سەباح شێخانى : پیاسەیەک بە نێو کۆڵانەکانى منداڵییدا .
ئاسمانی هونەر و ئەدەبیی نەتەوەکەمان بە ناوی چەند ژنە نووسەرێکی لێهاتوو ، بوێر و پرشنگدار ، درەوشاوە و ڕازاوەتەوە کە جێگەی شانازی و ستایشن . شیعر حیکمەتی مانەوەی ڕۆحی مرۆڤە ، ” ریلکە ” گووتەنی شاعیرەکان چەند لوولەیەکی موقەددەسن ئاوی ژیانیان تیدا دەپارێزرێ ، تەنیا هەر شیعرە ، گۆرانی بۆ ناخی ماندوو دەڵێن ، گۆرانی بۆ ئەو پەڵکە گیایانە دەڵێن کە لە مێژە تینووی بارانن .
خوێندنەوە و نووسین لەسەر هەر دەقێک کارێکى سانا نییە ، بەندە هەوڵ دەدات راڤەیەک بۆ شیعری ” بیری منداڵییم دەکەم ” ى ڕووناک شوانى بکات ، ئەگەرچی ئەو لە دونیاى ئەدەبدا زێتر بە وەرگێڕ ناسراوە .
گرنگی خاتوو شوانى لەوەدایە لە ناوەراستی هەموو گەردەلوول و کارەساتەکاندا ستایشی ژیان دەکات ، ئەو تەنیا وابەستەی زیندووێتی خۆی نییە ، بەڵکو وابەستەی لادان و شکاندنی هەر قاڵبێکە کە بوونمان گەمارۆدەدات . شوانى ، نوێنەری هاواری ژیانە ، نەوەک هاواری ئایدۆلۆژیایەک یان بەرەیەک . ئەو شاعیری ڕووداوە گەورەکان و شتە بچووکەکانیشە ، شیعری ئەو بریتییە لە سەفەرێکی بێوچان ، قووڵ و پڕ لە سەرسامی بە نێو شتەکان و گەڕانەوە بۆ نۆستالژیا
بیری منداڵییم دەکەم
ئەو دەمەی گوڵی هەناسەم
لەسەر پەنجەرەی چاوەڕوانی دەنەخشاند
ناوم بەپیتی سەرابیی تیا دەنووسی ..
مورووە ڕەنگاوڕەنگەکانم
لە قوتووی بەختم دەنا و
نزام دەکرد قوماری ژیان بەرمەوە .
ئەرکى نووسەر ئەوەیە ، دونیا لە چاویلکەکەى خۆیەوە شرۆڤە بکات و لە ئەزموونى خۆی بدوێت ، بەختیار عەلی گوتەنى : ” شەرت نییە هەموو ئەوانەی دەینوسم دەربڕینی ناخی خۆم بێت بەڵام ئەوە دەنوسم کە پێم جوانە .” ئەو ، هیچ کات لە نووسین بەولاوە زمانێکی تری نەبووە ، پێوەندى ڕووناک لەگەڵ شیعر ، وەک هەستى فەرووغ فەرووخزادە ( 1935-1967 ) بۆ پەروێز کە دەبێژێت : ” پەروێزی میهرەبانم پرسیارێ لە تۆ دەکەم دەبێ هەر وەڵامیشی بدەیتەوە ، ئایا مۆڵەتم دەدەیتێ بە ئارەزووی خۆم وێنەکەت ماچ بکەم .!”
لاسارانە
پاسکیلی براکەم دەڕفاند
کۆڵانەکانی ڕەحیماوام تەی دەکرد
پێموابوو باڵم گرتووە …
هیچ گرنگ نییە مرۆڤ دڵی لەکوێ بێت ، ئەوەى جێگەى بایەخە سەربەخۆ بێت ، ئەگەر دونیا هی تۆ بێت بەڵام خاوەنى خۆت نەبووی هیچ نرخێکى نییە . هیچ هێزێک هێندەی هێزی وشە کاریگەر نییە ، پاوڵۆ کۆیلۆ لە شوێنێکدا ، دەڵێت :” وشەکان هێندەی چەک کاریگەرە .”
