عیماد عەلی : رەفتاری لایەنەکان لە قۆناغی پاش 23 ی حوزەیران .
تێپەراندنی کۆبونەوەی 23 ی حوزەیرانی پەرلەمان تەنها بە خوێندنەوەی پرۆژەکان کۆتایی نەهات ، بەڵکو قۆناغێکی نوێی لە یاری سیاسی و بۆچونی جیاوازو فرەئەگەری خستە بەردەست چاودێران ، وا پێشبینی دەکرێت کەلایەنەکان لەمەودواو رەفتار و هاوپەیمانێتی و تەنانەت چاوەرێ دەکرێت کردەوەشیان بگۆرێت و هاوکێشە نێوخۆیی و تەوەربەندیەکانیش تا بێت وەک خۆی لەسەر پابەندبون و دابەشبونی لایەنەکانی کوردستان بەسەریاندا بچەسپێت و گۆڕانکاریەکی ریشەیی ئەوتۆی بەسەردا نەیەت .
بۆ دیاریکردنی رێرەوی سیاسەتی لایەنەکان لە هەرێم دەکرێت لە دوو دیدگا و تێروانینەوە شرۆڤە بکرێت :
1 – لە تەوەربەندی ناوچەیی و هاوپەیمانێتی و خۆ گرێدانی لاینەکانی کوردستان بە وڵاتانی ناوچەکەوە .
2 – لە خۆفەرەزکردنی پێویستیەکانی سیاسەتی لایەنە کوردستانیەکان لە ململانێ ناخۆییەکان هەرێمی کوردستان لە لایەک و پارچەکانی تری کوردستانیش لە لایەکی ترەوە .
پەیوەندیەکانی لایەنەکان تا ماوەیەک بە پێی رەفتاری پارتی هەر یەکە وبە جیا شڵەژانێکی دیاری تێدەکەوێت . پارتی و یەکێتی خواحافیزیان لە رێکەوتنی ستراتیجی نێوانیان کرد . گۆران و پارتی غەزەل و لێکنزیکبونەوەکەی پاش رێکەوتنی پێکهاتنی حکومەت کۆتاییهات . پارتی و لایەنە ئیسلامیەکان هەر یەکە و بەجیا رایەڵەی پێکەوە گرێدانیان توشی بەربەست دەبێت کاریگەری وڵاتانی دەوروبەر رۆڵی خۆی دەبینێت . لە بەرامبەردا ، گۆران و یەکێتی هەلێکی زێرینیان هاتۆتە پێش بە خودویستی بێت یان رەمەکی ئەگەر بە ناراستەوخۆش بێت هەڵوێستەکانیان نزیک دەبێتەوە ، هەرچەند تا ئێستا لەو هەوڵەدان کە جیاوازی لە تێروانینیان لەسەر مەسەلەکان هەبێت ، بۆیە لە پرۆژەکانیان بایی ئەوەیان تێ هێشتۆتەوە کە بڵێن لە دیدگای جیاوازی خۆیانەوە مامەڵە دەکەن ، بەڵام واقیع زۆری گۆریوە و خۆی سەپاندوەە بەسەر رەفتار و بۆچونەکانیاندا .
فشاری پارتی لە ئەمرۆوە دەست پێدەکات و وەک لەوباوەرەدایە کە یەک کورسی و دوو کورسی پەرلەمان بە هێز و ترس و تۆقاندن بێت یان بە شیرینی پێدان ( ترهیب و ترغیب ) بە ئاسانی خەڵکانێک رازی دەکات و زۆرینە بۆ خۆی مەیسەر دەکات ، بۆ پیداگری لەسەر دراو بۆچونی خۆی لە نەهێشتنی تێپەراندنی ئەو پرۆژانەی لایەنەکان ، ئەگەر ئەو سازانەی ئیدیعای دەکات بەدڵی نەبێت . ئەمرۆ نیشانەی فشارەکان بە هەڵوێستی بەپرسانی بادینانی یەکگرتوو و دەست لەکارکێشانەوەی ئەندام مەکتەب سیاسیەکیان بۆ هەمووان دەرکەوت ، ئەمەش لە روانینی پارتیەوە کە لە سەرەتادا بەم کردەوەیە دەیەویـَت چاوسورکردنەوە و هەرەشەکانی پراکتیزەبکات . بە خۆرسکانە دوو بەرە دروست دەبێت و هەر لایەک بە پێی بەرژەوەندیە جیاوازەکان جموجوڵی خۆی دەکات و لەونێوەندەشدا دەکرێت قۆناغی فیفتی فیفتی بە شێوازێکی ترەوە ببینین و هەوڵی راکێشانی لایەنێکی بەرەیەک بۆ لای ئەوی تر وەک سەنگەر گۆرینەوەی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی ئەوسای لێ دێت . لەم بوارەشدا ، پارتی مانۆر و یاری باش دەزانێت و هەموو توانایەکی خۆی دەخاتە گەر، بەڵام جیاوازی قۆناغە سیاسیەکە و ئامادەباشی وڵاتان بە شێوەیەکی ئەکتیڤ لە چاودێری مەسەلە نێوحۆییەکانی کوردستان کارتێکی زۆر لەدەست پارتی دەردێنێت و ، زۆرێک لەو بروایەدایە کە پارتی ئەوەندەی پێ بکرێت رێگری بکات لە هەنگاوەکان نەک بتوانێت رێگەسازی بکات و خۆی هەنگاوی سیاسی تایبەتی بە خۆی مەیسەر بکات .
