عەتا قەرەداخی : ئایا ئیسلامیەکانی کوردستان دەبنە بەشێک لە ململانێی نێوان جەلالی و مەلایی ؟
( هەموو ئەوەى کە پارتی و یەکێتی و گۆڕان بە ناوى دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ئازادییەکانەوە دەیڵێن بێجگە لە درۆو بۆ فریودانی جەماوەرو بۆ شاردنەوەى رقە مێژووییەکانیان لە یەکتر هیچیتر نیە ، ئەوەى کەمێک ئاگادارى مێژووى ئەم سێ لایەنە بێت هەرگیز بڕوا بەو قسانە ناکات چونکە دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و ئازادییەکان بکەرى کاراى خۆیی هەیە کە جیاوازە لەم جۆرە بکەرە )
زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ململانێکانی باڵی ئیبراهیم – جەلال و باڵی بارزانیدا تێدەپەڕێت . هێشتا ئەو ململانێیانە لە لوتکەى ئاڵۆزیدان و ئەوە نیو سەدەیە خوێنی رۆڵەى کورد لەو پێناوەدا بە فیڕۆ دەچێت واتە لە پێناوى رقی برایم ئەحمەد لە بارزانی و بە سوک سەیرکردنی برایم ئەحمەد لە لایەن بارزانیەوە لەم ماوە درێژەدا رووبارێک خۆێن لە کوردستان رژاوە ، ئەمە بێجگە لە رۆڵی ئاشکراى ساڤاک بۆ زیاتر درزپێبردنی بزووتنەوەى کوردى ئەو کاتە . مام جەلال لە پێناوى بە دەستهێنانی سەرۆکایەتی کۆمارداو رەنگە لەژێر کاریگەرى ئازاری ویژدانیشدا بەوەى کە بارزانی کاتی خۆی زۆر رێز لەو گرتووەو پێدەچێت ئومێدیشی پێی هەبووبێت ، بە جۆرێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنەماڵەى بارزانیدا ئاسایی کردەوە ، ئەوەش بووە هۆى کەمێک هێوربوونەوەى ئاڵۆزییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بە تایبەتی دواى روخاندنى رژێمی سەدام . بەڵام دواى ئەوەى کە مام جەلال ئامادەیی سیاسی نەماو لە بڕیاری سیاسی یەکێتی دوورکەوتەوەو بڕیار کەوتە دەستی هێرۆخان ئەو کەسانەى لێی نزیکن و درووستبوونی پەیوەندی هاتووچۆى نێوان هێرۆخان و نەوشیروان مستەفاو کۆبوونەوەى چەند جارەیان و لاوازبوونی رۆڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح لە بڕیاری یەکێتیدا ، پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوولایەنە واتە پارتی و یەکێتی بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر چووە . لە لایەکی تریشەوە کاتێک مام جەلال زیاتر لە پارتی نزیکبووەوە ، نەوشیروان مستەفا یەکێتی بەجێهێشت و دەشێ یەکێ : لە هۆکارەکانی ئەو بەجێهێشتنەش نزیکبوونەوەى مام جەلال بووبێت لە بنەماڵەى بارزانی ، دواتر نەوشیروان مستەفا ناڕەزاییەکانی خەڵکی قۆستەوەو بزووتنەوەى گۆڕانی درووستکردو ، ئەگەرى درووستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سرووشتی و کاراو مەدەنیشی لەباربرد . کە لە راستیدا نەوشیروان مستەفا وەکو جاری تریش من نووسیووە دڵسۆزترین قوتابی و شوێنکەوتووى برایم ئەحمەدە لە سیاسەتدا بە گشتی . چ لە هەڵوێستیدا بەرامبەر بە بنەماڵەى بارزانی و چ لە کارکردنیدا بێجگە لەم چەند ساڵەى کە کەسی یەکەمی گۆڕانە ، ئەگینا ئەو هەمان شێوەى برایم ئەحمەد هەمیشە ویستوویەتی هەموو شتێک خۆى بێت و لەگەڵ ئەوەشدا واجیهە نەبێت ، بۆ نموونە ئەو هۆکارو بڕیاردەرى جیابوونەوە بوو لە شەست و چواردا کەچی لایەنگرانی باڵەکەى ئەو لە برى ئەوەى پێیا بگوترێت برایمی ناونران جەلالی .
