ئارام قزلەریی : تاڵەبانی ، پیاوە مەزنەکە .
گەر کەمێک بەخێرایی چاو بخشێنینەوە بە هەندێک سیاسەتی حەکیمانەی ڕابردوی بەڕێز مام جەلالدا لەگەڵ هاوڵاتیان و تەنانەت کادران و ئەندامانی یەکێتیشدا کاتێک دەسەڵاتداری یەکەم بوو لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا . بە بەراورد لەگەڵ هەموو ئەو سەرکردە و دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تەنانەت کەسە نزیکەکانی ، جیاوازیەکی هێجگار زۆر دەبینرێت لەڕووی دڵگەورەیی و هەڵوسوکەوتی سیاسەتمەدارانەی ، کە هەرگیزاو هەرگیز هیچ کام لەو سەرکردانەی ئێستای یەکێتی و تەنانەت ئەو بەرێزانەی نزیک لە بنەماڵەی تاڵەبانیشن ناتوانن ئەو بۆشاییە پر بکەنەوە کە بەهۆی نەخۆشکەوتنی تاڵەبانیەوە دروست بووە .
تاڵەبانی بەتوانایی و لێهاتویی لەڕووی ئەقڵێتی سیاسیەوە و دانانی نەخشەو پلانی تۆکمەو سەرکەوتو بۆ خزمەتکردنی گەلی عێراق بە گشتی و کوردستانیش بەتایبەتی کردووە ، لەڕوی زیرەکی و قسەکردن و بەرەنگار بوونەوەی هەموو ئەو پیلان و کێشەو گرفتانەی ڕوبەڕوی گەلەکەمان و یەکێتی نێشتیمانی کوردستان دەبووەوە لەکەم سیاسەتمەدارو سەرکردەدا بەدی دەکرا ، تەنانەت بڵانسی نێوان حیزبە ناکۆکەکانی ناوخۆی عێراقیشی بە جۆرێک ڕاگرتبوو زۆرجار ئەمریکاو وڵاتە زلهێزەکانی ترو وڵاتانی دراوسێش هانیان بۆ دەبرد تا کێشەو گرفتەکان چارەسەر بکات ، زۆر جاریش ڕاوێژیان پێ دەکرد.
تاڵەبانی لەگەڵ ئەوەی کە خاوەن ئەزمونێکی دەوڵەمەندی سیاسی و هێزێکی بەتوانا بوو لە ڕووی چەکداریەوە دەیتوانی هەموو بڕیارێک بدات بەرامبەر هەموو ئەوکەسانەی کە ڕەخنەی توندیان دەگرت و تەنانەت قسەی نەشیاویشیان بە سەرکردەکان و خودی بەڕێزیاشیان ئەدا ، بەلام کەم سەرکردە هەبووە وەک تاڵەبانی کە دڵ گەورە بوبێت لەسەر ڕەخنە گرتن و تەنانە ئەوانەشی جنێویشیان پێدابێت .
هەرگیز ئازاری کەسی نەداوەو بەڵکو سەرزەنشتی هەموو ئەو پێشمەرگانەشی کردوە کە ئەشکەنجەی هاوڵاتیەک یاخود کادرێکیان دابێت کاتێک لە بێزاری و دڵگرانیدا وشەیەکی نەشیاویشیان بە خودی تاڵەبانیش وتبێت .
بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیانەش زۆرێک لە پێشمەرگە نزیکەکانی سکرتاریەت و تەنانەت هەندێک لە سەرکردەکانیش ئاگاداری ئەوەن زۆرجار لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەو پێشمەرگانە کردوە کە ئەشکەنجەی کەسێکیان دابێت لەسەر ئەوەی جنێوی داوە .
دەگێرنەوە جارێک هاوڵاتیەک دەیەوێت تاڵەبانی ببینێت و دەرفەتی پێ نادەن لە بێزاریدا قسەی ناشرین بە بەڕێزیان دەڵێت ، پاسەوانێکی سکرتاریەت لە هاوڵاتیەکە ئەدات و دەری دەکەن . کاتێک مام جەلال دەبیستێتەوە و پێشمەرگەکە بانگ دەکات ، پێێ دەڵێت بۆ لەو هاوڵاتیەت داوە ؟ لەوەڵامدا ئەویش دەڵیت : قوربان قسەی ناشرینی کردوە ! مام پێی دەڵێت بەرامبەر بەکێ ؟ دەڵێت : بەرامبەر بە جەنابتان ! بە تورەییەوە دەڵێت چی پێ وتم ؟ پێشمەرگەکەش ئەڵێت : قوربان بەخوا ناتوانم بیڵێم شایستەی وتن نیە …. پاشان بە پێشمەرگەکە ئەڵیت : کورم مەرج نیە هەموو کەس منی خۆش بوێت و قسەی باشم لەسەر بکات .
من ئەم هەموو دەسەلاتەم هەبێت و ئەم هەمووجەکدارەم لەبەر دەستا بێت ، قسە نەکەم تۆ ، بە چ حەقێکەوە لەسەر من لەخەڵک ئەدەیت .
ئەو پیاوە گەورەیە ئەوە بیرکردنەوە و ڕەفتارەی بووە بەرامبەر بەو کەسانەی ڕەخنەی توندیان گرتبێ یاخود وشەیەکی ناشرینیشیان بەکارهێنابێت .
دوورکەوتنەوەی تاڵەبانی لە مەیدانە بڕیاردەرو چاودێرییەکەی بەسەر یەکێتی و ئەو دیو یەکێتی ، قسەگەلێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنیت ، ئەو هیچ کات و ساتێک نەیخواستووە ، ئەوانەی لەخوار خۆیەوە ، بڕیار لەسەر کوشتن و ئەشکەنجەی خەڵک بدەن ، ئەو وەک مامی هەمووان بەچاویی لێبوردەییەوە سەرکردایەتی هەمووانی کردووە ،، کردە خراپەکانی وەک کوشتن و ئەشکەنجەو دورخستنەوەو سزادانی هەڤاڵان هیچ کات و ساتێک لای پەسند نەبووە ، ساتێک پێی زانیووە جگە لەتوڕە بوون سەرزەنشتکردن ، سزای لێسەندەوەو پلەوپایەکەشی داووە . ئەوەی لەدوای تاڵەبانییەوە ڕوودەدات ، پێچەوانەی کردەکانی تاڵەبانیی یە ، دژایەتی یەو هیچ سۆزێکی خۆشەویستی و ڕێزی بۆ ئەو پیاوە گەورەیە نییە . ئەوانەی خۆیان بەیەکێتی دەزانن ، دەبێت هەڵگری هەمان کردەی تاڵەبانی بن ، کوشتن و ئەشکەنجەو سزادانی ترسناکی خەڵکی بە کوفرێکی سیاسیانەی یەکێتی بزانن .