ئاکۆ برایم : رێگا رەئوف بەکام رێگا ئازادمان دەکات ؟
هەمووان دەزانین کە سیستەمى سۆسیالیستى و کۆمونیستى خراپترین و گەندەڵترین و دیکتاتۆر ترین دەسەڵات بوو ، خوڵقێنەرى ( ستالین و شاوشیسکۆ ، چافێز و کاسترۆ و کیم ئیل سونگ و .. ) کە سەرلەبەریان رەوتى ژیانیان لەو وڵاتانەدا ، گەڕاندەوە بۆ سەد ساڵ لەوە و پاش ، گەر سەرنجى ولاتانى بلۆکى سۆسیالیستى بدەین ، روسیا و ئەوروپاى رۆژهەڵات ، دەبینین کە تا هەنوکەش نەهاتونەتەوە سەرخۆیان ، تا ئەمڕۆش سۆى ئەو زامە قوڵە لەناخیاندایە و ، تا ئەلعان قوڕى ئەو زەمانە دەپێون . خۆشى لەخۆمان و کە هەوڵى پیادەکردن و بەعەمەلیکردنى ئەو سیستمە لە کوردستان و عێراق و بوو بەخەونى حوشترى ،نەگەر نائێستا حاڵمان حەلوەلاى ئەبوو .
ساڵى 1991 لەگەڵ سەرهەڵدانى راپەڕینى باشوور ، کۆمەڵێک کەس کە پێم وابێت لەژیانیان چەکیان لەشان نەنابوو ، لەجادەى قیر نەترازابوون ، بزوتنەوەیەکیان بەناوى ( رەوتى کۆمۆنیست ) دروستکرد ، پاشان بەتێپەڕبوونى رۆژگار بوون بە ( حزبى کۆمۆنیستى کرێکارى عێراف ) کە ئەندامەکانى هێندەى ژمارەى پاسێکى کۆستەر دەبون یان نەدەبوون . ژمارەیان کەم ، بەڵام زۆربڵى و دریژ دادڕ ، هەڵگرى سەدان دروشم و قسەى بریقەدار و بێ ناوەرۆک و نامەنتیق ى. لاخەبەر لە وەزع و بارى کۆمەڵایەتى و سروشتى ژیانى کۆمەڵ ، سەرجەمیان بۆخاترى ئەوەى بژین و مەبەست و مەرامیان بێتە دى و ، بگەنە بەهەشتەکەى ئەوروپا لە دەورى ئەو حزبە خڕ بوونەوە . هێندەى تێبینم کرد و ئاگاداریان بووم ، تەواوى کارو چالاکی و سیاسەتیان لەسەر دوو تەوەرە چڕدەکردەبوەوە ، یەکەم دژایەتى ئاینى ئیسلام بەپلەى یەکەم ، دووەم : بۆ ئەوەى رەوایى بدەن بەکارى خراپ و ناشایستە ، ئیدعاى ئازادى سێکس و رابواردنى تەواوى کوڕو کچانیان دەکرد ، بەوانەى مێردیان کردوە یان نا . پرۆسەى زەواج وپێکهێنانى خێزان وپیرۆزییەکانى و ، ژن بەتها موڵکى پیاوێک بێت لایان کارێکى بێ مانا و بێ بایەخ بوو . بەو هۆیەو خواستیان زۆرترین ئەندام ودۆست و هەوادار لەدەورى خۆیان کۆبکەنەوە ، لەولاشەوە لاوان بەو ژەهرە و کارە سێکسیە حەرامە مودمین و ئاڵودە بکەن ، لەپێناوى چێژى سێسکدا ، کۆمۆنیست و حیکمەتیست و دیکتاتۆرى پرۆلیتاریا قبوڵ بکەن .
با بێمە سەر ئەسڵى باسەکەو ناونیشانى نوسینەکەم کە تایبەتە بە هەندێک سەرنج و تێبینى لەسەر دیدارێک خاتوو( رێگا رەئوف ) چالاکوانى مافى ژنان و ئەندامى حککع کەلەژمارە 274 ى گۆڤارى شەقام سازیداوە .
من پێم سەیرە کە خانمێکى وا نوسەر و روناکبیر و پارێزەرى مافى ژنان و ، ئەندامى کاراى حزبى کۆمۆنیست ، ئەوە هەموو زانست و مەعریفەکەى بێت ، لەم کات و ساتە هەستیار و چارەنووس سازەدا ، کە رەوشەکە زۆر هەستیارە ، وڵات لەناو قەیران و گێژاوێکى خەتەردایە ، دوژمنان لەهەموو لایەکەوە لەبۆسەدان ، شەڕ یەخەى پێگرتوین ، چارەنووسى هەمووان تەمومژاوى و نادیارە،بەسەدان و هەزاران ژن و کچى یەزیدى یەخسیر کۆیلەن لەبازاڕدا هەراج دەکرێن . لەبرى ئەوەى ئەویش بەدیدو بۆچونى خۆى ، رێنمایى و سەرنجى خۆى بۆ چارەسەرى ئەم کێشەو گرفتانە بخاتە روو . کەچى وەک ئەوەى بەڕێزى لەدۆڵێکى تردا بێت و ، ئاگاو عیلمى لەپرسە هەستیارەکان نەبێت ، دێت مەسەلەى سێکس و ئازادى سێکس مان بۆ شیدەکاتەوە .
کارم بەوە نى یە کە بەڕێزى چ سەرنج و تێینى و رەخنەیەکى لەسەر داعش و ئیسلام هەیە ، ئەوەیان مافى خۆیەتى و ئازادە چۆن لەبارەیانەوە دەدوێت ، بەڵام ئەوەى کە مەبەستمە ئەوەیە چ خاتوو رێگا ، یان کۆمۆنیستەکانى هاوڕێى ، بەقسە و وتەى درێژ و بێ ناوەرۆک هاوشێوەى ( کاسترۆ و چافێز ) لایان ئاساییە لەسەر شتێک چوار بۆ پێنج سەعات لێدوان بدەن ، بەڵام کە هاتە سەر کردار و پراکتیک ، هیچیان پێ نى یە . باشە رێگا خانم پێم ناڵێت زەرورەتى دروست بوونى حککع چى بوو ؟ تا چەند توانى بارى قورسى هەژاران و کرێکاران سوک بکات ؟ تاچەند بووە پەناگە و چەترى بەش مەینەت و برسییەکان ؟ تاچەند توانیان بەئەندازەى یەک کولێرە سوود بەبرسى و سک خاڵیەکانى وڵات بگەیەنن ؟ یان لەژێر پەردەى ئەو دروشمانەو ، لەسەر حسابى ئەوان ، ئەوانتان کرد بە پەیژەو کەشتى و ، سواریان بوون و ، بەرەو هەندەران ئۆغرتان کرد . ولەسایەى سەرى ئەوانەوە ئیقامەى ئەو وڵاتانەیان مسۆگەر کرد .
شتێکى عەجیب و سەیرە کە رێگا خانم ، بۆخۆى لەناو هەناوى قەیران و گرفتەکانى وڵاتدا لەدایک بووە ، ئێستاش دوور ونزیک ئاگادارى رەوش بارودۆخى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردستانە ، لەبرى ئەوەى پرۆژە و رێگە چارە پێشکەش بکات ، خەڵکان هۆشیار و بەئاگا بێنێتەوە ، بۆئەوەى چیدیکە نەبینە سوتەمەنى شەڕوماڵ ویرَانى ، چیدیکە لەژێر ناو و پەردەى ئیسلامدا فریومان نەدەن ، ئەویش و هەمو لایەک دەزانن ، بۆ رزگار بوون لەم دۆخ و قەیرانە ، پێویستمان بە زانست وزانیارى و هۆشیارکردنەوە و ، بەئاگاهێنانەوە هەیە ، کەچى رێگا خانم هەموو ئەو شتانە وەلا دەنێت نایکاتە کێشەو بابەتى رۆژ ، خۆى لەقەرەیان نادات، بەشتى لاوەکى و بێ بایەخەوە ئیدمانمان دەکات . باسى ئازادى سێکسى پێش زەواج و رووتبونەوەمان بۆ دەکات ، وەک ئەوەى کە هەموشتێکمان تەواو بێت ، لەگشت لایەنەکانى ژیاندا گەیشتبینە ترۆپکى ئازادى ، تەنها ئازادى سێسکیمان ماوە . روبکەینە ژیانى ئاژەڵیانەو بگەڕێینەوە بۆ چاخەکانى بەردین و ژیانى ئەشکەوتەکان . کە ئەمە بوختەى وەڵامیکێتى لەسەر گۆڕانکارى جەوهەرى دەڵێت : (( ئاڵوگۆڕى جەوهەرى ئەوەیە ژنانى وڵاتەکەم بتوانن سێکس بکەن بەبێ ئەوەى زەواجیان کردبێت ، بەبێ ئەوەى ترسى کوشتنیان هەبێت )) ئەى ئافەرین کۆمەڵناس و داکۆکیکارى ژنان و رۆشنبیر و نووسەر ، هەرچەندە تاسەر ئێسقان دژى ئەو بۆچونەتم ، بەڵام بەڕێزم تۆ ئازادیت لەو دەربڕینەت، بەلاًَم ئەى بۆنایەیت سەرەتا لەخۆت و خانەوادەتەوە دەست پێبکەیت و ئەوشەقڵە بشکێنت و بەکردار ئەو کارە پیادە بکەیت ؟ بزانم کەس و کارو بنەماڵەت تا چەند ئەو کارەیان پێ هەرس دەکرێت و لایان ئاساییە ؟
بەڕاستى پێم سەیرە بۆچ لەلاى ئەو خانمە ، تەنها وتەنها ئازادى ژنان و رزگاربونیان خۆى لەسێکس و خۆ روتکردنەوەدا دەبینێتەوە؟! لەکاتێکدا بۆخۆى لەناو جەرگەى ئەوروپایە و ، باش ئاگادارى نەهامەتى گرفتەکانە کەبەهۆى سێکسى ناشەرعى و هاورێ یەتى کچان و کوڕانەوە روودەدەن ، ساڵانە چەند مناڵى ناشەرعى ( زۆڵ ) دێنە دنیا ، کە بەدورن لەهەموو ناز و پەروەردەیەک و،سەرلەبەریان هەوێنى تاوان و ناپاکى و کوشتن و خراپەکارین . بەدەر لەوانەش فەرموو ئەو زانست و زانیارى وڵاتانى جیهان بەعام ، هەموو ئەوەیان سەلماندوە کە سێکسى ناشەرعى وتێکەڵ بوونى ئاژەڵیانەى ژن و پیاو ، دوور لەپرۆسەى هاوسەرگیرى ، خوڵقێنەرى سەدان نەخۆشى جۆراو جۆرن ، وەک ( ئایدز وئیبۆلا ) کەهەموو جیهانى سەرقاڵ کردوە ، تائێستا نەتوانراوە رێگاى بدۆزنەوە و کۆنترۆڵى بکەن ، خۆشى لەخۆمان کە تاکە هۆکارێک کەوایکردوە ئێمە لەو جۆرە نەخۆشیانە بەدوربین ، ترسمان نەبێت ، دورکەوتنەوە و یاساغکردنى سێکسە لەدەرەوەى پرۆسەى هاوسەرگیرى . کەچى رێگا خانم تازە دەمان باتەوە بۆ سەردەمەى تێکەڵ بوون و هەوەس بازى و خاڵیکردنەوى غەریزەى ئاژەڵى ، ئاواتى ئەوە بخوازێت کە سێکس ئازادبێت ، کچان بتوانن بەرووتى لەسەر دەریاچەکان بسوڕێنەوە . گەر کارێکى وەهاش بکات بڕواناکەم کەس دەست بهێنێتە رێى ولێى مەمنوع بکات ، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز رووت بوونەوە و ، خۆ روتکردنەوە ئاماژە نى یە بۆ پێشکەوتن و ئازادى و سەربەستى ، خۆ گەر وابوایە ئەوا سەردەمى چاخى بەردین و نیاندرتاڵ ، مرۆڤ لەلوتکەى ئازادى و پێشکەوتندا بوو ، یان دوورنەڕۆین ئەبێت بڵین وباوەڕ بێنین کە ، تەواوى ئاژەڵەکان کە بێ بەرگ و رووتن ، لە هەمووان ئازادتر و پێشکەوتوترن .