بەكر ئیبراهیم : نامەكەی مەلیك فەیسەڵ و سوێندەكەی قازی محەممەد .
سەرەتا بە نامەكەی مەلیك فەیسەڵ كە یەكەم مەلیكی عێراقی دروستكراوی دەستی ئینگلیزە ، دەست پێدەكەم كە لە مارسی 1933 ـ دا نووسیویەتی ، ئەمەیش لەبەر ئەوە نا نامەیەكی مێژوویی یەكەمین مەلیكی عێراق بووە ، بەڵكو لەبەر ئەوەی چەندین راستیی سایكۆلۆژییەتی تاكی عێراقی و پرسی چارەنووسسازی تێدایە ، كە هێندە راستییان تێدایە لە ساتەكانی نووسینەوەیەوە تاكو ئێستا هیچ فیكر و هێز و سیاسەتێك نەیتوانیوە بەتاڵیان بكاتەوە ، ئەگەرچی بۆ فەیسەڵ كۆمەڵێك راستی تاڵن كە گوتوونی ، بەڵام ناشزانم هۆكاری گوتنەكەی چییە ، كەوا مەلیك سڵ لە كردنیان نەكاتەوە و بێ هیچ دەمامكێك بڵێ ، من بەدڵێكی پڕ لە خەفەتەوە دەڵێم باوەڕم وایە كە ئێستا لە عێراقدا گەلێكی عێراقی بوونی نییە ، ئەوەی هەیە تەنیا چەند گرووپێكی خەیاڵییە ، ئەو گرووپانەش خاڵین لە هەر بیرێكی نیشتمانی ، بەپێچەوانەوە ئەو گرووپانە بار كراون لە تەقالید و خورافیاتی ئایینی و هیچ شتێك پێكەوە كۆیان ناكاتەوە و بەردەوام گوێ لە خراپە دەگرن و حەزیان لە فەوزایە ، ئەو گرووپانە هەمیشە ئامادەن بۆ راپەڕین دژ بە هەموو حكوومەتەكان ، ئێمە دەمانەوێت لەو گرووپانە گەلێك دروست بكەین و پەروەردە و فێركردنی پێ ببەخشین . ئەوەی دەزانێت پێكهێنان و دروستكردنی گەلێك لەم بارودۆخەدا چەند گرانە ، دەبێت هەروەها بزانێت ئەو هەوڵدانە چەند گەورە و زەحمەتە لە پێناوی ئەم دروستكردن و پێكهاتانەدا .
لە ئێستاشدا كە 82 ساڵ بەسەر نووسینی نامەكەی مەلیك فەیسەڵدا تێدەپەڕێت و ، فوئاد مەعسوم كە كوردەو و سەرۆككۆمای عێراقی ئێستایە ، ئەم عێراقە نەبوو بە پارێزەری هەموو دینەكان ، هەموو ئایدۆلۆژییەكان ، هەموو شوناسەكان ، كورد و سوننە و شیعە تا ئەمڕۆش نەیانتوانی بڵێن هەموومان عێراقین .. بە تایبەت ئێمەی كورد كە لەسەر دەستی یەك بە یەكی دەسەڵاتدارانی عێراقی زۆرێك لە هاووڵاتیانمان ئەشكەنجە دران و شەهید كران . مزگەوت و كەنیسە و پەرسگەكانمان رووخان ، رەوتی ژیانیان گۆڕین ، نیشتمانەكەیان كاولكردین و سەروەت و سامانەكەشیان بە تاڵان بردین ، شتێك جگە لە تێكۆشان نەمایەوە بۆ دڵخۆشیمان لەو وڵاتەدا ، ئەمرۆش كە ناوچەكە بووەتە داكەمارانەی كێشەكان ، دەبێت بە ئارامی خۆمان بۆ كۆتایی عێراق و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ئامادە بكەین ، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و میدیاكانیش تێگەیشتنێكی زیاتر بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان پەیدا بووە ، ئەوەش هەمووی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە كوردستان توانیویەتی مۆدێلێكی سەركەوتوو لەسەر مەسەلەی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و ئاسایشی وزە و پێشكەوتنی ئابووری و پێكەوەژیان بخاتە ڕوو لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەو دۆخە ناسەقامگیریەی كە هەیە ، توانیویەتی سەقامگیریی خۆی بپارێزێت و بیسەلمێنێت كە بەشێكە لە كلیلی چارەسەر لە ناوچەكە و بۆ یەكەمین جاریشە لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە دەبینە خاوەنی تەواوی خاكی خۆمان ، ئەوەش بە چۆن مێژوویەكی رەش ، بەڵام ئێستا جێگای دڵخۆشییە كێشەی خاكمان نەماوە و ئەگەر هەشبێت زۆر كەمی ماوە و پرسی سەربەخۆیی كوردستان و دابەشكردنی عێراقیش لە گومان و چپەچپەوە بۆ دابەشكردنێكی حەقیقی و حەتمی گۆڕاوە و بەدەنگی بەرزەوە باس لە دەوڵەتی نوێی كوردستان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و كۆتاییە ئەبەدییەكانی عێراق دەكرێت .
