عیماد عەلی : ئایا نەوشیروان مستەفا ئەوەیە کە پارتی دەیڵێت ؟
دیارە لە حاڵی حازر دەتوانم بە بێلایەنانە قسەی خۆم بکەم و هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم بابەتەکانی رۆژەڤ بکەم و ، بە گوێرەی توانای خۆشم بارودۆخەکە شیبکەمەوە . لێرەدا ، بەرگریکردن لە نەوشیروان مستەفا بۆ ئەندامانی گۆڕان جێدەهێلم من هیچ حەقێکم بە بیروبۆچون و هەڵوێستی شەخسی ئەو نیە ، بەڵام هەڵوێستی سیاسی سەرکردەیەک دەخوێنمەوە . ئەوەی تۆزقاڵێک ئاگای لە مێژووی تێکۆشانی ئەم پیاوە بێت دەزانێت کە لە حساب کردن بۆ پارتی هەمیشە پێشرەوی کەس و لایەنەکانی تر بووە و ئەگەر لە بیروبۆچونیشیدا جیاوازیەکی هەبوبێت بەڵام لەرووی سیاسیەوە حسابی وردەکاری باری کوردستان و بونی پارتی لەسەر ئەرزی واقیع کردووە و ، بۆ دەرخستنی بەڵگەی راست و دروست و سەلمێنەریش کە هەموو کەسێک لە بیریەتی ، لە سەرەتای راپەرین ، نەوشیروان مستەفا بوو چەندین رۆژ چاوەروانی مەسعود بارزانی لەسنوری هەرێم کرد بۆ ئەوەی پێکەوە بێنەوە ناوەوەی کوردستان نەک هەلەکە بقۆزێتەوە و بەتەنها وەزعەکە ئیستیغلال بکات و دوای مەرامی تایبەتی خۆی بکەوێت . ئەمە جگە لە چەندین هەڵوێستی تر کە لە ناو یەکێتیدا بە زەقی خوێندراوەتەوە ، بە پێچەوانەی راوبۆچونی ئەمرۆی پارتی دیموکراتی کوردستان .
ئەگەر دوور لە هەڵوێستی رۆژەڤ و راگوزەری ئەمرۆ باس بکرێت ، دەبێت پارتی بە ئینسافەوە هەڵسەنگاندن بۆ نەوشیروان مستەفا و هەڵوێستەکانی بکات نەک وەک ئەمرۆ لەسەر هەڵوێستەکانی لەسەر سیستمی سیاسی و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم قسە بکات هەڵوێستی لەسەر بابەت و پرسێکی گرنگی چارەنوسساز ببەستێتەوە بە ژیان و سەربوردەی شەخسیەوە ، چونکە ئەم پرسە پەیوەستە بە دوارۆژی سەرجەم خەڵکی کوردستانەوە نەک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەتەنها . خەڵک گومانی گەورەی لە حەقانیەتی پارتی لەوێدا زیاتر دەبێت کە بۆچی پارتی لە شەخسەنەکردنی بابەت و پرسەکان بەردەوامە ، بۆچی گفتوگۆ و قسەی یاسایی و سیاسی لەسەر بابەتەکان ناکات نەک وەک ئەمرۆ رەخنە لە شەخسەکان و مێژووی ژیانیان بگرێت . ئایا ئەمە بە زەرەر بۆ خودی پارتی ناشکێتەوە ، لەبەر ئەوەی خەڵک بەوە دەیخوێنێتەوە کە هەڵوێستەکانی پارتی لە سەر قازانج و بەرژەوەندی شەخسی بنیاتنراوە نەک بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان و لە لاوازیەوە پەنا دەباتە بەر رەخنەی شەخسی . دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان ئەرێنی مانەوەی بەرزانی بە سەرۆکی هەرێم بۆ خولێکی تر بۆ خەڵک و لایەنەکان بسەڵمێنێت و قەناعەت بە خەڵک بکات نەک رەخنە تا رادەی جنێو لەخەڵکە نارازیەکان بگرێت .
ئەوەی تێبینی دەکرێت دیسان ئاوازی تۆمەتبارکردنی شەخسی ئەم سەرکردایەتی بۆ ئەویتر لێدەدرێتەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەمان ریتمەوە دەیەوێت ململانێکە بەرێوەبەرێت وەک ئەوەی ئێستا ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان بێت و خەڵک بە بەزمی ئەمان سەما بکەن .دەبێت باش بزانن خەڵک چۆتە قۆناغێکی ترەوە ، نە بەقسەی پارتی نەش بەقسەی گۆران و نەوشیروان مستەفا باوەر دەکەن ، ئەگەر خۆیان بە شێوەیەکی بابەتی پرسەکە نەخوێننەوە، رایان بۆ هیچ لایەک نابێت ، ئێستا خەڵک دەزانێت قازانجی گشتی خۆی لەچ سیستمێکەوە دەبینێتەوە و دواکاری ئەوەیە بە چ شێوازێک حوکم بکرێت ، لەوێشدا هەر خەڵک دەزانێت کە تا یاسا سەروەر بێت سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن ، بۆیە پێویستە ئەوەی یاسا رێگەی پێ دەدات پەیرەو بکرێت نەک بە قسەی تایبەت و شەخسەنەکردنی پرسەکە خەڵک چەواشە بکرێت . سازان پێویستیەکی ئیستای وەزعی کوردستانە ، بەڵام نەک سازانی بەدەر لە یاسا لەسەر بنەمای سازش لەسەر بەرژەوەندی خەڵک و دوارۆژی نەوەکانی ، ئەوەی دەبینرێت و هەوڵی ئێستای پارتی بۆ سازاندنی ( نەک سازانی ) تاکە راو بۆچونێکی لایەنێکە، لەبەر ئەوەی تاکە داواکاری لە لای پارتیەوە خرابێتە روو ئەوەیە کە دەبێت سەرۆکی هەرێم بۆ ئەم خولە و بە هەمان دەسەڵات و سەلاحیاتەوە دابنرێت کە ئەم هەڵوێستەش لە هیچ کەلێنێکی یاساییەوە رێگەی پێنادرێت . دەبێت پارتی باش لەوە دڵنیا بێت کە راوبۆچونەکانی نەوشیروان مستەفا لەسەر ئەم پرسە کە بائاشکرا باسی دەکات ، سەرجەم سەرکردایەتی هەر چوار حزبەکە بە هەمان قورساییەوە هاوهەڵوێستن لە گەڵیدا ، جا ئەگەر بە هەر شێوەیەک باسی بکەن و سیاسەت و شتی تر بەکار بێنن لە دەربرین و راوبۆچونیاندا ، ئەوە مەسەلەیەکی ترە .