دکتۆر کەمال میراودەلی : ئه‌زموونی له‌دایکبوونی شیعری گۆران .
سه‌ره‌تا ئیستاتیکییه‌کانی
مه‌سه‌له‌ی داهێنان له‌مه‌سه‌له‌ی زمان جیاناکرێته‌وه . به‌بێ زمان داهێنان نیه‌و نابێ ونهده بوو ، زمانیش به‌بێ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ( مرۆڤایه‌تی ) و مه‌به‌ستی ده‌ربڕین وگه‌یاندن وداڕشتنهوهو دروستکردنه‌وه ، نه‌ده‌شیا به‌وجۆره‌ی ئێستا لێی حاڵی بووین هه‌بێ و هه‌بوونه‌که‌ی به‌رده‌وام بێ و هه‌میشه له پهرهسهندنیشدابێ .
زمانه مرۆڤی کردۆته خاوه‌ن په‌یام ، بۆی لواندوه ( خواش ) بدۆزێته‌وه‌و به‌ناوو خه‌سڵه‌تی ههمهجۆر ، بیکاته حه‌قیقه‌تێکی ئایدیالی. زمانه بۆ مرۆڤی لواندووه دنیایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆشی : دنیای ده‌نگ و سایکۆلۆژی و زانست و بیربنه‌خشێنێ . زمانیش ، به‌وخه‌سڵه‌ته‌ی ئایدیالییه‌ی هه‌یه‌تی ، به‌و هه‌موو ئیحتیمالاتی بوون و دروستبوون وداڕشتنهی که پێ به پێی پێداویستیه‌کانی جیهانی بابه‌تی و پێوه‌ندیه بێکۆتاییه‌کانی نێوان شت و دیارده‌کان ده‌ری ده‌خا زیاترخۆی به‌ده‌ست شاعیران و فه‌یله‌سوفانه‌وه ده‌دا _ یان وردتر بڵێین ، شاعیران بۆیه شاعیرن و فهیهلسوفان بۆیه فه‌یله‌سوفن و ڕۆماننووساون بۆیه ڕۆمان نووسن و … هتد ، چونکه ده‌توانن هه‌ڵسوکه‌وتێکی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ زماندا بکه‌ن و بیکه‌نه بۆته‌یه‌کی له‌باری ئه‌و هه‌موو خه‌ون و خولیا‌و پرس و پڕاوانهی له دونیای پڕ جوانی و خۆشی و خۆشه‌ویستی و جه‌نگ و تاسه‌و ئازار‌و ئاواتدا و … هتد ، له‌ناو بیر‌و مێشکیاندا په‌نگ ده‌خۆنه‌وه .
گۆرانی ئێمه‌ش ، گۆرانی په‌روه‌رده‌ی کوردستانێکه ، که هێشتا شوێنه‌واری یه‌که‌م منداڵدانی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤی پێوه‌ماوه ، که هێشتا گوڵه کێویله ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی بۆنی له دایکبوونی یه‌که‌میان لێ دێت ، که هێشتا گوڵه هێرۆکانی له‌سه‌ر به‌ردی ڕه‌ق ده‌ڕوێن ، ناودڵی داره‌به‌ن و داربه‌ڕوه‌کانی ده‌بنه هه‌ناوی شانه هه‌نگوینی به‌ره‌به‌یانی مێژوو – به کورتی وڵاتێک که له باڵه‌فڕێی باڵنده‌کانیدا ، له باعه‌باعی مێگه‌له‌کانیدا ، له پشکوتنی گوڵه بیبیله‌ی چاوی کۆرپهکانیدا ، له کشانی زه‌رده‌خۆری ئێواره به‌سه‌ر لوتکه و یاڵه به‌فرینه‌کانیدا ، له هه‌ڵڕژانی تاڤگه و قه‌ڵبه‌زه سارد و سپیهکانیدا ، له ئاوێته بوونی ئاوازی سرووشت و ده‌نگ و سه‌دای پڕ ئاوازی کوردی‌دا ، هه‌موو به‌ره‌به‌یانییه‌ک ، هه‌موو ده‌مه ئێواره‌یه‌ک ، هه‌موو که‌ژێک ، هه‌موو وه‌رزێک : دنیای جوانی ، بێ سه‌ره‌تاو کۆتایی ، بێ بن و بێ سنوور ، له‌سه‌ر هه‌ر بستهخاکێکهوه تا ده‌گاته ئاسمان ، له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئاسمانه‌وه تاده‌گاته زه‌وی ، له‌هه‌ر لوتکهشاخێکهوه تا قوڵایی دۆڵه‌کان – به‌خوڕ ، به‌گوڕ ، به‌گه‌رمی ، به‌نه‌رمی ، به‌هێمنی، به‌شێنه‌یی ، به‌ساده‌یی ، به‌ژان و ژۆوه ، یان به‌سه‌ما و هه‌ڵپه‌رکێی سیحرییه‌وه ، ده‌زێ و ده‌ڕژێ ، هه‌بوونی جادووگه‌رانه‌ی خۆی به مرۆڤی هه‌ستدار پێشکه‌ش ده‌کات ، ده‌یکاته شه‌یدایه‌کی سه‌وداسه‌ری خۆی ؛ به‌تایبه‌تی ئه‌و مرۆڤه‌ی به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێ ، گوێ و دیده و دڵ و ده‌روون به تریفه‌ی گه‌رمی ئه‌و جوانییه ته‌سه‌ل ده‌بێ و له‌ناو مێشک و زه‌ینیدا ، بانگه‌وازێک ده‌زێ ، داوای ده‌ربڕین ده‌کا ، شاییه‌ک ڕیز ده‌به‌ستێ ، داوای هه‌ڵپه‌ڕین ده‌کا !
پێوه‌ندیی رۆحی گۆران ، به کوردستانه‌که‌یه‌وه و داڕشتنی ناوه‌وه‌ی گۆران ، گه‌شه‌ی هه‌ستی و ڕۆحیی ئه‌و ، به شنه‌با و نمه‌باران و قه‌ڵبه‌زه‌و په‌لکه‌زێڕینه‌ی ئه‌و جوانییه کوردستانییه ، به ڕوونی و ڕه‌وانی ، له هۆنراوه‌ی کوردستان – دا خۆی ده‌نوێنێ ؛
کوردستان ؛ جێگامی جێی هه‌زار ساڵه‌م
په‌روه‌رده‌ی ئه‌م دۆڵ و سه‌ر لوتکه و یاڵه‌م !
هه‌ناسه‌م تێر بۆنی بای کوێستانته
دوو لێوم پاراوی به فراوانته
سرنجم ڕاهاتووی زیوی زه‌ڕکه‌فته
به زه‌ردی سه‌ر به‌فری ئێواره وه‌خته .
گوێم فێره بیستنی خوڕه‌ی قه‌ڵبه‌زه
له‌و عاسته‌ی ژوور به‌فره ، داوێن گیای سه‌وزه .
زمانم پشکوتووی قسه‌ی جوانته
قسه‌ی ناو گۆرانی شاخاکانته
هی ناو چیرۆکی گوێ ئاگردانته
هی ناو لایلایه‌ی مناڵانته
قوڵپێ با خوێنی ناو ده‌ماره‌کانم
به زه‌بری عیشقی تۆ نه‌یدا نه‌زانم !
عه‌شقی تۆ ، ئه‌ی دایکی خۆم و هاوخوێنم ،
هه‌ر له پشتی باوکا چووه هه‌وێنم
ئه‌شچێته هه‌وێنی کوڕ‌و کوڕه‌زا
تا تاقێ کورد مابێ له چیای به‌رزا !