گۆڤاری تایم كە گۆڤارێكی سیاسیی بەناوبانگ و زۆر نزیكی ناو جومگە گرنگەكانی دروستكردنی بریارە لە ئەمەریكا و خۆرئاوادا ، لە راپۆرتێكیدا باس لە دابەشكردنی عێراق دەكات و لە بەشێكیدا نوقتەی بۆ حەتمییەتی دابەشبوونی عێراق بۆ 3 دەوڵاتی سەربەخۆ دانا ، كاتیك زۆر بە روونی ئاماژەی بۆ سنوور و قەڵەمڕەویی ئەو 3 دەوڵەتە كرد و بۆ یەكەمین جار سنوورە جوگرافییەكانی ئەو 3 دەوڵەتەی راگەیاند ، كە من تەنێ لەسەر دەوڵەتی كوردستان دەوەستم . بە گوێرەی راپۆرتەكەی تایم ، دەوڵەتی كوردستان دەكەوێتە باكووری عێراق و كەركووك و بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكانی رۆژئاوای كوردستانیش دەكەونە ناو سنوورەكەیەوە .
ئەوەی لەم هەژان و وەرچەرخانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بە تایبەتیدا بۆ ئێمەی كورد گرنگە ، سەرەڕای ستەم و داگیركاری و كوشتن و ماڵوێرانیمان لەسەر دەستی داگیركەران و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەردەوامیی ئەو غەدرەی مێژوومان ، ئەوەیە لەو نەخشە سیاسییە نوێیەدا كە ئێستا خاكمان بۆ گەڕاوەتەوە و هەرێمەكەشمان شەرعییەتی نێودەوڵەتیی هەیە ، بەشێوەیەكی سیاسی و ئاشتیانە ئەو شتە دەستەبەر بكەین كە سەدان ساڵە لە پێناویدا شۆڕشمان كرد و قوربانیی كەموێنەمان بۆی دا .
بۆیە دەبێت هەموو خەڵكی ” سەبر ئەییوب گرتوو ” ی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە هەموو هەوڵ و خەبات و قوربانیدانەكانیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بووە و ئێستایش باشترین دەرفەتی سەربەخۆییمانە ، لە ئەمڕۆدا دووبارە سوێندەكەی سەرۆككۆماری جوانەمەرگی كوردستان پێشەوا قازی محەممەد بخۆینەوە كە دەفەرمووێت ، ئەمن بە خودا ، بە كەلامی عەزیمی خودا ، بە نیشتمان ، بە شەرافەتی میللیی كورد ، بە ئاڵای موقەددەسی كوردستان سوێند دەخۆم كە تا ئاخر هەناسەی ژیانم و رژاندنی ئاخر تنۆكی خوێنم ، بە گیان و بە ماڵ لە رێی راگرتنی سەربەخۆیی و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستاندا تێبكۆشم و نیسبەت رەئیسی جمهوری كوردستان و یەكیەتیی كورد ، موتیع و وەفادار بم .