مـاردین محەمەد : خه‌ڵکی وڵاتێکی سه‌یرم .
له‌به‌ر سه‌رۆک ؛
شار و شه‌قام شڵه‌ژاوه ،
له‌به‌ر سه‌رۆک ؛
ئاسمان ڕه‌نگی خوێن ده‌گرێت و
بۆنی ده‌گاته ئه‌م ناوه !
دنیا باسی سه‌رۆک ده‌کات ..
سه‌رۆک نه‌بێ !
…………………..
له‌به‌ر سه‌رۆک
گه‌وره و مناڵ ، باڵا و گه‌دا
تیخیان له‌یه‌کتری ئه‌سوون ،
گۆشتی کاڵی یه‌کتر ئه‌جوون ،
بنجی یه‌کتر ئهپروچکێنن
بهتهشوێی تیژی حیزبه‌وه؛
دانه دانه ئیسکی یه‌کدی …
ئه‌هاڕن و تێك ئه‌شکێنن!
به‌گڕی ساویلکهییان
مێژووی خۆیان ئه‌سوتێنن!
بۆ گۆڵمه‌زێک له‌سه‌نگه‌ردان ،
دۆستایه‌تی لهبێخهوه له‌بن بێنن!
کۆشکی ده‌نگه‌کانی خۆیان ،
ده‌نێنه ژێر پێیانه‌وه‌و
به ڕسوایی ناوی دێنن!
ئێستا له‌وێ …
که‌س خه‌می نانی نیه ،
سه‌رۆک نه‌بێ !
که‌س خه‌می نه‌داری ناخوات ،
سه‌رۆک نه‌بێ !
که‌س خه‌می کاره‌بای نیه ،
سه‌رۆک نه‌بێ !
که‌سێک نیه لێدوان له‌سه‌ر سه‌رۆک نه‌دات ،
خودی که‌سی سه‌رۆک نه‌بێ !
……………………….
خه‌ڵکی وڵاتێکی سه‌یرم !
شه‌ڕی نان و ژیان ناکه‌ین …
شه‌ڕی مافی مرۆڤ بوون و
ئایندی مناڵان ناکه‌ین …!
بۆ ئازادی هه‌وڵ ناده‌ین …!
له‌کاتێکا …
له‌به‌ر حیزب و که‌س په‌رستی ،
له‌به‌ر حه‌زی خودگچکهیی ،
ئاماده‌ی شه‌ڕێکی وه‌هاین ؛
هه‌رچی هه‌یه به‌گڕی رق بیسوتێنین !
ئاینده و ئێستا‌و ڕابردوو ،
له سایه‌ی سادیهتێکدا ،
وێرانه‌و ته‌فرو توناکهین .