عیماد عەلی : کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکی هەرێم نەبەسترێت بە ئامادەکردنەوەی دەستورەوە .
دیارە ئەو پەیمان و وەعدەی سەرجەم حزبەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان خستیانە بەردەم هاوڵاتیان و ، لەپێشەوەی هەموو بەرنامەیەک ، دانانی دەستورێکی گونجاو و دیموکراسی و شایستە بوو ، بەتایبەتی حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەوسا . هەموو لایەک دەزانن کە ناوەرۆکی پرۆژە دەستورەکە و درێژکردنەوەی ماوەی حومکرانی سەرۆکی هەرێم خاڵی ناکۆکی گەورە بوو لە نێوان لایەنەکاندا .
پاش هەڵبژاردن ، ئەوە بۆ ساڵێک و ئەوەندەیە کەس باسی لە دەستور نەکرد کە پێش هەمو لایەک ئەرکی ئۆپۆزسیۆنی ئەوسا بوو بیخاتە بەر باس و پێداچونەوە ، بەتایبەتی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانیش لە ئەندامانی ئەوانن ، بۆچی دواخرا ، دەبێت وەڵام لای ئەوان بێت ، بەهانە هێنانەوەی هاتنی داعش قەناعەت بەکەس ناکات لەبەر ئەوەی داعش بە چەندین مانگ پاش دەستبەکاربونی پەرلەمان هات و ئێستاش لەبەر دەرگاکەمانە و هەرەشەیە لەسەر کوردستان ، بەڵام پرۆسەی دەستور گەرم و گوڕە و کراوەتە گرنگترین مەسەلەی ئەم کاتە و وەک ئەوەی کاتمان لەبەردەست نەمابێت .
ئەوەی بیری لێ دەکرێتەوە کە ئەم مەسەلەیە بۆ ئەوە هێنراوەتە ئاراوە کە لەو رێگایەوە سازش لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی حوکمی سەرۆکی هەرێم بکرێت و حزبەکان قازانجی تایبەتی خۆیان بکەن ، هیچ گرفت نیە لای ئەوان دەستورێکی کرچوکاڵ بەرهەم بهێنرێت لە پێناو درێژکردنەوەی حوکمرانی سەرۆکی هەرێم و قازانجکردنی خۆیان ، بەڵام خەڵکانی دڵسۆز و پسپۆر و ئەکادیمی کوردستان دەبێت خەڵکی لێ ئاگادار بکەنەوە و پرۆسەکە لە ئەستۆ بگرن و نەهێڵن ببێتە قوربانی ململانێی بەرژەوەندخوازانەی سیاسی و لەدەستی سیاسیە حزبیە تەسکبینە بەرژەوەدخوازەکانی دەربهێنن .
ئەوەی زۆر پێویستە بکرێت و بوترێت لەسەر ئەم مەسەلە :
1 – دەبێت دارشتنەوە و ئامادەکردنەوەی دەستوری هەرێمی کوردستان نەبەسترێتەوە بە ماوەی حوکمرانی سەرۆکی هەرێمەوە .
2 – ئەگەر باس و گفتوگۆ و توێژینەوە وکۆبونەوەی سەرجەم لایەنەکان و رێکخراوە مەدەنیەکان و دامودەزگا رەسمیە پەیوەندیدارەکانیش بکرێت و لەوبارەوە کاری خۆیان بکەن و پرۆسەی بەرهەمهێنانی دەستور کارا بکرێ ت، هیچ زەرەرێکی نابێت ، بەڵام بە مەرجێک هێمنی و بێلایەنی پارێزراو بێت و کاریگەری سیاسەتی رۆژی لەسەر نەبێت و لە بازنەیەکدا قەتیس نەکرێت .
3 – سەرکەوتنی بەرهەمهێنانی دەستورێکی گونجاو و پێشکەوتنخوازانە لەسەر زەمینەی بارودۆخێکی سەقامگیر و هێمن و ئاشتی بەندە ، بۆیە تەنها ئامادەکردنەوەی دەستور بێ تێپەراندنی لە پەرلەمان لەم بارودۆخەدا قازانجی زیاترە لەوەی بەم خێرایی و باروزروفەوە بە نیوەناچڵی تێپەرێنرێت .
4 – بۆ ماوەی دوو دەهەیە هەرێمی کوردستان بێ دەستورە و هیچ کاتێکیش لەم وەزعە ئاڵۆزتر نەبووە، دەکرێت کار لەسەر دەستور بکرێت و بەڵام کاتەکەی کراوە بێت و چاوەرێی یەکلاکردنەوەی بارودۆخە لەناکاوەکەی داعش بکرێت و ئەوجا بە ئازادیەوە دەستورێکی کامڵ بێتە ئاراوە .