ئه‌مه هه‌وێنی یه‌که‌مه ! عیشق ، عیشقی یه‌که‌م ، عیشقی کوردستانی ، عیشقی خاک ! که‌سێ هه‌یه له‌مه گه‌رمتر ، به‌هێزتر باسی ئه‌م عیشقه‌ی کردبێ ! ئایا قه‌د تۆ بیرت کردۆته‌وه ، چ نهێنییه‌که خوێنی ناو ده‌ماره‌کانت بێ په‌روا ، جۆش ده‌خوا و قوڵپ ده‌دا ؟ گۆران نهێنییه‌که ده‌زانێ ، ئه‌وه عیشقی خاکه ، عیشقی کوردستانه ، عیشقی جوانی کوردستانه ، هه‌ر قوڵپێک خوێنی ناو ده‌ماره‌کانی بیدا به زه‌بری دینامیکی ئه‌و عیشقه کوردستانییه یه ! که نه‌ک ته‌نیا له خاکه‌وه له جوانی بێ وێنه‌ی وڵاته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ ، به‌ڵکو عیشقێکی مێژووییشه ، وه‌کو شاخه‌کان و دره‌خته‌کان ره‌گ و ده‌ماری قوڵیی هه‌یه ، هه‌وێنێکی مێژووییه ، هه‌وێنی هه‌وێتی کورده ، له باوکه‌وه بۆ کوڕ ، له کوڕه‌وه بۆ کوڕه‌زا ، هاتووه و به‌رده‌وام ده‌بێ تا تاقه کوردێک به چیای به‌رزه‌وه مابێ ( ئاخ ) !.
ئه‌م هه‌وێنی عه‌شقه ! ته‌نیا جوانی و سروشت ناگرێته‌وه ، به‌ڵکو جوانی زمانیشه ، هه‌وێنی زمانیشه له چیرۆکی گوێ ئاگردان و لایلایه‌ی دایکه‌وه ، له قسه‌ی جوانی هاوزمانان و گورانی ناو شاخه‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ ! سه‌ره‌تاکانی هه‌ست به جوانی کردن و جوانی ناسی و سه‌ره‌تاکانی ئاشنابوونی گوێ به زمان و زمان پشکوتن : ئه‌مه پرۆسه‌ی ژینده نین : پرۆسه‌ی هونه‌ر .
به‌ڵێ عیشقی کوردستانی ، خۆشه‌ویستی خاک و زمان و نه‌ته‌وه ، هه‌وێنی یه‌که‌می شیعری گۆرانه‌و هۆکاری یه‌که‌مه که چۆنێتی له دایکبوونی به‌هره‌ی شیعری گۆران و چۆنێتی ته‌قینه‌وه‌ی کۆتایی ئه‌و به‌هره‌یه له پرۆژه‌ی شیعری ره‌سه‌نی کوردی‌دا ، دیاری ده‌کا . گۆران هه‌ست ده‌کا ئه‌گه‌ر چی وڵاته‌که‌ی له جوانی شارستانیه‌تی نوێ بێبه‌شه ، ئه‌و جوانیه سروشتییه‌ی هه‌یه‌تی به‌شی ئه‌وه‌ی تێدا بێ دڵه خۆشی په‌روه‌ره‌که‌ی شاگه‌شکه بکات :
ئه‌گه‌ر چی تۆ دووری له‌م گشت جوانییه
جوانییه‌کی تر هه‌یه ، کوردستانییه
جوانییه‌ک که ده‌ستی هونه‌ری یه‌زدان
نه‌خشی کێشاوه ، نه‌ک سه‌لیقه‌ی فه‌ننان !
جوانییه‌ک : کۆن نابێ و هه‌رگیزا و هه‌رگیز ،
زستان و به‌هار و هاوین و پاییز :
جوانی شاخی سه‌خت و دۆڵی قووڵ و مه‌نگ ،
مله‌ی به‌رز ، پله‌ی خز ، دهربهندانی ته‌نگ ،
مێرگی سه‌وز ، چه‌می خوڕ ، دارستانی چڕ
دێی بناری ده‌شتی په‌نا گردی خڕ
ده‌عبای ناو ئه‌شکه‌وت و ماسی گۆمی شین
باڵداری ڕه‌نگاوڕه‌نگ ، په‌پوله‌ی نه‌خشین .
به‌ڵی! هه‌موو شتێ ، هه‌موو ره‌نگێ ، هه‌موو ده‌نگێ ، هه‌موو له‌رزه‌یه‌ک ، هه‌موو لهرهیهک ، هه‌موو دیارده‌یه‌ک ، هه‌موو زینده‌وه‌رێک ، هه‌موو بوونه‌وه‌رێک ، هه‌موو جۆره ده‌ربڕین و ده‌رکه‌وتنێکی ژیان ، له سروشتی وڵاته‌که‌یدا ، به‌شێکه ، پارچه‌یه‌که بچووک یان گه‌وره له یه‌کێتی یه‌کی گه‌وره‌تر که ” جوانی کوردستانی ” پێک دێنێ .
ئه‌م جوانییه سروشتییه‌یه ده‌بێته یه‌که‌م ئیلهام به‌خشی شیعری گۆران ، دڵ و ده‌روونی پڕ ده‌کا له هه‌ست به خۆشی ژیان و ئاسۆی پێشکه‌وتن له به‌رده‌م بیری فراوانیدا راده‌خات .
هه‌ڵبه‌ته پێویست ناکا ئه‌و حقیقه‌ته‌ش ده‌رباره‌ی شیعری گۆران دوو پاته که‌ینه‌وه ، که له پاڵ و وه‌کو به‌شێکی جه‌وهه‌ریی ئه‌م جوانییه کوردستانییه ، جوانی سروشت ، گۆران جوانی مرۆڤ ، جوانی ژن به شێوه‌یه‌کی به‌رزتر و باڵاتری ئه‌و جوانییه داده‌نێ و ده‌یکاته سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی به‌هره و خۆزگه‌ی شیعری خۆی. جا بۆئه‌وه‌ی شیعرێک دروست بکات ، هاوتای ئه‌و جوانییه کوردستانیه بێت ، خۆماڵی بێت ، کوردستانی بێت ، له‌گه‌ڵ تایبه‌تێتی کوردستان و ده‌نگ و ئاواز‌و سازی وشه‌ی کوردی‌دا بگونجێ و هه‌سته ناسکه خۆکرد و سروشتکردهکانی له ئاوازی خۆکرد و خۆسازدا داڕێژی ، بۆن و نوزه‌ی بێگانانی لێ نه‌یه، گۆران توشی دهردهشیعردهبێ ، له رزوتای به‌هره‌ی شیعریی دایده‌گرێ ، ده‌بێته ( شێتی شیعر‌و جوانیی ) و باوه‌ش به‌هه‌ر جۆره ده‌رکه‌وتن و ده‌ربڕینێکی جوانی و ناسکی و شیرینیدا ده‌کا هه‌رچه‌نده هێمن و خامۆش و پچووک ونائاسایی و – بۆ چاوو هه‌ستی ره‌مه‌کی- نادیار و شاراوه‌ش بێ .
من نازانم گۆران . چه‌ند شه‌و و ڕۆژ . چه‌ند مانگ و ساڵ به ده‌ست ژانی له‌دایکبوونی شیعری ره‌سه‌نی کوردییه‌وه تلاوه‌ته‌وه ؟ من نازانم گۆران چه‌ندان جار وه‌ک شێت له‌به‌ر خۆیه‌وه و له‌گه‌ڵ خۆیدا دواوه ؟ له‌گه‌ڵ کێش و سه‌روادا که‌وتۆته که‌وتۆته سه‌وداو کێشه ؟! به‌ڵام ده‌زانم له‌به‌رئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی زمان که له سه‌ره‌تاوه باسمان کردن : که شیعرله دایک ده‌بێ ، که وشه‌له دوای وشه شانه وه‌ک زه‌رده‌واڵه له مێشک‌دا دههاروژێ ، من ده‌زانم ئه‌و کاته : شاعیر خۆی وه‌ک پێغه‌مبه‌رێک یان جادووگه‌رێک ، یان شه‌یتان – دۆستێک ، یان به‌لای که‌مه‌وه مرۆڤێکی خه‌سته یان نائاسایی دێته پێش چاو – مرۆڤێک که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌رئه‌و خه‌سڵه‌ته به‌رزه‌ی زماندا ده‌ڕوا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی ئه‌سپی سه‌ر کێشی زمان رام بکا ، خۆی به‌خانه‌نشینی دنیایه‌کی له دنیای ئاسایی دابڕاو ، داده‌نێ . هه‌ر له کۆنه‌وه یۆنانیه‌کان فه‌لسه‌فه‌یان به کۆرپه‌ی سه‌رسامبوونی مرۆڤ به‌رامبه‌ر سروشت و گه‌ردوون داناوه و شیعریان به به‌رهه‌می سروش و ئیلهامی خوداکان ( میوز ) یان شه‌یتان ژماردووه .
ئه‌و بۆچوونه‌ی که گوایه شیعر له سه‌رچاوه‌یه‌کی سوپهرناتورالیهوه سه‌رهه‌ڵده‌دا . بۆته ئه‌فسانه‌یه‌کی باو و ئه‌نجامی هه‌ستکردنی مرۆڤه به دۆزینه‌وه‌ی توانایه‌کی ده‌ربڕینی به هێز ، توانای دروستکردنه‌وه‌ی هۆشمه‌ندانه‌و هه‌ستدارانه‌ی ژیان له زماندا ، که تا کاتێکی دیاریکراو به په‌نهانی ماوه‌ته‌وه وله له‌حزه‌یه‌کی تایبهتیداناسنامهی خۆی نیشان داوه . توانای به‌کارهێنانی زمان بۆ داڕشتنی دنیایه‌کی زاتی که له دنیای تایبه‌تی هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤێکی دیاریکراو له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدۆلۆژی دیاریکراودا ده‌رده‌خا . گۆرانیش له‌م ڕێبازه به‌ده‌ر نه‌بوو .
عیشقی کوردستانی و جوانی کوردستانی ئه‌و هه‌وه‌ڵ هۆکارانه بوون که‌پاڵیان پێوه‌نا ، ئامێز به دنیای هه‌ست و نه‌ست وخه‌یاڵ دا بکات ، له نزیکه‌وه ، زۆر له نزیکه‌وه ، وه‌ک لێدانی دڵی، وه‌ک چرپه‌ی خوێنی ناو ده‌ماره‌کانی، وه‌ک هه‌ڵکشان و داکشانی هه‌ناسه‌ی و تێکه‌ڵ بوونی له‌گه‌ڵ تاره‌کانی ده‌نگیدا ، هه‌ست به نزیکبوونه‌وه‌ی یان ئاشنایه‌تی ، یان هه‌بوونی سرووشی شیعر یان خوای شیعر یان شه‌یتانی شیعر بکات !!
خۆشبه‌ختانه ئه‌و ئه‌زمونه ئه‌م ژانه شیعرییه جادووییه به وشه‌ی روون و ره‌وان ، به شێوه‌یه‌کی درامی به‌هێز ، به‌شێوه‌ی په‌خشان – نووسیی ده‌وڵه‌مه‌ندی گۆران ، له نامه‌یه‌کدا که له ڕۆژی 4/4/1932 بۆ پیره‌مێردی ناردووه ، بۆمان ماوه‌ته‌وه - به‌تایبه‌تی ئه‌م نامه‌یه ده‌وری ( عشقی کوردستانیی) شاعیر له ته‌جروبه‌ی له‌دایکبوونی شیعری ره‌سه‌نی کوردی‌دا روون ده‌کاته‌وه !