نەبەز گۆران: بارزانی، پێشمەرگەی سەر كورسی.
گەر وەك خوێنەرێك ئارەزوت لێ یە، مێژووی حیزبی پارتی بخوێنەوە.
لە خوێندنەوەی مێژووی ئەو حیزبەدا بۆت دەردەكەوێت ( بارزانی ) لە تەمەنی (16) ساڵی دا دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و دەچێت بۆ لای باوكی، بۆ ناوچەی (چۆمان). كە ئەو كات سەركردایەتی حیزب لەوێ بوو. لە یەكەم رۆژەوە ئیدی دەچێتە هەڕەمی دەسەڵات و دەبێتە كەسێكی دەسترۆیشتویی ناو حیزب. ئەم میراتەش لە باوكیەوە بۆی دەمێنێتەوە، نەك خۆی بە توانای خۆی پلەكانی حیزبی بریبێت. پاش نەمانی باوكیشی، راستەوخۆ دەبێتە دەسەڵاتی یەكەمی حیزب.
بەپێی مێژووی ئەو حیزبە ( بارزانی) لە ژیانیدا، بە ( دوربین ) سەیری هەشت شەڕی كردەوە. لە ژیانیدا هەرگیز شەوێك پاسەوانی نەكردووە، هەرگیز لەناو شەرێك نەبووە، گولە لێیەوە نزیك بێت. هەرگیز لە سەنگەرێكدا گولەیەكی نەناوە بە بەرابمەرەكەیەوە. هەرگیز شەونخونی نەكردەوە، وەك هەموو پێشمەرگە ئاساییەكان. هەمیشە بریاریداوە و هەمیشە لە سەرەوەی دەسەڵاتەكاندا بووە. تائێرە تەنها چەند رستەیەكە لە مێژووی ئەو كەسەی گشت جارێك بۆ منەتكردن بەسەر هەموولایەكدا، باس لەوە دەكات پێشمەرگەیە! ئەگەر برواشت بەم رستانە نیە، بچۆ كێتبەكانی خودی خۆی كە ( فەلەكەدین كاكەی ) بۆی نووسیوە، بخوێنەوە. یان كتێبەكانی ( جەرجیس فەتحڵا، یادەوەرییەكانی محەمەدی مەلا قادر، مەحمود عوسمان، شەكیب ئاكرەیی، ئەیوب بارزانی و… هتد) ئەم كتێبانە مێژووی راستەقینەی ئەو پیاوەت پێدەڵێن، كە پێشمەرگە بووە یان دەسەڵاتدار. ئەوەش گرنگە كۆی كتێبەكانی كەسانی ناو حیزبەكەی خۆی، یان نزیكەكانی خۆی نووسیوویانە.
بەهەرحاڵ
لەو مێژووە دەگەرێین و دێن قسە لەسەر ئێستا دەكەین. لە دوا پەیامیدا بە كورتیەكەی وتی: ئەگەر ئێوە رێك ناكەون دامبنێنەوە، من خۆم خۆم دادەنێمەوە !” كۆی پەیامەكەی هەر ئەم رستەیە بوو. پێشوتر دەمانووت: ئەم كەسە بیمارە بەو كورسیەوە، كۆمەڵێك دۆست و نەیار تانەیان لێدەداین و دەیان وت: كەوانیە. راستییەكەی ئەوانەی ( بارزانی ) وەك خۆی ناناسن، پێیان وایە دەست لە كورسیەكەی هەڵدەگرێت. ئەم تێگەیشتینە ئەو پەری خراپ ناسینی ( بارزانی ) ییە. كێشەی گەورەی ئەم پێشمەرگەی سەر كورسییە، تەنها كورسیەكە و دەسەڵاتەكانی خۆیەتی. ئەگەرچی وا راهاتووە هەرەشە بكات و هەمیشەش هەرەشەكانی، دەرئەنجامی باشیان نابێت بۆ خۆی. لێ ئیدی ئەو قۆناغە تێپەڕی منەت بەسەر خەڵكدا بكات و وا وێنای خۆی بكات، پێویستی بەو كورسیە نیە. راستیەكەی هێندە پێویستی بەو كورسیەیە، هەر بە ناو هێنانی گۆڕینی سیستەمەكە، لە تاكەكەسیەوە بۆ پەرلەمانی، خۆی و حیزبەكەی بە جۆرێك شێواون، چی وشەی ناشیرینی ناو فەرهەنگە دەیهێنن و بەرابەر ئەوانە بەكاری دەهێنن، بروایان بە سیستەمی تاكەكەسی نیە.
كۆمیدیا لەوەدایە، پێی وایە هەر دەبێت بە دەسەڵاتەكانی خۆیەوە بچێتەوە سەر كورسیەكە! رازی نابێت دەسەڵاتەكانی كەمبكرێنەوە و دەورو بەرەكەی ئیهانەی پەرلەمان و سیستەمی پەرلەمانیش دەكەن! لە كاتێكدا چەندین تەزویریانكرد بۆ ئەوەی كورسیەكانیان لە پەرلەمان زۆربێت و ئەمرۆش بەنیازن پەرلەمان بخەنە پەراوێزی عەقڵە حیزبی و تاكەكەسیەكەی خۆیانەوە. ئەم تێروانینە تەنها تێروانینی ئەوانە نیە، لە پێناو تاكەكەسێكدا ماهیەتی خۆیان لە دەستداوە، بەڵكو تێروانینەكە لە خودی ( بارزانی ) خۆیەوە بڵاو دەبێتەوە و پەیامەكەشی ڕوون بوو، كە هێندە ئارەزوی كورسیەكەیەتی، هەموو رێگایەك دەگرێتە بەر تا لە سەر كورسیەكە دانیشێتەوە و منەت بەسەر خەڵكدا بكات، كە پێشمەرگەیە. ئەما پێشمەرگەی سەر كورسی!
س – لڤین