عەتا قەرەداخی : بۆ شێخ رەزای تاڵەبانی ـ حیزبی کوردی تاکو ئێستاش چاویان لە پایتەختەکانی داگیرکەرانی کوردستانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

پاشی زیاتر لە سەدەیەک لە کۆچت هێشتاکە ئەم کوردستانە
بەشێکی مەحکومی عەجەمەو بەشێکی یەخسیری ئالی عوسمانە

رەنگە من لە ریزی پێشەوەى ئەو کەسانەبم کە زیاترین قسەیان لەسەر پێکهاتەى حیزبی کوردی و بێ بەرنامەیی و بێ ستراتیژی ئەم حیزبانە کردووە . تاکو ئێستاش پێموایە حیزبی کوردی نە خاوەنی پرۆژەى نەتەوەیی و نیشتیمانیە نە هەڵگری گوتاری ناسیونالیزمە نە ستراتیژی نەتەوەیی هەیە، بەڵکو بە گشتی حیزبی کوردی بەرهەمی کاردانەوەی تووندوتیژی داگیرکەرە شۆڤێنیەکانی کوردستانە. لەبری ستراتیژیش حیزبی کوردی بە تاکتیکی رۆژانە کاردەکات و بەردەوام تاکتیک جیگای شتراتیژی گرتووەتەوە کە ئەمەش مانای ئەوەیە حیزبی کوردی بەرنامەیی ئایندەیی نیەو ئاسۆی ئایندە تەنیا لە روانگەى بەرژەوەندییە تەسکە حیزبیە رۆژانەکانیەوە دەبینێت .
تاکو ئێستاش هیچ حیزبێکی دیاری کوردی بوێری ئەوەى نیە بە ئاشکرا باسی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی بکات ، ئەمەش دەیسەلمێنێـت کە حیزبی کوردی خاوەنی پرۆژەى نەتەوەیی نیە هەر بۆیە بوێری باسکردنی بابەتێکی وەها گرنگی نیە . هەروەک خاوەنی گوتاری ناسیونالیزمیش نیە چونکە گوتاری ناسیونالیزم لە درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەییدا پێناسە دەکرێت . بەڵام وەک ئاشکرایە حیزبی کوردی تاکو ئێستاش چاویان لە پایتەختەکانی داگیرکەرانی کوردستانە ، رۆحیان بەستراوە بە بەغداو تاران و ئەستەمبوڵ و دیمەشقەوە ، بە تایبەتی لەم سەردەمەدا پایتەختی عەجەم و پایتەختی ئالی عوسمان لە لاوازی کەسێتی حیزبی کوردی تەحەکوم بە چارەنووسی کوردەوە دەکەن . بەشێک بەو با بۆگەنە هەناسە دەدەن کە لە سیەکانی ئەردۆگانەوە دێتە دەرێ . بەشێکیش رۆحی خۆیان فرۆشتووە بە شەیتانەکانی بن ریشی ئاخوندە عەجەمکیەکان و شاگردەکانیان وەکو پاڵەوانی شانۆگەری دکتۆر فاوستی کریستۆڤەر مارلۆ.
لە ئێستاى باشووری کوردستاندا چەندین قەیرانی ناوخۆیی دەستی خستۆتە بینەقاقاى حکومەت و حیزبەکانەوە . گەندەڵی جەستەی حکومەت و حیزبی داڕزاندووەو هۆکارەکەشی دەسەڵاتی حیزب و بەرپرسانە بەسەر کۆی جومگەکانی بەڕێوەبردن و حکومەتدا ، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی درۆیەکی ئاشکرای ناو راگەیاندنی حیزبی و وتەى شەو و رۆژی ئەو بەرپرسانەیە کە شەرم لەهیچ ناکەن . بێکاری دیاردەیەکی ئاشکرایەو قەیرانی دارایی ناشاردرێتەوە. ململانێی نامەشروعی نێوان حیزبەکان لەسەر بەرژەوەندی و هەروەها بۆ رازیکردنی داگیرکەرە جۆراو جۆرەکانی کوردستان قسەوباسی هاووڵاتی ئاسایی سەر شەقامە . یاریکردنی داگیرکەران و پنتە جۆراو جۆرەکانیان بە حیزب و بەرپرسانی کوردستان ئاشکرایە . هەژموونی ئێران و تورکیا بەسەر هەرێمی کوردستانەوە هەمان شێوەى هەژموونی ئاغاو بەگەکانی قۆناغی دەرەبەگایەتیە بەسەر مسکێنەکانیانەوە . سنووری میرنشینی بابانی سەدەی هەژدەو نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەو سەوز و مۆری ئێستا مەحکومی دەستی عەجەمەو جوگرافیای میرنشینی بادینانی ئەوساو زەردی ئێستا سوخرەکێشی ئالی عوسمانە . ئومەتی سوخرەکێشی ئالی عوسمان ئێستا هێزو هەژموونێکی زیاتری هەیەو بە روانینی ئومەتی مەحکومی دەستی نەوەکانی سەفەوی و قاجەری واتە عەجەم ، سوخرەکێشانی ئالی عوسمان غەدرێکی زۆر لەمان دەکەن . هەستکردن بەو غەدرە گرێی هەست بەکەمیکردنی لەلای ئەم ئەهلە مەحکومەی دەستی عەجەم درووستکردووەو مەیلێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە سوخرەکێشی ئالی عوسمان لا دروست کردوون کە دەشێ ببێتە هۆی کێشەى ترسناکتر و گرفت و ئاژاوەى گەورە .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ بۆ شێخ رەزای تاڵەبانی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت