Adil-Nuri

عادل محەمەد نورى : له‌ باره‌ى قه‌ره‌بالغى و هوتاف دانه‌‌وه ‌.. تێروانینێکی سۆسیۆسایکۆلۆژی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌ ده‌رونزانى كۆمه‌ڵايه‌تى دا هيچ بابه‌تێك نيه‌ گرنگتربێت له‌ توێژينه‌وه‌ له‌ گردبونه‌وه‌ى به‌كۆمه‌ڵ ، چونكه‌ له‌ويادا و له‌نێو ئه‌و ئاپۆره‌يه‌دا يه‌كانگيرى نێوان سايكۆلۆجياى تاك له‌گه‌ڵ ئه‌وانى تردا په‌ى پێده‌بريت ، له‌و ساته‌وه‌خته‌ى كارلێكى كه‌سايه‌تى ( هۆشمه‌ند و نا هۆشمه‌ند ) به‌يه‌ك ئاراسته‌دا به‌ هه‌مان سۆز روده‌دات ئيدى ئاپۆره‌يه‌ك دروست ده‌بيت كه‌ تاك تێيدا سايكۆلۆجياى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات و ملكه‌چى سايكۆلۆجياى گشتى ده‌بێت كه‌ ئاپۆراكه‌ به‌رهه‌مى هێناوه ‌. 

گۆستاف لۆبۆن له‌ كتێبى ( Crowd psychology ) ( سايكۆلۆجياى قه‌ره‌باڵغى ) دا پێناسه‌ى ئاپۆره‌ى سايكۆلۆژى ده‌كات به‌وه‌ى ” بريتيه‌ له‌ بونه‌وه‌رێكى كاتى كه‌ پێكهاتوه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێكى په‌رته‌وازه‌ به‌ڵام له‌ ساته‌وه‌ختێكدا ريزێكى ريكخراويان لێبه‌رهه‌م دێت ، كه‌ ئه‌وانه‌ ته‌واو له‌ بونه‌وريك ده‌چن كه ،‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى بونه‌وه‌ره‌كه‌ جياوازن له‌ روى خه‌سڵه‌ت وتايبه‌تمه‌نديه‌وه‌ ، به‌ڵام به‌هه‌مويان بونه‌وه‌رێكيان لێبه‌رهه‌م دێت كه‌ ته‌واو جياوازه‌ له‌ خه‌سله‌ت و تايبه‌تمه‌نديه‌كانى هه‌ر ئه‌ندامێك كه‌ جه‌سته‌كه‌يان پيكهێناه‌وه‌ “
دروست بونى ئاپۆره‌ى سايكۆلۆجى به‌نده‌ به‌و پاڵنه‌رانه‌ى كه‌ واده‌كه‌ن ئه‌و قه‌ره‌بالغه‌يه‌ به‌رهه‌م بيت ( هه‌موو گردبونه‌وه‌يه‌ك ئاپۆراىى نيه‌ )‌ بۆ دروست بونى ئه‌و كه‌شه‌ سايكۆلۆژيه‌ ‌ پێويسته‌ پاڵنه‌ريكمان هه‌بيت كه‌وا له‌ تاكه‌كانى ئاپۆراكه‌ بكات يه‌كانگيربن له‌ هه‌ڵوێستدا ، كه‌ ده‌شيت ئه‌و پالنه‌ره‌ ئاينى، سياسى يان كۆمه‌ڵايه‌تى بيت .
يه‌كێكى تر له‌ بنه‌ما گرنگه‌كانى دروست بونى ئاپۆره‌ بونى بزوێنه‌رى ئاپۆره‌يه‌ كه‌ ده‌شێت كه‌سانێك يان ده‌سته‌يه‌كى سياسى ، ئاينى به‌رێوه‌يه‌ى به‌رن، كه‌ ده‌شێت ببنه‌ داينه‌مۆى دروست بونى ئاپۆره‌ ، كه‌ زۆرجار ئه‌م ده‌ربرينانه‌ له‌رێگه‌ى هوتافه‌وه‌ ده‌بن و بۆ گه‌ياندنى ئامانجه‌كه‌ ، هوتافێك به‌سه‌ بۆ دروستكردنى ئه‌و سايكۆلۆجيا گشتيه‌ى كه‌ ئاپۆره‌ به‌رهه‌مى ده‌هێنێت .
