نەبەز گۆران: من، بەدیلی بارزانی نیم!
بە پێچەوانەی ئەو كەمپینەوە، من هەرگیز بە دیلی بارزانی نیم . من كورە باخەوانێكم، باوكێكی هەژارم هەیە، لە ژیانیدا، نە كەسی كوشتووە، نە ماڵی كەسی بە تاڵانداوە، نە كەسی بەدبەخت كردووە.
رێك پێچەوانەی بارزانی.
خۆم، ماوەیەك كۆڵبەربووم لەسەر سنوورەكان. ماوەیەك، دەنكە هەنارم دەفرۆشت، ماوەیەك بێ پول و پارە، ماوەیەكیش دوو ئیشم دەكرد تا قوتێك پەیدا بكەم. هەزاران جار لە گۆشەی چایخانەیەك، لە گۆشەی كۆڵانێك خەو بردومیەتەوە. چەندین جار بە كۆڵێكەوە ، لەو سەر سنوورە لە ژێر سێبەری تاشەبەردێك خەوم لێكەوتووە. كاتێك ( شاگرد ) بووم، چەندین جار ماندویەتی هیلاكی كردووم . نە كەس شك ئەبەم لەم وڵاتەدا مافیم خواردبێت، نە كەس هەیە بتوانێت دەست بەرزبكاتەوە، بڵێت:
من فلسێكم لای تۆیە و بمدەرەوە، نە كەس هەیە، حەقیم خواردبێت.
رێك پێچەوانەی بارزانی.
كاتێك گوندەكەمانم جێهێشت، خەمێكی گەورە و گیرفانێكی بەتاڵ. شار بە شار گەرام. بروام بە ئازادی مرۆڤەكانە. بروام بە سەربەرزی مرۆڤەكانە. بروام بە نەهێشتنی ستەم و سیستەمی پیسخۆر و روخاندنی كۆڵەكەكانی خێڵە لە بنەوە. هەزار و یەك تانە و تۆمەتیان خستە دوام، تەنها لە بەر ئەوەی نەمویست سەرم نەوی بكەم.
رێك پێچەوانەی بارزانی.
لە ژیانم، لەگەڵ بێگانەیەك دانەنیشتوم دەستی بگرم بیهێنمە ناو وڵات. كوڕی كەسم بێ سەرو شوێن نەكردوە. قوتی خەڵكم نەخواردوە. خزمانی خۆم نەكردوە بە دەسەڵاتدار. یاریم بە چارەنووسی میلەت نەكردوە. تەنها لەسەر كورسی چایخانە دانیوشتووم و كە چایەكەشم تەواو بووە، كورسیەكەم جێهشتووە. كەس نەبووە لە دەرگام بدات، بڵێت:
كوا مافەكەم.
رێك پیچەوانەی بارزانی.
قەرزی میلەتم لا نیە. ئەو كەمە قەرزەی لامە، هی دوو هاورێمە، هەركات پارەم پەیاكرد دەیاندەمەوە. نە ئۆتۆمبێلم هەیە، نە كۆشك، نە پاسەوان. جانتایەك لە شانمایە و تەزبیحێكی قەزوان لەملما و بە پێ كۆڵان و شوێنەكان تەیدەكەم و لە میلەتەكەی خۆشم ناترسم.
رێك پێچەوانەی بارزانی.
هەتا پێم بكرێت، بۆ ئازادی مرۆڤ بیردەكەمەوە. هەتا پێمبكرێت، دەستەكانم بە پاكی دەهێڵمەوە. هەتا پێمبكرێت دژی ئەو پیسخۆریە دەبم دروستكراوە. هەتا پێمبكرێت، لەگەڵ دیموكراسیەتی راستەقینە دەبم. هەتا پێمبكرێت خۆم بەدور دەگرم، لە خراپ ژیانەوە.
رێك پێچەوانەی بارزانی.
ئەمانەو دەیان جیاوازی تر. وا لە منێكی هاونیشتیمانی دەكات، هەرگیز رێگا بەخۆم نەدەم، جوانیەكانی خۆم لە دەست بدەم و خۆم بكەم بە بەدیلی بارزانی. بەڵێ راستە بارزانی بەدیلی نیە، چونكە كەس وەك ئەو بەرپرسیار نیە لەم هەموو شتە بێمانایانە. كەسێك ئاوابێت، حەیفە مرۆڤی پاك خۆی بكات بە بەدیلی.
س – ف ن