عیماد عەلی : بۆچی تاجاکیستان ریش و حیجاب و ناوی عەرەبی قەدەغە کرد ؟
ئەم وتارە ماوەی نزیک بە مانگێک دەبێت بڵاوکراوەتەوە ، چەند ڕۆژێکە سەردانێکی زۆر دەکرێت و چەندین نامەمان بۆ هاتووە کە لەسەر سایتەکە دووبارە دەربکەوێتەوە . هەندێک لەنامەکان وایان نوسیووە ، تکایە با لەسەر سایتەکە ئەم نوسینە دەربکەوێت تا سەرانی دەسەڵاتی ئەم هەرێمە ی لای ئێمە وانە و عیبرەتی لێوەربگرن ..
دیارە وڵاتێکی وەک تاجاکیستان ی شاخاوی هاوشێوەی کوردستان ، کە دەکەوێتە ناوجەرگەی رۆژهەڵاتێکی پر کێشە و لە کیشوەری ئاسیای ئاڵۆزدا ، کە بە ئۆزبەکستان و ئەفغانستان و چین و قیزغستان دەورە دراوە و 90% دانیشتوانی موسڵمانی عادەتین و لە سەردەمی غەزوی ئیسلامدا بەدەستی قوتەیبەی کوری موسلم دەستی داگیرکاری و غەزوە گەیشتۆتە ئەوێش ، پایتەختەکەی دوشەنبە یە .
لە ساڵی 1991 پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێت ، تاجاکیستان سەربەخۆیی خۆی راگەیاند و بۆ ماوەی پێنج ساڵ توشی شەری ناوخۆ یی و سەرهەڵدانی ئیسلامی نوێ بوو ، لەوێشدا قەسابخانەیەکیان بۆ هەرچی ژن و پیر و پەککەوتەو منداڵی بە رەچەڵەک روسی و غەیرە ئیسلامە بەرپا کرد و ، پاش سەرکەوتنی عەلمانیەت و چەندین بریاری بوێر و گونجاو ، تاجاکیستان گەیشتە قەراغی ئارامی و ، تا ئەمرۆ ژیانی خەڵک لە ژێر سایەی حوکمی کۆماریدا بە ئاسودەیی بەرێوەدەچێت و ئاڵۆزیەکی ئەوتۆی تێنەکەوتووە کە ببێتە مایەی ترس و دڵەراوکێ بۆ خەڵکەکەی ، ئەویش لەدەرئەنجامی گرتنەبەری کۆمەڵێک رێوشوێنی پێویست لەوانەش جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت .
تاجاکیستان ، خاوەن شارستانیەتێکی مێژویی هەمەچەشنی وەک زەردەشتی و مانۆیی و کرستیانی و ئۆکسۆسی و بوزی خۆیەتی ، لەو کاتەوە دەستی ئیسلام گەیشتە ئەم وڵاتە جگە لەو سەردەمەی لە ژێر چەتری یەکێتی سۆڤێتدا بوو ، هەوڵی ئەوە دراوە کە لەکاریگەری ئەو شارستانیانە کەم بکرێتەوە و کەلتور و رەفتاری ئیسلامی بەسەر خەڵکەکەیدا زاڵ بێت . بەڵام رەسەنایەتی خەڵکەکەی هەمیشە رێگر بووە لە هاوردەکردنی سەرجەم دابو نە ریتەکانی بێگانە بۆ نێو وڵاتەکەیان .
پاش سەربەخۆیی ، پاش دەستوەردانی زۆرێک لە وڵاتەبەرژەوەندخوازەکان ، خەریک بوو وڵات دوبارە بەرەو رەفتار و کەلتوری ئیسلامی توند بروات و بەزۆر رەفتار و گوفتاری هاوردە فەرز بکرێت بەسەر دانیشتوانیدا ، بەڵام پاش سەرکەوتنی رەوتی عەلمانیەت و دەرکردنی چەندین بریاری هەمەجۆری تایبەت بە باری سیاسی و کۆمەڵایەتی ، حکومەتی تاجاکیستان توانی رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی بگرێت و لە پاشماوەی رۆشنبیری سەردەمی سۆڤێت قازانج بکات و سیستمێکی عەلمانی تایبەت بە خۆی فەرز بکات و لە نێو ئەو گڵۆڵە ئاگرەی رۆژهەڵاتدا خۆی بپارێزێت .
ئەمرۆش ، کە ئەو سیستمە بە هەموو شێوەیەک خۆی پاراستووە، بەڵام بە هەوڵ و دەستی ئەم و ئەو لەرێگەی کۆمەڵێک رەفتار و دەستوەردانەوە ، دەیانەوێت ئەم وڵاتە توشی قەیران و ئاڵۆزیەکانی ئیسلام گەرای سیاسی بکەن ، بۆیە رێگە گرتنی پێشوەخت بە چارەسەری ریشەیی دەبینرێت و لەو بارەوە چەندین بریاری بوێر و گونجاو دراوە .
بۆ رێگرتن لە هەر ئاڵۆزیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی حکومەتی کۆماری پشتبەستوو بە سیستمی عەلمانی بە پشتگیریکردنی هەمەجۆری دانیشتوانی وڵاتەکە و بە تایبەتی رۆشنبیرانیان و پاش خوێندنەوەی ئەرێنی و نەرێنی هەر بریارێک ، کۆمەڵێک بریاری ریشەییان داوە کە رێگر بێت لە جیاکاری ئیسلامی سیاسی و جیاوازی کاری لە نێو دانیشتواندا وەک ، قەدەغەکردنی ریش و حیجاب و وا ئەمرۆش وەک گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی و خودپارێزی خۆیان ، ناولێنانی عەرەبی و هاوردەی دەستی ئیسلامیان قەدەغەکرد و هەموو لایەکیش پابەندن پێوەی و بە بەهانەی ئازادی تاک رەتی ناکەنەوە و بە بەرتەسک کردنی رێگەی پێشکەوتنی لەقەڵەم نادەن .