دکتۆر سەردار عەزیز : ئایا روداوی رۆژی 23 ی مانگ له‌په‌رله‌مان روداوێکی سیاسی بوو ؟
ئه‌وه‌ی رۆژی 23 ی مانگ له‌په‌رله‌مانی کوردستان رویدا به‌هه‌مو پێوه‌رێک روداێکی جیاوازبو له‌مێژوی په‌رله‌مانی کوردستاندا . ئایا ئه‌م روداوه روداوێکی سیاسی بو ؟ به‌مانای ئه‌وه ئایا ئه‌گه‌ر له‌م روداوه بکۆڵینه‌وه ، وه‌ك روداوی خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه پرۆژه‌یاسایه‌ک بۆ دیاریکردن‌و رۆڵ‌و تهمهنو خه‌سڵه‌تی باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی وڵات ، روداوێکه که خه‌سڵه‌تی سیاسی هه‌بێت . به‌مانایه‌كی تر ئه‌گه‌ر روداوه‌كه ته‌نها له‌ناو کایه‌ی یاسادا ڕاڤه بکه‌ین . یان گرنگی روداوه‌که له‌وه‌دایه که چه‌ندێک ده‌بێته به‌شێک لهسهربوردهی شوناسی که‌سه‌کان له‌هه‌رێم .
ئایا سیاسی بونی روداوه‌که له‌وه‌دایه که ناسنامه‌ی که‌سه‌کان له‌گه‌ڵ دونیابینینیاندا ده‌ستکاری ده‌كات یان ده‌ژێنێته‌وه ؟ ئه‌مه‌ش دیدی به‌هه‌ند وه‌رگرتنی پێگه‌ی تاکه له‌به‌رامبه‌ر روداودا . له‌هه‌مانکاتدا ئایا ئه‌وه‌ی رویدا سیاسی بو چونکه ناوازه‌بو له‌مێژوی سیاسی هه‌رێمدا ، به‌جۆرێک که تاکه‌كانی کرد به‌دو به‌شه‌وه به‌شێک که شۆرشگێڕانه ده‌خوازێت بیگۆڕێت ، به‌شێکی تر به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵده‌دا پارێزگاری لێبکات .
ئایا وه‌رچه‌رخانێکی پۆستمۆدرێنه له‌مۆدێلی شۆرشی فه‌ره‌نسی که هه‌ردو جۆری سیاسه‌تکردنو په‌یوه‌ندی تاکهكان به‌سیاسه‌ته‌وه ده‌گۆڕێت . یان ئه‌وه‌ی رویدا ساته‌وه‌ختی ده‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری ئاڵۆزبو که ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان رویدا ئه‌و روداوه بو که به‌ئاگای کردینه‌وه له‌هه‌مو ئه‌و وه‌رچه‌رخانانه که رویانداوه‌و هێنده به‌زه‌قی لێی به‌ئاگا نه‌بوین . به‌مه‌به‌ستی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه خوێندنه‌وه ده‌که‌ین بۆ روداوه‌که‌ی رۆژی 23ی مانگی حوزه‌یران له‌ڕوانگه‌ی چوار بیرمه‌ندی ئه‌وروپیه‌وه .
روداوی سیاسی چیه ؟
ئه‌مه ناونیشانی وتارێکی فه‌لسه‌فی بیرمه‌ندی ئینگلیزی ئیان مهکێنزیه . که ساڵی 2008 له گۆڤاری theory and event دا بڵاویکردوه‌ته‌وه . وتاره‌كه خوێندنه‌وه‌یه‌كه بۆ دیارده‌ی روداوی سیاسی لای هه‌ریه‌ك لهداڤیدسن ، ریکۆر ، ئالان بادیو له‌گه‌ڵ دۆلۆزداDonald Davidson, Paul Ricoeur, Alain Badiou and Gilles Deleuze .
هه‌ریه‌ك له‌م بیرمه‌نده پاش بونیادگهراییه روداوی سیاسی به‌جیاواز ده‌بینن . لای مه‌کێنزی تێگه‌یشتن له‌روداوی سیاسی یان سیاسی بونی روداو گرنگه ، چونکه ئه‌گه‌ر تێنه‌گه‌ین که سروشتی روداوی سیاسی چیه ناتوانین دڵنیابین له‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ی که باسی لێوه‌ده‌که‌ین روداوێکی سیاسیه . هۆکاری دوه‌م له‌گرنگی تێگه‌یشتن له‌چیه‌تی روداوی سیاسی ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر له‌روداوی سیاسی تێنه‌گه‌ین ئه‌وا ئه‌سته‌مه له‌و مانایه تێبگه‌ین که ئه‌و روداوه به‌رهه‌می ده‌هێنێت . مه‌ترسی لێره‌دا ئه‌وه‌یه که روداوێکی ناسیاسی به‌روداوێکی سیاسی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین .
لای داڤیدسن ئه‌وه سروشتی روداوه‌كه‌یه که بڕیارده‌ره له‌وه‌ی که روداوه‌که سیاسی بێت یان نا . بۆیه گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له‌کاریگه‌ری روداو و سیاسی بونی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و بواره بکه‌ینه‌وه که روداوه‌كه‌ی تیادا رویداوه .
بۆ نمونه کاتێک روداوێک ده‌رباره‌ی ده‌رچواندنی یاسایه‌كه له‌په‌رله‌مان ئه‌وا ده‌بێت له‌گرنگی یاسا دهرچواندنو ته‌شریع بکۆڵینه‌وه هه‌تا له‌گرنگی یان سیاسی بونی روداوه‌که بگه‌ین . ئه‌م تیوره‌ی داڤیدسنه زیاتر بهتیورهی نێوترال یان بێلایه‌نگیری ناسراوه . لێره‌دا دو ڕه‌هه‌ندی گرنگ له‌روداوی سیاسی فه‌رامۆشکراوه که ئه‌وانیش ڕۆڵی ئهجینت یان که‌س له‌گه‌ڵ روداو خۆی بۆ خۆی . بۆیه ئه‌م تیۆره‌ی داڤیدسن لای پۆل ریکۆر مایه‌ی پرسیاره . ریکۆر ده‌پرسێت ئایا چۆن روداوێک ده‌بێته مانابه‌خش بۆ کهسهكان ( ئه‌یجنت ) .
وه‌ك ده‌زانین پۆل ریکۆر کاری زۆری له‌سه‌ر شوناسی تاک کردوه له‌دونیادا .
ئایا تاک یان که‌سێک چۆن خۆی به‌دونیا نمایش دهكاتو دونیا یان ئه‌وانیتر چۆن ده‌یبینن . به‌م پێیه ، ئایا روداوێک چه‌ندێک ده‌بێته به‌شێک لهسهربوردهی ( نه‌ره‌تیڤی ) بونیادنانی شوناسی که‌سێک. ئایا په‌یوه‌ندی نێوان ناسنامه‌ی که‌سێک له‌گه‌ڵ روداوێکدا چۆن دێته‌بون ؟
به‌م پێیه داڤیدسن بایه‌خێکی ته‌واو نادات به‌په‌یوه‌ندی نێوان تاکو روداو به‌ڵکو زیاتر جه‌خت له‌سه‌ر سروشتی روداوه‌که خۆی ده‌كاته‌وه به‌پشتبه‌ستن به‌سروشتی روداوه‌كه خۆی . له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ئایا ئه‌وه‌ی ڕۆژی 23ی مانگ رویدا له‌هۆڵی په‌رله‌ماندا لهسهربوردهی شوناسی تاکهكاندا له‌هه‌رێمی کوردستان چی ده‌گه‌یه‌نێت .
ئایا ئه‌م روداوه چه‌ندێک ده‌بێته هۆکاری بونیاد یان داڕمانی چیرۆکی ژیان‌و مانابه‌خشینی که‌سێک به‌دونیا . ئه‌گه‌ر لای داڤیدسن به‌ڕای ڕیکۆر روداو ناشهخسیهو هه‌میشه وه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت که رویدابێت . ریکۆر له‌میانه‌ی ڕه‌خنه‌یدا باس له‌وه ده‌کات که داڤیدسن هه‌میشه به‌شێوازی ڕابردو قسه له‌سه‌ر روداو ده‌كات .
