Abubakir-Caf-7

ئەبوبەکر جاف : پییەر بۆردیۆو دونیای ئێمە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆردیۆ لە پێش ماركسەوە — فۆرمیولەبوونی چینەکان بە نموونە .
لە نێو ئەو دەیان ڕەخنەو تێپەڕاندنەی پییەر بۆردیۆ بەرانبەر بە ماركس ، بەر چەند چەمكێكی بنەڕەتی و پرەنسیپی بۆردیۆ دەكەوین . سەرمایەكان یان چەندین سەرمایە لە بری تەنیا سەرمایەیەك ، چینەكان و دەیەھا چین و چین بەندی لە بری تەنیا چینێك یان دوو چین ، ڕەخنەگرتن لە دوالیزمی ژێرخان و سەرخان و هەمیشەیی مانا وەرگرتنی سەرخان لە ژێرخانەوە ، ڕەخنە لە ململانێی چینایەتی ماركس ، ڕەخنە لە حەتمییەتی مێژوویی و بوونی تەنیا فاكتەرێك بۆ بەڕێوەبردن و ئـاراستەکردنی مێژوو ، پێداگیری بۆردیۆ لەسەر چەمكی هابیتوس “، ستراتیژی چینەكان ، هەیمەنەو یاساو ڕێسای گەمەكردنەكان ..
بە كورتی بۆردیۆ لە تەواوی پرسە بنچینەیی و چەمكە سەرەكییەكانی خۆیدا ، هەم ڕەخنە لە ماركس دەگرێت و هەم تێیدەپەڕێنێت . بۆردیۆ ئەوەندەی ماركس ڤیبەرییە ، چارەکێکی ئەوە سەر بە قوتابخانەی سۆسیۆلۆژیای ماركس نییە .
لێرەدا بۆ ئێمە چەمكێك گرنكە ، چەمكی چینەکان و دونیای چینەكان و سەرمایەی چینەكان و بەریەككەوتنی چینەكانی دونیای ئێمە . دونیای ئێمە لە بری چینێك یان دوو چین چەندین چینی هەیە ، چین بە تێگەیشتنە بۆردیۆیەكەی ، گروپێك بە دەر لەوەی بە ” سروشتێکی ئیكۆنۆمی ” بناسرێنەوە ، بە شێوازو ستایلی جیاواز جیاوازی ژیان و ژیانکردن دەناسرێنەوە . بە گردبوونەوەو كۆبوونەوەو پێكەوەبوونێك كە لە دوورو نزیك ناچێتەوە سەر ئابووری و كارو دەستی كارو هێزی كاری مارکس . چینەكانی دونیای ئێمە ، ئەو حیكایەت و شێوازو ستایلی ژیانەی چینەكانی ئـێمەی پێ دەناسرێتەوە ، هەمان ئەو سەرمایەو سروشت و گوتارە نییە كە ، چینێك لە بەریتانیا یان لە فەرەنسای پێی دەناسرێتەوە . ئەگەرچی بۆردیۆ لە میانەی قسەوباسی لە كۆمەڵگەی فەرەنسیش كە پێوایە : ئیدی و لەمەولا چینەكان بونیادو ستراكتۆری ئابورییان نییە ، چینەكان زمانن ، حیکایەت و شەجەرەن ، كاپیتالی ڕەمزی و مەعنەویی و زانكۆیی و كولتوری تایبەتتریان هەیە ..
چینەكانی دونیای ئێمە ، حیكایەتێك پێكەوە ئەیانبەستێتەوە ، شەجەرەیەكی ڕەمزی و حیكایەتێكی ڕەمزی ..
ئەگەر نمونەی شارێكی وەك سلێمانی وەرگرین ، چینەكان لە سەر بنەمای گەڕەكەكان و كۆنی و نوێییی گەڕەك و شەقامەكان سەرمایەو حیكایەت بۆ خۆیان دروست دەكەن ، دواتر لە سەر بنچینەو خۆ بیناكردنیان لەسەر . بابانییەکان ، قەرەداغییەكان ، چوارتاییەكان ، جافەكان ، هەورامییەكان . سەرجەم ئەمانەو ئەوانی دیكەش دەستیانگرتوە بە حیكایەتی خۆیان . لە زۆر شوێندا پێكەوەن . گەڕەكیك بە ڕێژەیەكی زۆر تایبەتكراوە بە شێخەكان ، سەیدەكان .. كەواتە جەبری ( هابیتوسی ) شێخایەتی و شێخبوون كۆیان دەكاتەوە و حیكایەتێكیان بۆ دەهۆنێتەوە كە پەیوەندی بە ئابوورییەوە نییە . پاشگری ” وانێ “، پێشگری ” ئە ” .. بەسە كە چینێكی لە سەر بینابكرێت و خۆی جیابكاتەوە لەوانەی كە لادێ نشین و نا – سلێمانی بوون . گەرەِكەكانی وەك ” مەڵكەنی ، چوارباخ ، شارەوانی ، توی مەلیك ، سەرچنار، ئازادی ، عەقاری .. ئەمانە لە سەر بنەماو كاپیتالی غەیرە ئابووری بیناكراون . ئەوان لە مناڵ لەسەر ستراكتۆرێكی غەیرە – ماتریالی و ئابووری بیناكراوە . نمونەی شارێكی وەك هەولێر وەرگرین : هەولێرییەكانی ناو قەڵا ، گەڕەكی عەرەبان ، تەیراوە ، تەعجیل ، ئیسكان ئەمانە بونیادی چین و چینەكان دیاریدەكەن . بەرمەبنای عەشیرەتەكانی وەك : خۆشناوەتی ، دزەییەكان ، سورچییەكان ، لەك ،.. كۆبوونەوەو گردبوونەوە شێوازی قسەو گۆكردن و ئاخاوتنیشیان جیاكراوەن لەیەكتر ..
گەرمیان و ناوەندەكەی كە كەلارە ، جاف ، بەگزادەی جافەكان ، زەنگەنە ، داودە ، باجەڵان ، ڕۆژبەیانی ..
گەڕەكانی : فەرمانبەران ، كەلاری كۆن ، قەزاكە ، لیواكە ، حەمەی كەریم ، گازینۆ، بەردەسور .. دهۆك و بادینان و هەڵەبجەو هەورامان و بتوێن و پشدەرو كەركوك و .. تەواوی شارو هەرپنتێكی جوگرافی ئێمە لە سەر ” بنەماڵە ، خێزان ، هۆزو تیرە ، زمان و شێوەزار، خەلقی ئەسڵی شارەكە یان هاوردەكان لە گوندو لادێ و شارەكانەوە .. ناوی ماڵ و مناڵیان ، ئەو گەڕەكانەی لێی نیشتەجێن ، ئەو بازاڕەی بۆی دەچن ، ئەو شێوازی ئۆتۆمۆبیلەی پێیانە ، ژمارەی مۆبایلەكان چەند سەنتییە ؟ ئەو قوتابخانەو ناوەندە فێركاری و زانستیانەی نەوەكانمان لێی دەخوێنن . شێوازی بیناسازی خانووەکانمان ، چۆنێتی ڕازاندنەوەی ناو ماڵ و كەمالیاتی ناو ماڵەكانمان …
من لەو بڕوایەدام ئەم شكڵبەندی و فۆرم وەرگرتنەی چینەكان لە سەر ئەم بنەمایانە و دەیان بنەمای دیكەی میكرۆیی ، بچووك بچوكی نا – ئابووری بۆ سەرجەم بەشەكانی كوردستانی گەورە ڕاست بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت