عیماد عەلی : هەردوکیان لە ساڵی 1979 دا بوونە سەرۆک ..
چاوەرێی چی بین لە هەرێمی کوردستان
هەردوکیان لە ساڵی 1979 دەسەڵاتیان گرتە دەست ، مەسعود بەرزانی لە کۆنگرە بوو بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کەسی یەکەمی پارتی و ، سەدام حوسین یش بوو بە سەرۆک کۆمار و کەسی یەکەمی عیراق . بەڵام بەرپرسانی پارتی لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی خۆیان دەیانەوێت پارتی بە هەمان بەهانەی کە بەعس وەستایەوە ، وا ئێستا خەریکە جێگەی ئەوی تر دەگرێتەوە و ئەوساکە شەری دژی دکتاتۆرەکەی بەغدای کرد و سەرو بنی زمانی دکتاتۆربون و زوڵم کردنی بوو لە میلەت و کیمیاباران و ئەنفال و نەبونی ئازادی بوو ، ئەمرۆ بەرپرسانی پارتی وا خەریکە کاک مە سعود لە خشتە بەرن و هەمان رەفتاری مالکی و سەدامی پێ دووبارە بکەنەوە . زۆر رەخنەیان لە مالیکی گرت کە پێداگری لەسەر مانەوەی لە سەر کورسی سەرۆک وەزیرانی عیراق گرت و تەنانەت بە هێڵی سوریان لە قەڵەم دا و هەموو رێگایەکیان گرتەبەر بۆ نەهێشتنی دووبارە خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو پێگەیە . وتیان مانەوەی دەبێتە هۆی بنیاتنانی بنەمای دیکتاتۆریەت ، سەرەرای رێگەپێدانی دەستور بەو کارە بەڵام ئەوان کەوتنە پەیوەندی لەگەڵ دۆست و دوژمن بۆ نەهاویشتنی ئەو هەنگاوەی مالکی سەرنەکەوتنی و رازینەبونی لایەنەکان بەو کارە .
ئەمرۆ پاش سی وشەش ساڵ لە سەرۆکایەتی بارزانی بۆ پارتی وبیست و چوار ساڵ بۆ هەرێمی کوردستان ، دەبێت جیهان چیمان پێ بڵێت لە هەوڵدان و جەخت کردنی بەرپرسانی پارتی لەسەر مانەوەی کاک مەسعود لە سەرۆکایەتی هەرێم . سەدام بیست و چوار ساڵ کەسی یەکەمی عیراق وحزبی بەعس بوو ، کاک مەسعود ئەوە سی و شەش ساڵە هەر کەسی یەکەمی پارتیە .
لە سایەی حوکمی دکتاتۆرەکەی بەغدا جگە لە وێرانی و شەر و بەدبەختی خەڵکی عیراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ، هیچ خێرێکیان نەبینی ، لە سایەی حوکمی کاک مەسعود یشدا ئەگەر راپەرینی خەڵک و خۆبەختکردنی خەڵکی کوردستان و دەست و بردی میلەت لە فەراهەم کردنی نیمچە ئازادیەک نەبێت چی بۆ گەلی کورد و دوارۆژی کراوە ، ئەوەتا نەک پێش ناکەوێت ، وا رۆژ لە دوای رۆژ پاشەکشە دەکات . بۆیە ئەگەر وەک دەڵێن ( ئەگەر هەوەسە دی بەسە ) . وا دوو دەیە و نیوی رەبەقە ئەم کوردستانە بە خۆی و حزبەکەیەوە بەرێوە دەبات ، ئەگەر بارودۆخی تیرۆر لە عیراق نەبوایە ئێستا ئێمە لە خەڵکی عیراق خراپتر دەبووین ، هەرچەند ئێستا وەزعی دارایی و ئابووری عێراق لە هەرێمی کوردستان باشترە ئەگەر راستگۆ بین لەگەڵ خۆماندا .
بۆیە دەبێت بڵێین : تا ئێستا بواری ئەوە ماوەتەوە ، کاک مەسعود بیر لەوە بکاتەوە کە بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەسەر دەستی ئەو فەراهەم بێت مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار دەکات و لەوەزیاتر خەڵک لەخۆی بێزار ناکات و بە رێز و پێگەی سیاسی و خەباتی خۆیەوە کوردستان دەداتە دەستی تازەگەریەوە و خۆی دەکات بە مرەجەعێکی باوەرپێکراو ، ئەگەر وەک سەرۆکی حزبەکەی بمێنێتەوە ئەوە کاری خەڵک نیە و خۆی و ئەندامانی حزبەکەی بریار لەوبارەوە دەدەن .
ئەگەر تۆزێک بیر لە چۆنێتی لادانی مالکی بکەین دەبینین کە پەند وەرگرتن لەو مسەلەیە زۆر رەنگ سوریمان بۆ دەهێڵێتەوە ، چەند هەوڵی خۆی دا و مکوربوو لەسەر مانەوەی بەڵام هیچ شتێک دادی نەدا وا ئێستاش واقع ئەوە دەخوازێت کە گۆرانکاری لە چونێتی بەرێوەچونی هەرێمی کوردستان بە شێواز و عەقڵیەتی نوێ بکرێت ، ئەگەر کاک مەسعود رەفتارەکانی ماندیلا بێنێتەپێش چاوی خۆی و بە خۆی لە لەوتارێکی مێژوییدا بۆ خەڵکی کوردستانی روون بکاتەوە کە ئێمە لە قۆناغی دیموکراسیدا دەژین و پێویستمان بە حوکمی دامودەزگەیی هەیە و بە هەنگاوەی سەرەتای بنیاتنانی حوکمی رەشید دێنێتە ئاراوە و دەتوانین لە سەرجەم دکتاتۆر و قۆرخارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستی جیابکەینەوە . با لە رۆژانی داهاتوو بیروبۆچون و رەفتار و دیدگای لەسەر ئەو پێگەیە ببینین و ئەوسا حوکم بدەین .