بۆیە ، لوباوەرەدام هاوکێشەکان بەم جۆرە دەبێت :
1 – پارتی و هەندێک لایەنی زۆر بچوک و بەشێک لە سەرکردایەتی حزبەکان لێرەو لەوێ + بۆچون و رەفتاری رێگری یەکێتی و گۆران و ئیسلامیەکان + پرۆژە و پشت بەستن بە پەرلەمان .
2 – تەوەری ئێران و زۆنی سەوز و عیراق لە بەرامبەر تەوەری تورکیا زۆنی زەرد ، لەو نێوەندەشدا ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا حساباتی گەورەی تایبەت بە ناوچەکە و وڵاتان دەکەن نەک تایبەت بە کوردستان .
3 – سەرکردایەتی پارتی و بەتایبەتی مەسعود بەرزانی و بنەماڵە لە بەرامبەر سەرکردایەتی گۆران و بەتایبەتی نەوشیروان مستەفا و سەرکردایەتی یەکێتی تا رادەیەک بنەماڵە و هیرۆ لەگەڵ سەرکوتلەکانی کۆسرەت و مەلا بەختیار و بەرهەم دا لە ململانێی بەرژەوەندخوازانەی خۆیان دەبن .
4 – بۆچونی موحافزکارانەی حوکمی تاکەکەسی لە بەرامبەر هەوڵی تازەگەری و ریخۆشکەری بۆ دیموکراسیەت و ژیانی سیاسی ئاسایی و سیستمی پەرلەمانی فرەیی و کراوەیی کە لەگەڵ واقعی کوردستاندا بگونجێت لە بەرامبەر یەکتر دەوەستن .
5 – قەیرانی ئابووری و شەری داعش و تۆکمەیی سەنگەرەکانی پێشمەرگە خەتی سورن لە بەرامبەر هەر یاریەکی سەرجەم لایەنەکان و بە بەکارهێنانی ئەم بابەتە خەتەرناکە ئەگەری لەناوچونی تاقیکردنەوەی حوکمی خودی ئەمانە و شەرعیەت و لەناوبردنی ئەزمونەکە دێتە ئاراوە ، ئەمەش کەس لێیان قبوڵی ناکات چ لەدەروە بێت یان ناوەوەی کوردستان ، بەڵام ئەگەر بارودۆخی عیراق رێگە بدات ئەمریکا رێگا لە گەرانەوەی زیاتری کورد بۆ باوەشی بەغدا ناگرێت لە دوا ساتدا .
6 – پشتگیری و هەماهەنگی و زیاتر نزیکبونەوەی پارتی لە ئاکەپە و ئەردۆگان لە بەرامبەر نزیکبونەوەی لایەنەکانی تر لە هەدەپە و سەرکردایەتی پەکەکە .
بۆیە بە لەیەکدانی ئەم خاڵانە و لەبەرچاوگرتنی فاکتەری بەرژەوەندی حزبی و شەخسی سەرکردەکانی کوردستان ئاسۆی دوارۆژی کوردستانی باشوور بە لێڵی دەردەکەوێت و بەدیهێنانی هیچ ئامانجێک مسۆگەر نیە و دوارۆژمان بەدەست قەدەرەوەیە سیاسەتی هەرێم بە تێروانینی سەرکردەو بەرژەوەندیە حزبی و شەخسیەکان بەرێوە دەچێت نەک هەنگاوی زانستیانەی لایەنەکانی کوردستان ، لەم وەزعەی تێی کەوتون .