عیماد عەلی : هەدەپە و دەستوری ساڵی 1921 ی تورکیا .
تورکیا تا ئێستاش دەستوری ساڵی 1921 ی وەک دیکیۆمینیتَک ناخاتە بەردەستی خەڵک و بە نهێنیی هێشتۆتەوە و بەردەوام لە خەڵکی بەدوور دەگرێت و تەنانەت تا بتوانێت ناهێڵێت توێژینەوە و باس و خواسی لەسەر بکرێت ، لەبەر یەک هۆی سەرەکی ئەویش بڵاوکردنەوەی دیکۆمێنتێکی رەسمی و داننانی رەسمی بێ قەید و شەرتی ئەو وڵاتەیە بە مافەکانی گەلی و کورد و کوردستانی باکوور . ئەو کارەش لەدەرئەنجامی جەختکردن و فشار و رازیکرندنی 72 و پەرلەماناتارە کوردەکەی پەرلەمانی تورکیای ئەوساکە بوو کە ئەتاتۆرک خەڵەتاندنی و ئامانجە تایبەتیەکانی بێ دواخستن و دواتریش کە بەهێزبوو هەموو پەیمانەکانی نەبردە سەر و دەستی گرت بەسەر تورکیای تورکی بێ ئاواتی کورددا و ، جگە لە پەشیمانی هیچی بۆ ئەو دارودەستانە نەمایەوە کە بێ زەمانەت دژی سەلتەنەتی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ وەستانەوە و بە پەیمانی لۆزان سیڤەریان لەناوبرد .
پاش بێنە و بەردەو ساڵانێکی دوورودرێژی ململانێی سیاسی و عەسکەری ، وا هەدەپە پاش چەندین ساڵی نەهامەتی و نکوڵی کردن و کوشت و بر و فرت و فێڵ ، ئەمجادی کورد دەگەرێنێتەوە و خۆی گەیاندە پەرلەمانی تورکیا وەک حزبێکی سەردەمیانەی گونجاوی خاوەن بیروبۆچونی تایبەتی فرەنەتەوەیی و قازانج بەخش بەگەلی کورد .
ئەرکی زۆر و گەورەی لەبەردەمدایە و پێویستە بە وردی سوود لە هەڵەکانی رابوردوو ببینێت و پەند لە هەڵوێستە نادروستەکانی سیاسەتمەدارانی کوردی ساڵانی سەرەتای سەدەی بیستەم و دواییش وەربگرێت ، کە بەخۆشباوەری زۆرێک لە هەلە مێژووییەکانیان لەدەست دا .
لە دەستوری ساڵی 1921 دا زۆرێک لەمافە سەرەتایەکانی گەلی کورد لە داننان بە کورد وەک هاوبەش و شەریکی تورک لە وڵاتی تورکیا و پێدانی خودموختاری بەو ناوچانەی کوردنشینن و بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا هاتووە ، بەڵام دواتر ئەتاتورک و دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی تورک و گۆرینی دەستور ئەو مافانەی ژێرپێخستن و نەیانهێشت تەنانەت گەلانی تورکیا ئاگاداری ئەو دیکیۆمینتە رەسمیە بن .
ئەمرۆ هەدەپە و سەروی هەشتا ئەندامی پەرلەمان ئەو حزبە ، دەتوانێت بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە هێزی رەسمی نێو باڵەخانەی پەرلەمان و دامودەزگا و راگەیاندن ، ئەو پێشیلکاریانەبخاتە بەردەم خەڵک و یەکەم دیکیۆمێنت کە بە هەمان چەکی تورکە بەرامبەر خۆیان بوەستێت . دەرخستنی دەستوری ساڵی 1921 ی خودی تورکیایە کە بە خستنە بەر باس و لێکۆڵینەوەی ، ئیدانەی دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا دەکات ، کە بە خۆیان لە یاسا و دەستورەکەی خۆیان ، خۆیان دزیوەتەوە و ، لە جیاتی چاکەدانەوە و سوپاسنامە لە بەرامبەر بەشداریکردن کورد لە رزگاری و پاراستنی یەکێتی خاکی تورکیا و یارمەتیدانی ئەتاتۆرک ، سیاسەتی پاکتاوی و نکوڵیکردن لەگەلێکی سەروو چل ملیۆنی و کوشتن و برینیان پیادە کردووە ، بەو هێزەی ئەمرۆی هەدەپە و پەرلەمانتارەکانی و رۆڵی گەورە و تواناکانی زۆر بە جوانی و ئاسانی ، دەتوانێت هەنگاوی چارەنوسساز بنێت . بۆیە جگە لە جێبەجێ کردنی بەرنامەی هەڵبژاردن ، پێویستە هەدەپە خاڵەلاوازە میژوویی و سیاسەکانی دەسەڵاتەکانی تورکیا دەربخات و لە کاروانی سەرکەوتنی سیاسی بە هەموو رێگەیەک بەردەوام بێت ، گوێ بە دارودەستەکانی ئاکەپە و ئەردوگان لە باکوور و باشووری کوردستان نەدات و ، لەو سۆنگەشەوە پێویستە خستنە بەر باسو لێکۆڵینەوە و راگەیاندنی ناوەرۆکی دەستوری ساڵی 1921 ی تورکیا زۆر بە فراوانی و هاوشانی جێبەجێ کردنی ئەرکە گەورەکانی تر ، سەرەتای دەرخستنی راستیەکان بێت بۆ گەلانی تورکیا .