5 – دەبێت باس و خواس لەسەر چونێتی درێژکردنەوەی ماوەی حوکمرانی هەرێم بەدوور بێت لە ئامادەکردنەوەی دەستور . نابێت بەهیچ شێوەیەک سازشی سیاسی کاریگەری خۆی لەسەر ئامادەکردنەوەی دەستور هەبێت . بەڵام ئەوەی جێگەی باسە ، بەراشکاوی هەموو لایەک دەزانێت هیچ کەسێک بەو لیجنە حزبیە پەرلەمانیە گەشبین نیە و ، هەمو لایەکیش لەوە دڵنیایە کە لەپێش هەموو شتێک ململانێی سیاسی تێدەکەوێت .
6 – پێویستە چەندین لیژنەی ئامادەکردنی دەستور لە لایەن ئەکادیمیەکانی کوردستان و بە پشتگیری وەزارەتی خوێندنی باڵا و رێکخراوە مەدەنیەکان پێکبهێنرێت و چەندین پرۆژە دەستوری گونجاو ئامادە بکەن و ، بە راگەیاندن رای گشتی لێ ئاگادار بکەنەوە و بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە .
7 – پێشوەخت کەلێن و کەموکورتیەکانی ئەم پرۆژە دەستورەی لەبەردەستدایە باس بکرێت و نەهێڵرێت بەسەر هیچ لایەکدا تێپەرێت .
8 – دەستور لە هەموو لایەکی سیاسی و یاسایی و ئابوری و رۆشنبیریەوە نەبەسترێتەوە بە بارودۆخی ئەم رۆژ و قۆناغەی کوردستانەوە .
9 – قازانج لە دەستوری وڵاتە هاوشێوەکانی کوردستان بکرێت نەک تەنها دەستوری عیراق لەبەرچاو بگیرێت ، لەوبارەوە توێژینەوەیەکی تایبەتی دەربارەی سەرجەم دەستورەکانی جیهان بخرێتە ئەستۆی لیژنەیەک یان چەندین پسپۆری ئەکادیمی شارەزا لە کوردستاندا .
10 – ئەگەر بمانەوێت دەستورێکی نایاب و بە کەمترین کەموکوریەوە بەرهەم بێت ، زۆر پێویستە کاتی تێپەڕاندنی پرۆژەی دەستوری ئامادەکراو لە پەرلەمان بخرێتە دوای 30 ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە .
11- لە ئێستاوە کەلێنێکی گەورە لە چونێتی کارکردن و تێپەراندنی دەستور لە ئارادایە ، ئەوەش لە سازش کردن لە نیوان لایەنەکان لەسەر برگە و بابەتەکانی دەستور خۆی فەرز کردوە و لە یاسای لیژنەکەشدا بە روونی دیارە ، کە ئەمەش لاوازی دەستورەکە فەرز دەکات و ململانێی لایەنەکان رەنگ دەداتەوە و هەڵوێستی سیاسی هەنوکەیی دەخزێنرێتە ناوەخنی دەستورێک کە بۆ چەندین ساڵی تر کاری پێدەکرێت .
12 – بەهیچ شێوەیەک تەواوکردنی ئامادەکردنەوەی پرۆژەی دەستور نەبەسترێت بە کاتێکی دیاریکراوە و ، لەوبارەشەوە هەڵە و کەموکورتیەکانی دەستورەکەی عیراقمان لەبەر چاو بێت لە دیاری کردنی کات و قەتیس کردنی لە سەقف و مەدایەکی زەمەنی کورتدا .
بۆیە ، ئەگەر هەر لە ئێستاوە کار لەسەر بەرهەمهێنانی دەستور دەکرێت ، دەبێت لەهەمو لایەکیەوە بکرێت ، چونێتی کارکردن لەسەر بابەتە بە شێوەیەکی زانستیانە ، چۆنێتی بەشداریکردنی پسپۆران بە هەمو ریگاکانەوە ، چۆنێتی قازانج بینین لە رێکخراوە مەدەنیەکان و توانا هەمەجۆرەکان ، واتە دەتوانین بڵێین بەو شێوەیە ، بەکارکردنی لایەنی رەسمی و نارەسمی و بە هێمنی و دوور لە ململانێ و مەبەستی شەخسی و حزبی و ئایدیۆلۆجی تایبەت و لە مەودایەکی گونجاو و زەمەنێکی پێویستدا بە کەموکورتیەکی کەمەوە ، دەستور بەرهەم دێت و تێدەپەرێنرێت .