بەهەرحاڵ ئێستا لەسەر کێشەى سەرۆکایەتی هەرێم نێوانی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕاندا لە خراپترین باریدایەو ئەگەر سازان نەکەن و لۆجیکی عەقڵ بەکار نەهێنن ئەوا کوردستان لەبەردەم ئەگەرى روودانی تراژیدیایەکی گەورەدایە و دەشێ بەیەکێک لەم دوو ئەگەرە تەواو بێت . یان دابەشکردنەوەى باشووری کوردستان بۆ دوو ئیدارە . یان خولێکی ترى شەڕی ناوخۆ . هۆکارى ئەمەش ئەوەیە کە یەکێتی و گۆڕان دەیانەوێت هەروا بە ئاسانی بەڕەکە لە ژێر پێی ماڵی مەلا مستەفا بە ناوى دیموکراسی و پەرلەمانەوە دەربهێنن . لە کاتێکیشدا خۆیان نە پاڵێوراویان هەیەو نە هیچ کام لە سەرکردە یەکەمیەکانی ئەم دوولایەنە بوێرى ئەوەیان هەیە لەگەڵ مەسعود بارزانی بچنە کێبڕکێوە . من وایدەبین هەروا بە ئاسانی ماڵی مەلامستەفا سەرۆکایەتی هەرێم و بڕیارى باشوورى کوردستان نادەن بە کەسانی تر ، ئەوان ئەو بڕیارەیان بە مام جەلال رانەبینی کە بەهێزترین کەسی گۆڕان و یەکێتیش لەچاو مام جەلال و تواناو لێهاتوویی و دیپلۆماسیەت و شارەزایی و نەبەزین و خۆڕاگرى و تواناى رووبەڕووبوونەوەو دایەلۆگ و مرونەتدا زۆر لاوازن . بۆیە ئەوە وەهمە کە بەم شێوەیە ئومێدی ئەوەیان هەبێت کە ماڵی مەلامستەفا فڕێبدەنە دەرەوەى لوتکەى دەسەڵات و بڕیارى کوردییەوە . ئەمە بێجگە لەو پێگە سیاسیە نێودەوڵەتیەى کە ئەوان ئێستا هەیانەو ئەو لۆکاڵیبوونەشی کە یەکێتی و گۆڕان هەیانە . هەروەها ئەو جەمسەرەى کە ماڵی مەلامستەفا پێوەى بەندن کە جەمسەرى تورکیا ، جیهانی سوونەى ئیسلامی و رۆژئاوایە ، جەمسەرەکەى یەکێتی و گۆڕانیش ئێران و شیعەیە . بێگومان ئەوە لە شەڕی داعشدا لە زمانی بەرپرسانی باڵاى پێشمەرگەى یەکێتیەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە چۆن هاوپەیمانان سنورەکانی پارتی دەپارێزن و هاریکارییان دەکەن و هەمووش دەبینین بێجگە لە کەرکوک کە ئەویش مەسەلەکە نەوتە ئەگینا فڕۆکەى هاوپەیمانان بچوکترین یارمەتی هێزەکانی یەکێتی لە جەلەولاو ناوچەکانی تری جێ نفوزى یەکێتیدا نەداوە . ئەگەر کەسێک دیدی سیاسی و تواناى لێکدانەوەى هەبێت باش لەم راستیانە تێدەگات . مەبەستم لەم قسەیە ئەوەیە کە پێدەچێت ماڵی مەلا مستەفاو پارتی لەو ململانێیەى کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوامەو دەشێ سەرئەنجامەکەى بە گۆڕانکارى لە نەخشەى جوگرافیای ناوچەکە کۆتایی بێت جێگەو پێگەیەکیان هەبێت و بەشێ : بن لە کێشەکان کە ئەوە بۆ یەکێتی و گۆڕان لەبەرئەوەى لە جەمسەرە دژەکەن بەوجۆرە نیە . بۆیە پێناچێت بنەماڵى بارزانی نەخۆیان هەروا بە ئاسانی بڕیارى باشوورى کوردستان تەسلیمی یەکێتی و گۆڕان بکەن نە ئەو جەمسەرەشی کە ئەوان بەشێکن لێی بە ئاسانی رێگا بدات یەکێتی و گۆڕان ببنە خاوەنی بڕیار لە کوردستاندا تا ئەو کاتەى پشتیان بە ئێرانەوە بێت . بۆیە پێناچێت زەقکردنەوەى ململانێکان کە بەشێک لە جوڵێنەرو پاڵنەرەکەى رقی مێژوویی نێوان جەلالی و مەلاییە بێجگە لە ماڵوێرانی هیچیتر بەرهەم بهێنێت .
ئێستا ئیسلامیەکانی کوردستان بە تایبەتیش یەکگرتوو کۆمەڵ دەتوانن رۆڵی ناوەندگیری ببینن و رێگا لە ئەگەرى درووستبوونەوەى دوو ئیدارەیی یان سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ بگرن . ئەوە راستە ئێستا یەکێتی و گۆڕان و پارتیش هەر یەکەیان بەجۆرێک موغازەلەى ئەو دوولایەنە ئیسلامیە دەکەن و لە نووسینەوەى دەستووریشدا هەریەکە لەم دوو لایەنە ناکۆکە دەیانەوێت داواکارى ئیسلامیەکان بۆ نووسینەوەى دەستوورێکی نا عەلمانی جێبەجێ بکەن بەو مەرجەى کە ئیسلامیەکان لە یەکلایی کردنەوەى مەسەلەى سەرۆکایەتی هەرێمدا لەگەڵ ئەودا بێت . دیارە لەم رووەوە ئیسلامیەکان دەوری گرنگ دەبینن . ئەوەش ئاشکرایە کە هیچ کام لەم سێ لایەنە ئەگەر پێی بکرێت نایەڵێت ئیسلامیەکان هیچ دەنگ و رەنگێکیان هەبێـت لە کوردستاندا ، خۆیشیان ئەوەیان بە باشی لە رابردوودا بینیووە ، کەواتە ئێستا چ یەکێتی و گۆڕان و چ پارتی وەکو ئامراز سەیرى ئیسلامیەکان دەکەن و هەریەکە دەیەوێت لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەکاریان بهێنێت . بێگومان کاتێکیش ئیشیان پێیان نەما لە رابردوو باشتر نابن لەگەڵیاندا. کەواتە ئێستا ئەگەر ئیسلامیەکان بە لۆجیکی عەقڵ بیربکەنەوە لە ململانێی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ پارتی کە یەکەم ململانێی نێوان جەلالیەت و مەلاییەتە و دووەمیش ململانێی نێوان جەمسەرى ئێران – شیعە و جەمسەری سوونە تورکیا رۆژئاوایە ، ئەمان بێلایەن دەبن کە دەشێ بەوەش کوردستان لە دیسانەوە دابەشبوونەوە بۆ دوو ئیدارەیی یان لە خولێکی تری شەڕی ناوخۆ دووربخەنەوە چونکە شێوەى هەڵس و کەوتەکانی یەکێتی و گۆڕان و پارتی کوردستان بەرەو ئەو کارەساتە ترسناکە دەبات . دیارە بە گوێرەى لایەنە ئیسلامیەکانیش رێگاگرتن لە روودانی هەر کارەساتێکی ماڵوێرانکەر لە کوردستاندا هەم ئەرکی ئایینی و هەم ئەرکی نیشتیمانیشە .