بەڵام وانەیەکی درەنگ و ناوەخت نەبێت .