Atta-00

عه‌تا قه‌ره‌داخی : ده‌وڵه‌تی كوردی نوخبه‌ی سیاسی نه‌خۆشی ئێستا ده‌هاڕێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هیگڵ ده‌ڵێت : كاتێ رۆحی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گاته‌ ئاستی بڵندبوون ته‌نیا له‌ ده‌وڵه‌تدا ده‌توانێت گوزارشت له‌ خۆی بكات “. ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ سه‌یری ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ین له‌ باشووری كوردستان به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ ده‌بینرێت كه‌ رۆحی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ پرۆسێسی بڵندبووندایه‌ كه‌ لوتكه‌ی ئه‌و بڵندبوونه‌ش گه‌یشتنه‌ به‌ قۆناغی گوزارشت له‌خۆكردنی كه‌ ئه‌ویش پێكهێنانی ده‌وڵه‌ته‌ . ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌ی رۆحی گشتی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ سه‌یر بكه‌ین. كه‌ بێگومان كاتێ هیگڵ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ بنه‌ما داده‌نێت ، مه‌به‌ستیه‌تی كه‌ یه‌كه‌ی سه‌ره‌كی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ئه‌و له‌و سیانه‌یه‌دا دیاری ده‌كات له‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگه‌دا ، ده‌وڵه‌ت پله‌ی سێیه‌مه‌ كه‌ یه‌كه‌میان خێزان و دووه‌میان كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سێیه‌میش ده‌وڵه‌ته‌ . واته‌ ئه‌وه‌ی هیگڵ له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێت و ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌رهه‌م ده‌هێنێت كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ كۆی تاكه‌كانی پێكدێت . واته‌ ئه‌وه‌ی هیگڵ به‌ بنه‌مای ده‌زانێت و له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێت كۆمه‌ڵه‌ نه‌ك تاكه‌كه‌س ، یان نوخبه‌ . هه‌ر بۆیه‌ له‌م روانگه‌یه‌وه‌ كاتێ ئێستا له‌ باشووری كوردستاندا ، ده‌نگی ناسازی ئه‌و تاكه‌كه‌س یان نوخبه‌ بچووكه‌ سیاسیه‌ ده‌بیستین كه‌ به‌ هۆی به‌ هۆی به‌رزه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌كه‌ڵ داكیركه‌ره‌ جۆراو جۆره‌كانی كوردستان یان به‌هۆی ئینتیمای مه‌زهبیان و باڵاده‌ستبوونی ئینتیمای مه‌زهه‌بیان به‌سه‌ر ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییاندا به‌ ئاشكرا دیاره‌ دژایه‌تی درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كه‌ن و گۆڕانی بۆ عێراقی یه‌كپارچه‌ ده‌ڵێن ، یان ئه‌و كه‌س و نوخبه‌سیاسیه‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیان له‌كه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ و ته‌نیا له‌ روانكه‌ی به‌رزه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ ده‌ڕوانن و بیر له‌ نه‌ته‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌و هێشتاش كوردایه‌تی به‌ میلله‌ت ده‌فرۆشن ، ئه‌وانه‌ له‌ بنه‌ماو خاسێـه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان داشۆراون و ئینتیمای مه‌زهه‌بییان و ملكه‌جبوونیان بۆ به‌رزه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان وایلێكردوون كه‌ دڵسۆزی و په‌یوه‌ستی خۆیان بۆ عه‌ره‌ب و تورك و فارس ده‌رده‌بڕن .

‌به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ڵوێستێكی پڕ له‌ ریسواییه‌ ، رۆڵ و كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆیان نابێت چونكه‌ رۆحی گشتی كۆمه‌ڵكه‌ كه‌ رۆحێكی خاوێنه‌ هیچ سنوورو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تایبه‌تی ناناسێت، رۆحی پیس و به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست و مه‌زهه‌ب په‌رستی ئه‌و تاكو گروپه‌ بچووكانه‌ زوو راده‌ماڵێت ، بۆیه‌ بوونی ئه‌و ده‌نگه‌ ناسازانه‌ هیچ جێگای مه‌ترسی نییه‌ كه‌ لێره‌و له‌وێ دڵسۆزی خۆیان بۆ شیعه‌ دووباره‌و سه‌دباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌ ده‌نگی به‌رز لایه‌نگری عێراقی یه‌كگرتوو ، عێراقی یه‌ك پارچه‌ ده‌كه‌ن . ئه‌وانه‌ش هاووڵاتی ئاسایی نین به‌ڵكو بریتین له‌ هه‌ندێ به‌رپرس كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئینتیمای مه‌زهه‌بیان نه‌ك كوردایه‌تیان فه‌رزی كردوون به‌سه‌ر هه‌ندێ حیزب و لایه‌نی سیاسی له‌ كوردستاندا كه‌ به‌رده‌وام زیانی سیاسیان له‌و حیزبانه‌و له‌ گه‌لی كوردیش داوه‌ . 
ئێستا سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ رۆحی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ پرۆسێسی هه‌ڵچوون و بڵندبووندایه‌ به‌ ئاراسته‌ی گوزارشت له‌خۆكردنی كه‌ ئه‌ویش له‌ دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تدا ده‌بێت ، بنه‌ماكانی تریش بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌ باشووری كوردستاندا به‌ره‌و ئاماده‌بوون ده‌چن . كورد ئێستا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بووه‌ته‌وه‌ به‌ خاوه‌نی خاكی خۆی . له‌ رووی هێزه‌وه‌ ، ئێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان جۆش و خرۆشێكی باشی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌و گیانی به‌رخوردان و خه‌بات و تێكۆشانی پێشمه‌رگانه‌ زیندوو بووه‌ته‌وه‌ ، ئێستا هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێـت ئینتیمای تاكی كورد بۆ نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌موو كاتێك به‌هێزتر ده‌بێت و سه‌رباری ئه‌و هه‌موو كه‌موو كورتیانه‌ی كه‌ له‌ پێداویستیه‌كانی ژیانی رۆژانه‌دا هه‌یه‌ ، به‌ڵام هه‌ست ده‌كرێت زیندووبوونه‌وه‌ی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی له‌ ئێستادا بووه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌ رێگای ده‌ركه‌وتنی پشێوی و ئاڵۆزی ناوخۆدا كه‌ دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵبدات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوخۆ له‌ موچه‌و سووته‌مه‌نی و پێداویستیه‌كانی تری ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ نه‌بنه‌ هۆی لاوازی هه‌ڵوێستی حكومه‌ت و دڕدۆنگی جه‌ماوه‌ر به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات چونكه‌ له‌ بارودۆخێكی ئاوه‌هادا كورد له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ یه‌كێتی و یه‌كبوون هه‌یه‌ . 
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئێستا بارودۆخی نێو ده‌وڵه‌تی به‌ ئاراستیه‌ك ده‌ڕوات كه‌ باسكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌ریكه‌ ده‌بێـته‌ باسێكی گه‌رم و له‌م لاو ئه‌ولاش باسی پشتگیری و دانپێدانانی هه‌ندێ ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان ده‌بیسترێت كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات كه‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆی و درووستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چێـت ببێته‌ ئه‌مری واقیع . بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی وریایانه‌و به‌ لۆجیكی عه‌قڵ كاربكات و هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كی خۆی له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ش بخاته‌ كار .

یه‌كه‌م ـ بۆ ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ی ناوخۆ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ .

دووه‌م ـ بۆ په‌یداكردنی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و پێشهاته‌ گرنگه‌ .

دیاره‌ ئه‌وه‌ش گومانی تێدا نییه‌ كه‌ مێژوو ناوه‌ستێت و كورد هه‌ر ده‌گات به‌و ئاوه‌ته‌ی به‌ڵام كاری جیدی و به‌رنامه‌ی جیدی نه‌ته‌وه‌یی نیشتیمانی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ملكه‌چی زیاتر بۆ عه‌ره‌بی عێراق و دووركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی له‌ چاوبڕینه‌ پۆست و پله‌و پایه‌ له‌ به‌غداو ده‌ربازبوونی سه‌ركردایه‌تی كوردی له‌ هه‌ژموونی گوتاری عێراقی و كاركردن بۆ ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ی ناوخۆو زه‌مینه‌ی ده‌ره‌وه‌ بنه‌مای سه‌ره‌كین بۆ ئه‌وه‌ی كورد زووتر به‌و ئاواته‌ی بگات كه‌ سه‌ربه‌خۆیی و بیناكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی ، چونكه‌ ته‌نیا له‌ سایه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ره‌به‌خۆو دیموكراتی كوردستاندا تاكی كورد ده‌شێ ئازاد بێت و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا خه‌بات بكات بۆ درووستكردنی سیستێمێكی سیاسی و ئیداری ئه‌وتۆ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان بكات به‌ جۆرێك كه‌ حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی هاووڵاتی بێـت نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی نوخبه‌ی سیاسی به‌ ته‌نیا .

