ئازاد حەمدی : هەڵەبجە لە ڕەمەزاندا .
وە هەر پێش هاتنی مانگی رەمەزان ، خٶئامەدەکردن دەکرا ، بەتایبەتی لەلا یەن دانیشتووانەوە ، وەکودابینکردنی زەخیرە و پێداویستیەکانی مانگی رەمەزان .. ناو بازاریش دەکەوتنە ئامادەکردن بەتایبەتی لە خواردنی هەمە چەشنە ( چەشنەکانی شەربەت ، شیرینی ، میوەهات و … هتد ) سەرلە ئێواران لە چەند شوێنێک بەفردەفرۆشرا کە لە چاڵە بەفرەکانی عەبابەیلێوە دەهێنرا ، وەکو بەردووکانەکەی بەرێز رەشە خڕە کە ساردی فرٶش بوو ، بەر چایخانەکەی کاک عارف وە چەند شوێنێکی تر لە کانی قووڵکە .
هەر لە چێشتەنگاووە هەندێک دەچوونە سابات و شوێنە فێنکەکانی مزگەوتەکان بۆ ئیسراحەت و ڕٶژ بەسەربردن و قورئان خوێندن .
کاتی نزیکبوونەوەی بەربانگ لە کەلاوە کۆنەکەی ناسراو بەسەراسوتاوەکە بەرێز ( نوری وەستاقادری ئاسنگەر ) تۆپێکی لە لوولە ئاسنێکی گەورە درووستکردبوو ، کە جەند پیاڵە بارووتی تێدەکرد و بە پەڕۆ کۆنە دیپەستا ، هەر کە گوێی لە بانگ دەبوو لە مەنارەکەی مزگەوتی ( جامیعەوە ) بە شاپڵیتەیەک لەکوونی سەر تۆپەکەوە گڕی ئەدا و ناڵەی لێهەڵدەستا ، دەبووە هەرای سەیرکەرانی لە کروکاڵ و منداڵان .. بەوچەشنە دەنگۆی کاتی رۆژوو شکاندن ئاشکرا دەکرا .
لەپاش رۆژوو شکان و پشوو یەک بەپێی پێوست دەچوونە سەردانی ماڵان بۆ دەمەتەقی و شەو بەسەسەر بردن بە قسەی خۆش ، لەزۆر ماڵاندا چیرۆک دەخوێنرایەوە .. لە چایخانەکەی بەرێز (حەمەکەریمی چایچی ) کەسانێکی زۆر کۆدەبوونەوە بۆ گوێگرتن لە چیرۆکی شەوانەی دوورو درێژ لە چەشنی ( رۆستەمی زاڵ ،شیرین و فەرهاد و … هتد ) .
هەر لەدووای نوێژی عیشاوە .. بە دەهۆڵ لێدان خاوەن حەمامی گەورە بەرێز ( ئەحمەد حەمە موراد و حاجی زۆراب پاشا ) بانگێشتی ئەوەیان دەکرد کە ( ئەم شەو حەمامی ژنانە یان پیاوانە ) .