دکتۆر سەردار عەزیز : ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌ت له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست .
ده‌وڵه‌ت ، وه‌ك سیسته‌مێکی باڵای مۆدرێن له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاورده‌ی رۆژئاوایه . جۆره ده‌وڵه‌تانی وه‌ك عێراق ، سوریا ، لوبنان ، ئوردون ، کوێتو ئه‌وانی تر هه‌مو وڵاتانی له‌رزۆکی ، بێ بنه‌مای لاوازن . ئه‌م وڵاتانانه هه‌ر هه‌مویان له‌قه‌یراندان . قه‌یرانی شکستی بون به‌ده‌وڵه‌ت . مێژوی ئه‌م شکسته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌یه‌ك لهمهوپێش کاتێک مۆدێکی وێستڤیلیا هێنرا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست . مۆدێکی وێستڤیلیا بریتیه له‌سه‌رهه‌ڵدانی سیسته‌مێکی به‌ڕێوبه‌ری ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی که له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده له‌ئه‌وروپا له‌پاش جه‌نگی سی ساڵه‌ی ئه‌ورپا هاته ئاراوه .
خه‌سڵه‌ته‌کانی مۆدێلی ده‌وڵه‌تی رۆژهه‌ڵاتی:
یه‌كه‌م ـ له‌به‌ر نه‌بونی دهوڵهتو نه‌ته‌وه ، پێکهاته کۆمهڵایهتیهكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نه‌یانتوانیوه ببنه پێکهاته‌ی سیاسی فراوان ، به‌ڵکو هه‌ر له‌سنوری خێڵ‌و بنهماڵهییو ناوچه‌گه‌ریی سنورداردا مانه‌وه . کاتێک ئه‌وروپاییه‌كان مۆدێلی ده‌وڵه‌تیان هێنا بههیوابون که ده‌وڵه‌ت له‌رێگای ده‌زگاکانیه‌وه : سه‌ربازو قوتابخانه‌و بیرۆکراسی ئه‌م پێکهاتانه بکاته نه‌ته‌وه بۆ خۆی . به‌م پێیه ، ده‌وڵه‌ت پێش نه‌ته‌وه که‌وتو ئه‌رکی دروستکردنی نه‌ته‌وه‌ی پێ سپێردرا . ئه‌م ئه‌رکه ئه‌رکێکی سه‌خت بو . چونکه نوخبه‌ی ده‌وڵه‌ت کاتێک ده‌وڵه‌تیان درایه ده‌ست ، خه‌ڵكانی ده‌وڵه‌تمه‌دار نه‌بون ، به‌ڵکو خه‌ڵکانی خێڵه‌كی‌و تایفی‌و بنه‌ماڵه‌یی بون . بۆیه له‌بری دروستکردنی نه‌ته‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت هه‌وڵیاندا که چۆن ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه یان تایفه بسه‌پێنن به‌سه‌ر سه‌رجه‌م پێکهاته‌كانی تردا . له‌ئه‌نجامدا ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن نه‌ته‌وه نه‌هاته ئاراوه ، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌وڵه‌تی بێ نه‌ته‌وه هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی بێناسنامه هاته ئاراوه .
دوه‌م ـ کاتێک ده‌وڵه‌ت دروستکراو ئامرازی پێدرا خۆی بسهپێنێتو پێکهاته جیاوازه‌کان یه‌ك بخات ، ئیتر ده‌وڵه‌ت چرای سه‌وزی بۆ هه‌ڵکرا که ببێته به‌کاربه‌ری توندوتیژی . هه‌رچه‌نده به‌پێی پێناسه ناسراوه‌که‌ی ویبه‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌بێت مۆنۆپۆلی توندوتیژی بکات به‌شێوازێکی شه‌رعی له‌پێناو رێگه‌گرتن لهتوندتیژی تر ، به‌ڵام ئه‌مه بۆخۆی یانی رێگاپێدان نیه بهسڵنهكردنهوه له‌توندوتیژی هه‌تا ئاستی جینۆساید . ئه‌م توندوتیژیه‌ی ده‌وڵه‌ت په‌رچه‌كرداری به‌رهه‌م هێنا. له هه‌مانکاتدا جۆرێک له‌ناوه‌ندو په‌راوێز . به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ناوه‌ند توانای خۆڕاگرتنی نه‌بو جگه له‌شێوازی توندتیژی نه‌بێت .
سێیه‌م ـ ده‌رئه‌نجامی ئه‌م ناوه‌ندگه‌رایی پڕ لهتوندوتیژیه ده‌وڵه‌تێک بو که له‌ڕوی گه‌شه‌و ئابوری‌و هاوڵاتیبونو ئیداره‌ی پانتایی‌و سیاسیه‌وه شکست خواردوبو . هۆکاری سه‌ره‌كی ئه‌م شکسته نه‌وت بو . چونکه نه‌وت جۆرێک له‌ئابوری له‌م وڵاتانه‌دا هێنایه ئاراوه که ئاسان بو بۆ ده‌وڵه‌ت که ببێته خاوه‌ن چهكو تهقهمهنیو سه‌ربازو کرێگرته . ئه‌م ئاسانکاریه سوته‌مه‌نی ئه‌و باوهڕهبو که ده‌وڵه‌ت ده‌بێت له‌ڕێگای زه‌بروزه‌نگه‌وه خۆی بسه‌پێنێت . ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه سڕینه‌وه‌ی هه‌مولایه‌نه‌كانی تری مۆدێرنهبو ، که پێویستن بۆ بون بهکۆمهڵگایهكی سه‌رده‌می وه‌ك ئازادی ، چاکه‌ی گشتی ، سیسته‌می ئابوری ، ئابوری مه‌عریفه ، هه‌روه‌ها سه‌رمایه‌داری .
که‌واته خه‌سڵه‌تی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست بریتی بو له‌باڵاده‌ستی یان که‌ڵه‌گایی پێکهاته‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر هه‌مو پێکهاته‌کانی تردا ، به‌بێ سڵکردنه‌وه له‌به‌كاربردنی توندوتیژیو هه‌وڵی خۆسه‌پاندن . ده‌رئه‌نجام په‌راوێزبونی هه‌مو جیاوازه‌کانی یان هه‌مو ئه‌وانی تر .
کاتێک ئه‌مریکا له‌ساڵی ٢٠٠٣ هات بۆ عێراق ، عێراقی وه‌ک گه‌لی عێراق نه‌بینی . چونکه ئه‌مه فه‌نتازیایه‌کی نه‌خۆشه . به‌ڵکو عێراقی وه‌ك خۆی بینی که پێکهاتوو له‌سێ پێکهاته‌ی سه‌ره‌كی . ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌مریکا ، بریتی بو له‌هه‌وڵدان بۆ تێپه‌ڕاندنی مۆدێلی زاڵبونی یه‌ك پێکهاته به‌سه‌ر سیسته‌می حوکمدا لهعێراقداو فراوانکردنی بنکه‌ی حوکمڕانی بۆ گرتنه‌خۆی هه‌مو پێکهاته‌کانی تر . لێره‌دا کۆمه‌ڵێک پرسیار دێته ئاراوه : ئایا بونیادی حکومه‌تی عێراق توانای ئه‌وه‌ی تیادایه که فراوان بکرێت . له‌که‌یسی عێراقدا ناچاربو بکرێت بهفیدڕاڵی ، که مۆدێلێکه بۆ له‌خۆگرتنی جیاواز له‌هه‌ناوی یه‌کدا ، یانی مانه‌وه‌ی سه‌نته‌ر به‌ڵام به‌ده‌سه‌ڵاتی که‌متره‌وه . ده‌ستوریش وه‌ها داڕێژرا که ماف بدات به‌هه‌ر پێکهاته‌یه‌ك که قه‌واره‌ی خۆی دابمه‌زرێنێت له‌هه‌ناوی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا. لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاوبگرین که ناوه‌ند به‌سه‌رچاوه‌ی قه‌یران دانرا نه‌ك ناسنامه . به‌ڵام عێراق چه‌ندێک قه‌یرانی ناوه‌ندگه‌رایی هه‌یه چه‌ند هێنده قه‌یرانی ناسنامه‌ی هه‌یه . هاتنه‌وه‌ی دین ، چ له‌شێوه‌ی تایفه یان له‌شێوه‌ی ئیسلامی سیاسی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که پێکهاته‌كان ناخوازن پێکه‌وه بژین به‌ڵکو هه‌وڵده‌ده‌ن که به‌سه‌ریه‌کدا زاڵ بن . دین مۆدێلی پێکه‌وەژیان نیه ، به‌ڵکو مۆدێلی سهپاندنو سهرکوتو سڕینه‌وه‌ی جیاوازه‌کانه . بۆ نمونه په‌نابردنی سوننه بۆ ئیسلامی سیاسی یه‌کێک له‌هۆکاره سه‌ره‌كیه‌كانی ئه‌وه‌یه که سوننه ده‌خوازن حاکمی عێراق بن ، به‌ڵام سیسته‌می مۆدرێن ، که لەههڵبژاردندا خۆی ده‌بینێته‌وه توانای ئه‌وه‌یان پێنابه‌خشێت ، ئه‌وا به‌باشی ده‌زانن په‌نا ببه‌نه به‌ر ئه‌و مۆدێله‌ی که دژ بهدیموکراسیه ، بۆ شه‌رعیه‌ت دان به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات .
ئایا ئه‌م مۆدێله‌ی ئه‌مریکا چارسه‌ره یان قۆناغێکی ڕاگوزه‌ره ؟
دیاره ئه‌م مۆدێڵه کۆمه‌ڵێک رێگری له‌به‌رده‌مدایه . کاتێک ئه‌مریکیه‌کان ده‌خوازن که عێراق وه‌ك چوارچێوه‌یه‌ک بمێنێته‌وه ، ئه‌م خواسته جارێکی تر زاڵ ده‌که‌ن به‌سه‌ر سروشتی وڵاته‌که‌دا. به‌مانایه‌كی تر ئایا بونیادی دهوڵهتو حکومهتو ده‌زگاو خه‌یاڵی سیاسی‌و حوکمڕانی له‌عێراقدا به‌جۆرێکه که بتوانێت به‌ئاسانی له‌یه‌که‌وه بگوێزێته‌وه بۆ فره . ئه‌م وه‌رچه‌رخانه مه‌رج نیه ته‌نها پرۆسه‌ی فراوانکردن ، یان دابه‌شکردن ، یان پێکه‌وه‌بون بێت . به‌ڵام پێویستی بهوهرچهرخانی ڕادیکاڵی هه‌یه له‌خه‌یاڵی حوکمڕانی که هیچ پێکهاته‌یه‌ك خۆی به خاوه‌ن وڵات نه‌زانێت . هیچ لایه‌نێک هه‌وڵی سه‌پاندنی خواسته‌کانی نه‌دا ، هه‌روه‌ها ئاسایشی په‌یوه‌ندی هه‌بێت . کاتێک هیچ پێکهاته‌یه‌ك هه‌ست به‌ئاسایش ناکات به‌رامبه‌ر هیچ پێکهاته‌یه‌كی تر ئه‌وا ئه‌سته‌مه بتوانرێت به‌شێوازی پێکه‌وه‌یی حوکم بکرێت . له‌هه‌مانکاتدا ئه‌مه پێویستی به‌گۆڕینی ئهخلاقو باوه‌ڕو لابردن یان پیاداچونه‌وه‌ی مێژوه .
وه‌ك ده‌بینین له‌میانه‌ی ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندن بۆ پێکهاته جیاوازه‌کان بۆ حوکمکردن ، هه‌ریه‌ك بیر له‌وه ده‌کاته‌وه چۆن نه‌که‌وێته ژێر حوکمی ئه‌ویتر ، بۆیه خۆ قایمکردن ، باوه‌ڕنه‌كردن ، ترس سروشتی په‌یوه‌ندی پێکهاته‌کانن . که له‌ئه‌نجامدا بوه‌ته هۆکاری سڕینه‌وه‌ی هه‌مو جۆره په‌یمانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی . وڵات به‌بێ بونی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی ناتوانێت ببێته وڵاتی یاسا ، وڵاتی ده‌زگا ، وڵاتی پێکه‌وه‌بونی هاوڵاتیو ده‌سه‌ڵاتدار .
ئهمریکیهكان وه‌ها ئاڵۆز بیر له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناکه‌نه‌وه. ئه‌وان هه‌مو قۆناغێک لهههڵوهدای ئه‌وه‌دان که چۆن کێشه‌كانی ناوچه‌كه له‌میانه‌ی فره‌یمی مێژوی رۆژئاوادا وێنابکه‌ن . ئه‌م فره‌یمه به‌ته‌واوی مێژو و فاکته‌ری سیاسی‌و خه‌یاڵی خه‌ڵكی ده‌شێوێنێت .
له لایه‌کی تره‌وه ئه‌م هه‌وڵی بنکه فراوانکردنه له‌پێناو ناوخۆدا نیه ، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواسته‌کانی ناوه‌وه نیه به‌ته‌نها هێنده وه‌ڵامی یاری شه‌ترنجی سیاسی ناوچهییو جیهانیه .
کورد ده‌بێت پلانی وه‌ها بێت که فراوانبونی بنکه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت له‌فۆرمی تردابێت . پێکه‌وه‌بون له‌هه‌مان فۆرمدا، فۆرمی ناوهندگهرایییو یهكپارچهییو مافی سه‌رکوتکردنی ناوه‌ند بۆ په‌راوێز ، به میتۆدی ڤه‌یبه‌ر ، یان به‌تێگه‌یشتنی ڕه‌وایه‌تی به‌کاربردنی هێز بۆ له‌ناوبردنی هێز ، ئه‌وا ناوه‌ندگه‌رایی له‌عێراقدا ناتوانێت خۆی پێ ڕابگیرێت.
پێکه‌وه‌بونی پێکهاته‌کان پێویستی بهداڕشتنهوهیه . پێکهوهبونهكان ده‌بێت له‌پاش پێکهوهنهبون جارێکی تر له‌سه‌ره‌تاوه دابڕێژرێن .
س – ئاوێنە