له‌ بنه‌ره‌ت دا ئاپۆره‌ى سايكۆلۆژى كاتێك دروست ده‌بێت كه‌ سايكۆلۆجى ده‌سته‌ جه‌معى به‌رهه‌م دێت واتا هه‌موان له‌ كاتێكى ديارى كراودا كۆكين له‌سه‌ر روداوێكى دياره‌ كراو ، به‌مه‌ش ده‌توانين ئه‌وه‌ بڵێن كاتێك كه‌سێك به‌رامبه‌ر پاڵنه‌رێكى ديارى كراو ( روداوێك كه‌ سه‌رنجى راده‌كێشێت ) هوتافێك ده‌دات ياخود وتارێكى سه‌رنج راكێش ده‌دات تاسه‌رنجى ئه‌وانى تر رابكێشێت ، به‌مه‌ش ئه‌وانه‌ى كه‌ گوێبيستين ده‌بنه‌ هاو سۆزو سايكۆلۆجيايه‌كى هاوبه‌شيان بۆ دروستده‌بێت كه‌ جياوازه‌ له‌و باره‌ سايكۆلۆجيه‌ى كه‌ پێشوتر هه‌يبوه ‌، به‌مه‌ش ئاپۆره‌يه‌كى يه‌كگرتوو هاوسۆزى سايكۆلۆجى ده‌سته‌مۆيان لێدروست ده‌بێت ، كه‌ ئاماده‌ى به‌كرده‌وه‌ كردنى هه‌موو هوتافوو وتاره‌ وتراوه‌كانه ‌، به‌ڵام به‌ نه‌مانى كه‌شه‌ ئاپۆره‌ييه‌ يه‌كگرتوه‌كه‌ ده‌چێته‌وه‌ بارى سايكۆلۆجى خۆى كه‌ مه‌رج نيه‌ هه‌مان بيرو راى هه‌بێت كه‌ له‌ ئاپۆره‌كه‌دا گوزارشتى لێكردوه ‌.
له‌ نمونه‌ى ئاپۆره‌ى جه‌ماوه‌رى ، وه‌ك سه‌ره‌تاكانى سه‌ركه‌وتنى شۆرشى فه‌ره‌نسا شۆرشگێران هوتافيان ده‌دا له‌ دژى خانه‌دانه‌كان ، شوێنكه‌وتوانيش بێ سله‌مينه‌وه‌ ئه‌وى خانه‌دان بوو كوشتيان ، كه‌ له‌و كاته‌دا خانه‌دان هه‌بوون هاوسۆزى شۆرش بوون .
پێشكه‌شكردنى وتارێكى ئاينى توندوو تيژ ، كه‌ وا له‌ گوێگرانى وتاره‌كه‌ ده‌كات له‌ ماوه‌ى وتاره‌كه‌دا وه‌ك توند ره‌وێك بيربكه‌نه‌وه‌، وه‌ك ئه‌و روداوه‌ى كه‌ چه‌ند ساڵى رابردوو له‌ قه‌زاى زاخۆ رويدا پاش وتارى نوێژى هه‌ينى نوێژخوێنانى مزگه‌وتێك هه‌ستان به‌ سوتاندنى دوكانى مه‌ي فرۆشان .
ده‌توانين ئه‌و روداوه‌ى له‌چه‌ند رۆژى دواى مانگى ره‌مه‌زاندا له‌ شارى سلێيمانى روي دا ” هوتاف دان له‌ ژنێكى نيوه‌ روت ” بكه‌ينه‌ كه‌ره‌سته‌ بۆ دريژه‌دان به‌ باسه‌كه‌مان .
( ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌نوسرێت شيكارى روداوه‌كه‌ن له‌ زمانى سۆسيۆلۆژياوه‌ نه‌ك لايه‌نگيرى روداوه‌كه ‌به‌ هه‌ردوو ره‌هه‌ندى هاوسۆزى و نه‌يارى دا )
ئه‌وه‌ى رويداوه‌ چى بوو؟
لۆبۆن پێي وايه‌ ئاپۆره‌ به‌ شێوه‌يه‌كى عه‌قڵانى بيرناكه‌نه‌وه‌ يان بۆچونێك وه‌رده‌گرن يان ره‌تى ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ حه‌وسه‌له‌ى گفتوگۆى هه‌يه‌ نه‌ ره‌خنه‌گرتن ، ئه‌وانه‌ى له‌ ناو ئاپۆراكه‌دان سايكۆلۆجيه‌كى وايان تێدا سه‌پاوه‌ كه‌ ده‌مو ده‌ست حه‌ز ده‌كه‌ن بيروراكانيان بكه‌نه‌ كرده‌وه‌ ، له‌ ديدێكى تره‌وه‌ لۆبۆن پێيوايه‌ قه‌ناعه‌ته‌كانى ئاپۆره‌ى سايكۆلۆژى ده‌شێت فۆرمێكى ئاينى په‌رگير وه‌رده‌گرن ، كه‌ بۆ هه‌ر روداوه‌وێك دژى خواستى ئاين بێت ده‌بێته‌كه‌ره‌سته‌ بۆ هاندانى ئاپۆره‌ى جه‌ماوه‌رى .
له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ ده‌توانين ئه‌وه‌ بخه‌ينه‌ روو له‌ نێو بازاردا كۆمه‌ڵێك كه‌سان هه‌ن كه‌ بريتين له‌ ده‌ستگێرو خاوه‌ن كارو مشته‌رى ، ديندارو لادين و … هتد ، كه‌ جياوازن له‌ ئاستى هۆشيارى و رۆشنبيرى و ماديه‌وه‌ ، به‌ڵام‌ بونه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌ى ئاپۆره‌كه‌ هانده‌رى سه‌ره‌كيش بونى كه‌سێكه‌ كه‌ جلێكى پۆشيوه‌ جياواز له‌ پۆشاكى مانگى ره‌مه‌زان ، ليره‌دا دانى هوتافێك به‌سه‌ تا ئه‌وانى تريش دوباره‌ى بكه‌نه‌وه‌ ( كه‌ مه‌رج نيه‌ زۆرێكيشيان نه‌يان زانيبێت ئامانج له‌ هوتافه‌كه‌ چي يه ‌، به‌ڵام دوباره‌يان كردۆته‌وه به‌ده‌ر له‌خواستى خۆيان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بۆته‌ يه‌كێك له‌ ئاپۆره‌ سايكۆلۆجيه‌كه‌‌ ) .
به‌مه‌ش ئاپۆره‌يه‌كى سايكۆلۆژى كاتى به‌رهه‌م هاتوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ روداوێك كه‌ ره‌نگه‌ پاش چه‌ند كاتژمێرێك پاش ده‌رچون له‌ سايكۆلۆجياى گشت ئه‌ندامانى ئاپۆره‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بن ئه‌و هوتاف دانه‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست دوباره‌ بكه‌نه‌وه‌ .
ئه‌نجامگيرى
ئه‌وه‌ى ، كه‌ رويدا جگه‌ له‌ له‌ دروستبونى ئاپۆره‌يه‌كى سايكۆلۆجى كاتى هيچى تر نه‌بوو ، بۆيه‌ لايه‌نگيرى بيت ياخود دژ ، كامپين گير بيت ياخود ره‌خنه‌گر ئه‌و روداوانه‌ به‌رده‌وام دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌ ره‌نگه‌ به‌ فۆرمى جياترو بۆ مه‌به‌ستى جياتر ، كه‌ دور نيه‌ ئه‌مجاره‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژنێكى ته‌واو داپۆشراو نه‌كرێت !.
كارى ئاپۆره‌ى سايكۆلۆجى له‌كاتى رودانى دا مه‌ترسى هه‌يه‌ به‌و پێيه‌ى ئه‌ندامانى ئاپۆره‌ ده‌خوازن بيروراكه‌يان بكه‌نه‌ كرده‌وه‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌ پاش له‌ ده‌ستچونى سايكۆلۆژياى گشتى ئه‌و مه‌ترسيه‌ نامێنێت .
نمايشكردنه‌وه‌ى هانده‌ره‌كه‌ ( بونى سه‌د ژنى نيوه‌ روت ) مه‌رج نيه‌ هه‌مان دۆخ به‌رهه‌م بهێنێت چونكه‌ پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ كه‌ رۆژانى ره‌مه‌زانه‌ ته‌واو بوه‌و ئێستا هه‌موو جێگه‌كانى شار پربون له‌ ژنى نيوه‌ روت كه‌سيش پێيان ناڵێت : هوو .

نوسەر – خاوەن ماسته‌رە له‌ كۆمه‌ڵناسى تيۆریى دا

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت