کەژاڵ نوری : واوەیلا بۆ مۆسکۆی بچوک .
داعشەکانی دەربەندیخان کەوتونەتە سوکایەتی کردن بە فەلەکناس ئۆجای کچە کوردی ئێزیدی لە بەرئەوەی لە ناو پەرلەمانی تورکیا سیمبولی مەلیک تاوس لە سەر یەخەکەی بووە . فەلەکناس ئۆجا کە لە ئەڵمانیا ژیاوە و خولێکی تەواو ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا بووە لە سەر ئەژماری وڵاتی ئەڵمانیا بۆ یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا ، لەم ساڵانەی دواییدا بۆ بەرخودان گەڕایەوە تورکیا . فەلەکناس کە هەر لە مناڵیەوە لە ئەڵمانیا ژیاوەو و بە کوردییەکی رەوان قسە ئەکات ، لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەم دواییە کاندیدی لیستی هەدەپە بوو ، وە یەکێک بوو لە سەرکەوتوانی هەڵبژاردنەکەو بۆ یەکەم جار لە مێژوی خۆیدا ، پەرلەمانی تورکیای نیۆعوسمانی – کەمالیست ، کچەکوردێکی ئێزیدی بە پەیکەری مەلةك تاوسەوە لە خۆگرت و بۆ لەمەودوا ئیسلامیستە نیۆعوسمانیە کەمالیستەکانی نیۆپەرلەمانی تورکیا ، دەبێت رۆژانە ئەو پەیکەرەی کە سیمبولی رەسەنایەتی کورد و ئاینەدێرینەکەی و مێژوەکۆنەکەیەتی ، بە دیەن بکەن و لە پاڵیدا سیاسەت بکەن ، ئەوانەی کە هەتا دوێنێ نکولی هەبونی گەلێکیان بە ناوی کوردەوە لە سەر زەوی دەکرد ، وا ئێستا دەبێت لە گەڵ ئایینە دێرینە رەسەنەکەشیدا دەست و پەنجەی سیاسەت نەرم بکەنەوە رۆژانە چاویان بە پەیکەرەکەیدا هەڵتۆقێ ، بە داخەوە داعشەکانی دەربەندیخان ، ئەو ئیسلامیانەی کە هیچ جیاوازیەکیان لە گەڵ بیری داعشدا نیە و لە راستیشدا هەردوکیان لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە کە قورئانە و کە هەمان قەناعەتیشیان بە ئایەتەکانی قتال و بە کەنیزەک کردن وکوشتن و سەربڕین و دەستبڕین و پیدۆفیلیەتی مارەکردنی کچی مناڵ و ، کوشتن و تاڵانیەکانی جەنگ و بە غەنیمەکردنی ژن و مناڵ و ماڵ و موڵکی ئەوانی دی هەیە .
دەربەندیخان ، شارێکی وێران ، کاول ، ئاوپیس ، بێ بایەخ کراو و پشتگوێ خراو ، لە پاڵیشیدا ؛ کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان بە ئیسلامی سیاسی بوو ، هەزاروچوارسەدساڵ بۆ دواوە گەڕاوە و پڕبوو لە کەسانی جوێن فرۆشی ئیسلامی سیاسی و بیری داعشی .
دەربەندیخان ! ئێستات لە کوێ و ساڵانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی بیستی رابوردووت لە کوێ ؟ ئەو ساڵانەی کە پێیان دەوتی مۆسکۆی بچوک ؟
من لەو دەربەندیخانەوە پێگەیشتم ، لە کۆڕ و سیمینارەکانیەشیەوە تێگەیشتم ، کەچی ئێستا هەر لەوێوە چ سوکایەتیەک بە ئازادیخوازان و لەپاڵیشیدازۆرجار بە منیش کراوەو دەکرێت ؟ ئەوەی دەنگ بەرزکاتەوە جنودە نوێیە جوێن بەدەستەکانی قەعقاع و ابن تەیمیە و عەبدولوەهاب و خەلیفە بەغدادیەکانت لێی رادەپەڕن و تەکفیری دەکەن ، سوکایەتی و بە هەزاران جوێنی سێکسواڵیتەی بۆ دەنێرن ( لە نمونەیان خۆمم کە تەمەنێکم بەخشی بەوشارە بۆ پێشکەوتنی ، کەچی هەزاران جار تەکفیریان کردم و خوێنیان حەڵاڵ کردم ) وا ئێستا حەملەکەیان گواستۆتەوە بۆ فەلەکناس ئۆجا ، ئەو کچەی کە لە وڵاتی رۆژەوە هاتووە و تەمسیلی میدیا و کوردانی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەکات و دەنگ و هاوار و قیژەی پاکیزە ئێزیدیە فرۆشراوەکانی موسڵ و رەقای لە قورگیدا هەڵگرتووە و لە پەرلەمانی تورکیادا دەیکات بە ئاواز و سەدای ( وەی لێ لێ ، کیژا مە هاتنە فرۆتن )
دەربەندیخان ، کوا کۆڕی گەرمی یارانت ئەی مۆسکۆی بچوکی جاران و؛ رەقای ئێستا ؟
- Latest Posts by کەژاڵ نــــــــوری
هەڵمەت عوسمان: کەژاڵ نووری و گەڕان بەدوای نیوەکەی دی.
-کەژاڵ نوری: ڕۆژی ژنان و ئۆتۆریتەی کۆمەڵایەتی دایک.
-کەژال نوری: زانکۆکانی کوردستان پرۆژەیەک بۆ لەکارخستنی ئەقل.
- All Posts