نەمدەزانی ڕۆژێک دادێ
لە پەنجەرەی غوربەتەوە
چلوورەی سەهۆڵبەندانی تەمەن دەژمێرم
مورووەکانم لە نێو حەشری ڕۆژگار
لێ ون دەبن
بڕوام بەنزا نامێنێت
قوماریش چش …
شاعیر دەنووسێت : مورووەکانم لە نێو حەشری ڕۆژگار لێ ون دەبن مەبەست لێی هیوا و خەونى منداڵییەتى کە چلۆن لەگەڵ گەورە بوونى تەمەن و گۆڕانى ڕۆژگار و دوورکەوتنەوە لە مەفتەن ئەوانیش ون و ئاوا دەبن . ژیانی مرۆ پڕە لەو گرێیانەی کە خۆى نەیبەستوون بەڵام دەبێت هەموویان بکاتەوە !.. شیعر لە دوا جار تەنیا زمانە ، گەمەکردنی زمانە ، جۆرە ئیشکردنێکە لە سەر زمان بەڵام لە قووڵاییەکان ڕوو دەدات ، بێدەنگ دەهێنێتە زمان ، ئاماژەکان بەیان دەکات ، دەنگەکان ڕووت دەکاتەوە و جیهان بە جۆرێک دەنووسێتەوە کە مانایەکی دیکەی دەداتێ . نووسین نە بانگەشەی پێویستە نە جوانکاری ، ئەوانەی هونەرى نووسین دەزانن هەرگیز بەو ئامانجە قەڵەم ناگرنە دەست کە بەبێ ڕەزامەندی خۆیان نووسینیان بەسەردا بسەپێنری ، بەڵکو وەک خشتى دیوار وشەی جوان لەسەر یەک دادەنێن و وەستایانە چیان مەبەست بێت دروستى دەکەن . وەک ڕوونە ئێستە شاعیر لە دوورەوڵات دەژیت ، لەوێوە سات لەدواى سات چرکەکانى ئاوابوونى تەمەن دەژمێرێت ، مرۆ لەهەر شوێنێک بژى هەر بیر لە زێدى خۆی دەکاتەوە ، بەڵام کاتێک ڕۆژگار ئینسان دەهاڕێت ، ئیتر نە نزا و نە هیچ شتێک بە فریاى ناگات
نە پاسکیلێ باڵی فڕینم پێ دەدا
نە کۆڵانی منداڵیی دەدۆزمەوە
کەچی هێشتا لاسارانە
لە دووی ئاسمانێ ئاسوودە و
جووتێ باڵ بۆ فڕین وێڵم .
سەرچاوەی شیعرەکانی ئەم خانمەشاعیرە ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتى ، ئەو شیعر نانووسێت ، ژیانى دوێنێی دەنووسێتەوە ، بە هەموو خۆشی ، ناخۆشی ، گۆشەگیری ، تەنیایی ، ترس و دڵەڕاوکێیەکییەوە . پیاسەیەک دەکات بە نێو کۆڵانەکانى منداڵییدا ، نیتشە بەر لە عەیامێک گوتویەتى : ” گەر نووسیت ، بە خوێنت بنووسە .” لە شیعرەکەیدا ( بیری منداڵییم دەکەم ) ڕووناک وێڵە بە دواى زەمینێکى ئاسوودە و جووتێک باڵ بۆ فڕین ، فڕین بەرەو ئازادى . مرۆ تەنانەت ئەگەر لە خۆشترین ژیانیش بژیت ، بەڵام ئەگەر وەک گیانەوەرێک ئازاد نەبێت ئەوە هیچ بەهایەکى نییە ، مرۆڤ بە پلەى یەکەم لە ژیاندا هەموو هەوڵى بۆ ئەوەیە تا خێراو خێراتر بەرەو دونیاى ئازادى هەنگاو بنێت و هەرچی زووترە پێی بگات .