له‌ڕوانگه‌ی ریکۆرهوه روداو گرنگی په‌یدا ده‌كات کاتێک ده‌بێت به‌به‌شێک لهسهربوردهی مانابهخشینیکهسێک به‌ژیانی خۆی‌و دونیا . ئه‌و چالاکیه‌ی ده‌بێته روداو ئه‌و چالاکیه‌یه که ده‌بێته به‌شێکی مانابه‌خش بۆ سه‌ربورده‌ی که‌سێک . به‌م پێیه بهروداوبونی هه‌ر چالاکیه‌ك له‌سه‌ر شوناسی تاکهكان وه‌ستاوه .
کاتێک ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان روده‌دات بریتیه له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی به‌په‌رله‌مانی بونی ڕاسته‌قینه‌ی سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی کوردستان ، ئه‌وا هه‌رکه‌سێک که سیسته‌مێکی وه‌های به‌لاوه گرنگه ، یان به‌په‌رله‌مانی بون بۆ ئه‌و وه‌ها ده‌بینرێت که بنه‌مای سهقامگیریو گۆڕانکاری ئاشتیانه‌و توانای فشارکردنو پیاداچونه‌وه‌ی ههمیشهییو گفتوگۆی ناکۆتا بێت ، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه رویدا بۆ ئه‌و روداوێکی سیاسیه که ده‌بێته به‌شێک له‌دونیابینی ئه‌و سهربودهی دیدی سیاسی ئه‌و بۆ دونیا .
لێره‌دا روداو خۆی بۆ خۆی گرنگ نیه ، به‌ڵکو گرنگی له‌په‌یوه‌ندی بهکهسهكانهوه په‌یدا ده‌كات . ئه‌وه‌ی شایانی باسه ئه‌وه‌ی له‌هۆڵی په‌رله‌مان رویدا کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌مو که‌سێک ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و که‌سه په‌یوه‌ندی هه‌بێت بهروداوهکهوه یان نا . چونکه هه‌ر گۆڕانکاریه‌ك یان گۆڕان نهكارییهك له‌سیسته‌می سیاسی کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر ژیانی هه‌موان ، ئه‌وانه‌ی که پێی دهزاننو ئه‌وانه‌ش که پێی نازانن ، یان هه‌وڵده‌ده‌ن که له‌بازنه‌ی ژیانیان دوری بخه‌نه‌وه .
ده‌توانم بڵێم گۆڕانکاری له‌سیسته‌می سیاسی کاریگه‌ری هه‌یه نه‌ك له‌سه‌ر تاکهكان به‌ڵکو له‌سه‌ر هه‌موان له‌ناو ئه‌م کایه سیاسیه‌دا . لێره‌وه که‌موکورتی دیدی پۆل ریکۆر ده‌رده‌كه‌وێت . چونکه ئه‌گه‌ر گرنگی روداێک له‌وه‌دابێت که چه‌ندێک به‌لای ئه‌و تاکانه‌وه گرنگه که لهگرنگیهكهی به‌ئاگان ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه روداوی سیاسی کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و تاکانه‌ش که روداوه‌كه به‌گرنگ دانانێن . که‌واته تیوره‌ی به‌سه‌نته‌رکردنی که‌س یان ئه‌یجنت سنورداره‌و ناتوانێت گرنگی روداو به‌ته‌واوی ڕاڤه بکات .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی پۆل ڕیکۆر پێمان ده‌ڵێت هه‌ندێک سروشتی گرنگی روداوی سیاسیه :
یه‌که‌م – گرنگی روداوی سیاسی له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر روداوێکی تردا .
دووه‌م – کاریگه‌ری له‌سه‌ر سهربوردهو دیدی تاکه‌کان .
سێیه‌م – ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ی که روداوی سیاسی دروستی ده‌کات له‌سه‌ر ئه‌و رێتمهی که هه‌یه . روداوی سیاسی پچڕانێک دروست ده‌کات له‌و سیسته‌مه‌ی که دروستکراوه له‌پێناو واڵاکردنو بردنی به‌ئاراسته‌یه‌كی تر .
هه‌تا ئێستا له‌قسه‌کردن له‌سه‌ر روداوی سیاسی باسی دو ڕه‌هه‌ندمان کرد :
یه‌که‌م – باسکردنی روداو له‌رێگای ئه‌وه‌ی چی رویداوه .
دووه‌م – له‌رێگای جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئایا گرنگی ئه‌و روداوه چه‌نده . هه‌ردو ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی روداو ناتوانن چڕی‌و بایه‌خی روداوی سیاسی ڕاڤه بکه‌ن . بۆ نمونه ئایا گرنگی یان کاریگه‌ری له‌هه‌ناوی روداودایه، به‌جۆرێک له‌رێگایه‌وه بتوانین جیاکاری بکه‌ین له‌نێوان روداوێکی به‌بایه‌خی سیاسی‌و ناروداوێکی سیاسی . مه‌به‌ست لهناڕوداوی سیاسی ئه‌و روداوه سیاسیانه‌یه که روده‌ده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ کاریگه‌ریه‌ک یان گۆڕانکاریه‌ك ، یان وه‌رچه‌رخانێک له‌سه‌ر به‌رده‌وامی سیاسی بهێننه ئاراوه .
بۆ نمونه کاتێک به‌رپرسه سیاسیه‌كان که‌سایه‌تیه سیاسیه‌کان ده‌بینن ، روداوێکی سیاسیه به‌ڵام هیچ کاریگه‌ری له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی نیه . به‌مانایه‌كی تر هیچ ده‌ستکاری سیسته‌می سیاسی ناکات ، به‌ڵکو ڕه‌نگه تۆکمه‌ی بکات ، یان وه‌ك خۆی بیهێڵیته‌وه . لێره‌وه ده‌گوێزینه‌وه بۆ دیدی ئالان بادیو به‌هیوای ئه‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌یه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بکات . دیدی بادیو له‌سه‌ر ئه‌وه بونیادنراوه له‌ته‌نها یه‌ک بابه‌تی گه‌ردونی هه‌یه بۆ سیاسه‌ت . پاشان دۆلۆز به‌ئاراسته‌یه‌كی تردا ده‌یبات .
لای بادیو ئه‌وه‌ی وه‌ها لهروداوێک ده‌كات که روداوێکی به‌بایه‌خ یان سیاسی بێت جۆری بیروباوه‌ڕی کهسهكانه بۆ روداوه‌كه . وه‌ك بادیو ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی به‌شداربون له‌شۆڕشی فه‌ره‌نسیدا باوه‌ڕیان به‌وه هه‌بو که ئه‌وه‌ی روده‌دات دابڕانێکه له‌رژێمی کۆن Ancien Régime له‌هه‌مانکاتدا کرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌كه به‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی داهاتویه‌كی سیاسی نوێ‌دا .
به‌م پێیه په‌یوه‌ست بون بهروداوێکهوه له‌پێناو هێنانه‌ئارای گۆڕانکاریه‌ك له‌سیسته‌می سیاسی دۆخێکی شۆرشگێڕانه‌یه . بۆیه لای بادیو به‌گشتی بونی ( یونیڤێرساڵ ) سروشتی روداوه‌که‌یه که گرنگی‌و سیاسیبونی روداوه‌که دیاریده‌کات .
لێره‌وه په‌یوه‌ندی نێوان تاکو روداو په‌یوه‌ندی بونیادنانی شوناس‌و دونیابینیه .
کاتێک تاکێک په‌یوه‌سته به‌شۆرشی فه‌ره‌نسیه‌وه ئه‌وا ده‌بێته تاکێکی کۆماریخوازی شۆرشگێڕ . لای بادیو روداوی سیاسی زۆربه‌ی کات ساته‌وه‌ختێکی کورته که تیایدا شه‌قێک ، برینێک له‌سیسته‌می سیاسی‌دا روده‌دات . ئه‌و درز یان شه‌قه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ڕاستی سیسته‌می سیاسی ببینرێت ، چوکه زۆربه‌ی کات سیسته‌می سیاسی ڕاستی خۆی ده‌پۆشێت . بۆیه لای بادیو به‌ده‌گمه‌ن روداو روداوی سیاسیه .
بۆ چارسه‌ری ئه‌م دۆخه ده‌چینه لای دۆلۆز. لای دۆلۆز روداو ساتێک که روده‌دات ده‌رئه‌نجامی زنجیره‌یه‌ک له‌رودانی تره که ئه‌و ساته‌وه‌خته دروست ده‌که‌ن هه‌تا روداوه‌كه‌ی تیادا روبدات . به‌و مانایه ئه‌وه‌ی له‌رۆژی 23ی مانگ له‌هۆڵی په‌رله‌مان رویدا ناتوانین وه‌ك روداوێکی سیاسی بیبینین که ڕه‌گی نیه یان پێشینه‌ی نیه . به‌ڵکو زنجیره‌یه‌کی زۆر لهرودان رویانداوه لهئامادهكردنو رێگه‌گرتن له‌ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه رویدا .
دیاره چه‌ندێک بونیادنانی روداوه‌كه گرنگه هێنده‌ش هه‌وڵدان بۆ رونهدانو رێگه‌لێگرتنی گرنگه .
لێره‌وه له‌دیدی دۆلۆزه‌وه ئه‌و روداوه‌ی که ساتێک روده‌دات ڕه‌نگه روداوی سیاسی نه‌بێت وه‌ك خۆی چونکه ده‌رئه‌نجامێک زنجیره‌یه‌ك روداوه که گۆڕانکارییان دروستکردوه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ساته‌وه‌ختی روداوه‌که‌دا ئێمه لێی به‌ئاگادێینه‌وه ئه‌وه‌یه که گۆڕانکاری رویدا ، یان وه‌رچه‌رخانێک هاتوه‌ته ئاراوه . به‌م پێیه ئه‌وه‌ی له‌هۆڵی په‌رله‌مان رویدا ساته‌وختی ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌بو که گۆڕانکاری له‌کوردستان رویداوه ، به‌ڵام به‌گشتی یان بۆ گشت ههستپێنهكراوبو هه‌تا ئه‌و ساته‌ی که روداوه‌که‌ی په‌رله‌مان رویدا .
به‌مانایه‌کی تر ڕه‌نگه له‌دۆخێکی تردا ، یان له‌ساتێکی تردا ئه‌وه‌ی رویدا له‌په‌رله‌مان به‌ئاسانی نه‌توانرایه بهێنرێته ئاراوه . چیه وه‌ها ده‌کات که ئه‌و ساته‌وه‌خته بێته ئاراوه که که‌سه‌کان وه‌ها هه‌ڵسوکه‌وت ده‌كه‌ن ، یان ناچارن وه‌ها هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن ، ئه‌وه بنه‌مای روداوه‌که‌یه . که‌واته روداو هه‌میشه ئاڵۆز‌و فره‌یه ( پلوڕاڵه ) .
به‌م پێیه له‌ڕوانگه‌ی هه‌ریه‌ك له‌بیرمه‌ندانی ئاماژه پێکراوه بیگریت ئه‌وه‌ی رویدا له‌په‌رله‌مان رۆژی 23ی مانگ که خۆی له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ر به‌یاسا بۆ کێشه‌کان ده‌بینێته‌وه ، روداوێکی سیاسیه . ئه‌م روداوه سیاسیه وه‌ك خۆی گرنگه ، بۆ که‌سانێکی زۆر گرنگه ، وه‌ك له‌میانه‌ی دیداری خه‌ڵکی خۆماڵی بیانی‌دا هه‌ستی پێده‌که‌ین ، هه‌روه‌ها ساته‌وه‌ختی ده‌رکه‌وتنی ئه‌و گۆڕانکاریانه بو که ده‌مێکه له‌کوردستاندا به‌ڕێوه‌ن .
ده‌كرێت قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و روداوه بکه‌ین ، کێ بون ئه‌و روداوه سیاسییه‌یان هێنایه ئاراوه . له‌به‌ر ئاڵۆزی‌و زۆری ئهکتهرهکانو ڕۆڵی جیاوازیان لێره‌دا باسی ناکه‌ین . چونکه به‌گشتی زیاتر له‌سێ جۆر ئه‌کته‌ر هه‌یه ، ئه‌کته‌ری ئه‌نجامده‌ر که خۆی له‌چه‌ند که‌سێکی که‌مدا ده‌بینێته‌وه ، ئه‌کته‌ری بونیادنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ری سازێنه‌ر ، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ئه‌کته‌ری ڕێگر ، که ده‌كرێت بگوترێت دژ به‌خواستی خۆیان ڕۆڵی پۆزه‌تیڤیان هه‌بو لهبهسیاسی کردنی روداوه‌كه‌دا . هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ده‌رفه‌تێکی تردا بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئهكتهرهکان .