سەروەت هەڵەبجەیی : به‌مه‌ش ده‌ڵێن ڕێکه‌وتن ؟
چه‌ندین مانگ به‌ر له ئێستا عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی حکومه‌تی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێری کرد و له پاش کۆبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان باسیان له ڕێکه‌وتنێک کرد که به پێی به‌نده‌کانی ، هه‌رێم ڕۆژانه به ڕێژه‌ی دیاریکراو نه‌وتی خۆی ڕاده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ ده‌کات و به‌غداش به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه که پشکی کوردستان له بودجه‌ی گشتی عێراق سه‌رف بکات . سه‌ردانی وه‌فدی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غدا و چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی دیکه سه‌باره‌ت به ورده‌کاری ته‌کنیکی ئه‌و ڕێکه‌وتنه ، هێشتا به‌رپرسانی ناوه‌ندی به‌وه ڕازی نه‌کرد که قووتی خه‌ڵکی کوردستان به هاوکێشه سیاسی و ململانێکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گرێ نه‌ده‌ن . عه‌بادیش هاته کوردستان ، به وته‌ی به‌رپرسانی هه‌رێم ، ئه‌وان سه‌باره‌ت به هه‌موو کێشه‌کان قسه‌یان له گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقدا کرد و ئیدی کۆتایی به‌و کێشانه به تایبه‌ت له بواری بودجه‌دا هاتووه. له پاش ئه‌و قه‌یرانه ئابورییه‌ی که به درێژایی ساڵی 2014 کوردستانی تێدا تێپه‌ربوو، وه‌ستانی جوڵه‌ی بازاڕ و دواکه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و چه‌ندین کێشه و گرفتی دیکه ، خه‌ڵکی کوردستان به گشتی به‌وه دڵخۆش بوون که ڕێکه‌وتنه‌که‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ر بکات . به‌ڵام به داخه‌وه، ئه‌و ڕێکه‌وتنه نه‌ک ته‌نیا له ڕێکه‌وتن ناچێت ، به پێچه‌وانه‌وه به چه‌شنێک له کڕین و فرۆشتن داده‌نرێت ، به‌غدا له ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ نه‌وتی هه‌رێم ده‌کڕێت و بڕه پاره‌یه‌ک مانگانه ده‌خاته سه‌ر حسابی هه‌رێم و وه‌ک ئه‌م مانگه‌ش که بینیمان سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم، نه به ته‌واوی پاره‌ی نه‌وته فرۆشراوه‌که‌ی هه‌رێمی داوه و نه پشکی له سه‌دا 17ی بودجه‌ی کوردیشی سه‌رف کردووه .
له جیهانی سیاسه‌ت و له پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵات یان دوو لایه‌ن ، ڕێکه‌وتن به‌وه پێناسه ده‌کرێت که ئه‌وان له سه‌ر چه‌ند بابه‌تێک که ڕه‌زامه‌ندییان له سه‌ر ده‌ربڕیوه و واژۆیان له سه‌ر کردووه یان به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر دوو لا ده‌سته‌به‌ر ده‌کات ، ڕێکه‌وتوون و ده‌یخه‌نه بواری جیبه‌جێکردنه‌وه . چه‌ندین مانگ به سه‌ر ڕێکه‌وتنه نه‌وتییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراقدا تێپه‌ڕبووه ، له پاش هه‌ر مانگێک و به پێی وته‌ی به‌رپرسان و ئه‌وه‌ی که له میدیاکانه‌وه باسی لێده‌کرێت ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که لایه‌نی کوردی به ڕێژه‌ی دیاریکراو نه‌وتی هه‌رێمی ڕاده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووه ، نه پاره‌ی نه‌وته فرۆشراوه‌که به ته‌واوی دراوه و نه پشکی له سه‌دا 17ی بودجه‌که‌ش سه‌رف کراوه. له ئێستادا پرسیار ئه‌مه‌یه که له پاش هه‌ر مانگێک و دووپات بوونه‌وه‌ی کرداری به‌غدا و بێ به‌ڵێنی ناوه‌ند ، چیدی ده‌توانین به‌مه بڵێین ڕێکه‌وتن ؟
چاره چییه؟ بۆ هه‌ڵوێستێک به‌رامبه‌ر به پێشێلکارییه‌کانی به‌غدا له هیچ به‌رپرسێکی باڵای کورده‌وه نابینرێت ؟ باشه ئێمه‌ی کورد مافی ئه‌وه‌مان نییه که بڵێین جه‌نابی سه‌رۆک کۆمار له به‌غدا چی ده‌که‌یت ؟ ئه‌و پۆسته ئه‌گه‌ر پشکی عه‌ره‌بیش بوایه چ جیاوازییه‌کی بۆ کورد ده‌بوو ، ئاخۆ چیمان له وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک کۆمار ده‌سکه‌وتووه ؟
ئه‌ی نوێنه‌رانی کورد له په‌رله‌مانی عێراق، له‌م دۆخی بێ مووچه‌یی و قه‌یرانه داراییه‌دا ، ئێوه هه‌ر مووچه و ئیمتیازی خۆتان وه‌ربگرن و خه‌می هیچتان نه‌بێت، بۆچی له به‌رامبه‌ر یاری کردنی حکومه‌تی ناوه‌ند به قووتی خه‌ڵکی کوردستان و به کارهێنانی وه‌ک کارتێکی فشار هه‌ڵوێستتان نییه ؟ خۆزگه ئێوه‌شمان له به‌غدا نه‌ده‌بوو ، گومانم نییه که له ئه‌گه‌ری نه‌بوونی نێوه له په‌رله‌مانی عێراق بارودۆخمان له‌مه خه‌راپتر نه‌ده‌بوو . ده‌زانم که به‌درێژایی ته‌مه‌نتان و له ئاکامی په‌روه‌رده‌ی حیزبی وا ڕاهاتوون که هه‌ر باسی ناوخۆیی و کێشه‌ی نێوان حیزبه‌کانی کوردستان بکه‌ن هه‌ر بۆیه له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان له به‌غدا تا ئێستا هاوپه‌یمانییه‌تی کوردستانیتان پێکنه‌هێناوه و هه‌ر کامه‌تان به ئامێرێک ساز لیده‌ده‌ن و گۆرانی به به‌ژن و باڵای که‌سێکدا ده‌ڵێن و ئێمه‌ی کورد چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش نین که ئێوه یه‌ک گوتار بن و سه‌مفونیای سروودی یه‌کگرتوویی کوردمان بۆ لێبده‌ن .
به‌رپرسه باڵاکانی حکومه‌تی کوردستانیش هه‌ر ئه‌وه ده‌زانن که له پاش کۆبوونه‌وه‌کان بڵێن سه‌رکوتوو و ئیجابی بووه و ئێمه‌ش هیچ ده‌ره‌نجامێک و گۆڕانکارییه‌کمان به چاو نه‌بینیوه .
نه‌ک ته‌نیا که ئه‌و ڕێکه‌وتنه له ڕواڵه‌تی ڕێکه‌وتن ناچێت ، به پێچه‌وانه‌وه به فیڕۆدانی سامانی نیشتمانی کوردستانه که حکومه‌تی ناوه‌ند له ڕێگای سۆمۆوه پلانه‌که‌ی خۆی به سه‌رماندا جێبه‌جێ ده‌کات، وه‌ک ئه‌و پلانه‌ی که قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی داعشی لێکه‌وته‌وه له‌و ساته‌وه‌خته‌ش که ده‌نگی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان زیاتر له کوچه و کۆڵانه‌کانی کوردستان و له ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیشدا ده‌بیسترا .