عه‌تا قه‌ره‌داخی : په‌رله‌مانی ئیسلامی کوردستان و ده‌ستوورى سهکیولهر .
ئایا له کوردستان حیزبی سهکیولهر هه‌یه ؟ ئایا پارتی و یه‌کێتی و گۆڕان حیزبی سهکیولهرن ؟ بێگومان ئه‌وه‌ی ئاشکرایه هیچ کام له‌م حیزبانه شوناسێکی دیاری نیه ، راسته که‌سانی رادیکاڵ و ته‌نانه‌ت بڕوانه‌بوو به ئایین و ته‌نانه‌ت دژه ئاینیش له به‌شی سه‌روه‌ی هه‌ره‌می ئه‌م حیزبانه‌دان ، به‌ڵام تێڕوانینی ئاشکرا له به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ئه‌م حیزبانه‌دا به‌وه‌ی که به ئاشکرا نووسرابێت حیزبی سهکیولهر بن یان ئایینی بن بوونی نیه . هه‌روه‌ک له پیاده‌کردنی رۆژانه‌شیاندا زیاتر به‌لای حیزبی ئایینی‌دا دهشگکێنهوه زیاتر له‌وه‌ی به‌لای حیزبی سهکیولهردا بشکێنه‌وه. بۆ نموونه ئه‌م حیزبانه یه‌کێتی زانایانی ئیسلامی‌یان هه‌یه، له حکومه‌ته‌که‌یاندا وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌یه له کاتێکدا له حکومه‌تی عێراقدا ئه‌و وه‌زاره‌ته بوونی نیه. مه‌جلیسی ئیفتاریان هه‌یه ، هه‌روه‌ک سه‌رکردایه‌تی ئه‌م حیزبانه‌ی که خۆیان به نه‌ته‌وه‌یی و سهکیولهر ناوزه‌ن ده‌که‌ن له‌به‌رامبه‌ر پیاوانی ئایینی‌دا زۆر لاوازن، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه نیه که رێزی ئایین ده‌گرن ، من بڕوام وایه ده‌بێ ئایین له چوارچیوه‌ی ئازادیه کهسیهکانادا بێت و هه‌رکه‌س ئازاد بێت له‌وه‌ی که چۆن په‌یڕه‌وی ئایین ده‌کات و په‌یڕه‌وی کام ئایین و کام مه‌زهه‌ب ده‌کات یان ئه‌سله‌ن په‌یڕه‌وی هیچ ئایینێکیش نه‌کات .. ده‌بێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له چوارچێوه‌ی ئازادییه که‌سیه‌کاندا دابنرێت و له‌و رووه‌وه هه‌موو که‌س ئازاد بێت .
ئه‌وه کاری حکومه‌ت و حیزب و ده‌ستوور نیه خۆی له‌و بابه‌ته زۆر که‌سیه هه‌ڵقورتێنێ. به‌ڵام ئه‌م حیزبانه‌ی کوردستان که زۆرینه‌ی به‌رپرسه‌کانیان بڕوایان به ئایین نیه یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه په‌یڕه‌وی ساده‌ترین بنه‌ماکانی ئایین ناکه‌ن که‌چی بۆ فریودانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی خاوه‌ن ئیمان موغازه‌له‌ی ئایین ده‌که‌ن که ئه‌وه‌ش درۆیه‌کی گه‌وره‌ی حیزبی کوردیه‌و به‌شێکه له‌و قه‌یرانی شوناسه‌ی ، که حیزبی کوردی و که‌سێتی سیاسی کوردی هه‌یه‌تی و له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیدا ئایینیش بۆ فریودانی خه‌ڵک به‌کارده‌هێنێت. خاڵێکی تر که ئێستا به‌رگوێ ده‌که‌وێـت و باسی شاڵاوی پشتگیری‌کردن بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێکی سهکیولهر ده‌بیسترێت ، ئه‌ویش دیسان بێ ئاگایی و خه‌وخۆشی ئه‌و که‌سانه‌یه که خاوه‌نی بۆچوون و ده‌زگای سهکیولهرن و کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه بۆ ئه‌و بواره ده‌به‌ستن که ره‌نگه که‌سانی پله‌داری ناو ئه‌و حیزبه به‌ناو سهکیولهرانهشی تێدا بێت، به‌ڵام له‌ولاوه بێ ئاگان که ئێستا دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان که ده‌ستووریش ئه‌و ده‌ینووسێته‌وه له‌لایه‌ن ئیسلامی سیاسیه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت . ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که له په‌رله‌مانی کوردستاندا ئاراسته‌ی ئیسلامی بڕیار به‌ده‌سته ئیتر ئایا چۆن چاوه‌ڕوانی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێکی سهکیولهر ده‌کرێت .
سه‌رۆکی په‌رله‌مان یه‌کگرتووی ئیسلامی بووه‌و ئێستا گۆڕانه ، که گۆڕانیش له‌م رووه‌وه خاوه‌نی هیچ دیدو تێڕوانینێک نیه . جیگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان کۆنه ئیسلامی و نیو پارتیه که بێگومان پێناچێت ئه‌ویش هیچ بڕوایه‌کی به ده‌ستووری سهکیولهر هه‌بێت ، سکرتێری په‌له‌مان کۆمه‌ڵی ئیسلامیه ، په‌رله‌مانیش ئه‌وه‌ی که ده‌بینرێت پێناچێت که‌سانی خاوه‌نی دیدی ئاینده‌یی ئه‌وه‌نده تێدا بێت که بتوانن ببنه زۆرینه‌و راو بۆچوونی خۆیان بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێکی سهکیولهر بگه‌یه‌ننه ئاستێک که ببێته ده‌نگی زۆرینه .
که‌واته کێ ده‌ستووری سهکیولهر بۆ کوردستان بنووسێته‌وه ؟ هه‌ی ئافه‌رم ئیسلامیه‌کانی کوردستان که چۆن به هێواشی کۆنترۆڵی به‌رزترین دامه‌زراوه‌ی تهشریعتان کردووه له کوردستاندا ، ده‌ک رووتان زه‌رد بێت ئه‌ی حیزبه ناو سهکیولهرو ئه‌و به‌رپرسه حیزبیانه‌ی ناو پارتی و یه‌کێتی و گۆڕان که زمانتان بۆ قسه‌ی بێگهوههر درێژ درێژه به‌ڵام په‌رله‌مانه‌که‌تان په‌رله‌مانێکی ئیسلامیه ئه‌ی ده‌بێ دهستوورهکهتان و ئازادیه که‌سیه‌کانتان و ئه‌و دیموکراسیه‌ی که باسی ده‌که‌ن چۆن بێت . به‌ڵێ که‌سانێک خه‌ون به ده‌ستوورێکی سهکیولهرهوه ده‌بینن به‌ڵام پێناچێت له وه‌ها په‌رله‌مانێکدا ئه‌و خه‌ونه‌یان به‌دی بێت .