ئه‌و نوخبه‌ نه‌خۆش و ئالوده‌بووه‌ی ده‌سه‌ڵات كه‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی له‌ پێناوی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كه‌سی و حیزبیه‌كانی خۆیدا ده‌وێت ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست و شێوازی كاركردنی خۆی له‌م شێ ـە خراپه‌ی ئێستایه‌وه‌ نه‌گۆڕێت ئه‌وا سه‌رئه‌نجام فڕێ ده‌درێته‌ په‌راوێزه‌وه‌و ره‌نگه‌ دواجار له‌پای ئه‌و هه‌موو كاره‌ نانه‌ته‌واییانه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو تا ئێستا كردوویانه‌ ببرێنه‌ به‌رده‌م دادگای گه‌ل . بێگومان مێژوو ره‌وتی خۆی ده‌كات و سه‌رئه‌نجام كورد ده‌گاته‌ ئاستی پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌هه‌ر شێوه‌و رێگایه‌ك راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ رێگری له‌و ئاسۆیه‌ ده‌كه‌ن ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزی مێژووه‌وه‌و ئه‌گه‌ر ئێستاش له‌به‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یانه‌ جه‌ماوه‌ر لێیان بێده‌نگ بێت ئه‌وا مێژوو له‌كه‌س بێده‌نگ نابێت .

به‌ڵێ سه‌رئه‌نجام كورد سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت و ده‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی ئه‌وه‌ش دیاره‌ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ یه‌كێتی و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی پێویسته‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌سه‌ر پۆست و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبیه‌ ته‌سك و نانه‌ته‌وه‌ییه‌كان و له‌ ئه‌نجامی رقی خێلاِیه‌تی و ناوچه‌گه‌ری و رقی مێژینه‌ی ئه‌و نوخبه‌ نه‌خۆشه‌ سیاسیه‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ خراپترین باریدایه‌ ، هه‌موو ئه‌وانه‌شی به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی یه‌كبوون و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێـت و له‌ ژێر هه‌ر كاریگه‌ریه‌كدا بێت كار ده‌كه‌ن یان رێگری ده‌كه‌ن یان قسه‌و هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌دا ناكۆكه‌ ئه‌وا مێژوو ره‌حمیان پێ ناكات و روو زه‌ردی مێژووی میلله‌ته‌كه‌یان ده‌بن چونكه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مانه‌ بتوانن ره‌وتی مێژوو سست بكه‌ن به‌ڵام ناتوانن بیوه‌ستێنن .

سه‌رئه‌نجام گه‌ل له‌ ئه‌نجامی بڵندبوونی رۆحی گشتی خۆیدا بڕیاری راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌دات و هه‌ر خۆیشی سه‌ركردایه‌تی بۆ خۆی دیاری ده‌كات و مێژووی ناشیرینی ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ش كه‌ نیو سه‌ده‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی ناكۆكی كوشتن و بڕینی ناوخۆن له‌ كوردستاندا فڕێده‌داته‌ په‌راوێزه‌كانی خۆیه‌وه‌و كۆی ئه‌و شاگردو تووتیانه‌ی كه‌ ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌ درووستیان كردوون و ژماره‌كه‌شیان كه‌م نیه‌و ئێستا به‌شێك له‌ پۆست و پایه‌ ئیدارییه‌كانی كوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و به‌ خراپترین شێوه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن و ئه‌مانیش ده‌یانه‌وێ وه‌كو نوخبه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی مامۆستاو درووستكه‌ریان هه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌ ناشیرینانه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌مانیش ده‌كه‌ونه‌ په‌راوێزی جه‌ماوه‌ره‌وه‌و مێژوو ئه‌مایش ده‌هاڕێت چونكه‌ سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ گه‌ل و جه‌ماوه‌ری دڵسۆزه‌ نه‌ك بۆ نوخبه‌ی سیاسی نه‌خۆش و دزو گه‌نده‌ڵ و شاگردوو تووتی و مه‌سینه‌ هه‌ڵگره‌كانیان كه‌ له‌مه‌شدا كۆی حیزبه‌كانی كوردستان به‌شدارن .

واته‌ به‌شدارن له‌ دواخستنی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵه‌ته‌

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت